خاڵخاڵۆکە Ladybird beetle سەر بەخێزانى Coccinellidae لەباکوورى گۆى زەویدا بڵاو بۆتەوە ، لە عێراق و میسر و سوریا و فەلەستینیش دا هەیە ، زۆربەى مێرووەکانى سەر بەم خێزانە مێرووى تەواو و پێکوڕەى مێرووى توێشکدار و سنى ئارداوى و جاڵجاڵۆکەى سوور و سرپس و پێکوڕەى مێشەسپى راودەکەن.

گرنگترین جۆرەکانى:
١- خاڵخاڵۆکەى حەوت خاڵ Coccinella septempunctata





مێرووى تەواو قەبارەیان بچووکە، شێوەى لەشیان بازنەییە و قۆقزە ، سەریان ڕەش و کەمێک شاراوەیە لەژێر پشتیاندا پەڵەى زەرد لەم لاو لەولاى سەریەوەیەتى، سنگیان ڕەشێکى بریقەدارە و دوو خاڵى سپى لەسەرە، کالانیەکانى(غمد) سوورە و لە دوو بەش پێکهاتووە و لەسەر هەر بەشێکى ٣ خاڵى ڕەش هەیە ، خاڵێکى ڕەشى هاوبەش لە بەشى پێشەوە لەسەر هەردوو کالانى دا هەیە.

سوڕى ژیانى:
وەرزى زستان بەشێوەى مێرووى تەواو لەژێر گەڵاى وەریو درز و توێکڵى دارەکاندا بەسەر دەبات ، لەکۆتایى وەرزى زستاندا چالاک دەبێتەوە ، لە مانگى ئازار و نیساندا مێیە گەرا دادەنێت ، گەراکان لەسەر ئەو گەڵایانە دادەنرێت کە مێرووى شۆکەیان لەسەرە ، گەرا دانانەکە بەشێوەى کۆمەڵى ژمارە جیاوازە ، هەندێک جار ژمارەى تۆپەڵێک دەگاتە (٤٠) گەرا. گەراکان ڕەنگیان زەردە و (٧) ملم درێژ دەبن ، دەتروکێن و کرمۆکەیان لێ پەیدا دەبێت، کرمۆکەکان ڕەنگیان ڕەشە و لەهەر لایەکیان خاڵى پرتەقاڵى هەیە ، خواردنیان لەسەر مێرووى شۆکە(شیرینە) دەبێت، کرمۆکەکان لەماوەى (٢ – ٣) هەفتەدا بە (٤) تەمەنى جیاوازدا تێدەپەڕن لەپاش ئەوە دەچنە قۆناغى پیوپاوە ڕەنگى پیوپا لەسەرەتادا سوورە وە دواتر بۆ ڕەنگى خاکى دەگۆڕێت پاش هەفتەیەک خاڵخاڵۆکەى تەواو پەیدا دەبێت و دواتر دەچنە سڕبوونەوە. لە پایزدا هەندێک جار ئەگەر کەش و هەوا لەبار بێ چالاک دەبنەوە.

گرنگى ئابوورى:
مێرووى تەواو و کرمۆکەى خاڵخاڵۆکە راوکەرن، زۆربەى مێرووە ناسکەکان راو دەکەن، کرمۆکەى خاڵخاڵۆکە هەتا تەواو گەشە دەکات نزیکەى (٥٤٠ – ٨٦٨) مێرووى شۆکە دەخوات ، مێرووى تەواو ڕۆژانە (١٠ ) مێرووى شۆکە راو دەکات. وە مێرووى تەواوى مێیە دەتوانێت (٤٧٤٢) مێرووى شیرینە بخوات بەدرێژایى تەمەنى.




٢- خاڵخاڵۆکەى یازدە خاڵ Eleven Spot ladybird Beetle



لە زۆربەى وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بڵاو بۆتەوە لە عێراق و سوریا و میسردا هەیە. مێرووى تەواو نزیکەى (٤) ملم درێژە ، ڕەنگى دووکالانەکەى پرتەقاڵى یان سوورێکى زەردباوە و (١١) خاڵى ڕەشیان لەسەرە ، هەر کاڵانێکى (٥) خاڵى لەسەرە و خاڵێکى هاوبەشیش لە نێوان هەردوو کالانیەکەیدا هەیە، ڕەنگى سنگى ڕەشە و لەم لا و لاوە جوو هێڵى زەرد هەیە بەڵام خاڵۆزەى ترۆزى کە مێروویەکى زیان بەخشە (١٢) خاڵى هەیە و ڕوکارى سکیشى زەرد باوە.

گرنگى ئابوورى:
مێرووى تەواو و کرمۆکەکەى لەسەر جۆرەها مێرووى شۆکە(شیرینە) دەلەوەڕێن هەروەها گەرا و کرمۆکەى هەندێ مێرووى ترى وەک گەراو کرمى گەڵاى لۆکە دەخۆن.


٣- خاڵخاڵۆکەى Exochomus nigripennis Er
مێرووى تەواو کرمۆکەکانى گەراى سنى ئارداوى ترشەمەنى و پێکوڕەى پێشکەسپى و شیرینە دەخۆن و مێرووى تەواو لە ئادارەوە تاوەکو ئەیلول دەبینرێن.




































٤- خاڵخاڵۆکەى بیست و دوو خاڵ Thea-22-punctata




مێرووى تەواو کرمۆکەکانى گەراى سنى ئارداوى ترشەمەنى و پێکوڕەى پێشکەى سوورى جۆرى Tetranychus telarius لە هەموو قۆناغەکانى تەمەنیدا راو دەکەن.
بەهۆى فڕینى خاڵخاڵۆکە و هەندێ هەڵسوکەوتیەوە، کۆکردنەوەى ئەم مێرووە بۆ مەبەستى کەڵک لێوەرگرتنى لە بەرنامەى قەڵاچۆکردنى زیمدەگى بەشێوەیەکى کاریگەر بەدەست نایەت بەڵام راکێشانى مێرووى خاڵخاڵۆکە باشترین رێگایە کە ئەویش بەهۆى شیلەى گوڵەوە دەبێت وە هەروەها بەکارهێنانى تێکەڵەیەک لە هەویر ترش(خەمیرە) وە ئاوى ماست پێکدێت. پرژاندنى ئەو تێکەڵەیە بەسەر رووەکەکاندا دەبێتە هۆى راکێشانى ئەم مێرووە سوود بەخشانە.

سەرچاوە: پاراستنى ڕووەک بە هاوکارى ڕێنمایى کشتوکاڵى لە FAO
ئامادەکردنی: شالاو عبدالرحمن

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: