باسێکی گشتی پەتاتە:
په‌تاته‌ سێفه‌زه‌مینی ، سێوه‌عه‌رزیله ‌، سێوک ، سێڤک ، یه‌ره‌لماسی ، سێف زه‌مینی ، سێوه‌زه‌مینی ، گیایه‌کی چه‌ند ساڵه‌یه‌ له‌ تیره‌ی (باینجانه‌کان) Solanées، گه‌ڵاکانی بڕاوبڕاو و گوڵه‌کانی چه‌رموو یان به‌نه‌وشن و لاسکه‌که‌ی زۆر هه‌یه‌ و به‌رزیه‌که‌ی ئه‌گاته‌ ٦٠ سم، گیا و گوڵه‌که‌ی زۆر ژه‌هراوین، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌ له‌ بن زه‌ویدا سه‌لکێکی ڕه‌نگ سه‌وز یان سه‌وزی مه‌یله‌و زه‌ردی هه‌یه‌ که‌ بۆ خوارده‌مه‌نیی مرۆڤ زۆر پێویسته‌، ده‌سته‌ و تاقمی په‌تاته‌ش له‌ ڕووی ڕه‌نگی گوڵ و پێستی سه‌لکی په‌تاته‌که‌وه‌ دابه‌ش کراون. فکول (له‌ روانگه‌ی کیمیایه‌وه‌ هه‌مان نشاسته‌ی پێ ئه‌ڵێن که‌ وه‌ک گه‌ردێکی سپی له‌ دانه‌وێڵه‌ی وه‌ک گه‌نم و جۆ و برینج و .. ده‌گیرێ، که‌ له‌ په‌تاته‌دا فکولی پێ ده‌ڵێن) و ڤیتامین Cی زۆری تێدایه‌، به‌تایبه‌تی به‌ گه‌رمی. ئه‌م گیایه‌ به‌ چه‌ند پله‌ دابه‌ش ده‌کرێ، وه‌ک زوو ڕه‌س، وه‌خت ڕه‌س و دێر ڕه‌س. له‌ په‌تاته‌ زۆر چێشت و خواردمه‌نی دروست ده‌کرێ و بۆ ساز کردنی ئه‌لکولیش که‌ڵکی کێ وه‌ر ئه‌گرن. به‌ فه‌رانسه‌یی (Pomme de terre) ی پێده‌ڵێن. بۆ زانیاری زۆرتر چاو له‌ "په‌تاته‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌؟"









په‌تاته‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌؟ هه‌وه‌ڵجار په‌تاته‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌؟
 که‌ باسی په‌تاته‌ ده‌کرێ مرۆڤ یه‌کسه‌ر بیری ده‌چێته‌ سه‌ر وڵاتی(ئیرلاند). هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌تاته‌ له‌ مێژووی وڵاتی ئیرلاندا ڕۆڵێکی کاریگه‌ری هه‌بووە، زیاتر له‌ سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خه‌ڵکی ئێرلاند به‌ته‌واوه‌تی پشتیان به‌ په‌تاته‌ به‌ستبوو و به‌ هێزێک سه‌رکه‌وتووی خۆیانیان داده‌نا، دوای ساڵی ١٨٤٦ نه‌خۆشی له‌ په‌تاته‌که‌یانی دا و به‌ته‌واوه‌تی داهاتی ئه‌و ساڵه‌یانی له‌ نێو برد و زیاتر له‌ ٦٠٠ که‌س له‌ خه‌ڵکی ئێرلاند له‌ برسان مردن! سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش په‌تاته‌ی ناسراو به‌ ناوی ئێرلانده‌وه‌ ناسراوه‌.

په‌تاته‌ به‌رهه‌می خه‌ڵکی (اکوادور) و (پیرۆ)یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌مرۆش په‌تاته‌ به‌ شێوه‌ی خۆرست له‌و وڵاتانه‌دا ده‌ڕوێ. کاتێک ئیسپانولیه‌کان هاتووچۆی (پیرۆ)یان کرد، په‌تاته‌یان دیوە و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شانزده‌هه‌م دا په‌تاته‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان برده‌وه‌ بۆ ئیسپانیا و له‌ نێو خه‌ڵکی ئەوێدا بڵاویان کرده‌وه‌. هێندێکیش له‌و باوه‌ڕه‌دان که‌هه‌وه‌ڵجار ئیسپانولیایه‌کان په‌تاته‌یان بردووه‌ته‌ باکووری ئەمەریکاش. به‌ڵام به‌ڵگه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وه‌ڵجار له‌ ساڵی ١٧١٩ دا له‌ ئێرله‌نده‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئەمەریکا. په‌تاته‌ش هه‌ر وه‌ک ته‌ماته‌ و تووتن، سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی (ڕه‌زڵه‌کان)ه‌، سه‌لکی په‌تاته‌ که‌ له‌ ژێر عه‌رزه‌که‌وه‌یه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ چه‌که‌ره‌ی نه‌پشکووتی ڕووه‌کی په‌تاته‌ن، په‌تاته‌ی ئه‌مڕۆش له‌ گه‌ڵ باپیرانی ئەمەریکایی خۆی زۆر جیاوازی هه‌یه‌ و ئه‌م جیاوازیه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ شێوه‌ی چاندن و بەرهەمهێنانی.
ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ په‌تاته‌ ده‌چێنن، به‌رده‌وام تێده‌کۆشن بۆ ئەوەیپەتاته‌یه‌کی تایبه‌تی بدۆزنه‌وه‌، که‌ بتوانێ له‌ هه‌موو شوێنێک دا به‌رهه‌م بهێندرێ و له‌ بەرامبه‌ر نه‌خۆشیی ڕووه‌که‌کانه‌وه‌ خۆی ڕاگرێ. هه‌روه‌ها سه‌لکه‌که‌ی بێ که‌م کوڕی و ته‌رزه‌که‌شی (گیاکه‌ی) بۆنخۆش و جوان و به‌تام و ڕه‌نگ جوان بێ. له‌ به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه‌ که‌ جوتیاره‌کان تۆوی ڕووه‌کێک دیاری ده‌که‌ن که‌ ئه‌م باشیانه‌ی هه‌بێ. هه‌روه‌ک ده‌زانین په‌تاته‌ له‌ تۆو ناچێندرێ به‌ڵکوو له‌ ڕووه‌کێک که‌ چه‌که‌ره‌ ده‌که‌ن به‌ده‌ست دێ، ئه‌م چه‌که‌رانه‌ش ڕووه‌کێکی نوێ پێک دێنن که‌ گوڵه‌کانی چه‌رموو یان ئه‌رغه‌وانین.
 باڵای په‌تاته‌ ده‌گاته‌ یه‌ک مەتر. کاتێکیش گه‌ڵای په‌تاته‌ سیس بوو، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاتی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌لکه‌کانیه‌تی. په‌تاته‌ زۆرتر بۆ خواردن ده‌چێندرێ، به‌ڵام به‌رهه‌می تریی وه‌ک گه‌ردی په‌تاته‌ (نیشاسته‌)ی هه‌یه‌ و بۆ دروست کردنی مه‌شرووباتی ئه‌لکهولیش به‌کاری ده‌به‌ن. 




چۆنیەتی چاندنی پەتاتە :
ئەتوانین پەتاتە لە ناو بەرمیل یاخود لە ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەوی دا بچێنین بە سەلک یاخود بە تۆو بەڵام ڕێگای زۆر باو و بەکارهێنراو لە جیهان دا بریتییە لە بەکارهێنانی سەلک (درنات). وە تۆویش دەست دەکەوێت بەوەی کە بهێڵین گوڵی ڕووەکەکە پێ بگات و بەر بکات و پاشان تۆوەکەی لێ وەربگیرێت.



لێرەدا  باسی چاندنی پەتاتە بە سەلک یاخود پارچە دەکەین کە گرنگترین ڕێگایە بۆ زۆرکردنی پەتاتە.

کاتی چاندنی پەتاتە:
دوو وەرزی چاندنی هەیە پەتاتە /
 وەرزی بەهارە ١٠/٢ بۆ ١/٣ دەستپێدەکات. 
وەرزی پایزە ١/٨ بۆ ٢٠/٨ دەستپێدەکات.
هەروەها لە هەندێک ناوچە لە ناوەڕاستی وەرزی بەهار دایە و لە ناوچە نیمچە  گەرمەسێر(اڵاستوائیە) و گەرمەسێرەکانیش دا دەتوانرێت بە درێژای ساڵ بچێنرێت بە مەرجێک کە سەلکی باش لە شوێنی باوەڕپێکراوەوە بەکاربهێنرێت .
وە لە کوردستان  عێراق دا لە کۆتای مانگی هەشت ( ئاب ) و سەرەتای مانگی نۆ (ئەیلول) دەست دەکرێت بە چاندنی . 


شێوازی چاندن:
هەندێک لە جوتیارانی پەتاتە ، سەلکە پەتاتەکان بەجێ دەهێڵن تاوەکو چاوەکانی  چەکەرە بکات ، چونکە ئەو پەتاتانەی کە چەکەرەیان کردووە زووتر گەشە دەکەن و بەرهەمی باش دەدەن . 
مەبەستیش لە چاوی پەتاتە ئەو گۆپکانەیە کە لەسەر هەر یەک سەلک پەتاتە بەرچاو دەکەون ، کە هەر سەلکێک ژماریەکی دیاریکراوی چاو لەسەرە و پاش چاندنی سەلکە پەتاتەکان چەکەرە دەکەن و دەبن بە ڕووەکی نوێ .

سەرەتا کاتێک زەویەکە شێیەکی گونجاوی تیادابێت واتە کەشی بێت زەوی دەکێڵرێت بەقوڵایی ٣٠سم پاشان خاک ورد دەکرێت بە ئامێری ووردکەر پاشان زەویەکە لیڤڵ دەکرێت.

ئەگەر پەتاتە بە پارچە ( ‌قاش) زیادکرا ئەوا دەبێت هەر پارچەیەک ٢ بۆ ٤ گۆپکەیەکی لەسەربێت تاوەکو ببێت بە ڕووەکێکی نوێ.
پەتاتەش لە بەرهەمەکانی ناوچە ساردەکانە ، بۆیە دەبێت لە پلەی گەرمی ( ١٥ – ٢١ پلەی سەدی) بەخێوبکرێت ، خۆ ئەگەر پلەی گەرمی بەرەو سەروو ٣٠ پلەی سەدی ڕۆیشت ئەوا گەشەی ڕووەکی پەتاتە دەوەستێت.
لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە پارچە پەتاتەکان ئاستی بڕینەکەیان لە دیوی ژێرەوەی چاڵەکە بێت و گۆپکەکانی سەریشی ڕوویان لەسەرەوە بێت .
پاشان پەتاتەکان بە گڵێکی نەرم و باش دادەپۆشرێن وە ڕاستەوخۆ ئاودانی بۆ دەکرێت کە پێویستە ئاستی ئاوی ناو چۆگەکان لە خوار چاڵەکانەوە بێت ئەگەر ئاودان ڕووکەشی و بە جۆگە بوو . چونکە ئەگەر ئاوی زۆر لەسەر پەتاتە چێندراوەکان کۆ ببێتەوە دەبێتە هۆی ڕزینی پارچە پەتاتەکان و زیان گەیاندن بەو کەسەی کە چاندویەتی.

بۆهەردۆنمێک زەوی (٤٥٠ - ٧٠٠) کیلۆگرام وەک بنە تۆو بەکار دەهێنرێت بەپێی توێژینەوە زانستیەکان ، دەبێت کێشی هەر پەتاتەیەک(٤٠ - ٨٠) گرام بێت کەدەچێندرێت ماوە لەبەینی سەلکە پەتاتەکان (٢٠ -٢٥)سم و ماوەی نێوان دێراو بۆدێراوێکی تر (٧٠ - ٧٥)سم . وە قوڵی چاندنی پەتاتەکان (٨ - ١٢)سم  بێت.
پەتاتە بە ئامێری تایبەتی یان بە دەست دەچێنرێت سەوزکردنی گۆپکەکان بۆ پەتاتە دەکرێت پێش چاندن ئەم سەلکانە کۆمەڵدەکرێت بە چەند چینێکی کەم لەسەر زەوی یان لەناو سندوق دا دەخرێتە بەرتیشکی خۆر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەژێرپلەی گەرمی(١٥ - ١٧) سەدی بۆماوەی ٢ - ٣ هەفتە تاگۆپکە و لقەسەوزەکان دەگاتە ١،٥ سم . 






















































کارە کشتوکاڵییە پێویستەکان بۆ پەتاتە:

چاندنەوە(ترقیع) :
چاندنەوەی ئەوچاڵانەی کە پەتاتەکەی تیا سەوز نەبووە .

ئاودان:
ئاودانێکی هێواش بۆ ڕووەکی پەتاتە باشە ، وە بەشێوەی ماوەی لێک نزیک ٣ بۆ ٤ ڕۆژ جارێک بە پێی کەش و هەوا و گەرمی شوێنەکە ، وە پێویستە شوێنی چاندنەکە بە ئاو نوقم نەکەین لەگەڵ دڵنیابوون لە دابینکردنی شێی پێویست بۆ پەتاتە چێندراوەکان بەشێوەیەکی ڕێک و پێک وە ئاودان دەوەستێنرێت پێش هەڵکەندنی بەرهەمەکە لە کاتێکی گونجاو دا بۆ ئاسانکاری کرداری هەڵکەندنەکە .
واتە پەتاتە پێویستی بەبرێکی باش لە ئاو هەیە لەسەرەتای وەرزی چاندندا کەمی ئاو دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشە هەروەها زۆری ئاویش دەبێتە هۆی بۆگەن کردنی سەلکە پەتاتەکان بۆیە ئاودان بەشێوەیەکی رێکو پێک زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی بەرهەم هێنان .

بژارکردن و پەینکردن:
پاش تەواو بوونی چەکەرەکردن ( دوای ٢٥ بۆ ٣٠ ڕۆژ لە چاندن ) ڕاستەوخۆ دەست دەکرێت بە لابردن و هەڵکێشانی بژار و گیای زیان بەخش پاشان پەینی کیمیاوی زیاد دەکرێت بۆ ڕووەکەکان . پێویستە لەکاتی پاچەکۆڵە دا زۆر ئاگاداری سەلکەپەتاتەکان بین بەم کردارە هەم بژاردەکەین هەم خاک شی دەکەینەوە وفشەڵی دەکەین بۆگەشەکردنی سەلکی پەتاتە هام بۆ هاتوچۆکردنی ئۆکسجینی ناو خاک .

پەینکردن :
 کردارێکی سەرەکیە دەبێت بە پەینی ئۆرگانی و پەینی کیمیایی کەڵگەی بەرهەمهێنانی پەتاتە پەین بکرێت چونکە پەتاتە بڕێکی زۆر ماددەی خۆراکی ناو خاک بەکاردەهێنێت بۆگەشەکردنی بەتایبەتی نایترۆجین و فۆسفۆر .
نایترۆجینN     ٣٠کگم/دۆنم  
 P2O5          ٤٠کگم/دۆنم  
هەروەها یەک دۆنمی چێندراو بە پەتاتە نزیکی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کیلۆ لە پەینی تێکەڵی بە ڕێژەی ( ٢٠ - ٢٠ - سفر) پێ دەدرێت وە پێویستە پەینکردن لەکاتی خۆی دا بکرێت چونکە دواخستنی سوودی نابێت بۆ ڕووەکەکە.

خاکی گونجاو بۆپەتاتە :
باشترین جۆری خاک بۆ چاندنی پەتاتە بریتییە لە خاکی بەپیتی تێکەڵ کە ئاوەڕۆ و هەواگۆڕکێی باشبێت هەروەها پەتاتە لەزۆربەی جۆرەکانی خاکدا دەچێنرێت بەڵام باشترین خاک بۆبەرهەمهێنانی خاکی تێکەڵی لماوی دەوڵەمەند بە ماددەی ئۆرگانیە . دەبێت خاکەکەی بەباشی ئاو دەربهاوێژێت. 

هەڵکەندن و کۆکردنەوە :
پێش هەڵکەندن دەبێت بزانین کە پەتاتەکە پێگەیشتوە یان نا . ئەمەش کاتێ دەزانرێت کە بەشە سەوزەکەی کە قەد و گەڵا دەگرێتەوە بەرە و زەردبوون دەڕوات و پیردەبێت ، یان دەتوانین لەچەند لایەکی کێڵگەکەوە چەند پەتاتەیەک هەڵبکێشین بزانین پەتاتەکە رەقە و توێکڵەکەی بەباشی پێوەی لکاوە ئەگەر توێکڵەکەی شل و چرچ بوو ئەوە جارێ ماویەتی پێبگات.

هەڵکەندنیش بە دوو رێگە دەبێت بە ئامێر(قالعة) یا بە خاکەناز دوای ئەوەی بەشە سەوزەکەی دروێنە یان دەبڕدرێت یا دەتوانرێت بە دەرمانی قرکەری گیا لاببرێت.

پاشان پاک دەکرێتەوە و لە ساردکەرەوە دا هەڵدەگیرێت لەژێر پلەی (٨ - ١٠) سەدی بۆئەوەی سەلکەکان بەباشی رەقبن .








بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:


بابەتی ئەندازیاری کشتوکاڵی /  زرنگ جەبار





ئامادەکردنی بەشێکی بابەتەکە و ڕێکخستنی:

ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: