توور (کێوی یان خۆماڵییەکەی) یەکێکە لە خۆراکە گرنگەکان و سەڕەڕای هەرزانییەکەی ( لە کوردەواری دا دەڵێن توورێکی قوڕاوی ناهێنێت!) گەلێک سوودی جۆراوجۆری هەیە . زێدی ڕەسەنی توور چین و ژاپۆن و ئاسیا  و ئەوروپایە بە تایبەتی بەریتانیا . لە سەردەمی فیرعەونەکانیش دا بە زۆری لە میسڕ چینراوە. تا پێش ساڵی(١٥٨٤) ی زاینی توور نەگەیشتووەتە ئەوروپا و بەریتانیا ، بۆ یەکەم جار لە نووسینەکانی (جیرارد) لە ساڵی (١٥٩٧) ی زاینی دا ناوی هاتووە.
باشتر وایە توور خاوێن بکرێتەوە و توێکڵەکەی پاک نەکرێت .

@ پێکهاتەی توور :-
*ئاو %٨٥
*پرۆتین بەکەمی
*کانزا بەکەمی
*نیشاستە بەکەمی
*ڤیتامین سی بە کەمی
*Amylclytic
*Ethyl isothiocynate – Phenyl – کە زەیتی بۆنتیژە.
* گەڵاکانی پڕە لە ڤیتامین  ئەی و ڤیتامین سی و خوێی کالیسیۆم و ئاسن و کلۆرۆفیل.

@ سوودە دەرمانییەکانی توور:-
*پسپۆڕانی سەنتەری نەتەوەیی لێکۆڵینەوەی ئەمەریکا ، دووپاتیان کردەوە کە توور بایەخێکی گەورەی هەیە بۆ چارەسەری نازایی پیاوان و ژنان ، و باش وایە کچانی گەنج پێش هاوسەرگیری توور بخۆن بۆ ئەوەی ئەگەری ناکامیی کۆرپەکانیان لە ئایندەدا کەم بکاتەوە.
*ئێستا لە ئەورووپا تووری سوور بەکاردێت بۆ وردکردن و نەهێشتنی بەردی زراو و گورچیلە.
* توور زۆر گرنگە بۆ چارەسەر و ڕێگەگرتن لە خەستبوونەوە( جەڵتە) ی خوێن و سەرەتاکانی شێرپەنجە ، بەدهەرسی ، کۆکەڕەشە و لاوازی ئێسک . هەروەک بژوبای ناوسک ناهێڵیت و یرامەتیدەرە بۆ هاوسەنگیی شەکری ناو خوێن . شیری دایکی شیردەریش زیاد دەکات.
*بۆ لابردن و ڕێگەگرتن لە درووست بوونی بەرد ، توور و گەڵاکانی ئەگوشرێت و ڕۆژانە پێش نانخواردن بە (٣٠) خولەک ، (٢ - ٣) کەوچکی لێئەخورێت.
*بۆ بەهێزکردنی پیتاندن و چارەسەری نازایی ، کەوچکێکی بچووک تووری کوتراو ئەکریتە کوپێک ئاوی لەکوڵ و سارد ئەکرێتەوە و ئەپاوڵێرێت و ڕۆژانە (٢ – ٣) جار دوای نان خواردن ئەخوریتەوە . یا بڕێکی یەکسانی تووری هاڕدراو و هەنگوین تێکەڵ ئەکرێت و ڕۆژانە ٣ جار دوای نانخواردن کەوچکێکی گەورەی لێ ئەخورێت .
توور ( ئەو توورەی مەیلە و سوورە ) کە ڕەگەکەی ئەخورێت ، کاریگەریەکی باشی  هەیە  بۆ چالاک کردنی جەستە ، و خاوێنی ئەکاتەوە لە میکرۆب و ژەهر . هەروەها لەش ڕزگار ئەکات لەو شلە زیادەیەی تیایدا گیری خواردووە . هەروەک زۆر بەسوودە بۆ تواندنەوەی بەڵغەم و کردنەدەرەوەی لە بۆرییەکانی هەناسەدان ... بۆیە خواردنی بەسوودە لەکاتی کۆکە و هەوکردنی خانەکانی هەوا و زۆربوونی چڵمی لووت و هەوکردنی کیسەکان ( جیوب) ی لووت ، و سەرمابوون ئەنفلۆنزادا.
*بۆ هەوکردنی کیسەکانی لووت (جیوب اڵانفیـە) :
لەبەرئەوەی توور ئەبێتە هۆی دەردانە دەرەوەی چڵم ، سوودی زۆرە وەک دەرمانێکی هەوکردنی کیسەکانی لووت.
بەکارهێنانی ئەم پێکهاتەیە زۆر بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی کیسەکانی لووتیان هەیە:
بڕێک ئاوی توور ( توورەکە پاک ئەکرێت و ئاوەکەی ئەگیرێت).
ئاوی لیمۆ (٢ – ٣)لیمۆ .

@بەکارهێنان :-
هەردوو ئاوەکە تێکەڵ ئەکرێن و ئەکرێنە شووشەیەکەوە و لەبەفرگردا هەڵئەگیرێت و لەنێوان ژەمەکان دا نیو کەوچکی لێ ئەخورێتەوە ئەم چارەسەرە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەکارئەهێنرێت تا هەموو چڵمی کۆبووەوەی ناو کیسەکانی لووت دەرئەداتە دەرەوە ( باشتر وایە ئەو گیراوەیە هەر بەو بڕەی باسکراوە ئامادەبکرێت و کە تەواو بوو دووبارە بگیرێتەوە ، چونکەە لیمۆ گەر بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێت لەوانەیە بگەنێت ).
ئەم گیراوەیە تامێکی توندوتیژی هەیە و لەوانەیە لەکاتی خواردنەوەی دا چاو ئاو بکات ، لە ڕاستیش دا ئەو تیژییە نیشانەی کاریگەرییەتی لە دەردانەدەرەوەی چڵم دا .
*بۆ چارەسەری ئاوسانی پێ (Oedema) :-
توور سوودی هەی بۆ زیادکردنی میز و کردنەدەرەوەی ئەو ئاو و خوێ زیادەیەی لە لەش دا کۆئەبێتەوە و ئەبێتە هۆی ئاوسانی پێکان و  بەرزبوونەوەی گوشاری خوین . ئەم گیراوەیە تاقی بکەرەوە :-
- ٤ کەوچکی گەورە تووری تازەی جنراو (هاڕاو).
- ٢کوپ سرکە ( باشترە سرکەی سێو بێت).
* شووشەیەک کە سەرەکەی بە باشی قایم بکریت .

@ ئامادەکردن و بەکارهێنان :-
توور و سرکەکە ئەکرێتە شووشەکەوە ، و بۆ ماوەی نیو ڕۆژ لە شوێنێکی میلە و گەرم دا دائەنرێت . کەمێک سەری شووشەکە شل ئەکرێت و جارجاریش ڕائەوەشێندرێت . لە نیوەی دووەمی ڕۆژەکەدا شووشەکە ئەبرێتە شوێنێکی سارد و جارجارە ڕائەوەشێندرێت . دوای تەواو بوونی نیوەی دووەمی ڕۆژەکە گیرواەکە ئەپاوڵێرێت و گلیسرینەکەی تێ دەکریت و لە شوێنیکی سارد دا هەڵئەگیریت تا کاریگەرییەکی لە دەست نەدات.
ئەم گیراوەیە ڕۆژانە چەندین جار کەوچکێکی گەورەی لێ ئەخورێتەوە و بە پارچەیەک شاش شوێنی ئاوساوییەکەی پێ ئەپێچرێت .
* بۆ ئازاری ڕۆمانتیزم ، لاوازی و  بەرگریی بەرامبەر پەتا ، و یارمەتی دانی جوڵاندنی ئەو پەلانەی تووشی ئیفلیجی (شەلەل) بوون:
ئەم گیراوەیە سوودی هەیە وەک مەرهەمێک بۆ هیمن کردنەوەی ئازاری ڕۆمانتیزم و وەک خواردنەوەیەک بۆ بەرگریی لە پەتا:-
* یەک لیتر سرکە ( باشترە سرکەی سیو بێت) ، ١٠٠ گرام ئاوی سیر ، ١٥ گرام تووری جنراو.

@ ئامادەکردن و بەکارهێنان :- 
توور و گیراوەی سیرەکە ئەکرێتە سرکەکەوە و لە شووشەیەک دا سەری ئەنریتەوە و لە شوینێکی گەرم دا بۆ ماوەی ١٢ سەعات هەڵئەگیرێت لەگەڵ ڕاوەشاندنی جارجارەی پاشان بۆ ماوەی ١٢ سەعاتی تر لە شوێنێکی سارد دا هەڵئەگیرێت دوای ئەوە گیراوەکە ئەپاڵێورێت لە شوێنێکی سارد یان لەناو بەفرگردا هەڵئەگیرێت.
بۆ بەرگریی پەتاکان ، ڕۆژی سێ جار لە نێوان ژەمەکان دا کەوچکێکی بچووک لەم گیراوەیە ئەخورێتەوە .
بۆ ئارامکردنی ئازاری جومگەکان شوێنی ئازارەکە بە پارچەیەکی تەڕکراو بەو گیراوەیە ئەپێچرێت .
بەشۆردنی پەلی ئیفلیجیش بەم گیراوەیە یارمەتیی جوڵاندنی ئەدات.

* هەر بۆ ڕۆمانتیزم:-
ئەڵێن قوت دانی – بێ جوین – پارچەیەکی زۆر بچووکی توور بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بۆماوەی یەک مانگی تەواو بەسوودە بۆ چارەسەری ڕۆمانتیزم ... لەبەر ئەوەی ئەم کارە هیچ زیانێکی نییە ، بۆیە تاقیکردنەوەشی هیچی تێناچێت .
* ئەگەر چی لێرەدا تەنیا باسی توور(ڕەگەکەی) کرا. بەڵام لەبیرمان نەچێت گەڵاکانیشی خۆراکێکی بە سوودی پڕ ڕیشاڵە.
* پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشی برینی گەدە(قرحە ) و گلاندەکان (غودەی دەرەقی) و هەوکردنی ڕیخۆڵە و جگەریان هەیە نەیخۆن و بەگشتیش باشتر وایە بە شێوەیەکی گونجاو بخورێت.

سەرچاوە:- گۆڤاری خاک 
ژمارە (١٣٨)

دووبارە نووسینەوەی:
ئەندازیاری کشتوکاڵی
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: