Kurdistan,کوردستان


پەیامێک بۆ بەڕێزان:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان 
وەزیری کشتوکاڵ
وەزیری گەشتوگوزار

بەڕێزان کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەک لای هەمووان روون و ئاشکرایە لەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی خاوەنداریەتی نەکردنی سروشت و ژینگەی کوردستان وە نەبوونی یاساو رێساێکی تایبەت، خەریکە چیاو دەشتاییەکان لە مولکی گشتییەوە دەکرێنە مولکی کەسانێک. بەشێوازێک دۆخەکە خراپ بووە ئیتر چیاو دەشتاییەکان لە ژێر هەڕەشەی پارچە پارچە بووندان و هەر چەند سەد مەترێک یان دۆنمێک تەوێڵ و پەڕێژنی بەدەوردا کراوەو دەکرێ!

ئەوە جگە لەوەی سروشتی کوردستان دەشێوێنێت بگرە دەیان کێشەو گرفت بەدوای خۆی دادەهێنێت. سەرەتا هیچ کەس ناکرێت خاوەنی گرد و تەپۆڵکەو چیاکان بێت و بە ئارەزووی خۆی پەڕژینی بەدەوری دا دروست بکا، یان پارچە پارچەی بکاو بیانفرۆشێت. لە هیچ وڵاتێک کارەساتێکی وەها نابیندرێت وەک ئەوەی لای ئێمە دەگوزەرێ!

ئەگەر یاسایەک رێک نەخرێت بۆ چارەسەرکردن و قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیە ئەوە لە ئایندەیەکی نزیک رووبەڕووی گرفتی زۆر دەبینەوە رەنگە ئەمانەی خوارەوە بەشێکیان بن:

1. شێواندنی سروشتی کوردستان و ژینگەکەی.
2. هەڕەشەی لەناوچوونی پەلەوەرو گیانلەبەری کێوی.
3. کەم بوونەوەی رووبەری سەوزایی لە رێگای بڕینی دارو دەوەن و دروست کردنی خانو. 
4. پیس کردنی ژینگە.
5. تێکچوونی سستەمی ژینگەیی بەهۆی خاڵەکانی سەرەوە.
6. لە دەستدانی شوێنە گەشتوگوزارییە گشتییەکان.
7. پەڕژین کردن و پارچە پارچەکردنی گرد و چیاو دەشتاییەکان و فرۆشتنیان رەنگە بە کەسانی نەک هەر کورد بگرە بە عەرەب و خەڵکانی تریش بفرۆشرێن.
8. کەمبوونەوەی لەوەڕگەو پاوان بەهۆی خاڵی پێشو، هەڕەشەی گەورەیە بۆ ئاژەڵدارەکان، بەوەش بەرهەمی خۆماڵی روو لە کەمی دەکات لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەرهەمەکە خۆی کەمە، کەواتە لە ئایندەدا هیچ. 
9. کارەساتی مرۆیی و شەڕو مل ملانێ و نەگونجان لە نێوان خاوەن پارچەکان. کە رەنگە تەنها دۆنمێک زەوی چەندین خاوەنی هەبێت.
10. کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی بیانی بەهۆی بەرتەسک کردنەوەو پاوان کردنی شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی تر کە زیان بە ئابووری کوردستان دەگەێنێت بەهۆی کەمبوونەوەی ئەو داهاتەی کە لەو رێگایەوە دەست دەکەوێت.
11. نەهێشتنی ئەو زەویە کشتوکاڵیانەی کە لەبەر رووبارو زێیەکاندا هەن، وە کردنیان بە بینایەو شوێنی گەشتیاری بەبێ پلان و بەرنامە. لە کاتێکدا ئەو جۆرە زەویانە بایەخ و گرنگی زۆریان هەیە لە رووی کشتوکاڵییەوە. خۆ ئەگەر ئەوەش دەکەن ئەوە دەبێت بە پلان و بەرنامە بێت نەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی. دەکرێت خاوەن زەویەکان یان حکومەت خۆی لە بڕی جارێک سود وەرگرتن دووجار سودیان لێ وەربگرێت، هەم لە رووی کشتوکاڵییەوە هەم وەک ناوچەیەکی گەشتیاری. بەشێوەیەکی مۆدێرن دەکرێت خانوی بلاستیکی بە دەوری ئەو زەویانە دروست بکرێت و لە زەویەکانیش بەرهەمی تری کشتوکاڵی دەست بکەوێت. هەروەها دەکرێت چەندین رێستۆرانت و مارکێت دروست بکرێت کە راستەوخۆ بەرهەمەکانی تێدا ساغ بکرێتەوە و بفرۆشرێت. لەگەڵ ئەوەش شوێنی حەوانەوە دروست بکرێت بۆ گەشتیاران. ئەوە دەبێتە شوێنێکی سەرنج راکێش و سەرچاوەیەکی باش بۆ داهات.


لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی ئاماژەی پێدرا داوا دەکەم وەزارەتی پەیوەندیدار راستەوخۆ بێتە دەنگ و پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی بەپەلەدا بڕیارو یاسای گونجاو بۆ ئەو دۆخە دەربکەن.

تێبینی: ئەو پەیامەم لە مانگی (٤)ی ساڵی رابردوو بۆ هەریەکە لە بەڕێزان وەزیری کشتوکاڵ و کاک عەلی حەمە ێالح وەک پەرلەمانتارێکی چالاک نارد بەڵام جێگای داخە وەڵامیان نەبوو!

رابەر فەتاح ساڵح
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا
٢٤/٤/٢٠١٥

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: