2021

 بزنی مه‌ره‌ز 

Maraz Mohair Kurdish Goat



پێشەکی:

-بزن یەکێکە لە ئاژەلە ماڵییەکان ، لەدێرین زەمانەوە مرۆڤ بەخێوی کردووە و سودی لێ بینیوە لەشیرو گۆشت و موو و پێستە و شاخ و ڕیخۆڵە و پەینەکەی ، توانای گوزەرانی هەیە لە کەش و هەوای زۆر نالەباردا ، ئەمەش وای کردووە کە لەجیهان دا بەئاسانی بڵاو بێتەوە.

- بزنی مەرەز یەکێکە لەبزنە ڕەسەنەکانی کوردستان و دەتوانین بڵێن زێدی ئەسڵی ئەم بزنە شاخەکانی کوردستانە ، هەر لە دروست بونی مرۆڤایەتییەوە ، ئەم بزنە لەلایەن خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هەورامانەوە گرنگی پێدراوە بۆ مەبەستی مەرەزەکەی و شیر وگۆشتەکەی.

- لە سەرچاوە زانستی و مێژووییەکانی ئێراندا بە بزنی کوردی ناو زەند کراوە.

- بزنە کێوی یان کەڵە کێوی بە باوان یان باپیرە گەورەی بزن دائەنرێ ، نێرەی کەڵەکێوی زۆربەی کات بەتەنیایە تەنها لەکاتی کەڵە هەرز واتە جووت بوون بە کۆمەڵ دەگەڕێن ، لە جیهان دا زیاتر لە (٩٣٤) ملیۆن سەر بزن هەیە ، بە پێی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی فاو.

- بزن بەپێی بەکارهێنانەکانی یان سوودەکانی لە بەرهەمەکەی لەلایەن مرۆڤەوە دەکرێ بەچەند جۆرێکەوە:

( ١- بزنی شیر، ٢- بزنی گۆشت ، ٣- بزنی موو ، هەروەها٤- بزنی پێستە ، ئەوە لەکاتێکدا کە بزنی واهەیە بۆ چەن مەبەستێک یان فرە سوودە).

جۆرەکانی بزنی شیر:-

‌أ) بزنی ئاڵپ: کە لەشاخەکانی ئاڵپی فەرەنسا دەژی جۆرێکە لەبزنی خۆماڵی شیر ، کە گوێی بچوک و بێ شاخە ، قۆچ(کۆڵە) توکی زۆرکەم و کورتە و لەشی سافە ، دەم و قەپۆسی کەمێ قوپاوە و چاڵە ،کێشی بزنی پێگەیشتوو نزیکەی (٥٧) کیلۆگرام دەبێت ، شیرەکەی بۆ خواردن و پەنیرو سابون و بەستەنی بەکار دەبرێ.

ب) بزنی ئەنجلۆنۆبیان: بزنێکی وڵاتی بەریتانیایە ولە تێکەڵ کردنی بزنی ئینگلیزی و بزنی باکوری ئەفریقای ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بووە، گوێیان گەورەیە ، ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاون ، لەئەمریکا پێیان دەڵێن بزنی نۆبی ، بەرهەمی شیریان زۆرە ، قەبارەیان گەورەیە نزیکەی (٦٠) کگم دەبن.

جـ) بزنی ڕەشی ئەنادۆل: بۆ شیرەکەی و هەروەها مووەکەی سودی لێ وەردەگیرێت ، هەروەها چەندین نەژادی تری بزن هەیە لەوڵاتان دا کە پێوست ناکات لێرەدا باسیان بکرێ.

جۆرەکانی بزنی گۆشت:

ئەم جۆرانە بۆ مەبەستی سود وەرگرتن لە گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن ، وەک بزنی شامی ، بزنی ڕەشی بەنگالی ، بزنی ئیسپانی ، بزنی سۆماڵ. هەروەها سود لە مووەکەیان وشیرەکەشیان وەردەگیرێ ، یانی بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بوترێ فرە سوودە.

جۆرەکانی بزنی موو:

بزن دوو جۆر مووی هەیە:-

مووی زبر: مووی زبر لە دروستکردنی ڕەشماڵ و گوریس و بەنبەکار دەبرێ لەکوردستان.

مووی نەرم : کە پێ دەوترێ مەرەز کە ئێمە مەبەستمانە لێرەدا بە درێژی باسی دەکەین.

یەکەم:

بزنی مەرەزی کوردی Kurdish mohair goat

بزنی مەرەز لە ناوچە کوێستانییەکانی کوردستانی گەورە بەخێودەکرێ ، یان لەشاخەکانی زاگرۆس دەژی ، دەکرێ بوترێ زێدی ئەسڵی بزنی مەرەز، واتە کوردستان زێدی بزنی مەرەزە ، موویەکی نەرمی هەیە. هەروەها شیرەکەشی زۆرە ، لەئێستادا بزنی مەرەز بەهۆی تێکەڵاوی لەگەڵ نەژادەکانی تردا خەریکە بوونی لە مەترسیدایە . مەرەز (موهیر) لە دروستکردنی ڕانک و چۆغە ، کڵا و دەستکێش و کلێتە ، گۆرەوی ، پوزەوانە ، شاڵ و سەرشان و گەلێ پۆشاکی تردا بەکارهاتووە لەکوردستان دا.

خوری مەرەز بەهۆی مەحکەمی ، تێک نەچوونی ڕەنگ ، زۆر بە زەحمەت ئەسوتێ ، دڕەنگ تێک دەچێت ، ناسک و نەرمی ، زوو ئاو هەڵ ئەمژێ و دڕەنگ وشک دەبێتەوە ، کێشی سوکە ، هتد بەهۆکاری ئەمانەوە سەرنجی بەکار هێنەرانی ڕاکێشاوە.

درێژی تاڵی مووی (تیسک) مەرەزی کوردی نزیکەی (١٤-١٨) سم درێژە ، هەروەها تیرەکەی نزیکەی (٢٥) مایکرۆمەترە ، هەتا تاڵە موی مەرەز باریکتر و درێژ تر بێت ، پەسەند ترە! .

ڕانکو چۆخە:-

جل و بەرگێکی کوردی ڕەسەنە شوێنی ئەسڵی دروست کردنی هەورامانە ، هەر لەمێژەوە لەهەورامان ئەم جل و بەرگەیان دروست کردووە و مێژوو ئەمەی پشت ڕاست کردۆتەوە ،هەروەک لە گۆرانییەکەی گۆرانی بێژی کوردی (شەماڵ سائیب) دا دەرئەکەوێ وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو ، پاشان بەهۆی جوانی ئەم جلەوە وردە وردە چۆنیەتی دروست کردنی گواستراوەتەوە بۆ شوێنەکانی تری کوردستان بەتایبەت ناوچەی ڕانیە و قەلادزە ، کە خۆیان لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی زاگرۆس دا وتیان ئەم پیشەیە لە هەورامانەوە گەیشتۆتە لای ئێمە ، کەسێکیان بە جوانی باسی کردو وتی وەستاکانی هەورامان دەهاتنە ڕانیە لە وەرزی بەهاران و هاوینان ئەم پیشە دەستییەیان دەکرد ، و ئێمەش لەوانەوە فێر بوین ، دواتر لە زاخۆ کارگەیەکی چنین بۆ مەرەز دروست کرا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ، کە جۆرێکی تایبەت و ساف و جوان دروست دەکات و تائێستاش بەردەوامە لە دروستکردنی ڕانکو چۆخەدا ، لەهەورامان بەم جلە دەوترێ (چۆخ و ڕانک) لەسلێمانی (ڕانکو چۆخە) لە کۆیە و هەولێر (کر) لە دهۆک و بادینان (مەرعەزی) ، بەفارسی (مرغز و کرک) دەوترێ ، سەرەتا ئەم ڕانکو چۆغە لە لایەن شوانکارەکانەوە یان بەخێوکەرانی ئاژەڵەوە دروست و لەبەر کراوە ، چونکە وەبەرهێنان و دروست کردنی گەلێک زەحمەت بووە ، پاشان خەڵکی تریش لەبەریان کردووە.

بەشێوەیەکی گشتی بزن ئاژەڵێکە زۆر خولیای بەرزایی و ناوچەی شاخاوییە ، بزنی مەرز لەدێر زەمان لەکوردستان هەبووە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان و قەندیل و ناوچەی بادینان ، لەم شوێنانە دا بەشی ناوخۆی جاران مەرەز بەرهەم هاتووە ، ئەوسا خەڵک کەم بووە ، بەڵام ئێستا ژمارەی دانیشتوان زۆر بووە و باری ئابووری باش بووە ، زۆربەی خەڵک حەزی لەرانکو چۆخەیە ، بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتییە ، لەڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان مەرەز هاوردە ئەکرێ ، ڕەنگەکانی مەرەز(سوور ، قاوەیی ، خورمایی ، ڕەش ، شینکی ، پوشی ، سپی ، .... هتد) هەروەها چەندین ڕەنگی تریش دەکرێ دەستمان بکەوێت لەتێکەڵ کردنی هەموو ڕەنگەکان ، مەرەز پاش هەورێن یان برینگە (پاچینەوە)ی لەوەررزی نەمانی سەرمادا واتە بەهاران لەکۆتایی مانگی نیسان تاکو کۆتایی مانگی مایس دەکرێ واتە لەسالێک دا یەکجار بزنێک (٢-٥) کگم مەرەز بەرهەم دەهێنێت لەیەک وەرزدا ، بەڵام لەجیهان دا جۆرە بزنێکی تایبەت بەم مەرزە دووجار برینگە دەکرێ ، دوای برینگە موویەکی جوانی نەرممان دەست دەکەوێت ، دەشۆرێتەوە و شی دەکرێتەوە دواتر لەلایەن ژنانی دەست ڕەنگین بەووردی و بە جوانی زۆر باریک و ناسکدەی ڕێسن بەتەشی تاڵە دەزووی باریکی لێ دەرئەچێت ، دواتر دەکرێتە گڵۆڵە ، هەر رانکو چۆخەیەک بەپێی گەورە و بچوکی (٤-٥) کگم مەرەزی پێوستە ، هەروەها لەجیاتی تەشی دەزگایەکی بچوکی ڕستن هەیە کە ئاسانترە لەتەشی ڕستن هەمان کار دەکات ، ئینجا دەبرێتە لای جۆلا بۆ چنینی ، ڕستن و چنینی یەک رانکو چۆخە نزیکەی یەک مانگ دەخایەنێ ، کاری ڕستن جاران لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دراوە چونکە سەلیقە و ژیری و وردی دەوێت ، دوای چنین لەلایەن جۆڵاوە ، قوماشێکی جوانمان دەست دەکەوێت کە نزیکەی (١٠-١٥) سم پانە و کۆت ئەدرێدرێژی (٣٠-٤٠) مەتر درێژە ، لەکاتی کۆت کردنی دا کێشمان ئەدرێ و ماددەی سرێش بەکاردێت تاکو جوان بوەستێ وچرچ نەبێ ، لەجیاتی ئوتوکردن ، ئیتر دەبرێتەلای خەیات لە سەر درێژی دەبڕێت و دەیداتە سەرپانی و قوماشێکی بەربڵاو ی دەست دەکەوێ و بە پێوانە دەیکاتە رانکو چۆخە.

- بزنی مەرەز لەچاو بزنی خۆماڵی دا بچکۆلەترە کێشەکەی نزیکەی (٢٥-٣٥)کگم دەبێت ، زۆر بەشیان شاخدارن ، ڕەنگی بزنی مەرزی کوردی زۆربەی سووری خورماییە ، قاوەیی ، هەروەها ڕەنگەکانی تریشی هەیە سپی و ڕەش و شینکی و هتد....تائێستا بەخێوکردنی بزنی مەرەز هەر بەشێوە کۆنەکەی جارانی باو باپیرانمانە ، هەندێ خاوەن ئاژەڵ تەنیا بزنی مەرزی هەیە بزە گەل ، یان چەن دانەیەک بزنی مەرەزو بزنی ڕەشۆکی هەیە لەگەڵ ڕانە مەرەکەی دا دەروات ، بزنی مەرەز سەرەڕای مووەکەی شیرێکی زۆریش بەرهەم دێنێت بۆیە گرنگی پێدراوە لەهەورامان بۆ بەخێوکردنی واتە سوود لەشیرەکەی و مەرەزەکەی بینراوە ، بزن ئاژەڵێکی زۆر گورج و گۆلە ، ئازایە زیرەکە هەردەم لەپێش ڕانەوە دەڕوات ، هەرچی لەوەڕی باش و پاک و ناسک هەیە دەیخوات بۆ خۆی ، هەروەها زۆر جار سەرگوڵی گیاو درەختەکان بۆ خۆی دەبات ، بەتایبەت گەڵای داربەڕوو کە خواردنی سەرەکی بزنی مەرەزە لەکوردستان و هەورامان ، بەتەڕی و بە وشکراوەیی ، لەچاو مەڕدا کەمتر نەخۆش دەکەوێ ، گۆشت و شیرەکەی لەلای خەڵکی کوردستان جێگەی تایبەتی هەیە و لەدوای مەڕ پەسەندی هەموانە ، شیرەکەی زۆر بەئاسانی هەرس دەکرێ بۆ هەموان گەنج و ساوا و پیر بەکەڵکە ، بەپێی ئەو زانیاریانە کە دەستمان کەوتووە لە پارێزگای سنە لەڕۆژهەلاتی کوردستان ، بەشێوەی زانستی وسەردەمیانە کێڵگەی بەخێوکردنی بزنی مەرەز دانراوە ، کە مەبەستی زۆرکردن و سود وەرگرتنیەتی لە مووەکەی ، هەروەها تاکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان لەم چەشنە پرۆژەیە نییە بۆ بەخێوکردن و زیاد کردنی بزنی مەرەز کە کاریگەری باشی دەبێ بۆ بوژانەوەی ئابوری وڵات و خاوەنەکانیان ، هەروەها تائێستا نازانرێت کە چەند سەر بزنی مەرەز لەهەرێمی کوردستان هەیە!.

دووەم:

بزنی ئەنگۆرا Angora goat :-

ئەسڵی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا ، ئەنکارا ، چەند هەوڵێک دراوە کە بگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا ، بەڵام سەری نەگرتووە ، بەڵام گواستنەوە و بەخێوکردنی لەئەمریکا سەرکەوتوو بوو کە ئێستا زۆر گەشەی سەندووەچونکە ژینگە و لەوەری باشی هەیە و بووە بەسەرجاوەیەکی گرنگی (مۆهیر-MOHAIR ) واتە مەرەز ، ئەم بزنە لەئەسڵدا سپییە ، بەڵام ئێستا بە هۆی پێشکەوتنی زانستەوە توانراوە ڕەنگەکانی تری وە دەست بخرێ ، مووی ئەم بزنە پێ دەوترێت مۆهیر، واتە مەرەزی لای خۆمان ، تورکیاو ئەمریکا و باشوری ئەفریکا یەکەم سەرچاوەی فرۆشتنی مۆهیرن(مەرەز).

سێیەم:

بزنی نیگۆراnygora goat :-

لە بزنی ئەنگۆرا و بزنی قەزەمی نایجیری بۆ مەبەستی مووەکەی و شیر لێکدراوە (Crosse breeding) ، قەبارەیان بچوکە ، لەسالی (١٩٨٩) بە دواوە ئەم بزنە لەدایک بووە و بە ئەسڵ ئەمریکی ئەژمار دەکرێت.

چوارەم:

بزنی پیگۆراpygora goat :-

بە لێکدانی نێوان بزنی پیگمی لە کامیرۆن ڕۆژئاوای ئەفریکا لەگەڵ بزنی ئەنگۆرای تورکی ، لەئەمریکا کراوە بۆ مەبەستی بەرهەم هێنانی مووی بزنەکە (مەرەز).

پێنجەم:

بزنی کەشمیر(cashmere goat ) :-

یان بزنی پەشمین ، وەچەیەکی تایبەتە لەبزن کە بۆ بەرهەمهێنانی مەرەز (خوری کەشمیر) بەخێو دەکرێت لە شاخەکانی هیمالایا دەژی ، ئێستا لە وڵاتی ئوسترالیا و چین هەیە ، ڕێک لەبزنی مەرەزی کوردستان دەچێت شێوە و قەبارەی بچوکە هەروەها سود لەشیرەکەشی دەبینرێ ، بە مووەکەی دەگوترێ خوری کەشمیر، تایبەت مەندی ئەم بزنە لەوەدایە کە بەزستانان ژێر بەرگێکی مووی تازە دەرئەچێت بۆ خۆپاراستن لەو سەرمایە ، واتە دوو توێژ مووی هەیە ، گەورەکان لەڕووی دەرەوەیە و لەژێر ئەوانیشەوە چێنێکی نوێ لەمووی نەرم و جوان دەرئەچێت ، ئەمە وای لێکردوە کە زۆر بەهادار بێت بۆ بەرهەم هێنانی خوری کەشمیر (مەرەز).

لەوڵاتی چین لە سالی (١٩٩٤)دا بەمەزندەی (١٢٣)ملیۆن سەر بزنی کەشمیر هەبووە ، بەرهەمهێنەرێکی گەورەی خوری کەشمیر بووە.

بۆ یەکەمجار بزنی کەشمیر لەلایەن کەسایەتی فارسی (عەلی هەمەدانی) دۆزرایەوە لە شاخەکانی کەشمیر لەکاتێک دا کە مووی بزنەکەی بۆ دروست کردنی شاڵی سەرشان و گۆرەوی و مل پێچ بەکار هێناوە و بەدیاری بردی بۆ پاشای کەشمیر و داوی لێکرد کە لەم بزنانە بەخێو بکەن تاکو سوود لە خورییەکەی ببینن.

بزنی کەشمیر چەند وەچەیەکی هەیە کە ئەمانەن:-

١- بزنی کەشمیری سپی (ئالا شان زوکی) (Alashanzuoqi white cashmere goat)

لە ناوچەی ئالاشان لە خۆرئاوای بانی مەنگۆلیا یە ، جۆرێکی نەرم و سپی و تیسک درێژ لە مەرەزی سپی بەرهەم دێنێت ، بزنی مێنگە (٢٥١) گرام موو بەرهەم دەهێنێ ، تیرەی هەر تاڵە موویەکی ١٥ مایکرۆمەترە.

٢- بزنی کەشمیری ئوسترالی Australian cashmere goat

لەئوسترالیا بەخێو دەکرێت و گرنگی زانستی پێدراوە بۆ بەرهەم هێنانی خوری کەشمیرکە (٢٥٠) گرام بەرهەم دێنێت کە پانتایی (تیرەکەی ١٥ مایکرۆمەترە).

٣- بزنی پەشمینە (pashmina) یان (Changthangi cashmere goat) بزنی جانگ سانگی کەشمیر:-

کە لەدوو ناوچەی وڵاتی کەشمیر هەیە ڕەنگی سپی و ڕەشی هەیە ، تیسکی درێژە. بۆ بەرهەمهێنانی مەرەز و گۆشت و هەروەها بۆ گواستنەوەی بار بەکار دێت.

٤- بزنی هیکسی کەشمیر (Hexi) :- لە دەشت و پێ دەشتەکاندا دەژی ، زۆر بەیان ڕەنگیان سپییە ، (١٨٤) گرام بەرهەمی مەرزی هەیە تیرەکە ١٥ مایکرۆمەترە.

٥- بزنی کەشمیری ناوخۆیی مەنگۆلی (Inner Mongolia cashmere goat):- بزنی ناوخۆیی مەنگۆلیایە لە دەشت و پێدەشتەکان دەلەوەرێت، بۆ مەبەستی خورییەکەی و گۆشت بەکار دێت ، ئەم بزنانە چەند جۆرێکیان هەیە و تیسکی مەرەزەکەیان زۆر درێژە ، (٢٤٠) گرام بەرهەم دێنێت ، تیرەکەی ١٥ مایکرۆمەترە ، لەسالی (١٩٩٤) دا سەرژمێری کراون ژمارەیان دەگاتە (٢.٣) ملیۆن سەر بزن .

٦-نبزنی کەشمیری لیۆنینگ (Liaoning cashmere goat) :- جۆرێکی نایابە لەبزنی کەشمیر لە وڵاتی چین هەیە ، قەبارەی گەورەیە و لەگەڵ ئاو وهەوای نالەبار هەڵدەکات ، بەرهەمی زۆرە (٣٢٦) گرام خوری ، تیرەکەی ١٥ مایکرۆمەترە.

٧- بزنی لیچینگ داکینگ (Licheng Daqing goat):- لەوڵاتی چین دەژی و بۆ هەردوو مەبەستی مووەکەی و شیرەکەی بەخێو دەکرێت ، ڕەنگی خورمایی قاوەییە ، بڕی (١١٥) گرام مەرەز بەرهەم دێنێت ، تیرەکەی ١٤ مایکرۆمەترە.

٨- بزنی ڕەشی لولیانگ (Luliang black goat):- لەناوچەی لاولینگ هەیە و مەرزی ڕەشە.

٩- بزنی مەرەزی تیبتی (Tibetan Plateau goat) :- نزیکەی حەوت ملیۆن سەر دەبن لە زۆر شوێنەکانی چین بڵاو بوونەتەوە ،هەروەها لە نیپاڵ و هیندستان دا هەن.

١٠- بزنی وژوموکین (Wuzhumuqin) :- جۆرێکە لەبزنی خۆماڵی مەنگۆلی لە م دواییەداناسراوە لەساڵی ١٩٩٤ وە.

١١- بزنی ژۆنگوی کەشمیر (Zhongwei cashmere goats):- لە پێ دەشتەکانی وڵاتی چین دەژی لەپارێزگای ژونگۆی.

سەرەڕای سوودەکانی بزن کەباسمان کرد لەسەرەوە بۆ گۆشت و شیرو مەرەزەکەی یان مووەکەی ، هەروەها سودیش لەپێستەکەی بینراوە لەدێر زەمانەوە بۆ دروستکردنی کونەی ئاوو هیزەی ڕۆن لەکوردستان ، هەروەها بۆ دروست کردنی چەندین بابەتی تر وەک پێڵاو ، چونکە پێستی سابرین زۆر ئەستورە ، هەروەها شاخی بزن لەدروست کردنی دەسکی چەقۆ و خەنجەرو ، شتی جوانکاری بەکار هاتووە ، لەم دوایەشدا سوود لە ڕیخۆڵە و ئێسقان و خوێن و پەینەکەشی دەکرێ.

(Doe) بزنی مێنگەی پێگەیشتوو ، چتیر بزنی تەمەن یەکسال ، (چتیری نێر و مێ) ، کار=Kid کارژۆڵە ، دوای لەدایک بوون تا شەش مانگ کاری پێ دەوترێ ، گیسک ، سابرین BUCKیان Billieنێرەی پێگەیشتوی بزن.

ئامادەکردنی بەڕێز:

دکتۆر ناجح گوڵپی n.gulpy@gmail.com

 5/6/2014

چاککردن و ڕێکخستنه‌وه‌ی: باوان مصطفی عبدالرحمن

تورەکەی گۆشت Sarcocystis

مشەخۆرێکی خانەسەرەتایین و لە مشەخۆرە ناوەکیەکانن، توشی هەندێک لە بەشەکانی لەشی ئاژەڵ و مرۆڤ ئەبن بەتایبەت ماسولکەی زمان، دڵ، ناوپەنچک و سورێنچک وە زۆرجاریش ڕیخۆڵەش توش ئەبێت، وەک لە پێشتریشدا ئاماژەمان پێکرد نەخۆشیەکی هاوبەشە zoonosis disease لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ بۆیە ئەبێت وریای گۆشت بین و گۆشتی سەرشه‌قامه‌کان نەکڕین، وه‌به‌باشی گۆشت بکوڵێنرێت و ئاماده‌بکرێت بۆ خواردن 🥩🍖.

لەڕووی نەخۆشی زانیەوە:

ئەو جۆرانەی کەلە ماسولکە و بۆرێچکەکان ئەدات زیاتر ئازاری سک و دڵ تێکهاتن و سکچونی لەگەڵە بۆ ماوەیەکی کەم ، بەڵام ئەو جۆرەی لە ڕیخۆڵە ئەدات بە ئازارترە هەندێک جار.

لەسوڕی ژیانی پێویستی بە خانەخوێی ناوەندی هەیە وەک گیاخۆرەکان (مه‌ڕ و بزن و مانگا...هتد) و خانەخوێی کۆتایش وەک مرۆڤ و گۆشت خۆرەکان.

 مشه‌خۆره‌که‌ له‌سه‌ر گۆشت به‌شێوه‌ی هێلی کورت و بچوک و ڕه‌نگ سپی ده‌رئه‌که‌وێت زۆر جار ورده‌ و
.له‌گه‌ڵ ماسولکه‌ و چه‌وری تێکه‌ڵاو ئه‌بێت و نابینرێ به‌ ڕوونی





ئاماده‌کردن و وه‌رگێڕان:   
باوان مصطفی عبدالرحمن (مامۆستای یاریده‌ده‌ر و ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی)-به‌شی زانستی ئاژه‌ڵ له‌کۆلێجی زانسته‌ ئه‌ندازیارییه‌ کشتوکاڵیه‌کانی زانکۆی سلێمانی  

    Photo Source: Makivik Corporation







 

دیارده‌ی باڵی فریشته‌یی له‌ باڵنده‌دا

Angel wing syndrome in birds

ئه‌م دیارده‌ و شێوانه‌ ده‌ره‌کیه‌  Morphological disorderبه‌ زۆر ناوی تریش ئه‌ناسرێت وه‌ک باڵی فرۆکه‌یی، باڵی له‌جێ چوو یان باڵی گۆج، ئه‌م دیارده‌یه‌ زیاتر له‌ باڵنده‌ ئاوییه‌کانی وه‌ک قاز و مراویدا ده‌رئه‌که‌وێت، به‌جۆرێک که‌ کۆتا جومگه‌ی باڵیان پێچ ئه‌خوات و په‌ڕی باڵه‌کان له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر له‌شیان دابنیشن به‌ره‌و ته‌نیشت درێژ ئه‌بن، وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ نێره‌کاندا زیاتر ده‌رئه‌که‌وێت.‌ ئه‌م دیارده‌ و تێکچوونه‌ له‌چه‌ند جۆرێکی تری باڵنده‌شدا ده‌رئه‌که‌وێت وه‌ک باڵنده‌ جوانیه‌کان (مه‌کاو و توتی و باڵنده‌ی خۆشه‌ویستی) هه‌روه‌ها باڵنده‌ ڕاوچیه‌کانیش.

هۆکاره‌کان:

له‌باڵنده‌ پێگه‌شتووه‌کاندا هۆکاری سه‌ره‌کی زیادبوونی وزه و کالۆریه‌ به‌تایبه‌ت پڕۆتین وه‌له‌گه‌ڵیشیدا ڤیتامین دی و ئی و مه‌نگه‌نیز که‌م بێت، که‌ یه‌کێک یان هه‌ردوو جومگه‌ی به‌سته‌ری باڵه‌کان دره‌نگ ئه‌که‌ون له‌ گه‌شه‌ به‌راورد به‌ گشت باڵه‌که‌، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها یه‌ک باڵیان وای لێهات، زۆربه‌ی کات باڵی چه‌پ ئه‌بێت! باڵی فریشته‌ی په‌ڕی فڕینیش ئه‌گرێته‌وه‌، وه‌ ئێسکی په‌یوه‌ست ناتوانێت کاری خۆی بکات، له‌دۆخی تونددا ئه‌و په‌ڕه‌ ده‌رپه‌ڕیوه‌ وه‌ک چڵێک پوشی درێژ له‌باڵه‌که‌وه‌ دیار ئه‌بێت. له‌باڵنده‌ی پێگه‌شتوو و گه‌وره‌دا ئه‌م دیارده‌یه‌ چاره‌ی نیه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی کێوی بژی زۆرجار به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانێت بفڕێت ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بمرێ یان ببێت به‌ نێچیرێکی ئاسان بۆ گۆشتخۆره‌کان، به‌ڵام له‌ باڵنده‌ی گه‌نج و تازه‌ پێگه‌شتوودا ئه‌وپه‌ڕانه‌ به‌ باڵه‌که‌وه‌ ئه‌به‌سترێت له‌گه‌ڵ ڕێکخستنه‌وه‌ی جۆری خۆراک که‌ هاوتا بێت له‌ پڕۆتین و کاربۆهیدرات و ڤیتامین و کانزاکان که‌ ئه‌مانه‌ وه‌ک چاره‌سه‌ر و به‌رگرتن ئه‌بینرێن. هه‌رچه‌ند بۆ ماوه‌ش رۆڵ ئه‌بینێت له‌ تێکچوونی باڵه‌کان به‌ڵام هۆی گرنگتر بریتیه‌ له‌ زۆری کاربۆهیدرات و پڕۆتین و که‌می ڤیتامین و کانزاکان (به‌تایبه‌ت ڤیتامین دی و ئی له‌گه‌ڵ مه‌نگه‌نیز و کالسیۆم) له‌ خۆراکی باڵنده‌کاندا.

تێبینی:

ئه‌م دیارده‌یه‌ ڕاسته‌ زۆر کوشنده‌نیه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌کێک باڵنده‌ی جوانی یان په‌له‌وه‌ر بۆ پێشانگا ئاماده‌ بکات ئه‌بێ خۆی به‌دور بگرێت له‌م دیارده‌یه‌، وه‌ک لای خۆشمان باوه‌ نانه‌ ورده‌ و بابه‌تی هه‌ویره‌مه‌نییه‌کان زۆر ئه‌درێت به‌ په‌له‌وه‌ر به‌تایبه‌ت قاز، بۆیه‌ له‌م دۆخه‌دا واباشه‌ له‌گه‌ڵیشیدا سه‌وزه‌وات و ئالیکی هاوتاشی بدرێتێ، وه‌ له‌هه‌ندێ له‌ باخچه‌ ئاژه‌ڵی و ناوچه‌ ئازاده‌کانی گیانداران پێدانی نانی وشک (نانه‌ ڕه‌قه‌) به‌قاز و مراوی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی کێوین و ئه‌فڕن وه‌ک قازی که‌نه‌دی یان مراوی مانده‌رین و مالارد قه‌ده‌غه‌کراوه‌‌.







ئاماده‌کردن و وه‌رگێڕان:

باوان مصطفی عبدالرحمن

(ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی و مامۆستای یاریده‌ده‌ر)

به‌شی زانستی ئاژه‌ڵ-کۆلێژی زانسته‌ ئه‌ندازیارییه‌ کشتوکاڵیه‌کانی زانکۆی سلێمانی

 (8-9-2021)

سه‌رچاوه‌کان:

1- "Avian Nutrition Glossary". LafeberVet.com. Retrieved 29 October 2013

2- Zsivanovits, Petra; Monks, Deborah J.; Forbes, Neil A. (2006). "Bilateral Valgus Deformity of the Distal Wings (Angel Wing) in a Northern Goshawk (Accipiter gentilis)". Journal of Avian Medicine and Surgery. 20: 21–26. doi:10.1647/1082-6742(2006)20[21:BVDOTD]2.0.CO;2

3- "Here's Another Good Reason Not To Feed Bread To Ducks In Spokane Park Ponds". City of Spokane news. Archived from the original on 1 November 2013. Retrieved 29 October 2013.

4- "Lack of vitamins. Warning not to feed white bread to ducks in Stratford". BBC Coventry and Warwickshire. 2010. Retrieved 29 October 2013.

5- Min-Jung Lin, Shen-Chang Chang, Tsung-Yi Lin, Yang-Kwang Fan, Yen-Pai Lee, Yu-Shin Cheng. Factors Affecting the Incidence of Angel Wing in White Roman Geese: Stocking Density and Genetic Selection. September 2015 Asian Australasian Journal of Animal Sciences 29(6).

6- on May 12, 2016. At naturemuseum.org/2016/05/what-is-angel-wing-syndrome.

7- PoultryDVM, DuckDVM.com




 

شۆردنه‌وه‌ی مانگا و مه‌ڕ وماڵات:

مانگا که‌متر ئه‌خرێته‌ جۆگه‌ی شۆردن Deeping pool، زیاتر به‌شێوه‌ی ڕشاندن ده‌رمانی دژه‌ مێروو و مشه‌خۆره‌کانی بۆ به‌کاردێت یان له‌ڕێی ژێر پێست چونکه‌ هه‌م جۆگه‌ی گه‌وره‌تری ئه‌وێت و هه‌میش خوری و مووی نیه‌ و به‌ ڕشاندن ئاسانتره‌،، له‌ کوردستان ماوه‌ی نێوان مانگی 4 بۆ مانگی 6 باشترین کاته‌ بۆ شۆردنه‌وه‌ و ده‌رمان کردنی ئاژه‌ڵه‌کێڵگه‌ییه‌کان دژی مێروو و مشه‌خۆره‌ ده‌ره‌کیه‌کان Ectoparasites ، به‌و پێیه‌ی که‌ش و هه‌وا مام ناوه‌نده (واته‌ سه‌ره‌تای هاوین یان به‌هارێکی دره‌نگ)‌.

 

گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ی پێش و پاش شۆردنه‌وه‌ پێویسته‌ ڕه‌چاو بکرێن ئه‌مانه‌ن:

1-به‌شێوه‌یه‌کی گشتی شۆردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ پێش ماوه‌یه‌ک یان چه‌ند ڕۆژێک له‌ بڕینه‌وه‌ی خوری ومووه‌که‌ی ئه‌نجام ئه‌درێت، بۆ ئاسانکاری بڕینه‌وه‌ و پاکردنه‌وه‌ی.

2-ده‌رمانه‌کانی شۆردنه‌وه‌ پێویسته‌ به‌پێی ئه‌و ڕێنماییه‌ی له‌سه‌ریان نوسراوه‌ به‌کاربێت یاخود به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی و پزیشکی ڤێته‌رنه‌ری به‌کاربێن.

3-پێویسته‌ ئاژه‌ڵه‌کان تینوو نه‌بن چونکه‌ له‌کاتی ڕشاندن یان شۆردنه‌وه‌ ئه‌و گیراوه‌یه‌ ئه‌خۆن که‌وه‌ک ده‌رمان بۆیان به‌کاردێت، که‌ ڕه‌نگه‌ ژه‌هراوی ببن و دواتر بشمرن.

4-ساڵ به‌ساڵ‌ ده‌رمانێکی جیاوازتر به‌کار بهێنرێت له‌وه‌ی ساڵی پێشوو، چونکه‌ زۆرجار مشه‌خۆره‌کان به‌رگری بۆ ده‌رمانێکی دیاری کراو په‌یدا ئه‌که‌ن و له‌ساڵی داهاتوو تر ده‌رمانه‌که‌ کاریگه‌ری نامێنێت.

5- ئه‌و ده‌رمانه‌ی به‌کارئه‌هێنرێ ئه‌بێت توانای له‌ناوبردنی کرمۆکه‌ و هێلکه‌ی مێروو و مشه‌خۆره‌کانی هه‌بێت.

6-ئه‌بێت له‌به‌یانییه‌کی زوودا ئه‌نجام بدرێت تا بواری وشکردنه‌وه‌ هه‌بێت و نه‌که‌ونه‌ ئێواره‌ و شه‌و که‌ پله‌ی گه‌رما نزمتره‌ و له‌وانه‌یه‌ نه‌خۆش بکه‌ون و دره‌نگتریش وشک بنه‌وه‌.

7-به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاژه‌ڵی نه‌خۆش، بریندار، ئاوس (نزیک له‌ زاین) نابێت بخرێنه‌ جۆگه‌ی شۆردنه‌وه‌.

8-پێش شۆردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌کان ئه‌بێت له‌شوێنێکدا ڕابگیرێن به‌ مه‌به‌ستی پشوودان تا وه‌ک توشی په‌ستان و ترس و هه‌ناسه‌بڕکێ نه‌بنه‌وه‌ تاکاتی شۆردنه‌وه‌.

9-ئه‌گه‌ر سه‌گی شوان و پاس هه‌بوو ئه‌بێت له‌ کۆتادا بشۆردرێت چونکه‌ ئه‌ویش توشی مشه‌خۆره‌ ده‌ره‌کییه‌کان ئه‌بێت و مه‌ڕ و بزنه‌کانیش توش ئه‌کات.

10-دوای پڕۆسه‌ی شۆردنه‌وه‌که‌، که‌ جۆگه‌که‌ پاککرایه‌وه‌ ئه‌بێت ئاگاداری ئه‌وه‌ بین پاشماوه‌که‌ی تێکه‌ڵ به‌ ئاوی کانی و خواردنه‌وه‌ نه‌بێته‌وه‌ وه‌هه‌روه‌ها ڕاسته‌وخۆ نه‌چێته‌ ژێر خاکێک که‌ بۆ چاندن یان له‌وه‌ڕاندن به‌کاردێت، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر بکرێت فلته‌ری بۆ دابنرێت یان به‌ڕێگای سروشتی و دروستکردنی چه‌ندچینێک له‌به‌رد و مادده‌ی پاڵێوه‌ر خۆمان له‌پیسکردنی ژینگه‌ بپارێزین.

 

ئامادەکردنی: 

باوان مصطفی عبدالرحمن (مامۆستای یاریده‌ده‌ر و ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی)

به‌شی زانستی ئاژه‌ڵ-کۆلێژی زانسته‌ ئه‌ندازیارییه‌ کشتوکاڵیه‌کانی زانکۆی سلێمانی