ئێمە وەكو موسڵمان زۆر جار ئەم ووشەیەمان بیستووەو ووتووە بەڵام تا ئێستا كەمێكی زۆر كەم شارەزایمان هەیە لە بارەی سەرچاوەی(میسك) و چۆنێتی دەرهێنان و بەدەست كەوتنی..ئاسكی كێوی (ئاسكی میسك) كە ناوە زانستییەكەی بریتییە لە (Moschus moschi ferus) دادەنرێت بە سەرچاوەی سەرەكی بۆ بەرهەمی میسك, ئەویش بە شێوەی كیسێكی پێستی شێوە لوو كە ئەندازەكەی بە قەدەر پرتەقاڵێك دەبێت و كێشەكەی 20-30 گرام دەبێت و 10-20 گرام لە تۆزی میسكی تێدایە كە بەو تورەكەیە دەوترێت (فأرة المسك)و ناوە زانستییەكەشی بریتییە لە (Musk in Pods), خوای گەورە ئەم تورەكە بچوكەی لە نێرەی ئاسكدا دروست كردووە تا بە هۆیەوە هەستی مێیەكان بۆ لای خۆی بجوڵێنێت بە تایبەتی لە وەرزی گەرمادا.
شێوازی بەدەست خستنی میسكیش دوaی ئەوە دەبێت كە ئەو تورەكەیە بە تەواوی پێدەگات و ووشك دەبێتەوە, ئەو كات لە ئەنجامی خۆخوراندن و لێخشانی ئاسكەكە لە بەردو دار تورەكەكە لە لاشەی ئاسكەكە جیا دەبێتەوەو دەكەوێتە خوارەوە, ئەو كات كۆدەكرێتەوەو تۆزی میسكەكەی لێ‌ دەردەهێنرێت, بە پێی ئەندازە وا باس دەكرێت كە بۆ بەدەست خستنی تەنها یەك كیلۆ میسك پێویستمان بە 160 ئاسك هەیە.
میسكی ئاسك لە زۆر بواردا بەكاردەهێنرێت, بە جۆرێك 90%ی بەرهەمی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ و مێشك و بەهێزكردنی چاو بەكاردەهێنرێت, هەروەها بۆ بەهێز كردنی ئەندامەكانی هەناو بە شێوەی خواردنەوەو بۆنكردن,‌ وە بۆ چارەسەری ئەندامەكانی دەرەكی بە شێوەی خستنە سەر شوێنەكە, وە 10%ی بەرهەمی میسكیش لە دروستكردنی بۆن و عەتردا بەكاردەهێنرێت, چونكە میسك لە پێكهاتەیدا 1.4% زەیتی (طیار)ی تێدایە كە رەنگێكی رەشی مەیلەو بۆری هەیەو بۆنێكی فێنك و خۆشی هەیەو نرخەكەشی پێنج هێندەی نرخی ئاڵتونە. هەروەها پێك دێت لە چەند هۆرمۆنێكی ئەستیرولیە لە گرنگترینیان مسكوبایریدین(Muskcopyridine)و هەروەها چەند ئەنزیمێك.
ووشەی میسكیش ووشەیەكی عەرەبییە بەو بۆنە سەرنج راكێشە دەوترێت كە سەرچاوەكەی ئاژەڵە, وە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی هاتووە. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {خِتَامُهُ مِسْكٌ وفِی ذَلِكَ فَلْێتَنَافَسِ الْمُتَنَافِسُونَ} (26) سورة المطففین
ئاسكی میسك درێژییەكەی نزیكەی مەترێكەو بەرزییەكەشی نیو مەتر دەبێت و ئاژەڵێكی ترسنۆك و سركەو زیاتر بە شەوان بە دوای خواردندا دەگەڕێت, هەر لەبەر ئەمە ڕاو كردنی زۆر زەحمەتە, بە زۆری لە دارستانەكانی (هیمالایا)دا دەژی بەرەو (تبت و سیبریاو باكوری صین و ناوەراستی ئاسیا). باشترین جۆری میسكیش ئەوەیە كە لە (صین) یان (تبت)ەوە دەنێردرێت پاش ئەویش ئەوەی (نیبال)ە.


وەرگیراوە بە سوپاسەوە.

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: