ڕۆمانییەکان یەکەم کەس بوون کە خۆڵەمێشیان بەکارهێناوە وەک پەین ، وە یەکەم وڵاتیش کە لە ڕووی بازرگانییەوە کاریان بە خۆڵەمێش کردووە ئەمەریکییەکان بوون کە ناردوویانە بۆ بەریتانیا لە سەدەی هەژدە دا ، وە لەم ڕۆدا %٨٠ ی خۆڵەمێشی بازرگانی لە ئەمەریکای باکور بەرهەم دەهێنرێت وە بەکاردەهێنرێت بۆ چاککردنی خۆڵ و خاک.
وە خۆڵەمێش ١٣ ماددەی گرنگی تێدایە بۆ گەشەی ڕووەک.
کاتێک تەختە و دار دەسوتێن ماددەی نایترۆجین و کبریت بە شێوەی گاز دەردەپەڕن و دەچنە هەواوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بریتیە لە ( کالسیۆم و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم و توخمە خۆراکییە بچوکەکان ) وە ئەم ماددانەش ئەبنە هۆی نەهێشتنی ترشێتی خاک بۆیە لە خاکە ترشەکان دا بەکاردەهێنرێت.
وە خۆڵە مێش لە دەنکۆڵەی قەبارە بچووک پێک دێن کە زۆر بەخێرایی و بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ خۆڵەکە دا کارلێک دەکەن . وە بەو پێیەی خۆڵەمێش ئەم ماددانەی بە ڕێژەی کەم تێدایە بەرامبەرە بە ٠-١-٣ بۆ هەریەکە لە نایترۆجین-فسفۆر-پۆتاسیۆم .
هەروەها ئاگاداری ئەوە دەدرێت کە نابێت خۆڵەمێش بۆ کێڵگەی پەتاتە بەکاربهێنرێت ، بەڵکو دەتوانرێت بۆ باخچەکان وەک دەرکەر و ڕاونەری مێرووەکان بەکاربهێنرێت .
هەروەها خۆڵەمێشی دار بە پەینێکی دەوڵەمەند بە ماددەکانی پۆتاسیۆم و فسفۆڕ دادەنرێت هەر لەبەر ئەمەشە بەکاردەهێنرێت بۆ خۆراک پێدانی زۆربەی سەوزە گەڵاییەکانی کە دەخورێن وەک ( جەرجیر و سپێناخ و ..... هتد) . وە باشترین خۆڵە مێشیش هی داری سروشتییە نەک خۆڵەمێشی ئەو دارانەی کە لە پیشەسازی دا بەکارهاتوون.
هەندێک خاڵی گرنگ لەسەر بەکارهێنانی خۆڵە مێش:
١- ئەگەر ئارەزوومان کرد خۆڵە مێش بەکاربهێنین ئەوا پێویستە بە ڕێژەی ٧ بۆ ٩ کیلۆگرام بۆ هەر ١٠٠٠ مەتر دوجایەک بەکاری بهێنین لە ساڵێک دا .
٢- بەکارهێنانی خۆڵە مێش بە ڕێژەیەکی کەم زۆر بەسوودترە و ئەگەر زیادەڕۆیی بکرێت لە بەکارهێنانی دا ئەوا زیان بە ڕووەکەکان دەگەیەنێت لەبەرئەوەی خۆڵەمێش تفتێتی خاک بەرز دەکاتەوە بەمەش کاریگەری دەخاتە سەر مژینی ڕووەک بۆ توخمەکانی فسفۆڕ و مەنگەنیز و ..... هتد.
٣- هەندێک جار خۆڵەمێش پێک دێت یاخود هەندێک کانزای قورسی وەک قورقوشم و کادیمیۆم نیکڵی تێدایە بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە لەبەرئەوەی ڕێژەکەیان کەمە.
٤- دەتوانرێت خۆڵەمێشی وشک بەدەوری ڕووەک دا بپرژێنرێت بە ڕێژەیەکی کەم بۆ دەرکردنی مێرووەکان و هێڵکە شایتانۆکە لەبەرئەوەی توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ مژینی ئاوی ناو لەشی ئەو مێرووانە بەڵام زۆر بەکارهێنانی خۆڵەمێش دەبێتەوە هۆی بەرزکردنەوەی تفتێتی خاکەکە و چڕکردنەوەی خوێ لە دەوری ڕووەکەکە.
٥- پێویستە خۆڵەمێش لەناو سەتڵێکی کانزایی دا خەزن بکرێت کە سەرقاپێکی باشی هەبێت ، وە نەهێڵدرێت شێ لێی بدات لەبەرئەوەی ماددە خۆراکییەکانی ناوی لەناودەچن و کەم دەبنەوە بەمەش ڕووەک سوودی لێ نابینێت.
٦- پێویستە لە کاتی بەکارهێنانی دا دەستکێش و چاویلکە بەکاربهێنرێت لەبەر خۆ پاراستن لە تۆزی خۆڵەمێشەکە.
٧- پێویستە خۆڵەمێشی بەرهەم هاتوو لە سووتانی کارتۆن و کاغەز و خەڵوز بەکارنەهێنرێت لەبەرئەوەی ماددەی کیمایی خراپ و زیانبەخشیان تێدایە و زیان بە ڕووەک دەگەینێت.
٨- خۆڵەمێش لە کاتی هەڵکردنی با دا بەکارنەهێنرێت.
٩- نابێت خۆڵەمێش لەگەڵ پەینی نایترۆجینی و کبریتاتی ئەلەمنیۆم و نتراتی ئەلەمنێۆم و یۆریادا بەکاربهێنرێت.
١٠- نابێت خۆڵەمێش بە تۆپەڵی و کۆکراوەیی لە شوێنێک دا بەکاربهێنرێت لەبەرئەوەی تۆپەڵی خۆڵەمێش دەبێتە هۆی چڕکردنەوەی خوێی خاک و زیان گەیاندن بە ڕووەکەکە .
هەندێک زانیاری تر لەسەر بەکارهێنانی:
سەرەتا خۆڵەمێشەکە لەگەڵ خۆڵەکەدا بە وشکی تێکەڵ دەکرێت و هەڵدەگێردرێتەوە تاوەکو بچێتە چینی ژێرەوە پاشان ئاو دەدرێت .
تێبینی: خۆڵەمێش نابێت بەکار بهێنرێت بۆ شیلک و توو لەبەرئەوەی زیان بە بەری ڕووەکەکە دەگەیەنێت.
ئەندازیاری کشتوکاڵی
دەوەن سەردار حەمە عەلی
مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی کشتوکاڵی بەکرەجۆ
بۆچوون: