يوليو 2018
Crimean Congo , تای خوێن بەربوون  ، تا  ، خوێن ،ئاژەڵ


نه‌خۆشیه‌کی ڤایرۆسی ترسناکی هاوبه‌شی (zoonotic) نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤه‌ ‌، له‌زۆرێک له‌وڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌تیش له‌ به‌ڵکان و کیشوه‌ری ئه‌فریقیا و ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاوه‌، له‌ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌شی باری نائاسایی ڕائه‌گه‌یه‌نرێت چونکه‌ ڕێژه‌ی کوژه‌ری(fatality)  ئه‌گاته‌ 40% و به‌ جۆرێک له‌تیرۆری زینده‌گی bioterrorism  ئه‌ناسرێ وه‌ تا ئێستا هیچ پێکوته‌ (vaccine)  ێکی دیاریکراو نیه‌ چ بۆ ئاژه‌ڵ بێت چ بۆ مرۆڤی توشبوو.

هۆکاری توشبوون:
تای خوێنبه‌ربوون چه‌ند جۆرێکن که‌هه‌رجۆره‌یان خێزانێکی ڤایرۆسی لێی به‌رپرسه‌، له‌وانه‌ خێزانی Arenaviridae  به‌رپرسن له‌ تای (لاسا Lassa fever ، جونین و ماجوپۆ که‌ زیاتر له‌وڵاتانی ئه‌فریقا بڵاون) وه خێزانی Filoviridae  که‌به‌رپرسن له‌ ( ئیبۆلا وماربۆرگ)  وه‌ خێزانی Flaviridae  که‌به‌رپرسن له‌( تای زه‌رد و تای دینگوێ Dengue) وه‌ خێزانی Bunyviridae  له‌جۆری Nairovirus که‌به‌رپرسن له‌  ( تای ریفت Rift valley fever وه‌ تای خوێنبه‌ربوونی کریمان کۆنگۆ Crimean-(Congo hemorrhagic fever، که‌ کریمان کۆنگۆ دیارترین و بڵاوترینیانه‌ که‌ سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 1944 له‌ دورگه‌ی کریمیای ئۆکراین ده‌رکه‌وتوو و پاشان له‌ 1969 له‌ کۆماری کۆنگۆی ئه‌فریقا سه‌ری هه‌ڵدا بۆیه‌ به‌وئه‌م جۆره‌ تایه‌ به‌و پێشگره‌ ناسراوه‌. هۆکاری گوێزه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌کی و گونجاو بۆیان مشه‌خۆری گه‌نه‌یه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی هایه‌لۆما Hyalomma  که‌ جۆره‌کانی له‌کوردستان و ناوچه‌که‌ش هه‌ن وه‌ هه‌روه‌ها کرتێنه‌ره‌کان به‌تایبه‌ت مشک و جرج وه‌ک کۆگایه‌کی هه‌ڵگرتنی ڤایرۆسه‌که‌ دائه‌نرێن وه‌هه‌روه‌ها که‌س و ئاژه‌ڵی توشبووش له‌ڕێگای خوێن و شله‌ده‌ردراوه‌کانی له‌شه‌وه‌ بۆ مرۆڤ و ئاژه‌ڵی ته‌ندروستی ئه‌گوێزنه‌وه‌.

توشبوون و سوڕی نه‌خۆشیه‌که‌:-
هه‌ریه‌ک له‌ مرۆڤ و ئاژه‌ڵی ماڵی وه‌ک مه‌ڕ و بزن و ڕه‌شه‌وڵاخ و ئاژه‌ڵی کێوی  توشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ئه‌بن به‌ڵام زۆرێک له‌باڵنده‌کان توش نابن جگه‌ له‌ وشترمل (ostrich) که‌ توشی نه‌خۆشیه‌که‌ ئه‌بێت، زۆرێک له‌ کرتێنه‌ر و مشه‌خۆره‌کانیش وه‌ک هه‌ڵگری نه‌خۆشیه‌که‌ ڕۆڵ ئه‌بینن و کاریان تێ ناکات.
ماوه‌ی مانه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌که‌ له‌ جۆگه‌ و ڕێڕه‌وی خوێنی ئاژه‌ڵ  هه‌فته‌یه‌که‌ که‌ له‌ بۆرێچکه‌کانی خوێن ئه‌یات و بریناریان ئه‌کات، وه‌ ماوه‌ی دایه‌نگه‌ی incubation  ی ڤایرۆسه‌که‌ ئه‌گۆڕێت به‌پێی چۆنیه‌تی توشبوونه‌که‌ بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڤایرۆسه‌که‌ به‌هۆی گه‌نه‌وه‌ گوێزرابێته‌وه‌ ئه‌وا 3-9 رۆژ ئه‌خایه‌نێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هۆی به‌رکه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ به‌ ده‌ردراوه‌کانی که‌س و ئاژه‌ڵی توشبوه‌وه‌ بوبێت ئه‌وا  5-13 ڕۆژ ئه‌مێنێته‌وه‌.
نیشانه‌کانی:
به‌وه‌ ئه‌ناسرێته‌وه‌ کتوپڕ نیشانه‌کانی ده‌رئه‌که‌ون که‌ تا و که‌شه‌نگبوون و ئازاری ماسولکه‌کان و سه‌رگێژهاتن و ڕه‌ق بوون و ئازاری پشت و مل  وه‌ برین و خوێن له‌سه‌ر پێست و سپێنه‌ی چاو به‌شێوه‌ی په‌ڵه‌خوێن petechia و خوێن به‌ربوونی دیار و هه‌ستیاری به‌ڕوناکی له‌گرنگترین نیشانه‌کانی نه‌خۆشیه‌که‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ڕشانه‌وه‌و سکچوون و ئازاری سک و گه‌ده‌ له‌ نیشانه‌کانی ترن، له‌کاتی توشبوونێکی گران نه‌خۆشه‌که‌ له‌رزین و له‌ده‌ستدانی هاوسه‌نگی و که‌وتن و بێ هێزی توش ئه‌بێت ،وه‌ سک ئێشه‌ش به‌شی سه‌ره‌ه‌وه‌ی لای ڕاستی سک ئه‌گرێته‌وه‌ پاشان له‌کارکه‌وتن و باش کارنه‌کردنی گورچیله‌ و جگه‌ر و لیمفه‌ گرێکان و هه‌ڵئاوسانیان.


خۆپاراستن:
1- له‌ده‌ست کردنی ده‌ست کێش و جل و به‌رگی کێڵگه‌ له‌کاتی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ.
2-به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕاسته‌وخۆ ده‌ست له‌ خوێن و ده‌ردراوه‌کانی ئاژه‌ڵ نه‌درێت.
3- شۆردنه‌وه‌و پاکردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵکان له‌ مشه‌خۆره‌ ده‌ره‌کیه‌کان.
4-پاککردنه‌وه‌ی که‌لوپه‌ل و پێداویستیه‌کانی نه‌خۆشخانه‌ و تاقیگه‌کان.
دیاری کردنی نه‌خۆسیه‌که‌ له‌ تاقیگه‌کان:-
1- به‌هۆی ته‌کنیکی ئیلایزا elisa وه‌ .
2-دیاری کردنی دژه‌جین antigen
3-هاوتاکردنی سیره‌م
4-به‌ ئامێری PCR

وه‌رگێڕان و ئاماده‌کردن:
باوان مصطفی عبدالرحمن
له‌ به‌شی زانستی ئاژه‌ڵ له‌ زانکۆی سلێمانی
1-7-2018
سه‌رچاوه:
‌1- ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی WHO.2013
2-Crimean Congo hemorrhagic fever: Risk factors and control measures for the infection abatement (Review).november 2013