بۆیەکەمین جار بەزمانى کوردى دەربارەى دەوەنى مینا

ناوى کوردى: میناى دەوەنى، مینایى درەختیلە، لانتانا کامارا
ناوى عەرەبى: زهور لانتانا، زهرة المينا
ناوى فارسى: شاه پسند
ناوى ئینگلیزى: Lantana ، shrub verbena
ناوی زانستـی: Lantana camara
ناوى خێزان: Verbenaceae


بنەڕەتەکەى: ئەمریکا.
باسى ڕووەکەکە: دەوەنى مینا ڕووەکێکى بەتەمەنە (٢ ساڵ زیاتر دەژیت) وە هەمیشە سەوزە و پۆلێندەکرێت لە ڕووەکە جوانەکان، لە ناوخۆى عێراق بە (مینا شجیری) ناوى دەبرێت، وە لە وڵاتى ئوردن ناونراوە بە (ام کلثوم)، هۆکارى ناونانى ئەم ڕووەکە بەو دوو ناوە دیار نیە بەڵام بۆتە ناوى ناسینەوەى ڕووەکەکە. مینا لقى زۆرە و تێکڕاى گەشەى خێرایە وە ماوەى گوڵ گرتنـى درێژە و بەرگەى بارودۆخى ژینگەى نەگونجاو دەگرێت ، بەرزییەکەى دەگاتە 100-200 سم ، وە بڵاودەبێتەوە لەڕووى ئاسۆییەوە بە درێژى 90-120 سم.  
 مەترسی: هەموو بەشەکانى ڕووەکەکە ژەهراوییە ئەگەر بخورێت.

پێکهاتەى شێوەى دەرەوە Morphology
ڕەگ: ڕووەکى مینا ڕەگێکى مێخـى Taproot هەیە.
قەد: لەڕووى پۆلێنەوە قەدێکى هەوایى چوارگۆشەییە وە لاواز و درێژە هەروەها زبرە بەهۆى بوونى دڕکى ورد لەسەرى، وە تواناى خۆهەڵواسینـى هەیە.



  
گەڵا: بە لاسک تیغى گەڵاکە جیادەبێتەوە لە قەد، گەڵاکەى سادەیە و شێوە هێلکەیى یە (Ovate) و لێوار دداندارە، لەسەر قەد بەرامبەر یەکن، ڕووى گەڵاکەى زبرە کاتێ دەستـى لێدەدەیت وە ڕەنگەکەى سەوزى تاریکە، هەروەها بنکەى گەڵاکەى خڕە وە دەمارەکانى دیارە و دەمارێکى سەرەکى هەیە، گەڵاکە بە لوتکەیەکى تیژ (Acute) کۆتاى دێت.




گوڵ: ئەم دەوەنە لە جوانترین دەوەنە گوڵدارەکانە کە بە شێوەى کۆمەڵێک گوڵـى کۆبوەوە لە دەورى یەک ڕێکخراون بەشێوەى گوڵکۆى چەترى(نورة خيمية) وە هەر گوڵێک شێوەیەکى وەکو بۆری(Corolla tubular) هەیە، گوڵەکانى فرە ڕەنگى ناوازەن کە ڕەەنگەکانى پێکدێت لەمانە: سپى، زەرد ، پرتەقاڵـى، سوور، ئەرخەوانى(پەمەیى)، وەنەوشەیى(بنفسجى)، وە هەروەها هەشمانە تێکەڵە لەو ڕەنگانەى پێشوو وەک تێکەڵ بە پرتەقاڵـى و زەرد، ئەرخەوانى و زەرد، سوور و زەرد یان وەنەوشەى و ئەرخەوانىى وە سپى و ئەرخەوانى. لە تایبەتمەندیەکى ترى ئەم ڕووەکە ماوەى گوڵگرتنـى درێژە بە درێژى نزیکەى حەوت مانگ لە ساڵێکدا کە لە بەهاردا دەست دەکات بە گوڵکردن تا سەرەتاى زستان، لەو ماوەیەدا بەشێوەیەکى بەردەوام گوڵکردن دووبارە دەکاتەوە، لایەنێکى ترى باش لە گوڵەکانى مینا دەبێتە هۆى ڕاکێشانى هەنگ و پەپوولە وە باڵندە و خۆراکیان بۆ دەستەبەر دەکات.




بەر: شێوەکەى خڕە بەقەبارە بچووکە ٢ - ٣ مللى مەترە وە لەسەر شێوەى هێشوویەک کۆبوونەتەوە کە لە توو دەچێت، لەسەرەتادا ڕەنگى سەوزە پاشان ڕەنگى دەگۆڕێت بۆ ڕەش ئەوەش نیشانەى پێگەیشتنى بەرەکەیە. دواى ئەوکاتە دەست دەکرێت بە کۆکردنەوەى تۆوەکە کە بەرەکە ڕەنگى گۆڕا بۆ ڕەش.



پلەى گەرمى: تواناى بەرگرى پلەى گەرمى بەرزى هەیە لە نێوان (٤٥ – ٥٠) پلەى سەدى، بەرزى پلەى گەرما دەبێتە هۆى ئەوەى کە بەخێرایى گەشە بکات هەروەها بەرگەى زوقم دەگرێت، وە نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما لە زستاندا دەبێتە هۆکارى وەرینـى گەڵاکانى.

ڕووناکى: ڕووناکى خۆراکى ڕاستەقینەیە بۆ ڕووەکى مینا کە پێویستى بە بەرکەوتنـى خۆرى تەواو و ڕاستەخۆ هەیە.
ئاو: لەڕووى ئاودانەوە واباشە نە زۆر ئاو بدرێ نە کەم بەڵکو ئاودانێکى مامناوەند بێ ڕۆژانە بەشێوەیەکى بەردەوام، تا خاکەکەى بەشێدارى بمێنێتەوە.

با: بەرهەڵستـى زۆر باشە بۆ با.

وشکیەتى: بەهەمانشێوە بەرهەڵستى زۆرباشە بۆ وشکیەتى.

خاکى گونجاو: لە خاکى جۆرى جیاوازدا تواناى گەشەکردنى هەیە.

پەینکردن: پێویستى بە پەینکردنێکى زۆر نیە، واباشە ساڵانە دووجار پەینـى پێبدرێت بە پەینـى ئەندامى یان پەینى ئاوێتە NPK.
مێرووەکان و نەخۆشى: تووشدەبێت بە مێشى سپى(الژباب الڕبیچ) وە مێرووى توێشکدارى نەرم(البق الدقیقی)، دەبێت لەکاتى توشبوونى بەم نەخۆشیانە چاودرێرى بکرێت و نەخۆشیەکان لەناو ببرێن.

دوکەڵ و تۆز: تۆز کۆدەبێتەوە لەسەر گەڵاکانى و تواناى هەڵگرتنى زۆر باشە.

هەڵپاچین و پەروەردەکردن: دەتوانین بە ئارەزووى خۆمان شێوەى لـێ دروستبکەین و پەروەردەى بکەین.

سود و بەکاهێنانەکانى: بەکاردەهێنرێت بە جۆرەها شێوە لە جوانکردنى باخچە گشتى و تایبەتەکاندا چونکە چاودێریکردنى ئاسانە وە زۆرکردنیشى ئاسانە، وەکو پەرژینـى ڕووەکى گوڵدار(الڕسیجە - hedges) سودى لـێ وەردەگیرێت چونکە لقى زۆرە و تێکڕاى گەشەى خێرایە وە ماوەى گوڵ گرتنـى درێژە و بەرگەى باودۆخى ژینگەى نەگونجاو دەگرێت، وەک داپۆشەرى دیوار سوودى لێوەردەگیرێت و دیمەنێکى جوان دەبەخشێ، هەروەها دەکرێت وەک دەوەنێک بەتەنیا بچێنرێت و بکرێت بە درەخت بەڵام پێویستـى بە ڕاگرێک هەیە وە دەبێت پەروەردە بکرێت، وە دەکرێت لەناو ئینجانەدا بڕوێنرێت.
 هەروەها بەکادەهێنرێ لە بوارى پزیشکى دا وەک دەرمان بۆ چارەسەرى پێوەدانى مار و دژى ڕۆماتیزم و مەلاریا.
 



زۆربوون: زۆردەبێت بە تۆو و قەڵەم، قەڵەم وەردەگرین بە درێژى ١٠ سانتیمەتر وە پاشان قەڵەمەکە دەخەینە ناو پیتمۆس یان خاکێک کە گونجاوبێت بۆ زۆرکردنى قەڵەم دواى مامەڵەکردنى قەڵەمەکان بە هۆڕمۆنى گەشەکردنى ڕەگ، دەتوانى لە سەرەتاى مانگى تشرینى دووەم (١١) وە لە مانگى ئازار (٣) تا مانگى ئاب (٨) قەڵەمى لێوەربگریت و زۆربوونى پێبکەیت، بەڵام باشترین کات بۆ قەڵەکردنى کاتى بەهارانە لە مانگى سێ دا. لەم لینکەوە سەیرى گرتەیەکى ڤیدیۆیى بکە لەسەر زیادکردن بە قەڵەم: 







ئامادەکردنى: شالاو عبدارحمن
تایبەت بە ماڵپەری کشتوکاڵ


سەرچاوەى عەرەبى:


سەرچاوە ئینگلیزى:



سەرچاوەى فارسى:



بەڕەخنە و سەرنجەکانتان بابەتەکەمان دەوڵەمەنتر بکەن

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: