ئەم بابەتە تایبەتە بە بلۆگەر و پەیجی کشتوکاڵ ، هەر بەڕێز و شوێنێك وەری دەگرێت تکایە ئاماژە بدات بە ناوی بلۆگەری کشتوکاڵ .. لەگەڵ ڕێزدا
ڕووەکی دیفنباخیا کە ناوی زانستییەکەی بریتییە لە ( Dieffenbachia Sp.) ، یەکێکە لە ڕووەکەکانی ناو ماڵ کە لەبەر جوانی گەڵاکانی گەورەییان لە قەبارەدا بەخوێ دەکرێت و گرنگی پێ دەدرێت ، کە بۆ ڕێکخستن و ڕازاندنەوەی زۆر لە ئۆفیس و ناوماڵەکان بەکاردێت .
لەم بابەتەدا باس لە چۆنیەتی ژەهراوی بوونی ئەم ڕووەکە دەکەین ، کە لێرە و لەوێ دەبیستین کە ئەم ڕووەکە ژەهراوییە و ئەگەر کەسێک بیخوات ، زیانی پێ دەگەیەنێت و دەیکوژێت!! بە شێوازێکی گشتی زۆربەی ڕووەکە جوانییەکان و ڕووەکەکانی ناوماڵ زیان بەخشن ئەگەر پارچەیەکی ڕووەکەکە بخورێت یاخود ئاوگی ڕووەکەکە بەر پێستمان بکەوێت ، وە ئەم زیان و ژەهراوی بوونەش لە ڕووەکێکەوە بۆ ڕووەکێکی دیکە دەگۆڕدرێت . ڕووەکی دیفنباخیا ش یەکێکە لەو ڕووەکانەوە ئاستی ژەهراوی بوونی زیاترە لە چاو ڕووەکەکانی دیکە.
ماددە ژهراوییەکانی ناو ڕووەکی(دیفینباخیا) :
لە ناو ڕووەکەکەدا چەند ماددەیەک هەن کە هۆکارن لە ژەهراوی بوونی ڕووەکەکە ئەوانیش:
١- ترشی ئۆکسالیک Oxalic Acid
ئەم ماددەیە بە شێوەی کریستاڵی ئۆکسالاتی کالسیۆم هەیە لە ناو ڕووەکەکەدا کە لەشێوەی بلوراتی دەرزیلەییدایە . لەکاتی جوینی گەڵای ڕووەکەکە ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناو دەم و قورگ و سوتاندنەوەی .
٢- پرۆتینی ئەسپەرەجین Asparagine protein
نیشانەکانی ژەهراوی بوون و زیان گەیاندن:
١- سوتاندنەوەی ڕووپۆشی ناو دەم و قورگ.
٢- زیان گەیاندن بە هاوێنە (عەدەسە)ی چاو.
٣- سکچوون.
٤- چاو ئێشە.
٥- دڵ تێکهەڵاتن و ڕشانەوە.
٦- تێکدانی دەنگ و دەنگ نووسان.
٧- هەڵئاوسان و سووربوونەوەی زمان و دەم .
ئەگەر ڕێژەی ئاوسان و سووربوونەوەکە زۆر بوو ، ئەوا دەبێتە هۆی تێکدانی قسەکەردنی ئاسایی و ئەو کەسە ناتوانێت بە ئاسانی قسە بکات ، هەروەها نووسانی قورگ و قورسکردنی قووتدان.
چۆنیەتی خۆ پاراستن لە ماڵەوە؟
١- پێویستە ناو دەم بە پارچە پەڕۆیەکی پاکژ و تەڕ و سارد بە جوانی بسڕدرێت .
٢- جوان شواردنی چاو و پێستی هەر کەسێک کە دەستی لە ڕووەکەکە دابوو وە تووشی هەستیاری کردبوو لەڕێی بەرکەوتنی ئاوگی ناو ڕووەکەکە وەک شکاندنەوەی گەڵای ڕووەکەکە ، یاخود لاسکی ڕووەکە .
٣- پێدانی شیر بە کەسی تووشبوو وە خواردنەوەی شیرەکە .
٤- ئەگەر تووشبوونەکە زۆر بوو ئەوا پێویستە کەسی تووشبوو سەردانی نەخۆشخانە بکات بۆ ڕێنمایی پێویست و چارەسەر.
ژەهراوی بوون بە ڕووەکی (دیفینباخیا) چەند ناوێکی تر هەیە :
بە چەند ناوێکی تر ژەهراوی بوونی دیفینباخیا دەناسرێتەوە :
١- ژەهراوی بوونی دومبکان Dumbcane poisoning
٢-ژەهراوی بوونی لیوپارد لیلی Leopard lily poisoning
٣- ژەهراوی بوونی ڕەگی توفت Tuft root poisoning
سەرچاوە:-
ماڵپەری میدسن پڵەس https://medlineplus.gov/ency/article/002866.htm
دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ
بۆچوون: