ديسمبر 2018

قەیرانی دارایی و ئابوری چۆن چارەسەر دەکرێ؟
ئایا بە گەڕانەوە بۆ سێکتەری کشتوکاڵ دەتوانین چ ئامانجێک بپێکین؟

وەکو شارەزایەک دەربارەی کشتوکاڵ و مامۆستایەکی زانکۆ لە چەندین کۆنفڕانس و کۆبوونەوە و وتاردا بەردەوام تیشکم خستۆتە سەر گرنگی کەرتی کشتوکاڵی وەکو دەروازەیەک نەک تەنها بۆ دەربازبوون لە زۆرینەی ئەو کێشانەی کە بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابوری دروستبووین، بەلکو وەکو کۆڵەگەیەکی سەرەکی و بتەو بۆ دروستکردنی ژێرخانی وڵات. لەو سۆنگەیەوە بە ئەرکی دەزانم جارێکی تر لێرەوە بە بیری هەمووانی بهێنمەوە کە گەڕانەوە بۆ بایەخی کەرتی کشتوکاڵ گرنگترین و باشترین هۆکارە کە دەبێت حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەڵوەستەی لە سەر بکەن و چیتر دوای نەخەن، خوانەویستە ئەگەر جارێکی تریش ئەوان بە هەر هۆکارێک کشتوکاڵ پەکبخەن یان رێگربن لە بووژانەوەی، ئەوە دەبێت مامۆستایان و شارەزایانی ئەو بوارە بەهەمەئاهەنگی لەگەڵ رۆشنبیران و رەخنەگران هانی خەڵک بدەن کە داوکاری جدیان هەبێ لەوەی کە لە کابینەی نوێ ی حکومەتی هەرێم کشتوکاڵ بە بایەخەوە لێی بڕواندرێ ئەگینا دڵنیام چۆن کابینەکانی تر بێ بەرهەم و چارەسەربوون بۆ قەیرانەکان ئەوە ئەمەی ئێستاش خراپتر نەبێ باشتر نابێ.
هەرێم لە رێگا کشتوکاڵەوە دەبوژێتەوە
۱) لە کۆمەڵگایەکی مشەخۆر و بەکاربەر دەگۆڕێن بۆ بەرهەمهێن.
۲) بێکاری کەمدەبێ و ژمارەیەکی زۆری گەنجان دەبنە خاوەنی کار، ئەوە خۆی لە خۆیدا چارەسەری گەورەترین قەیرانە.
۳) بەهەدەر نەڕۆیشتنی پارە و داهات لە رێگای هاوردەکردنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.
٤) ژینگەیەکی پاک و لابەرمان دەبێت بۆ ژیان کە بەهۆیەوە رێگردەبێ لە هەبوونی چەندین دەردو نەخۆشی.
٥) زیادبوونی رووبەری سەوزایی بە دار و درەخت و گوڵ و هیتر هۆکارێکی باشە تا ببینە جێگای سەرنجی گەشتیاران.
٦) کاتێ هاوڵاتیان بەتایبەتی چینی گەنجان بێکارنەبوون بەلکو بەرهەمهێنبوون متمانەیان بۆ وڵات زیاد دەکا و بەرگریکارێکی بەهێزدەبن لە هەر مەترسیەکی دەرەکی بۆ سەر وڵات.

چەندین خاڵ و تێبینی تر هەن کە لە ژێر رۆشنایی بایەخەکانی کەرتی کشتوکاڵی هۆکارن لە بوژاندنەوەی هەرێم و هاوتاکردنی بە وڵاتانی پێشکەوتوو، بەڵام ئەوانەی سەرەوە دیارترین. لێرەوە جارێکی تر داوا لە هەمووان دەکەم کە هاوکاربن لە جێگا کردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ بە واتا جەوهەریەکەیەوە لە ناو کابینەی نوێ ی حکومەتی هەرێم.
۱۸ / ۱۲ / ۲۰۱۸
د. رابەر فەتاح
کۆلێژی کشتوکاڵ، زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر