سوودە تەندروستییەکانی بیبەری سووری توون یاخود ئاڵەتی سوور


لەوانەیە زۆربەتان پێتان سەیربێت کاتێک بۆتان دەرئەکەوێت کە ئەم ڕووەکە توون و زمان گەزە، باشترین و نەرمترین خۆراکە بۆلەشی مرۆڤ ..... و بە شێوەیەکی گشتیی چالاککەرێکی بەهێزی جەستەیە .

بەپێی زانیارییە مێژووییەکان ، خەڵکی ئاسیا بۆیەکەم جار چاندنی بیبەریان زانیووە و وەک یارمەتی دەری هەرس ، ناسیویانە . ئەوروپاییەکان تا دوای گەشتە بەناوبانگەکەی ( کریستۆڤەر کۆڵۆمبس) بۆ  جیهانی نوێ ، ئەم ڕووەکەیان نەناسیووە. 
گریکەکان  ناویان ناوە(Capsicum) کە ئێستا ناوی زانستیی بیبەرە و واتا (to bite) – گازگر یان چزین ( وە عەرەب پێی دەڵێن (الفلفل الڕحمر الحار – الشگە)بە ئینگلیزیش (Red Pepper – Cayenne Pepper ) ی پێئەوترێت . چاکترین جۆری بیبەری سووری توون ئەوەیە کەلە (زەنزبار) ی تانزانیا و هەرێمی (لویزیانا)ی ئەمەریکا ئەچینرێت.
&ئاڵەت وەک چالاککەر:-
؛لەوانەیە سەرەتایترین نووسراو لەمیژووی پزیشکی خۆرئاوادا کەباسی سوودەکانی بیبەری سووری توون(ئاڵەت) ی کردبێت ، کتێبی زانستی دەرمانیی ئەمەریکاییە ، کە تیایدا هاتووە:- دکتۆر (سامۆئیل سۆمبسن) ئاڵەتی بەسەرکەوتوویی بەکارهێناوە بۆ چارەسەری هەندیک نەخۆش .... ئەوەش لەسەرەتای سەدەی هەژدەهەم دا بووە.
لەکتێبی پزیشکی سروشتیی (The Medicines of Nature ) دا ، کورتەیەکی سوودە تەندرووستییەکانی ئاڵەت هاتووە، لە نووسینی (دکتۆر سۆینبۆرن کلیمەر) کە ئەڵێت :- (ئاڵەت هێزی هەموو ئەندامەکانی لەش زیادئەکات و یارمەتی هەرس ئەدات گەر لەگەڵ خۆراک بخورێت ، هەروەک هەموو ئەندامە  دەردەرەکان (گلاند – غودە) کان چالاک دەکات. لەکاتی پێویستیی بە چالاککەریش دا ، هیچ شتێک لەبیبەری سووری توون باشترنییە و چالاککەرێکی تەواو بێوەیە و پێویستە هەمیشە یەکەم هەڵبژاردن بیت. بیبەر بۆ  نەرمەتاش باشە ، لەگەڵ ئەونەخۆشییانەی جەستە دائەهێزرێن . جگە لەوەش هیچ ژەهراویی بوونێکی نییە ، کارلێکی خراپیشی نییە ... زۆر بەسوودیشە بۆ ڕەوانی و دۆسنتاریا کە خوین یان بەڵغەم لەگەڵ پیسایی دێتە دەرەوە . بۆ بۆنی ناخۆشی دەمیش باشە.

بیبەر وەک چالاککەری هەرس:-
بیبەری سووری توون ، دەردانی لیک و ئەو ئاوانە زیاد ئەکات کە بۆ هەرسکردن لەگەدەوە دەردەچن ، وەک زانراویشە لیک هەندێک ماددەی تیایە کە یاریدەی هەرسکردنی  کاربۆهیدرات ئەدەن ، دەردراوەکانی تریش هەموو پێکهاتەکانی خۆراک هەرس ئەکەن.

لەبیبەر مەترسە :-
لە لێکۆڵینەوەیەک دا ، کە ئەنجامەکانی لە بڵاوکراوەی کۆمەڵەی پزیشکی ئەمەریکادا (journal of The American Medical Association ) بڵاوکرایەوە ، لێکۆڵەران بە کامێرای تایبەت وێنەی ناوپۆشی گەدەیان گرت دوای خواردنی ژەمەخۆراکێکی بێ توونی ، و دوای خواردنی ژەمێکی توونی پڕ لە بیبەر ... و بۆیان دەرکەوت کاردانەوەی گەدە بۆ هەردوو جۆرە خۆراکەکە چوون یەک بوو ، و لێکۆڵەران ڕایانگەیاند گەر کەسانی لەش ساغ ، خۆراکی توون ( وەک ئەوەی بیبەری سووری توونی تێئەکرێت ) بخۆن ، هیچ زیانێک بەناوپۆشی گەدە یان ڕیخۆڵە ناگەیەنێت . بەوپێیە و بەپێچەوانەی تێگەیشتنی هەندێک کەسەوە ، زیادکردنی بیبەری هاڕاو (ئاڵەت) بۆ خۆراک ، یان خواردنی بیبەری سووری توون زیانی نییە بۆ دروستیی گەدە و ڕیخۆڵە بەڵام بەڕەچاوکردنی ئەوڕاستییەی کەبیبەر کاریگەرو چالاککەری ئەبێت تەنانەت گەر بڕێکی کەمیشی لێبخورێت ، لەبەرئەوە زیادەخۆریی پێویست ناکات.

بیبەر و ڕەوانیی (سکچوون):-
بیبەر کاریگەرییەکی دژە بەکتریایی هەیە ، بۆیە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری سکچوونی پەتای ڕیخۆڵە ، وەک زۆرینەی حاڵەتەکانی سکچونی هاوینە .(بیبەر یان ئاڵەت نادرێت بە مناڵانی تەمەن کەمتر لە ٢ ساڵ ، بەڵام بۆ مناڵی گەورەتر بڕێکی کەمیان ئەدرێتێ ).

بۆ ئەوانەی گرفتاری ئازاری درێژخایەنن :-
سەردەمانی کۆن ، باو بووە کە بۆ هێورکردنەوەی ئازار ( وەک ئازاری جومگە) شوێن ئازارەکە بە ئاڵەت سوواوە ، کە ئەمەش لە زانستی پزیشکیدا پێی ئەوترێت ( ورووژێنەری پێچەوانە Counterirrritant -) . واتە بیرۆکەی چارەسەرەکە لەوەدایە ئازارێکی ڕووکەشی کەم دروست ئەکرێت بۆئەوەی نەخۆش ئازارە زۆرە قووڵەکەی بیربچێتەوە ..... ئەمەش هەمان بیرۆکەی مەڵحەمەکانی هێورکردنەوەی ئازارەکانی ڕۆمانتیزمە.
بەڵام لێکۆڵینەوە تازەکان سەلماندوویانە کە بیبەری سووری توون ، کاریگەری ڕاستەقینەی هەیە بۆ هێورکردنەوەی ئازار (Analgesic) بەتایبەت هەندێک لەئازارە درێژخایەنەکان . چونکە ماددەیەکی کیمیایی لەناوبیبەری سووردا هەیە بەناوی ( کاپسیسین Capsaicin -) کە ئەبێتە هۆی پەکخستنی کاریگەریی ماددەیەکی کیمیایی لەدەمارەپەلییەکان دا (suastance P) کە ئاماژەکانی هەست بەئازارکردن ئەنێرێت بۆ مێشک . بۆیە ئامۆژگاری ئەوکەسانە ئەکرێت کە ئازاری درێژخایەنیان هەیە وەک ئازاری جومگەکان شوێن ئازارەکە بە بیبەر بسوون بۆ هێورکردنەوەی ئازارەکە . بۆ زانیاریش مەڵحەمی ئازار شکێن هەیە کە ئەوماددەیەی ناوبیبەری تێدایە ، وەک کرێمی (زۆستریکس Zostrix -) و کرێمی (ئاکسین Axsain –) .

بیبەر بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست (ئاگرەی کەمەر):-
ئاگرەی کەمەر (Herpes Zoster) نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە تووشی دەمارە ڕووکەشەکانی ناوچەی سنگ ئەبێت ، لە شێوەی زیبکەدایە کەبنکەیەکی سووری هەیە ەو سووتانەوە و ئازارێکی زۆری لەگەڵدایە .
ئەم نەخۆشیە بە شێوەیەکی خۆڕسک دوای نزیکەی سێ هەفتە لە تووشبوون چاک دەبێتەوە ، بەڵام لە هەندێک دۆخدا بەتایبەتی ئەوانەی جەستەیان لاوازە و لە بەرهۆیەکی هێشتا نەزانراو دوای نەمانی نەخۆشییەکەش ئازارەکە بەردەوام ئەبێت ، ئەم دۆخەش پزیشکەکان پێی ئەڵێن:(دوای ئاگرەی دەمار post – herpetic neuralgia -) و دەرکەوتووە کە کرێمی (زۆرسترێکس) کە پێکهاتەکەی ماددەیەکی ناو بیبەرە باشترین چارەسەری ئەم ئازارە درێژخایەنەیە.

بیبەر بۆ چارەسەری کێشەی قاچی شەکرەدار:-
دیارترین ئاڵۆزکانی نەخۆشی شەکرە و بڵاوترینیان پێی ئەوترێت سووتانەوەی پێ ، کە نەخۆشی شەکرەدار لە پاژنەی پێیدا هەستی پێئەکات ، لە شێوەی سووتانەوە و دەرزیئاژن و مێروولەکردن دا ، و نەخۆش وا ئەزانێت بەسەر بەرددا ئەڕوات . ئەم گرفتارییە کە دەرئەنجامی هەوکردنی دەمارەپەلییەکانە ، بەدەرمانە باوەکان چاک نابێت ، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریان خست کە ماددەی ( کاپسیسین) و ناو بیبەر ، توانای هێورکردنەوەی ئەو ئازار و سووتانەوەیەی هەیە ، لە ژمارەیەکی زۆر لە شەکرەدارەکان دا ، دوای بەردەوامبوونی چارەسەر بۆ ماوەی نزیکەی چوار هەفتە.
بۆ بەکارهێنانی بیبەر لەم چارەسەرەدا ، یان پەنائەبرێتە بەر کرێمەکانی کە پێشتر باسکران، کە کرێمی ( ئاکسین) لەوی تر باشترە، ئەویش بەسسوینی کرێمەکر لە پێ، یان ڕاستەوخۆ پەنا ئەبرێتە بەر بیبەری کوتراو ، بەمشێوەیە:-
نیو یان چارەکێک کەوچکی بچکۆلە لە بیبەر ئەکرێتە کوپێک زەیتی شیلەتێنی ڕووەک(وەک زەیتی زەیتوون یان کافوور) شوێن ئازارەکەی پێ ئەشێلرێت.
ئەم چارەسەرە بۆ هێورکردنەوەی ئازارە درێژخایەنەکانی وەک ئازاری رۆمانتیزمی جومگەکانیش بە سوودە.

بۆ چارەسەری سەرئێشە:-
لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان سەلماند کە ماددەی کاپسیسینی ناو بیبەر کاریگەریییەکی باشی هەیە بەرامبەر بە سەرئێشە ، لەو جۆرەی ئازارێکی توند لایەکی سەر ئەگرێتەوە (Cluster headaches) ، لە لێکۆڵینەوەیەک دا نەخۆشەکان گیراوەیەکی ئەو ماددەیەیان سوویی لە دیوی ناوەوەی لووت و لووت لە دەرەوە ، و دوای پینج ڕۆژ لە بەکارهێنانی ڕێکوپێک زۆربەی نەخۆشەکان ئازارەکەیان نەما . ئەم چارەسەرە هەندێک گرفتی کاتیی هەیە وەک ئاو لە لووت هاتن و سووتانەوەی لووت ، کە لە ماوەیەکی کورت دا  نامێنێت .
چۆن بیبەری سووری توون ئەخۆیت؟
ئاشکرایە بیبەر بۆ خواردن ئەکرێتە ناوخۆراک یان سووپەوە ، بەڵام ئەکرێت (چا) ی بیبەریش بخوورێت بۆ یارمەتیدانی هەرس یان چالاک کردنی لەش .... پێئەچێت خواردنەوەی ئەم (چا) یە سوودی بۆ دڵیش هەبێت و لە نەخۆشیی بیپارێزێت .
بۆ ئامادەکردنی (چا)ی بیبەر، نیو یان چارەکە کەوچکێکی بچووکی تۆزی بیبەر ئەکرێتە ناو کوپێک ئاوی کوڵاو و بۆ ماوەی چەند خولەکێک دائەنرێت . ئەم چایە دوای ژەمەخۆراکێک نۆش ئەکرێت .

سوودە تەندروستییەکانی بیبەری سووری توون یاخود ئاڵەتی سوور

سوودە تەندروستییەکانی بیبەری سووری توون یاخود ئاڵەتی سوور


چەند شێوازێکی بەکارهێنانی بیبەری سووری توون:-
- بۆچارەسەری سەرمابوون و ئەنفلۆنزا:
پێکهاتە:
دوو کەوچکی بچووک بیبەر.
یەک و نیو کەوچکی بچووک خوێی چێشت .
کووپێک ئاوی کوڵاو.
کووپێک سرکەی سێو(یان سرکەی  سپی).
- ئامادەکردن و بەکارهێنان:-
بیبەر و خوێیەکە بەدەسکەوان ئەکوترێت ، تا وەک ئاردی لێ دێت ، پاشان ئەکرێتە قاپێکەوە و ئاوە گەرمەکەی بەسەردا ئەکرێت – یان گیراوە (چا) ی بەیبوونی خەست . ئینجا دائەنرێت تا سارد ئەبێتەوە . دوای ئەوە سرکەکەی تێئەکرێت .
ئەم گیراوەیە لەکاتی سەرمابوون و ئەنفلۆنزادا هەر نیو سەعات جارێک ، کەوچکێکی بچووک یان گەورەی لێ نۆش ئەکرێت .گەر بەرگەی توونییەکەیت نەگرت، ئەتوانیت ئاوی زیاتری تێبکەیت و ڕوونی بکەیتەوە.

- کرێمی شێلانی لەش .... بۆ گەشانەوە و چالاک بوون:
شیلانی لەش بە بیبەر یارمەتی هاتنی خوین و چالاککردنی سووڕی خوێن ئەدات لەژێر پێست دا . بۆ ئامادەکردنی ئەو کرێمە ئەم شتانە پێویستە:
بڕێکی گونجاو کوتراوی بیبەر.
سرکەی سێو ( یان سرکەی سپی یان ئیسپرتۆی پاک).
گوڵاو (یان ئاوی دڵۆپێنراو).
باشتر وایە ئەم کرێمە بە شیلەتێنی بەکاربهێنرێت . ئەویش بەگەرمکردنی سرکەکە.

- بۆڕاگرتنی خوێنبەربوون :
لەکاتی خوێن بەربوونی بڕاویی دەرەکی دا، ئەتوانرێت کەمێک بیبەر بکرێت بە جێ برینەکەوە بە ڕاگرتنی خوێن بەربوونەکە.
لە پزیشکیی میللی ئەمەریکادا، ئاوی گەرم، کەمێک بیبەری تێئەکرێت و ئەخورێتەوە بۆ ڕاگرتنی خوێن بەربوونی ناوەوە (نەزیفی داخلی) .... لەوانەش خوێنبەربوونی قورحەی گەدە و دوانزە گرێ ! 

- بۆشکاندنی ئازاری ددان:-
کەمێک بیبەر ئەخرێتە سەر شوێنی ئازارەکە.

- بۆ ئەوانەی پێیان ساردە:
لە کاتە ساردەکانی زستان دا ئەتوانیت چارەسەری کێشەی ساردیی پێ بکەیت ، بەوەی کەمێک بیبەر بکەیتە ناو گۆرەوی یان پێڵاوەکانتەوە .

- بۆ چارەسەری هەوکردنی قوڕگ یان ئاڵوو (لەوزەتێن):
بیبەر وەک شەربەت (بە شێوازی پێسوو) ئەخورێتەوە یان لەناو دەم دا  غەرغەرەی پێئەکرێت.
بۆ ئامادەکردنی غەرغەرە ، هشت یەکی کەوچکێکی بچووک بیبەر ئەکرێتە نیو لیتر ئاوی گەرمەوە .

سەرچاوە:- گۆڤاری خاک – ژمارە ١٢٩





دووبارە نوسینەوەی :-

ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: