هەر کەس و شوێن و ماڵپەرێکی دیکە ئەم بابەتە بڵاو دەکاتەوە با ئاماژە بدات بە ناوی بلۆگەری کشتوکاڵ .. بە پێچەوانە هەر شوێنێك بابەتەکە بێ ئاماژەدانی ئێمە بڵاو بکاتەوە ناچار دەبین ناوی لە پەیجی کشتوکاڵ بڵاو بکەینەوە ... هاوکاریتان جێگەی ڕێزە

هێندێ زانیاری دەربارەی گیاکەڵە

گیاکەڵە ، بۆ ڕەگەزی {Orobanche} و خێزانی {Orobanchaceae} دەگەڕێتەوە ، سەر بە کۆمەڵەی ڕووەکە گووڵکەرەکانە ، کە ڕووەکێکی مشەخۆری بێ چەندوچوونە {Obligate parasite} . بە ئینگلیزی { Broomrape } و بە لاتینیش {Orobanche spp.} پێدەگوترێ .
بەشێوەیەکی سەرەکیی ، شوێنی بڵاوبوونەوەی ، لە {ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست} دایە . هەروەها ، لەو شوێنانەدا بڵاو دەبێتەوە ، لە هەمان ئاووهەوایان هەیە ، وەک: {کالیفۆرنیا}و{کوبا}.
گیاکەڵە ، پتر لە {١٠٠} جۆری هەیە ، هەمووشیان لەسەر هەر دوو خێزانی پاقلە {Leguminosea} و ئاوێتە {Compositae}مشەخۆریی دەکەن.
جۆرەکانی گیاکەڵە:-
١- Orobanche cernuna Loef + Orobanche cumanan Wallr
ئەم جۆرە گیاکەڵەیە ، لە نێوچەکانی { روسیا ، توورکیا ، عێراق ، سووریا ، و گرێک } هەیە و لەسەر ڕووەکە هاوینییەکان دەژی ، وەک :- {تەماتە} و { تووتن}.
٢- Orobanche crenata Forsk
ئەم جۆرە لە نێوچەکانی {ئێران ، عێراق ، سووریا ، لیبیا و تونس} هەیە و لەسەر ڕووەکە زستانییەکان دەژی وەک: {گوێزەر} و {نیسک}.
٣- Orobanche aegyptica pers + Orobanche ramose
ئەم جۆرە لە نێوچەکانی { باشووری کوردستان } زۆر دەبیندرێ . هەروەها ، لە ووڵاتانی {مەغریب ، تونس، جەزائیر ، گرێک و پۆڵەند } هەیە و لەسەر ڕووەکەکانی {تەماتە ، تووتن و پەتاتە} دەژی.
٤- Orobanche minor Sm
ئەم جۆرە ، لە ووڵاتانی { توورکیا ، بولگریا پورتەگال ، گرێک و عێراق } ، بە زۆریی دەبینرێ ، پتر لەسەر {وێنجە} و {سێپەڕە} دەژی.
٥- Orobanche lutea Baning
ئەم جۆرە ، لە { ئەڵمان ، پورتوگال و پۆڵەند } زۆر هەیە ، لەسەر /ڕووەکی { سێپەڕە} و {گوارە} دەژی .

٦- Orobanche gracilis Sm
ئەم جۆرە ، لە { مۆریتانیا} و { گرێک } هەیە و لەسەر {سێپەڕە} دەژی.
٧- Orobanche foetida Poir
ئەم جۆرە ، لە {مەغریب} و { مۆریتانیا } هەیە ، لەسەر {وێنجە} و {سێپەڕە} دەژی.

پێناسەی ڕووەکی گیاکەڵە:
ڕووەکێکە ، بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێ دەژی ، بە تۆو زۆردەبێت و دەتوانین سووڕی ژیانی بەم هێڵکارییە ڕوون بکەینەوە:-





تۆوی گیاکەڵە:-
تۆوی گیاکەڵە ، زۆر بچووکە ، کێشەکەی {٤-٩ x ١٠} ملگم دەبێ . قەبارەی تۆوەکەی ، بەپێی جۆر ، شوێنی تۆوەکە لە هێشووی گوڵەکان و بە پێی کەپسوولەکان دەگۆڕێ . بەرگی تۆوەکانی ئەستوورە ، تۆوی گیاکەڵە ، لەم بەشانەی خوارەوە پێکهاتووە : { بەرگی تۆوەکە ، ئەندۆسپێرم کە نیشاستە و ڕۆنی تێدایە ، کۆرپەلە و لەپەکان } ، ڕووەکی گیاکەڵە ، لەیەک کەپسوول دا ، {٥٠٠ – ٥٠٠٠} تۆو ، لە یەک ڕووەک دا بۆ نموونە :  { Orobanche}  لە نێوان {٥٠٠٠ – ٢٠٠٠٠} تۆو دروست دەکات و تۆوەکەشی بۆ ماوەی {١٠} ساڵ و بگرە پتریش ، بە زیندوویی لەخاک دا دەمێنێتەوە.
چەکەرەکردن و گەیاندنی مژەرەکان بە ڕووەکی خێزان : Germination & attachment
تۆوی گیاکەڵە ، کاتێ لە زەوی دا چەکەرەدەکا ، بارودۆخی گونجاوی هەبێ ، بە تایبەتی ، کەرەسەی چالاککاری چەکەرەکە ، ڕەگی خێزانی ڕووەک {Hos} دەریدەدا . ئەم کەرەسەیە ، بەهۆی ئاوی خاکەوە {Soil Water} بڵاو دەبێتەوە.
یەکێ لە هۆکارە گرنگەکانی چەکەرەکردن ، خۆی لە پلەی گەرمیی زەویی دا دەبینێ ، باشترین پلەی گەرمیی چەکەرەکردنیش ، لە نێوان {١٥ – ٢٥} پلەی سەدیی دایە . تۆوی گیاکەڵە ، لە پلەی گەرمیی {٥}ی سەدیی کەمتر ، یا لە {٣٠} پلەی سەدیی پتربێ ، کەمتر چەکەرە دەکا.
لە کاتی چەکەرەکردندا ، گیاکەڵە بۆری ڕواندن {Germ tube} دروست دەکا. ئەم بۆرییە گەورە دەبێ ، لە بەرگی تۆوەکە دێتە دەرەوە و درێژاییەکەشی دەگاتە {٣-٤} ملم . کاتێ بۆری ڕواندن ، دەگاتە ڕەگی ڕووەکە سەرەکییەکە و خۆی لەسەری جێگیر دەکا ، پێی دەڵێن :{Appressorium} ، کارەکەشی ئەوەیە ، لەسەر ڕووی ڕەگەکە جێگیر دەبێ . بەڵام ، گەر بۆری ڕواندن نەیتوانی، بگاتە ئەو ڕووەکەی لێرەدا ، بە ڕەگەکەی دەڵێن : {Haustrium} . واتە : کارەکەی ، خۆی لە مژینی نێو کانزا و کەرەسەی ئەندامی ڕەگەکەدا دەبینێ . بە هەموو بەشەکانی سەرەوە دەگوترێ : {Tubercle}. ئەم بەشەش ، گەشەدەکا و لە قەبارەش دا زیاد دەکا.


گەشەکردنی سەوزیی و دەرکەوتنی گیاکەڵە لەسەر زەویی : Shoot development & ewergence
ڕەگی تاجی ڕووەکەکە {Crown Roots } ، لەسەر {Tubercle} درووستدەبێ . دوایی گۆپکە {Bud} گەشەدەکا ،کە لە دوایشدا ، گەشەکردنی سەوزیی دروستدەکا {Shoot growth} .
لە قۆناغی ژێر زەویی دا {Under ground stage} ، گیاکەڵە کاربۆهیدرات کۆدەکاتەوە . لەم قۆناغەدا ، زۆر بە هێواشیی گەشەدەکا و ئەو خۆراکەی هەڵیگرتووە ، ناتوانێ ، وەک سەرچاوەیەک بەکاریبێنێ ، بۆ ئەوەی گەشەی پێ بکا و گەشەکردنی هەوایی درووستکا . دواییش گوڵ درووست کا . لەکاتی گەشەکردنەکەیدا ، چەن هۆکارێ ، کار لەپلەی گەرمیی زەویی ، کەرەسەی خۆراکی نێو زەویی و بوونی ئەو ڕووەکەی لەسەری دەژی دەکا . گیاکەڵە ماوەی { ٣٠ – ١٠٠ } ڕۆژ لەزەوییدا دەمێنێتەوە ، تا تۆو درووستدەکا ، ماوەی {٣-٧} مانگ دەخایەنێ.

قۆناغی پێگەیشتن و درووستبوونی تۆە:-
گەشەکردنی سەوزایی گیاکەڵە ، ماوەیەکی کەم دەخایەنێ و زۆر بە خێرایی ڕوودەدا . کاتێ بارودۆخێکی گونجاو هەبوو ، دوای ئەوە ، بەچەند ڕۆژێکی کەم ، گیاکەڵەکە لەسەر زەویی دەردەکەوێ ، یەکسەر گوڵدەکا.
قەدی گیاکەڵە ، لە دوو بەش پێکهاتووە : بەشی خوارەوەی گەڵای پەپوولەیی و بەشی سەرەوەشی گوڵی هەڵگرتووە ، کە بە {قنابەBracts} دەورەدراوە. گوڵەکان لەسەر تۆڕێک ڕیزبوون و پێیان دەڵێن سونبولە {Spike} .ڕووەکی گیاکەڵە ، بە تەواوی ، هەموو لەشی بە موو {Hairs} داپۆشراوە.
پیتاندنی {Pollination}گیاکەڵە ، زۆربەیان لە پیتاندنی خۆیی {Self Pol.} پێکهاتووە و هێندێکی کەمیان نەبێ ، وەک: {Or  cernua} پیتاندنەکەی تێکەڵە {Cross pol.}. بەرەکەی لە کەپسوولەیەک پێکهاتووە ، درێژییەکەی ، لە نێوان {٠.٥ - ٢} سم دایە . قەدی گیاکەڵە ، بە تایبەتیی ، قەدە نوێکان ، خواردنی زۆریان تێدا کۆدەبێتەوە . ئەم خواردنە ، بۆ گەشەکردنی گوڵ و درووستکردنی تۆو ، کەڵکی لێ وەردەگیرێ ، لەبەرئەوەی ، گەر هاتوو ، ڕووەکی خێزان {Host plant} بمرێ و لەنێوچێ ، ئەوا لە نێو کەپسوولەکەدا ، بەشێ لە تۆو هەر دروستدەبێ ، بەهۆی ئەو خواردنە کۆکراوەیەی لە قەددا هەیە ، بۆ کەپسوولەکە دەگوێزرێتەوە ، بۆ ئەوەی تۆو درووستکا .



زیانەکانی گیاکەڵە:-
١- زیانەکانی تووشبوون و کارتێکردنی لە ڕووەکەکە:
لەبەرئەوەی گیاکەڵە ، لەسەر ڕووەکی خێزان دەژی ، ئاو ، خۆراک و کەرەسەی ئۆرگانێکی لێ وەردەگرێ . بەم کارەش، کاربۆهیدرات لەژێر زەوییەکەدا کۆدەکاتەوە و لەم ڕێیەشەوە ، بهۆی ئەو ئەو کەرەسانەی ونیکردووە ، کار لە ڕووەکەکە دەکا و لاوازی دەکا . لەهەمان کاتیش دا ، گیاکەڵە زۆر بە جوانیی و خێرایی گەشە دەکا. هەروەها پەستانی ئۆزمۆزیی ڕووەکی خێزان کەمدەکا. لەبەرئەوە ، وادەردەکەوێ ، تووشی هەڵوەرین و سیسبوون {Willing} ، یا ووشکبوون بووە.
٢- جۆرەکانی زیان:
آ- بەرهەم کەمدەکا ، وەک: تۆو و کا.
ب- جۆر و بەهای بەروبوومەکە کەمدەکا.

ڕێی قەلاچۆکردنی گیاکەڵە Broomrape control

١- ڕێی کشتوکاڵیی Cultural method
آ- هەڵکێشان بەدەست Hand weeding
ئەم ڕێیە لە {کوردستان}، ڕێیەکی بڵاوە . بەڵام ، هەڵکێشان بەدەست ، کاتێ دەبێ ، بکرێ کە گیاکەڵە تۆوی درووست نەکردبێ . باشتر وایە ، بە ڕەگەوە هەڵکێشرێ . چونکە ، پارچەیەک گیاکەڵە ، لە نێو زەوییدا بمێنێتەوە دەژێتەوە ، کاتێ بارودۆخێکی گونجاوی بۆ هەڵکەوێ.
ب- چاندنی دڕەنگ Late sowing
Late sowing
 لە کاتێکی دڕەنگ دا ، بەروبوومی سەرەکیی بڕوێنرێ ، ڕووەکەکان کەمتر تووشی گیاکەڵە دەبن . واتە : بەروبوومی سەرەکیی ، بە سەر گیاکەڵەدا زاڵدەبێ و بەرگریی دەکا . چونکە چاندنی دڕەنگ ، بڕی گەشەکردنی سەوزیی ، بەڕێژەی {%٩٠} کەمدەکا. لێرەدا ، باشتر وایە ، ئەو بەروبوومانە بەکاربێ ، کە زوو پێدەگەن {Early maturing}.
ج- بەکارهێنانی بەروبوومی کاتیی {Trap and cath crops}.
ئەو بەروبوومانە کاتێ بەکاردێن ، کە بەروبوومە سەرەکییەکە ناڕوێ و سەرکەوتن بەدەس ناهێنێ ، یا ، لەبەر چەن هۆیەکی دیاریکراو ، پرۆسەی چاندن دواکەوی . بەروبوومەکانیش ، وەک : {هەرزن} و {کەتان} هەر دووکیان لە {%٦٠} ، ڕێژەی گەشەکردنی تۆوی گیاکەڵە کەمدەکەن.
کێڵانی زەویی ، بە قووڵایی {٢٠ - ٤٠}سم ، گیاکەڵەکان هەڵدەکێشێ ، چونکە ، لەسەر زەوییەکە دەردەکەون ، ڕاستەخۆ بەر تیشکی خۆر دەکەون و لەنێودەچن . یا ، هەموویان لە شوینێکدا کۆدەکرێنەوە و لەنێودەبرێن.
گیاکەڵە نابێ ، بۆ خواردنی مانگا ، مەڕ و بزن بەکاربێنرێ . چونکە ، گەر تۆوی درووستکردبێ، لەگەدەی ئەو ئاژەڵانەدا ، هەرس نابێ و لە پیسایییەکەیاندا دەمێنێتەوە . لەبەرئەوە ، جارێکی دیکە دەڕوێتەوە و بڵاودەبێتەوە. 
٢- بەکارهێنانی بەروبوومی بەرگریکار Resistant varieties
بەهۆی بەرنامەی بەخێوکردن و چاککردنەوەوە ، وەک: {هەڵبژاردن} توانراوە ، چەن ڕووەکێ ، یا چەن بەروبوومێکی وەک: {پاقلە} و {گوڵەبەڕۆژە} بدۆزرێتەوە ، بەربەرەکانیی گیاکەڵە بکەن.
٣- ڕێی کیمیاویی Chemical method
آ- بەکارهێنانی دەرمانی : Herbal medicine
تا ئێستە لە جیهان دا ، دەرمانێکی تایبەتیی نییە ، بەسەر گیاکەڵەدا زاڵبێ و لەنێویبەرێ . بۆ نموونە : دەرمانی {Glyphoste} لە کێڵگەی {پاقلە}دا ، بۆ لەنێوبردنی گیاکەڵە بەکارهاتووە ، لە ئەنجام دا دەرکەوتووە: ئەم دەرمانە ، کار لە {پاقلە} دەکا . لەبەرئەوە ، ئەنجامێکی باشی بەدەس نەهێناوە.
ب- بەکارهێنانی دووکەڵی خاک {Soil fumingaute}
وەک {میسیل برۆماید} ، بەکارهێنانی ئەم دەرمانە ، زۆر باشە و بۆ لەنێوبردنی گیاکەڵە زۆر کاریگەرە . بەڵآم ، بە کەمیی بەکاردێ ، چونکە گرانە و ژەهراوییە.
ج- بەکارهێنانی دەرمانی چالاککردنی تۆوی گیاکەڵە Germination stimulant
ئەمەش ئەوەیە ، چەن کەرەسەیە بەکاردێ ، گەشە بە تۆوی گیاکەڵەکان دەکا ، چالاکییان دەکا و کار لە ڕەگی ڕووەکی خێزانەکەشی دەکا. بەڵام ، دوای ئەوەی چالاک و گەورە دەبێ ، ئینجا لەنێودەبرێ.
٤- ڕێی فیزیاویی Physical control
بۆ نموونە : زەویی بە نیلۆن دادەپۆشرێت (Solarization) ، ئەم ڕێیە ، زۆر بڵاو نییە ، چونکە بۆ ڕووبەری زۆر گەورە نابێت ، بەڵکوو تەنیا بۆ ڕووبەری بچووک دەبێت ، لێرەدا بۆ ئەو پارچە زەوییەی دەمانەوێت خاوێنیکەینەوە ، پارچەیەک (Polyethylene)ی ڕوون دەهێنین ، زەوییەکەی پێ دادەپۆشین . دوای ،ماوەیەکی کەم پلەی گەرمیی ەویی بەرزدەبێتەوە ، (گەرمی شێدار) بەهۆی ئەم گەرمییەوە تۆوی گیاکەڵەکان ، بۆ ماوەیەکی کەم گەشەدەکەن بەڵام لەبەرئەوەی ئەم گەرمییە لە زیادبووندایە پلەی گەرمیی زەویی لە (٣٠) پلەی سەدیی پتردەبێ ، کۆرپەلەی تۆوەکە دەکوژێ و چەکەرە ناکا . هەروەها ئەم گەرمییە هەرچی پەتایەکی دیکەش لە زەویدا هەبێ دەیکوژێت.
٥- ڕێی بایۆلۆجیی Biological methods
ڕ‌) بەکارهێنانی (phytomyza orobanchia)
ئەمە مێروویەکە لەسەر گەشەکردنی سەوزایی گیاکەڵەکان دەژی ، هر کاتێک گیاکەڵەکان لەسەر زەویی سەریان دەرهێنا و دەرکەوتن ، ئەم مێرووە پەلاماریان دەدا ، ئێستە لە جیهان دا هەوڵدەدرێت ژمارەی ئەم مێرووە زۆرکەن.
ب‌) کەڕوو Fungi 
بۆ نموونە (Fusarium spp.) لە کوردستان بە تایبەتیی لە کێڵگەکانی تووتن و تەماتەدا جوتیارەکانی لای خۆمان ، بۆ ئەوەی ژمارەی گیاکەڵەکان کەم بکەنەوە و بەسەریان دا زاڵبن ، پێویستە لە نیوەڕوان دا ئاوێکی باشی (تووتن) یان (تەماتە٩ کە بدەن ، ئەم ئاودانە زۆرەش (Fuarium) ێکی زۆر بڵاو دەکاتەوە و بارودۆخێکی گونجاویشی بۆ دروست دەکات لە ئەنجامیشدا گیاکەڵەکان سیس دەکات ، چونکە ئەم کەڕووە ، خانە دارکینەکانی گیاکەڵەکان دەگرێ  ناهێڵێ خواردن بۆ بەشی سەرەوەی گیاکەڵەکان سەربخات بەم کارەش زۆری پێ ناچێت گیاکەڵەکان دەمرن.
٦- بەکارهێنانی ڕێی Genetic engineering
ئەم ڕێیە ئێستە لە (ئەورووپا) زۆر بڵاوە ، ئەمەش لەوە پێکهاتووە ، جیناتی بەرگری ئەو ڕووەکانەی بەربەرەکانی گیاکەڵە دەکەن ، بۆ ئەو ڕووەکانەی توانای بەرگریکردنیان نییە دەگوێزرێنەوە.
ئێستە لە ئەورووپا لە هێندێ توخمی (گوڵە بەڕۆژە) دا کە بەرگەی گیاکەڵە دەگرن و خەسڵەتی بەرگریی بەو ڕووەکانە دەبەخشن  کە نییانە ، دوو جین (or1 + or5) دۆزراوەتەوە بۆ ڕووەکی تەماتە گواستراونەتەوە و توانای ڕووەکەکەی بۆ بەرگرییکردنی گیاکەڵەکە باشترکردووە.
٧- بەکارهێنانی چەن ڕێیەک پێکەوە:
ئێستە لە جیهان دا هەوڵدەدەن ، بۆ لەنێوبردنی گیاکەڵە چەن ڕێیەک بەکاربێنین و زۆر بایەخشی پێ دەدرێ ، بۆ نموونە ڕێی (عازقە) لەگەڵ بەروبوومی بەرگریکار یا بەکارهێنانی چاندنی دڕەنگ ، یان دەرمانی قڕکەر بەکاردێنن ئەم ڕێییە چالاکیی لەنێوبردنەکە بەهێزتر دەکات. 

سەرچاوە:-
لە (Orobanche Field Guide)ەوە وەرگیراوە ، لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردیی .


ئامادەکردنی بابەتەکە:-
دکتۆر نەورۆز عەبدولڕەزاق تایەر
بەشی بەروبوومی کێڵگە / کۆلێژی کشتوکاڵ / زانکۆی سلێمانی

بلۆگەری کشتوکاڵ دووبارە بابەتەکەی نوسیوەتەوە 

سەرچاوە:-
گۆڤاری چەرمۆ  ، ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٧


بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: