سێکتەری کشتوکاڵ زیاتر لە سێکتەرەکانی تر پێویستی بە چاودێری هەیە لەبەرئەوەی راستەوخۆ کار لەگەڵ پێکهاتەیەکی زیندوو دەکرێت.
ئەو چاودێریە دەبێت بە شیوازێک بێت کە هەمیشە لە هەوڵی باشتر کردنی بەرهەمەکاندابێت لە رووی چەندیەتی و چۆنیەتییەوە. لێردا دەبێت بپرسین چۆن بتوانین بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو لە گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵ؟ چۆن ئەوان بووینە خاوەنی پانتایەکی زۆر لە سەوزایی و بەرهەمی هەمە چەشنی کشتوکاڵی؟ ئایا ئەوە تەنها پەیوەندی بە کەش و هەواوە هەیە یان هۆکار گەلێکی تر؟ بێگومان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەبێت بگەڕینەوە بۆ پرسیاری یەکەم لەوێشەوە دەگەینە ئەو راستییە بەڵێ توێژینەوەکان و بەدواداچوون لە هۆکارەکانی گەشەسەندنی کەرتی کشتوکاڵی ئەوانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی لە ئێستادا هەیە.

بۆ ئەوەی کوردستانیش دابڕاونەبێت لەو پێشکەوتنانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کراوە لە وڵاتانی دونیا ئەوە دەبێت پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان توێژەران و جوتیاراندا هەبێت. دەبێت متمانە دروست بکرێت لە نێوان هەردوو چیندا، ئەوە وادەکات چیتر کشتوکاڵ کردن لە کوردستان لە قۆناغی سەرەتایدا نەمێنێتەوە. هەروەها بەو هۆیەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە توێژینەوەکان گرنگی تەواویان هەیە بۆ ئەو مەبەستە. کاتێک جوتیار بە شێوەیەکی زانستی چاندنی بەروبوومەکەی ئەنجامدا ئەوە بە دڵنیاییەوە بەرهەمێکی باش پاشەکەوت دەکات یان هیچ نەبێت ئەو لە کاتی رووبەروو بوونەوەی هەر گرفتێک دەزانێت پەیوەندی بە کێوە بکاو چۆن بە هاوبەشی چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە. دەبێت جوتیاران بگەڕینەوە بۆ رێنماییەکانی کشتوکاڵی و بە بایەخەوە بڕواننە توێژینەوەکان. توێژەران دەبێت توێژینەوەکانیان راستەوخۆ پەیوەندی بە کێشەکانی جوتیاران و بەرهەمێنەرەکانەوە هەبێت، لە لایەکی تر دەبێت بایەخ بەو جۆرە بەروبوومە کێڵگەیی و رەزگەری و بەشەکانی تری کشتوکاڵ بدرێت کە لە کەش و هەوای کوردستاندا ئەگەری سەرکەوتنی زۆرە بەو واتایەی لە رووی ئابوریەوە گرنگی هەبێت و کاریگەری لە سەر باشکردنی بازاڕەکان هەبێت. ئەو جۆرە پەیوەندییە پێموایە لە داهاتووێکی نزیکدا وا دەکات بەرهەمی خۆماڵی لە هەردوو رووی چەندیەتی و چۆنیەتی گەشەبستێنێ و جگە لە بازاڕە ناوخۆییەکان هەناردەی وڵاتانی دەروەش بکرێت.

د. رابەر فەتاح ساڵح
کۆلێژی کشتوکاڵ/ زانکۆی سەلاحەدین
٣٠/٨/٢٠١٦

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: