بامیە لەو سەوزە وەرزییانەیە کە بە زۆری لە وەرزی هاوین دا دەست دەکەوێت ، بامیە شێوەیەکی میلە و درێژووکانی هەیە و لەسەر شێوەی هەڕەمە ، واتە لای خوارەوەی ئەستوورە و لای سەریشی باریکە ، بامیە باشتر لە شوێنە گەرمەکان گەشە دەکات ، بامیە بە شێوەی تۆو دەچێندرێت و بە زۆری وەکو  شلە لێدەندرێت.


پێکهاتەکانی بامیە
بامیە لە چەندین ماددەی خۆراکی بەهاداری گرنگ پێکهاتووە . وەک و ڤیتیامینەکانی (A،B،K) لرگرڵ کانزاکانی وەکو کالسیۆم ، مەنگەنیز ، مەنگنیسیۆم ، زنک ، ترشی فۆلیک ، پیتاکارۆتین و ڕیشاڵ.

چاندنی بامیە
سەرەتای بەهار باشترین کاتە بۆ چاندنی بامیە ، خاکەکە بە باشی بکێڵە و پەینی ئۆرگانی تێکەڵ بکە و پاشان گۆڵ دروست بکە و خاکەکە ئاو بدە ، باشتر وایە تۆوەکانی بامیە پێش چاندن لە ئاوبکرێن بۆ ئەوەی نەرم ببنەوە ، وا باشە نێوانی هەر دوو تۆو (٧٠-٩٠) سم بێت ، بۆ ئەوەی بە باشی گەشە بکەن و تۆوەکان لە قوڵایی (٥-١٠) سم بچێندرێن، دوای چاندنی تۆوەکان بە دوو سێ هەفتە شەتڵەکان گەورەو بەهێز دەبن ، باشتر وایە ئەو پارچە زەوییەی بامیەی لێدەچێنی ، ڕۆژانە تیشکی خۆری بەرکەوێ و لە شەش کاتژمێر کەمتر نەبێت ، چونکە باشتر گەشە دەکات ، ئاودانیشی دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام بێت ، ئەگەر ڕێژەی هایدرۆجین لە خاکەکە کەم بوو ، باشتر وایە پەینێکی باش بە خاکەکە بدرێت ، چونکە بامیە لە خاکی بە پیت زیاتر گەشە دەکات و بەرهەمی زیاتر دەبێت.

چاودێریکردنی بامیە
دوای چاندنی بامیە دەبێت بە باشی ئاو بدرێت ، بەتایبەتی بەیانیان بۆ ئەوەی خاکەکەی بە تەڕی بمێنێتەوە و بڕکەکانی دڕەنگ وشک ببنەوە ، باشتر وایە لە کاتی ئاودانی بامیە گەڵاکانی تەڕ نکەی ، چونکە بامیە لە کاتی ئاودانی بە باشی لە درێژایی وەرزی هاوین ، باشتر گەشە دەکات و بەرهەمیشی زیاتر دەبێت ، چوار دەور بڕکەکان لە گژ و گیا پاک بکرێتەوە و بژار بکریت ، ئەگەر بتەوێ بامیەکەت بە درێژایی وەرزی هاوین بەرهەمی هەبێت ، دەبێت تەنها سێجار پەینی پێدا بکەی و لەوە زیاتر نەبێت ، یەکەمجار لە کاتی چاندن و دووەم جار دوای گوڵکردنی و سێیم جاریش لە نیوەی تەمەنی لە کاتی وەرزی گەشەکردن دا ، دەبێت ئاگات لە بڕکەکان بێت و تووشی دەر و نەخۆشی نەبن و مێروو لەسەری نەنیشن و هێلانە نەکەن ، چونکە گەڵا و قەدەکەی دەخۆن و زیانی پێ دەگەیەنن ، بۆیە دەبێت بە قڕکەری مێردووکوژ  بیڕشینی ، زوو زوو سەیری گەڵاکان بکە و ئەگەر بینیت کونیان تێکەوتووە یان ڕەنگیان زەرد بووە ، بزانە ئەوە نیشانەی نەخۆشین . دوای نزیکەی (٨) هەفتە لە چاندنی بامیە ، بەرهەم دەکات و ئامادە دەبێت بۆ ڕنین ، لە کاتی ڕنینی بامیە دەستەوانە لەدەست بکە و بە قۆڵی جلەکەشت درێژ بێت ، چونکە ئەو مادەیەی دەوری گەڵا و بەرهەمی بامیەکەی داوا ، لەوانەیە ببێتە مایەی خواردنی پێست.

سوودەکانی بامیە
بامیە چەندین سوودی تەندروستی هەیە ، لەوانە بۆ ئافرەتی دووگیان زۆر بە سوودە م چونکە ترشی فۆلیکی تێدایە کە بۆ ئافرەتانی دووگیان زۆر پێویستە ، هەروەها ئەو ڤیتامینانەی لە نێو بامیەدا هەیە ، کۆرپەلە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی بڕبڕەی پشت دەپارێزێت . بامیە ئاستی شەکری ناوخوێن ڕێکدەخات ، پارێزگاری لە تەندروستی گورچیلەکان دەکات . بامیە قۆڵۆن و ڕیخۆڵەکان پاک دەکاتەوە ، ڕێگە لە تووشبوون بە ڕەبۆ و تەنگەنەفەسی دەگرێت ، یارمەتی درەوشانەوەی پێست دەدات ، لێناگەڕێت پەڵە و زیپکە دروست ببێت . بامیە بۆ دابەزاندنی کێش زۆر باشە ، چونکە بە ڕێژەیەکی کەم کالۆری تێدایە و زوو هەستی تێربوونت پێ دەبەخشێت، چاوەکان بەهێز دەکات چونکە ڤیتامین ئەی تێدایە ، ئێسکەکانیش بەهێز دەکات.


ئامادەکردنی:
ڕەمزی میرەکانی

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات





دووبارە نوسینەوە :

ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: