بزنی مه‌ره‌ز 

Maraz Mohair Kurdish Goat



پێشەکی:

-بزن یەکێکە لە ئاژەلە ماڵییەکان ، لەدێرین زەمانەوە مرۆڤ بەخێوی کردووە و سودی لێ بینیوە لەشیرو گۆشت و موو و پێستە و شاخ و ڕیخۆڵە و پەینەکەی ، توانای گوزەرانی هەیە لە کەش و هەوای زۆر نالەباردا ، ئەمەش وای کردووە کە لەجیهان دا بەئاسانی بڵاو بێتەوە.

- بزنی مەرەز یەکێکە لەبزنە ڕەسەنەکانی کوردستان و دەتوانین بڵێن زێدی ئەسڵی ئەم بزنە شاخەکانی کوردستانە ، هەر لە دروست بونی مرۆڤایەتییەوە ، ئەم بزنە لەلایەن خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هەورامانەوە گرنگی پێدراوە بۆ مەبەستی مەرەزەکەی و شیر وگۆشتەکەی.

- لە سەرچاوە زانستی و مێژووییەکانی ئێراندا بە بزنی کوردی ناو زەند کراوە.

- بزنە کێوی یان کەڵە کێوی بە باوان یان باپیرە گەورەی بزن دائەنرێ ، نێرەی کەڵەکێوی زۆربەی کات بەتەنیایە تەنها لەکاتی کەڵە هەرز واتە جووت بوون بە کۆمەڵ دەگەڕێن ، لە جیهان دا زیاتر لە (٩٣٤) ملیۆن سەر بزن هەیە ، بە پێی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی فاو.

- بزن بەپێی بەکارهێنانەکانی یان سوودەکانی لە بەرهەمەکەی لەلایەن مرۆڤەوە دەکرێ بەچەند جۆرێکەوە:

( ١- بزنی شیر، ٢- بزنی گۆشت ، ٣- بزنی موو ، هەروەها٤- بزنی پێستە ، ئەوە لەکاتێکدا کە بزنی واهەیە بۆ چەن مەبەستێک یان فرە سوودە).

جۆرەکانی بزنی شیر:-

‌أ) بزنی ئاڵپ: کە لەشاخەکانی ئاڵپی فەرەنسا دەژی جۆرێکە لەبزنی خۆماڵی شیر ، کە گوێی بچوک و بێ شاخە ، قۆچ(کۆڵە) توکی زۆرکەم و کورتە و لەشی سافە ، دەم و قەپۆسی کەمێ قوپاوە و چاڵە ،کێشی بزنی پێگەیشتوو نزیکەی (٥٧) کیلۆگرام دەبێت ، شیرەکەی بۆ خواردن و پەنیرو سابون و بەستەنی بەکار دەبرێ.

ب) بزنی ئەنجلۆنۆبیان: بزنێکی وڵاتی بەریتانیایە ولە تێکەڵ کردنی بزنی ئینگلیزی و بزنی باکوری ئەفریقای ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بووە، گوێیان گەورەیە ، ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاون ، لەئەمریکا پێیان دەڵێن بزنی نۆبی ، بەرهەمی شیریان زۆرە ، قەبارەیان گەورەیە نزیکەی (٦٠) کگم دەبن.

جـ) بزنی ڕەشی ئەنادۆل: بۆ شیرەکەی و هەروەها مووەکەی سودی لێ وەردەگیرێت ، هەروەها چەندین نەژادی تری بزن هەیە لەوڵاتان دا کە پێوست ناکات لێرەدا باسیان بکرێ.

جۆرەکانی بزنی گۆشت:

ئەم جۆرانە بۆ مەبەستی سود وەرگرتن لە گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن ، وەک بزنی شامی ، بزنی ڕەشی بەنگالی ، بزنی ئیسپانی ، بزنی سۆماڵ. هەروەها سود لە مووەکەیان وشیرەکەشیان وەردەگیرێ ، یانی بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بوترێ فرە سوودە.

جۆرەکانی بزنی موو:

بزن دوو جۆر مووی هەیە:-

مووی زبر: مووی زبر لە دروستکردنی ڕەشماڵ و گوریس و بەنبەکار دەبرێ لەکوردستان.

مووی نەرم : کە پێ دەوترێ مەرەز کە ئێمە مەبەستمانە لێرەدا بە درێژی باسی دەکەین.

یەکەم:

بزنی مەرەزی کوردی Kurdish mohair goat

بزنی مەرەز لە ناوچە کوێستانییەکانی کوردستانی گەورە بەخێودەکرێ ، یان لەشاخەکانی زاگرۆس دەژی ، دەکرێ بوترێ زێدی ئەسڵی بزنی مەرەز، واتە کوردستان زێدی بزنی مەرەزە ، موویەکی نەرمی هەیە. هەروەها شیرەکەشی زۆرە ، لەئێستادا بزنی مەرەز بەهۆی تێکەڵاوی لەگەڵ نەژادەکانی تردا خەریکە بوونی لە مەترسیدایە . مەرەز (موهیر) لە دروستکردنی ڕانک و چۆغە ، کڵا و دەستکێش و کلێتە ، گۆرەوی ، پوزەوانە ، شاڵ و سەرشان و گەلێ پۆشاکی تردا بەکارهاتووە لەکوردستان دا.

خوری مەرەز بەهۆی مەحکەمی ، تێک نەچوونی ڕەنگ ، زۆر بە زەحمەت ئەسوتێ ، دڕەنگ تێک دەچێت ، ناسک و نەرمی ، زوو ئاو هەڵ ئەمژێ و دڕەنگ وشک دەبێتەوە ، کێشی سوکە ، هتد بەهۆکاری ئەمانەوە سەرنجی بەکار هێنەرانی ڕاکێشاوە.

درێژی تاڵی مووی (تیسک) مەرەزی کوردی نزیکەی (١٤-١٨) سم درێژە ، هەروەها تیرەکەی نزیکەی (٢٥) مایکرۆمەترە ، هەتا تاڵە موی مەرەز باریکتر و درێژ تر بێت ، پەسەند ترە! .

ڕانکو چۆخە:-

جل و بەرگێکی کوردی ڕەسەنە شوێنی ئەسڵی دروست کردنی هەورامانە ، هەر لەمێژەوە لەهەورامان ئەم جل و بەرگەیان دروست کردووە و مێژوو ئەمەی پشت ڕاست کردۆتەوە ،هەروەک لە گۆرانییەکەی گۆرانی بێژی کوردی (شەماڵ سائیب) دا دەرئەکەوێ وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو ، پاشان بەهۆی جوانی ئەم جلەوە وردە وردە چۆنیەتی دروست کردنی گواستراوەتەوە بۆ شوێنەکانی تری کوردستان بەتایبەت ناوچەی ڕانیە و قەلادزە ، کە خۆیان لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی زاگرۆس دا وتیان ئەم پیشەیە لە هەورامانەوە گەیشتۆتە لای ئێمە ، کەسێکیان بە جوانی باسی کردو وتی وەستاکانی هەورامان دەهاتنە ڕانیە لە وەرزی بەهاران و هاوینان ئەم پیشە دەستییەیان دەکرد ، و ئێمەش لەوانەوە فێر بوین ، دواتر لە زاخۆ کارگەیەکی چنین بۆ مەرەز دروست کرا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ، کە جۆرێکی تایبەت و ساف و جوان دروست دەکات و تائێستاش بەردەوامە لە دروستکردنی ڕانکو چۆخەدا ، لەهەورامان بەم جلە دەوترێ (چۆخ و ڕانک) لەسلێمانی (ڕانکو چۆخە) لە کۆیە و هەولێر (کر) لە دهۆک و بادینان (مەرعەزی) ، بەفارسی (مرغز و کرک) دەوترێ ، سەرەتا ئەم ڕانکو چۆغە لە لایەن شوانکارەکانەوە یان بەخێوکەرانی ئاژەڵەوە دروست و لەبەر کراوە ، چونکە وەبەرهێنان و دروست کردنی گەلێک زەحمەت بووە ، پاشان خەڵکی تریش لەبەریان کردووە.

بەشێوەیەکی گشتی بزن ئاژەڵێکە زۆر خولیای بەرزایی و ناوچەی شاخاوییە ، بزنی مەرز لەدێر زەمان لەکوردستان هەبووە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان و قەندیل و ناوچەی بادینان ، لەم شوێنانە دا بەشی ناوخۆی جاران مەرەز بەرهەم هاتووە ، ئەوسا خەڵک کەم بووە ، بەڵام ئێستا ژمارەی دانیشتوان زۆر بووە و باری ئابووری باش بووە ، زۆربەی خەڵک حەزی لەرانکو چۆخەیە ، بۆیە بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتییە ، لەڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان مەرەز هاوردە ئەکرێ ، ڕەنگەکانی مەرەز(سوور ، قاوەیی ، خورمایی ، ڕەش ، شینکی ، پوشی ، سپی ، .... هتد) هەروەها چەندین ڕەنگی تریش دەکرێ دەستمان بکەوێت لەتێکەڵ کردنی هەموو ڕەنگەکان ، مەرەز پاش هەورێن یان برینگە (پاچینەوە)ی لەوەررزی نەمانی سەرمادا واتە بەهاران لەکۆتایی مانگی نیسان تاکو کۆتایی مانگی مایس دەکرێ واتە لەسالێک دا یەکجار بزنێک (٢-٥) کگم مەرەز بەرهەم دەهێنێت لەیەک وەرزدا ، بەڵام لەجیهان دا جۆرە بزنێکی تایبەت بەم مەرزە دووجار برینگە دەکرێ ، دوای برینگە موویەکی جوانی نەرممان دەست دەکەوێت ، دەشۆرێتەوە و شی دەکرێتەوە دواتر لەلایەن ژنانی دەست ڕەنگین بەووردی و بە جوانی زۆر باریک و ناسکدەی ڕێسن بەتەشی تاڵە دەزووی باریکی لێ دەرئەچێت ، دواتر دەکرێتە گڵۆڵە ، هەر رانکو چۆخەیەک بەپێی گەورە و بچوکی (٤-٥) کگم مەرەزی پێوستە ، هەروەها لەجیاتی تەشی دەزگایەکی بچوکی ڕستن هەیە کە ئاسانترە لەتەشی ڕستن هەمان کار دەکات ، ئینجا دەبرێتە لای جۆلا بۆ چنینی ، ڕستن و چنینی یەک رانکو چۆخە نزیکەی یەک مانگ دەخایەنێ ، کاری ڕستن جاران لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دراوە چونکە سەلیقە و ژیری و وردی دەوێت ، دوای چنین لەلایەن جۆڵاوە ، قوماشێکی جوانمان دەست دەکەوێت کە نزیکەی (١٠-١٥) سم پانە و کۆت ئەدرێدرێژی (٣٠-٤٠) مەتر درێژە ، لەکاتی کۆت کردنی دا کێشمان ئەدرێ و ماددەی سرێش بەکاردێت تاکو جوان بوەستێ وچرچ نەبێ ، لەجیاتی ئوتوکردن ، ئیتر دەبرێتەلای خەیات لە سەر درێژی دەبڕێت و دەیداتە سەرپانی و قوماشێکی بەربڵاو ی دەست دەکەوێ و بە پێوانە دەیکاتە رانکو چۆخە.

- بزنی مەرەز لەچاو بزنی خۆماڵی دا بچکۆلەترە کێشەکەی نزیکەی (٢٥-٣٥)کگم دەبێت ، زۆر بەشیان شاخدارن ، ڕەنگی بزنی مەرزی کوردی زۆربەی سووری خورماییە ، قاوەیی ، هەروەها ڕەنگەکانی تریشی هەیە سپی و ڕەش و شینکی و هتد....تائێستا بەخێوکردنی بزنی مەرەز هەر بەشێوە کۆنەکەی جارانی باو باپیرانمانە ، هەندێ خاوەن ئاژەڵ تەنیا بزنی مەرزی هەیە بزە گەل ، یان چەن دانەیەک بزنی مەرەزو بزنی ڕەشۆکی هەیە لەگەڵ ڕانە مەرەکەی دا دەروات ، بزنی مەرەز سەرەڕای مووەکەی شیرێکی زۆریش بەرهەم دێنێت بۆیە گرنگی پێدراوە لەهەورامان بۆ بەخێوکردنی واتە سوود لەشیرەکەی و مەرەزەکەی بینراوە ، بزن ئاژەڵێکی زۆر گورج و گۆلە ، ئازایە زیرەکە هەردەم لەپێش ڕانەوە دەڕوات ، هەرچی لەوەڕی باش و پاک و ناسک هەیە دەیخوات بۆ خۆی ، هەروەها زۆر جار سەرگوڵی گیاو درەختەکان بۆ خۆی دەبات ، بەتایبەت گەڵای داربەڕوو کە خواردنی سەرەکی بزنی مەرەزە لەکوردستان و هەورامان ، بەتەڕی و بە وشکراوەیی ، لەچاو مەڕدا کەمتر نەخۆش دەکەوێ ، گۆشت و شیرەکەی لەلای خەڵکی کوردستان جێگەی تایبەتی هەیە و لەدوای مەڕ پەسەندی هەموانە ، شیرەکەی زۆر بەئاسانی هەرس دەکرێ بۆ هەموان گەنج و ساوا و پیر بەکەڵکە ، بەپێی ئەو زانیاریانە کە دەستمان کەوتووە لە پارێزگای سنە لەڕۆژهەلاتی کوردستان ، بەشێوەی زانستی وسەردەمیانە کێڵگەی بەخێوکردنی بزنی مەرەز دانراوە ، کە مەبەستی زۆرکردن و سود وەرگرتنیەتی لە مووەکەی ، هەروەها تاکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان لەم چەشنە پرۆژەیە نییە بۆ بەخێوکردن و زیاد کردنی بزنی مەرەز کە کاریگەری باشی دەبێ بۆ بوژانەوەی ئابوری وڵات و خاوەنەکانیان ، هەروەها تائێستا نازانرێت کە چەند سەر بزنی مەرەز لەهەرێمی کوردستان هەیە!.

دووەم:

بزنی ئەنگۆرا Angora goat :-

ئەسڵی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا ، ئەنکارا ، چەند هەوڵێک دراوە کە بگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا ، بەڵام سەری نەگرتووە ، بەڵام گواستنەوە و بەخێوکردنی لەئەمریکا سەرکەوتوو بوو کە ئێستا زۆر گەشەی سەندووەچونکە ژینگە و لەوەری باشی هەیە و بووە بەسەرجاوەیەکی گرنگی (مۆهیر-MOHAIR ) واتە مەرەز ، ئەم بزنە لەئەسڵدا سپییە ، بەڵام ئێستا بە هۆی پێشکەوتنی زانستەوە توانراوە ڕەنگەکانی تری وە دەست بخرێ ، مووی ئەم بزنە پێ دەوترێت مۆهیر، واتە مەرەزی لای خۆمان ، تورکیاو ئەمریکا و باشوری ئەفریکا یەکەم سەرچاوەی فرۆشتنی مۆهیرن(مەرەز).

سێیەم:

بزنی نیگۆراnygora goat :-

لە بزنی ئەنگۆرا و بزنی قەزەمی نایجیری بۆ مەبەستی مووەکەی و شیر لێکدراوە (Crosse breeding) ، قەبارەیان بچوکە ، لەسالی (١٩٨٩) بە دواوە ئەم بزنە لەدایک بووە و بە ئەسڵ ئەمریکی ئەژمار دەکرێت.

چوارەم:

بزنی پیگۆراpygora goat :-

بە لێکدانی نێوان بزنی پیگمی لە کامیرۆن ڕۆژئاوای ئەفریکا لەگەڵ بزنی ئەنگۆرای تورکی ، لەئەمریکا کراوە بۆ مەبەستی بەرهەم هێنانی مووی بزنەکە (مەرەز).

پێنجەم:

بزنی کەشمیر(cashmere goat ) :-

یان بزنی پەشمین ، وەچەیەکی تایبەتە لەبزن کە بۆ بەرهەمهێنانی مەرەز (خوری کەشمیر) بەخێو دەکرێت لە شاخەکانی هیمالایا دەژی ، ئێستا لە وڵاتی ئوسترالیا و چین هەیە ، ڕێک لەبزنی مەرەزی کوردستان دەچێت شێوە و قەبارەی بچوکە هەروەها سود لەشیرەکەشی دەبینرێ ، بە مووەکەی دەگوترێ خوری کەشمیر، تایبەت مەندی ئەم بزنە لەوەدایە کە بەزستانان ژێر بەرگێکی مووی تازە دەرئەچێت بۆ خۆپاراستن لەو سەرمایە ، واتە دوو توێژ مووی هەیە ، گەورەکان لەڕووی دەرەوەیە و لەژێر ئەوانیشەوە چێنێکی نوێ لەمووی نەرم و جوان دەرئەچێت ، ئەمە وای لێکردوە کە زۆر بەهادار بێت بۆ بەرهەم هێنانی خوری کەشمیر (مەرەز).

لەوڵاتی چین لە سالی (١٩٩٤)دا بەمەزندەی (١٢٣)ملیۆن سەر بزنی کەشمیر هەبووە ، بەرهەمهێنەرێکی گەورەی خوری کەشمیر بووە.

بۆ یەکەمجار بزنی کەشمیر لەلایەن کەسایەتی فارسی (عەلی هەمەدانی) دۆزرایەوە لە شاخەکانی کەشمیر لەکاتێک دا کە مووی بزنەکەی بۆ دروست کردنی شاڵی سەرشان و گۆرەوی و مل پێچ بەکار هێناوە و بەدیاری بردی بۆ پاشای کەشمیر و داوی لێکرد کە لەم بزنانە بەخێو بکەن تاکو سوود لە خورییەکەی ببینن.

بزنی کەشمیر چەند وەچەیەکی هەیە کە ئەمانەن:-

١- بزنی کەشمیری سپی (ئالا شان زوکی) (Alashanzuoqi white cashmere goat)

لە ناوچەی ئالاشان لە خۆرئاوای بانی مەنگۆلیا یە ، جۆرێکی نەرم و سپی و تیسک درێژ لە مەرەزی سپی بەرهەم دێنێت ، بزنی مێنگە (٢٥١) گرام موو بەرهەم دەهێنێ ، تیرەی هەر تاڵە موویەکی ١٥ مایکرۆمەترە.

٢- بزنی کەشمیری ئوسترالی Australian cashmere goat

لەئوسترالیا بەخێو دەکرێت و گرنگی زانستی پێدراوە بۆ بەرهەم هێنانی خوری کەشمیرکە (٢٥٠) گرام بەرهەم دێنێت کە پانتایی (تیرەکەی ١٥ مایکرۆمەترە).

٣- بزنی پەشمینە (pashmina) یان (Changthangi cashmere goat) بزنی جانگ سانگی کەشمیر:-

کە لەدوو ناوچەی وڵاتی کەشمیر هەیە ڕەنگی سپی و ڕەشی هەیە ، تیسکی درێژە. بۆ بەرهەمهێنانی مەرەز و گۆشت و هەروەها بۆ گواستنەوەی بار بەکار دێت.

٤- بزنی هیکسی کەشمیر (Hexi) :- لە دەشت و پێ دەشتەکاندا دەژی ، زۆر بەیان ڕەنگیان سپییە ، (١٨٤) گرام بەرهەمی مەرزی هەیە تیرەکە ١٥ مایکرۆمەترە.

٥- بزنی کەشمیری ناوخۆیی مەنگۆلی (Inner Mongolia cashmere goat):- بزنی ناوخۆیی مەنگۆلیایە لە دەشت و پێدەشتەکان دەلەوەرێت، بۆ مەبەستی خورییەکەی و گۆشت بەکار دێت ، ئەم بزنانە چەند جۆرێکیان هەیە و تیسکی مەرەزەکەیان زۆر درێژە ، (٢٤٠) گرام بەرهەم دێنێت ، تیرەکەی ١٥ مایکرۆمەترە ، لەسالی (١٩٩٤) دا سەرژمێری کراون ژمارەیان دەگاتە (٢.٣) ملیۆن سەر بزن .

٦-نبزنی کەشمیری لیۆنینگ (Liaoning cashmere goat) :- جۆرێکی نایابە لەبزنی کەشمیر لە وڵاتی چین هەیە ، قەبارەی گەورەیە و لەگەڵ ئاو وهەوای نالەبار هەڵدەکات ، بەرهەمی زۆرە (٣٢٦) گرام خوری ، تیرەکەی ١٥ مایکرۆمەترە.

٧- بزنی لیچینگ داکینگ (Licheng Daqing goat):- لەوڵاتی چین دەژی و بۆ هەردوو مەبەستی مووەکەی و شیرەکەی بەخێو دەکرێت ، ڕەنگی خورمایی قاوەییە ، بڕی (١١٥) گرام مەرەز بەرهەم دێنێت ، تیرەکەی ١٤ مایکرۆمەترە.

٨- بزنی ڕەشی لولیانگ (Luliang black goat):- لەناوچەی لاولینگ هەیە و مەرزی ڕەشە.

٩- بزنی مەرەزی تیبتی (Tibetan Plateau goat) :- نزیکەی حەوت ملیۆن سەر دەبن لە زۆر شوێنەکانی چین بڵاو بوونەتەوە ،هەروەها لە نیپاڵ و هیندستان دا هەن.

١٠- بزنی وژوموکین (Wuzhumuqin) :- جۆرێکە لەبزنی خۆماڵی مەنگۆلی لە م دواییەداناسراوە لەساڵی ١٩٩٤ وە.

١١- بزنی ژۆنگوی کەشمیر (Zhongwei cashmere goats):- لە پێ دەشتەکانی وڵاتی چین دەژی لەپارێزگای ژونگۆی.

سەرەڕای سوودەکانی بزن کەباسمان کرد لەسەرەوە بۆ گۆشت و شیرو مەرەزەکەی یان مووەکەی ، هەروەها سودیش لەپێستەکەی بینراوە لەدێر زەمانەوە بۆ دروستکردنی کونەی ئاوو هیزەی ڕۆن لەکوردستان ، هەروەها بۆ دروست کردنی چەندین بابەتی تر وەک پێڵاو ، چونکە پێستی سابرین زۆر ئەستورە ، هەروەها شاخی بزن لەدروست کردنی دەسکی چەقۆ و خەنجەرو ، شتی جوانکاری بەکار هاتووە ، لەم دوایەشدا سوود لە ڕیخۆڵە و ئێسقان و خوێن و پەینەکەشی دەکرێ.

(Doe) بزنی مێنگەی پێگەیشتوو ، چتیر بزنی تەمەن یەکسال ، (چتیری نێر و مێ) ، کار=Kid کارژۆڵە ، دوای لەدایک بوون تا شەش مانگ کاری پێ دەوترێ ، گیسک ، سابرین BUCKیان Billieنێرەی پێگەیشتوی بزن.

ئامادەکردنی بەڕێز:

دکتۆر ناجح گوڵپی n.gulpy@gmail.com

 5/6/2014

چاککردن و ڕێکخستنه‌وه‌ی: باوان مصطفی عبدالرحمن

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: