تۆماری ناو کێڵگه‌ی ئاژه‌ڵی

Farm animal record keeping

وه‌ک لای هه‌مووان ئاشکرایه‌ کێڵگه‌ی ئاژه‌ڵی (په‌له‌وه‌ر یان ئاژه‌ڵی گه‌وره‌) گرنگیه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و پڕۆژه‌ و کێڵگانه‌ی که‌ به‌رهه‌میان زۆره‌ و پڕۆژه‌ی به‌رده‌وام و خودکارن Sustainable farms، هه‌ربۆیه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان و به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌م کێڵگانه‌ پێویستیان به‌ بوونی تۆمارێکی ڕێک و پێک هه‌یه‌ که‌ زانیاری هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگیر و پێویستی له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ تیابێت.



تۆماری ناو کێڵگه‌ی ئاژه‌ڵی و جۆره‌کانی:

تۆمار بریتیه‌ له داخڵکردنی زانیاری ئاژه‌ڵه‌کان له‌کاتی له‌دایک بوونیه‌وه‌ تا گه‌یشتن به‌ به‌رهه‌م و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌، وه‌ زانیاریه‌کان هه‌ریه‌که‌ به‌جیا تۆمار ئه‌کرێن جا به‌شێوه‌ی ئه‌لکترۆنی یان نوسراو سه‌ر په‌ڕه‌، تۆمارییش به‌گشتی دابه‌ش ئه‌بێت بۆ چه‌ند جۆرێک:

1-تۆماری به‌رهه‌م هێنان و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌ (کێشی ده‌ستکه‌وتوو، شیر، گۆشت، خوری، ژماره‌ی وه‌چه‌کان و مێژووی وه‌چه‌کان، شێوه‌ و جۆری ئاژه‌ڵه‌کان).

2-تۆماری ته‌ندروستی (تۆماری نه‌خۆشی و کێشه‌ ته‌ندروستیه‌کان و که‌می و شێواوییه‌ زگماکیه‌کان که‌ له‌له‌دایکبوون و دواتره‌وه‌ به‌رچاو ئه‌که‌وێت).

3-تۆماری بۆماوه‌یی و باشکردن و په‌روه‌رده‌کردن (زیاتر بۆ لایه‌نی زانستی به‌کاردێت و ووردتره‌ و زانیاری بۆماوه‌یی و گه‌ردیله‌ی ئاژه‌ڵه‌کانی له‌خۆ ئه‌گرێت به‌مه‌به‌ستی باشتر کردنیان).

چه‌ند سه‌رنجێک له‌سه‌ر تۆماری ئاژه‌ڵان:

1-هه‌ریه‌کێک له‌و سێ جۆره‌ گشتیه‌ی تۆماره‌کان ئه‌کرێت ڕۆژانه‌ بێت وه‌ک ڕێژه‌ی شیردان یان دۆخی ته‌ندروستی و به‌که‌ڵهاتن Estrus time یان هه‌فتانه‌ وه‌ک زیادبوونی کێش یان مانگانه‌ و ساڵانه‌ وه‌ک له‌دایکبوون و وه‌چه‌خستنه‌وه‌.

2-بۆ تۆمارکردنی ئاژه‌ڵان له‌ کێڵگه‌ گه‌وره‌کان به‌تایبه‌ له‌ 20-30 ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر زیاتر به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی پشت به‌ ژماره‌کردن و دیاری کردنیان Animal numbering and tags ئه‌به‌سترێت، به‌زۆری له‌ کاوێژکه‌ره‌کان (مه‌ڕ، مانگا و بزن و گامێش) پشت به‌ ژماره‌ی گوێ ئه‌به‌سترێت که‌به‌گوێیدا ئه‌سمرێ، وه‌ له‌په‌له‌وه‌ر و باڵنده‌ی جوانی پشت به‌ ئه‌ڵقه‌ی قاچ ئه‌به‌سترێ، وه‌ چه‌ند جۆرێکی که‌ش هه‌ن که‌ که‌متر سودیان لێ ئه‌بینرێ وه‌ک بۆیاغ و داخکردنی سارد و گه‌رم یان له‌ ئاژه‌ڵه‌ به‌رزه‌کانی وه‌ک ئه‌سپ زۆرتر قایش و ئه‌ڵقه‌ی مل سودی لێ وه‌ر ئه‌گیرێت.

3-به‌و پێیه‌ی ئێستا ته‌کنه‌لۆژیا زیاتر به‌رده‌سته‌ له‌زۆربه‌ی کێڵگه‌ پێشکه‌وتووه‌کان تۆماره‌کان ئه‌لکترۆنین و وه‌ کێڵگه‌ بچوک و مامناوه‌نده‌کانیش ئه‌توانن هاوشان له‌گه‌ڵ تیانوسی تۆماری کاغه‌زیی بۆخۆیان له‌کۆمپیوته‌ر و موبایل و ئامێره‌ زیره‌که‌که‌نیان ئه‌و تۆماره‌ داخڵ بکه‌ن و له‌ سایت و درایڤه‌ ئینته‌رنێتیه‌کان هه‌ڵیان بگرن

4-له‌نه‌بوونی تۆماردا و به‌تایبه‌ت له‌ کێڵگه‌ی بچوک و ناو گونده‌کان خاوه‌ن ئاژه‌ڵ زیاتر وه‌ک بیره‌وه‌ری خۆی ئاژه‌ڵه‌کان ئه‌ناسێته‌وه‌ و له‌ڕێی ناو لێنانیان و ناساندنیان تۆمارێکی به‌رچاو و بیره‌وه‌ری له‌سه‌ر له‌دایک بوون و ته‌مه‌ن و هه‌ندێک زانیاری که‌می تری لا ئه‌بێت که‌ زۆر باوه‌ڕ پێکراو نیه‌. به‌گشتی ئه‌و کێڵگانه‌ی خاوه‌ن تۆماری گونجاو نین کێشه‌ی به‌بازاڕکردن و مێژووی ئاژه‌ڵه‌کان و هه‌ڵبژاردنیان و مامه‌ڵه‌کردنیان بۆ دروست ئه‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌ندێک زانیاری نادروست له‌سه‌ر ته‌ندروستی و زاوزێێیان.

5-سوده‌کانی بوونی تۆمار زۆرن و به‌رچاون وه‌ به‌گشتی ئه‌مانه‌ن (زانیاری ورد و دروست له‌سه‌ر مێژوو و به‌رهه‌م و ئاکار و ته‌ندروستی ئاژه‌ڵه‌که‌ ئه‌زانریت، له‌کاتی به‌بازاڕکردن ئاسانکاریه‌کی گه‌وره‌یه‌، وه‌ باوه‌ڕپێکراوه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی میری و کڕیاره‌کان و پڕۆژه‌کانی دیکه‌وه‌، و بۆ مامه‌ڵه‌کردن و ناسینه‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌کان ئاسانکارییه‌کی گه‌وره‌یه‌، هه‌روه‌ها بۆ هه‌ڵبژاردن و په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌کانی داهاتوو زۆر به‌سوده، وه‌ سودێکی گه‌وره‌شی هه‌یه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ی زانستیدا‌).

نوسین و ئاماده‌کردن:

باوان مصطفی عبدالرحمن

 (مامۆستای یاریده‌ده‌ر و ئه‌ندازیاری کشتوکاڵی- به‌شی زانستی ئاژه‌ڵ له‌ کۆلێجی زانسته‌ ئه‌ندازیارییه‌ کشتوکاڵییه‌کانی زانکۆی سلێمانی)

 5-1-2022

 




سه‌رچاوه‌ی وێنه‌کان:

Tim Morse. Informed farmers: Livestock, farming and gardening.1

Callie Brown-Farming record keeping.2

Freepik.com/premium-vector/cowshed-illustration-ranch-rural-livestock-dairy-cow.3

 

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: