فبراير 2017
honey , العسل و نحل ، هەنگ، هەنگوین



پرسیار: ئایا هەنگوینەکەت سروشتیە؟ بەڵێ بەرهەمی خۆمە.

نانا مەحاڵە هەنگوینی سروشتی هەبێت هەمووی ساختەیە.
ڕۆژانە ئەم ‌ووشانە ئەدرێن بە گوێی هەنگەواندا ( تاوانبار ) لە لایەن بەکاربەرەوە و لە بازرگانەوە هەندێک جاریش لە خاوەنەکانی هەمان پیشەوە، تاڕادەیەک هەنگەوانەکان گوێیان لێ ئەبێت وەکو ووشەی سەلام وعلیکم یان ئێوارەت باش کە وای کردوە ڕابێن لەسەری و ناچار ڕوونکردنەوە بدەن و پاساو بهێننەوەو سوێند بخۆن و و و .... تاوەکو بەرامبەرەکەی ڕازی بکات کە هەنگوینەکەی سروشتیە، ئەگەر باوەڕ بکات.

تاکو ئێستا پەروەردەکردنی هەنگ لە ڕوانگەی زۆرینەوە پیشەی خۆشگزەرانیە و کەسیش ناڕەحەتیەکانی پەروەردەکردنی هەنگ نازانێت تەنها ئەوانە نەبێت کە ئیشیان تیا کردوە و ناڕەحەتی ئیشەکەیان لە ئەستۆ گرتوە.
هەنگەوان دارتاشەو تەختە ئامادە ئەکات بۆ پێویستی هەنگەکانی لە سنوق و چوارچێوە، کرێکاری هەنگە بە ناچاری پشکنینی هەنگەکان ئەنجام ئەدات و ئیشەکانی ڕێک ئەخات و لە گەڵ ڕوبەڕووبونەوەی گەستتن و پێوەدانی هەنگ کە کەس لێی ڕزگاری نابێت تەنها ئەو کەسە نەبێت کە خاوەنی بەختێکی گەورەیە، شارەزای هەنگ و نەژادەکانی و ڕەوشت وخەسڵەتەکانێتی، پزیشکەو پشکنینی هەنگەکان ئەنجام ئەدات و دەستنیشانی نەخۆشیەکانی ئەکات و دەرمانی بۆ دیاری ئەکات و بایەخ بەچارەسەریان ئەدات، بارهەڵگرەو سنوقە هەنگەکان هەڵئەگرێت لەتاریکی شەودا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر لەگەڵ مەترسی و ئاستەنگەکانی ڕێگەوبان لە کاتی گەڕاندا بەدوای شیلەی باشدا، ئینسیکلۆپیدیایە لە ڕوەکو جۆرەکانی و کاتی گوڵکردنی و شوێنەکانی، شارەزایی و بەدواداچون بۆ کەش وهەواو گۆڕانکاریەکانی لە پێناو پاراستنی هەنگەکانی لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین، ڕاوچیەکی لێهاتوە بۆ دوژمنەکانی هەنگ تاوێک زەردەواڵە ئەکوژێت تاوێکیش کەنەسمە، پارێزەرو بەرگرە لێیان لەو مرۆڤەی ژینگە ژەهراوی ئەکات بە شێوەی جۆراو جۆر بەتایبەتی قڕکەرەکان، نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە بەدرێژایی ساڵ پارە خەرج ئەکات بۆ هەموو ئەو ئیشانە.

   سەرەڕای ئەم هەموو ئیشانەو زیانە ماددییەکانی کە پەیدا ئەبن بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی بینینی هەنگەکانێتی لە کاتی کۆکردنەوەی شیلەو پڕبوونی شانەکان بۆ ئەوەی پەروەردگار ڕزقی بدات بەبڕینی هەنگوین لەدوای ئەم ماندوو بوونە بۆ ئەوەی مژدە بەخۆی و خانەوادەکەی ببەخشێت بەوەی کە پەروەردگار پێیانی بەخشیوەو بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەو شیلەیەیە کە پێیان بەخشراوەو بریقە ئەداتەوە بەچاویانداو دڵ پێی خۆش ئەبێت دوای ماندووبوونی چەند مانگێک لە ئیشکردن دوای ئەمانە هەمووی کەسێک دێت ئەپرسێت ( هەنگوینی سروشتی دەست ئەکەوێت؟! ) ( باوەڕم بە بوونی هەنگوینی سروشتی نیە).
   بەمەش خۆشی لە هەنگەوان ئەدزێت بۆ ئەوەی تاوانبار بێت بە هەنگوینەکەی و پیشەیەکی نوێ دێتە سەر کارەکانی پێشووی ئەویش ( بازاڕکاری و ڕیکلامکەر و لەوانەیە پارێزەریش بێت!! ) تاوەکو بتوانێت بەرهەمخۆر دڵنیا بکاتەوە کە هەنگوینی سروشتی بوونی هەیەو خەیاڵ نیە.
   لە سەرتای دەستپێکردنم بە پەروەردەکردنی هەنگ ناڕەحەت و ئاڵۆز ئەبووم لەم پرسیارە ئەمیکرد بە تاوانبار یان ( گومان لێکراو بەوەی کە دۆخەکە ئاسان ئەکەمەوە ) لەوانەیە بە قسەیەکی ووشک وەڵامم دابێتەوە بەڵام دوای تێڕوانین و زانیاری زانیم کە بەرهەمخۆر ڕەوایە لەم پرسیارە.

   چونکە کەموکورتیەکی زۆر گەورە هەیە بەتایبەتی لە ووڵاتە عەرەبیەکان لە لایەن ڕاگەیاندنەوە دەربارەی کەرتی هەنگ و بازاڕتیژی بۆ بەرهەمەکانی و ناسینی بە بەکاربەر و هۆکارێکی زۆر هەیە لەدوای ئەمەوە چونکە تاکو ئێستا زۆربەی ئەو زانیاری و یاسایانەی تایبەتن بە خەسڵەتەکانی هەنگوین کۆنن ناگونجێن لەگەڵ خەسڵەتە جیهانیە نوێکان کە جیهانی دەوروبەرمان پەیڕەوی ئەکەن، لەگەڵ کەمی چاودێری یان هەر نەبوونی لە بنەڕەتدا لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەست بەجێ کەوا خزمەتی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی ئەو کۆمپانیانە ئەکات کە دزەیان کردوەتە ناو بازرگانی هەنگوینەوە، بەمەش بازاڕگەرمکردن بۆ هەنگوینی ساختە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە لە بازاڕەکان زیانی گەیاند بە بەرهەمهێنەرو بەکاربەرلە هەمان کاتدا، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی دەست بەجێ لە لایەن کۆمپانیا بازرگانیەکان و بازرگانە سودمەندەکان کە چەند تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی لە ناو بەکاربەرەکاندا بڵاو ئەکەنەوە بۆ ئەوەی زۆر جار بەرکاربەر ڕابکێشن بۆ بەرهەمەکانیان لە هەنگوینی نەناسراو لە گەڵ هونەری بەقوتووکردن و بازاڕکاری، بەمەش شتەکان تێکەڵ بوون لای بەرهەمخۆر وای کرد کە گومان لە سروشتی بکات و ساختەکراو پەسەند بکات بۆ نا؟ ئەگەر بەرکاربەر لە ووڵاتە عەرەبیەکان زۆر جار وا ئەزانێت کە بەشەکرە بوونی هەنگوین لە خەسڵەتەکانی هەنگوینی ساختەیە! لێرەدا پەندە بەغاییەکە ئەچەسپێنرێت ( چَمل الغَرگان غَگە ) ( بەواتای ئەوەی خۆی خنکاوە کردیشیان بە قووتا یان مەیموون زۆر جوان بوو ئاوڵەشی دەرکرد " وەرگێڕ " )
بەمەش هەنگەوان دوو جار گومانی لێکراوە یەکەمیان ئەبێت بیسەڵمێنێت کە هەنگوینەکەی سروشتیەو دووهەمیان کە بە شەکرە بوونی هەنگوین یەکێکە لە خەسڵەتە سروشتیەکانی هەنگوین!.

   بواری هەنگەوانیش بێبەش نیە لە هەڵە نەرێنیەکان کە کەسانێک پەیڕەوی ئەکەن هەر چەندە زۆر نین بەڵام کاریگەری گەورەی هەیە وەکو ئەڵێن ( چاکە تایبەتمەندەو خراپەش گشتیە ) ڕیکلامی نەرێنی هەیە بۆ ڕاکێشانی بەکابەر کاتێک ڕیکلام بۆ هەنگوینی خۆت ئەکەیت و تانە لە هەنگوینی کەسانی کە ئەدەیت بۆ نمونە ئەبینین زۆربەی ئەو شوێنانەی کە هەنگوینی تێدا ئەفرۆشن ئەنوسن ( هەنگوینی هەنگەڵانی........................... سروشتیەو مسۆگەرەو ئەتوانن تاقی بکەنەوەو ئەو کەسەش بیسەڵمێنێت ساختەیە پاداشت ئەکرێت، و تەنها ئێمە..... هتد ) ئەمە سەرنجی خەڵک بۆ ئەوە ڕائەکێشێت کە هەنگوینەکانی کە ساختەن!! لە کۆتاییدا گومان دروست ئەبێت تەنانەت لە بەرهەمی هەنگوینەکەی خۆشی، جگە لەوانە کە گومان ئەکەن یان کار لەسەر بازاڕتیژی پێچەوانە ئەکەن لە بنە ڕەتدا لە نێوان ڕکابەرەکان لە خودی هەنگەوانەکانن و چەندین کرداری نەرێنی.

   زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدان بە پەروەردەکردنی هەنگ و بازاڕکاری بەرهەمەکانی ئەبێت ڕێنماییەکی دەست بەجێ بەرەو پێناسە کردنی پەروەردەکردنی هەنگ و خەسڵەتەکانی بەرهەمەکانی، وە ئەم ڕۆڵەش ئەبێت ئەنجام بدرێت لە لایەن دەستەی ڕێکخراو یان حکومی ( ئەمەشیان زۆر بایەخی پێنادات و زۆریش دوورە ) یان کۆمەڵەو ڕێکخراوە تایبەتمەندەکان بە هەنگەوانان کە ئەبێت کارا بکرێت لە ڕێگای خودی هەنگەوانەکانەوە بە تایبەتی لە گەڵ کرانەوەی میدیایی گەورە لە ڕێگای ئامرازەکانی پەیوەندیە جۆراوجۆرەکان ئەمەش ڕێگر نابێت لە بەردەم دەست پێشخەری تاکەکەس لە خودی هەنگەوانەکانەوە..

   بۆ وەڵامدانەوەی بەکاربەر بە ووتەی ئەم هەنگوینە بەرهەمی خۆمە بە بێ پاساو و ڕازیکردن ئەبێت کار بکرێت لەسەر:-
   ( خەسڵەتە پێوانەییەکان، چاودێریکردن لە سەر بازاڕ، ڕێنمایی دەست بەجێ بەرەو بەکاربەر، خولی ڕاگەیاندن بۆ هەنگەوانان، قۆرخکردنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، هونەری بەقوتو کردن و بازاڕکاری... هتد ) بەدڵنیاییەوە چارەسەری فراوانتر هەیە لەم تێڕوانینە سادەیەی من لەوانەیە بە پێنوسی کەسانی پسپۆر لەم بوارەدا بنوسرێت بۆ ئەوەی ببێت بە ناونیشانی توێژینەوەی زانستی دەربارەی ڕۆڵی ڕاگەیاندن و ڕێگاکانی بۆ پەرەپێدان بە پەروەردکردنی هەنگ و دڵنیا بوون بە بەرهەمەکانی.      

ڕاگەیاندن و هەنگوین
نوسینی/  منتێر الحسناوی
وەرگێڕ لەزمانی عەرەبیەوە/ محمدامین ێابر