(Bovine Ephemeral Fever (BEF تای کاتی
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە توشی گا و گامێش (مانگای شیردەر و نەوەنی پەڕین ) دەبێت ، بەشێوەیەکی ئاسایی ئاژەڵەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نەخۆش دەکەوێت پاشان چاک دەبێتەوە ، ئەم نەخۆشییە لە کوردستان هەیە و بە (تای سێ ڕۆژە) ناسراوە ، ساڵانە سەرهەڵئەداتەوە لەبەهار و هاوین دا، لەو نەخۆشیانەیە کە بەهۆی مێشولە و مەگەزی ترەوە بڵاو دەبێتەوە ( arthropod vector-borne disease ) ، بەفارسی پێ دەوترێت (تب سە ڕوزە گاوی) ، بەعەرەبی (حمى ثلاثة أيام) یان (حمى الموقتة).
نیشانەکانی :
١- بەرزبوونەوەی کتوپڕی پلەی گەرمی لەش (تا ، یاو) دەگاتە (٤١ - ٤٢) پلە ، دوای (٣٦) کاتژمێر یان زیاتر پلەی گەرمی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی واتە (٣٨) پلەی سەدی.
٢- دابەزینی کتوپڕ و خێرای (کەم بونەوەی) بەرهەمهێنانی شیر لەمانگادا.
٣- مانگای ئاوس لە قۆناخی پێشکەوتوودا بەردەخات (دواقۆناغی ئاوسی ) ، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشەوە (یاوFever) سەرەڕای کاریگەری ڤایرۆسەکە.
٤- ئاڵف و ئاو ناخوات و توانای جوڵەی نامێنێ(Depressed) ، هەروەها توشی قەبزی دەبێت (Constipation).
٥- هاتنە خوارەوەی لیک بەدەم دا ، ئاوی لوت دێتە خوارەوە بەشێوەی درێژ بۆ خوارەوە ، هەندێ جاریش (فرمێسک) ئاو بەچاویدا دێتە خوار.
٦- ئاژەڵی نەخۆش ، توشی لەرزین دەبێت و گیانی توند و ڕەق دەبێت و توانای جوڵەی کەم دەبێتەوە و لەڕۆژی دووەمەوە شەل دەرئەکەوێت ، جومگەکانی قاچی دەئاوسێن ، هەندێ جار کاکیلەشی دەئاوسێ، دەوروبەری چاوی دەئاوسێ ،هەندێ لە ئاژەڵەکان بەتایبەت ئەوانەی قەبارەیان گەورەیە دەکەون و توانای هەڵسانەوەیان نیە ، توشی کەمی کالسیۆم دەبن.
٧- لە دوای سێ ڕۆژەوە ، ئاژەڵەکە هەڵدەستێتەوە دەست دەکات بەخواردن واتە باش دەبێتەوە ، هەرچەند تا دوای چەند ڕۆژێکی تر(٢-٣) بێ هێزو لاواز وشەل دیارە.
٨- زۆربەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە لەماوەیەکی کورت چاک دەبنەوە ، سەرباری هەندێ حاڵەتی جیاواز کە لەماوەی (٢٤) کاتژمێر دا چاک دەبنەوە و هەندێکیش بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک درێژە دەکێشێت ، گوێرەکەی خوار تەمەن (١٢) مانگ زۆر بەهێواشی دەیگرێت.
٩- بەرهەمی شیر لەمانگادا دێتە خوارەوە بۆ زیاترلە(%٥٠) نیوە ، بەتایبەت ئەو مانگایانەی کە بەرهەمی شیریان زۆرە ، دوای چاک بوونەوە ، سێ هەفتە دەخایەنێ تا بەرهەمی شیر دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.
١٠- گا (نەوەن) و مانگای قەڵەو کاریگەری نەخۆشیەکەیان زیاتر لەسەر دەرئەکەوێ و دڕەنگیش دەگەرێنەوە باری ئاسایی هەندێ گای نێر توشی نەزۆکی دەبن ، کە ماوەی (3-6 ) مانگ دەخایەنێ ئینجا باش دەبنەوە، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمییەوە، نەزۆکی هەمیشەیی ڕونادات ، بەڵام ئەگەریشی هەیە.
١١- هەندێ جار ئاژەڵی توش بوو توشی شەلەل دەبێت بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسەکە لەسەر دڕکە مۆخ.
١٢- مردار بوونەوەی هەندێ ئاژەڵ کە بەتوندی تووشی نەخۆشییەکە بوون لە ٪1 تێپەرناکات.
هۆکاری نەخۆشییەکە:
هۆکاری ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسی Ephemero virus لە خێزانی رابدۆ (Rhabdo viridae) یە ئەم ڤایرۆسە هەستیارە لە PH ژێر ٥ و سەروی ١٠ واتە بەرگە ناگرێ و دەمرێ.
تائیستا هیچ بەڵگەیەک نیە کە مرۆڤ توشی ئەم ڤایرۆسە یان نەخۆشییە ببێت.
چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکە:
نەخۆشییەکە بەهۆی جۆرەها مێشوولە و مەگەز و مێروی بگەزە وە دەگوازرێتەوە ، لەئاژەڵی نەخۆشەوە بۆ ساغەکان ، کاتێ دەنیشێ بە لیک و چڵم ویان خوێن دەمژێ ...هتد هەروەها وەک هەموو نەخۆشیەکانی تر لەڕێگای بەریەک کەوتن و تێکەڵاوبوونی ئاژەڵی ساغ لەگەڵ نەخۆشدا ، کەش وهەوا کاریگەری هەیە بۆ سەرهەڵدان و بڵاو بوونەوەی نەخۆشیەکە بەتایبەت ئەو وەرزانەی کە مێشولە و مێروەکان زۆرن (بەهارو هاوین) ، بۆیە ڕودانی نەخۆشیەکەش کاتێکی دیاری کراوی نییە. لەڕێگای تاقیگەوە مانگا توش دەبێ ، واتە خوێنی مانگایەکی نەخۆش بکرێتە ناو مانگایەکی ساغەوە.
مێژووی ڕودانی نەخۆشیەکە Epidemiology :
پێش ساڵی 1975 لە باکورو باشوری ڕۆژئاوای وڵاتی ئوسترالیا چەندین جار تۆمار کراوە وەک نەخۆشییەکی وەبایی و بومی، کە بەشیوەیەکی بەربڵاو مانگای توشی نەخۆشی کردوە لەماوەی نیوان (١٠-١٥) ساڵدا چەندین جار کەوتنەوەی نەخۆشیەکە ڕووی داوە و نەیان زانیوە چ نەخۆشییەکە.
ئێستا ئەم نەخۆشییە لەئوسترالیا هەروەها لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیا بوونی هەیە.
کاتی ڕوودانی نەخۆشیەکە لە هەرێمی کوردستان تا ئیستا کە خۆم ئادگاداربم لەسەرەتای بەهاردا بینیومە واتە لەمانگی ئازارو نیسان ، هەروەها دواتر تا دەگاتە مانگەکانی هاوین ، ئێستا کە مانگی هەشتە ئەم نەخۆشییە هەمدیسان سەری هەڵداوەتەوە و چەندین حالەت تۆمار کراوە.
بۆیە دەتوانین بڵێن کاتی ڕودانی نەخۆشییەکە جیاوازە و لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا بۆی هەیە سەرهەڵبدا ، بەتایبەت لە دوای باران بارین و گەرما ، واتە هەتا مانگی دە (بەهار ، هاوین ، پایزیش) لەم وەرزانەدا مێش و مەگەزو مێرووەکان چالاکن لە کوردستان.
ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە بەشیوەیەکی گشتی لە ناوچە خولگەی کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەیی هەیە (Tropical & Subtropical regions)
دەست نیشان کردنی نەخۆشیەکە Diagnosis :
بۆ دەست نیشان و ناسینی نەخۆشییەکە لەکاتێک دا کە مانگای نەخۆش ڤاکسین نەکرابێ و یەکەمجاریش بێ توشی نەخۆشییەکە بوبێت ، پشت دەبەستین بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە ، بەڵام لەکاتێک دا کەپێشتر کوتان و بەرگری کرابێ بۆ ئاژەڵەکان ، ئەوا لەم کاتەدا سەرباری نیشانەکان پێویستمان بە یارمەتی تاقیگە هەیە ، ئەویش دەبێت دوو جار خوێن وەربگرین لەئاژەڵی نەخۆش ، یەکەم جار لە سەرەتای دەست پێ کردنی نەخۆشیەکەوە و دواتر دوای سێ هەفتە لە باش بوونەوەی نەخۆشیەکە ، لەم کاتەدا وەڵامدانەوەی ئەنتی بۆدی بۆ نەخۆشی سێ ڕۆژە لە ئەزمونی دوەم جاردا زۆر بەرزترە لەیەکەم و بەوشێوەیە بۆمان دەرئەکەوێت کە ئاژەڵەکە توشی نەخۆشی سێ ڕۆژە بووە.
بۆ ناسینەوەی ڤایرۆسەکە ئەم ئەزمونانە بەکار دێنین لە تاقیگەدا (Immunofluorescence and Immunostaining )، ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە لە ناو خوێنی مانگای چاکەوەبوو دا نامێنێت ، پاش توش بوونی بەنەخۆشییەکە.
هەروەها ئەزمونەکانی PCR و ELISA بەکار دەهێنین بۆ دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکە.
چارەسەر Treatment :
چارەسەری دەرمانی بۆ گایەک ، (گاگەل) ێک یان گاودارییەکی بێ بەرهەم ( واتە بەرهەمی شیرو زاوزێان نەبێ ) پێوست نییە ، بەڵام چارەسەر و کۆمەکی دەرمانی زۆر پێوستە بۆ (مانگای شیردەرو گای پەڕین) ، لەم کاتەدا سەرباری چارەسەری دەرمانی دەبێت ئاوی پاک خواردنی تەواو بدرێ بە ئاژەڵەکان ، وە نابێ لە بەرخۆر و شوێنی گەرم دا دابنرێن ، دەبێت ببرێنە شوێنێکی پاکو فێنک.
هەر ئاژەڵێک کە پاڵ دەکەوێت و ناتوانێت هەڵسێتەوە بەهۆی نەخۆشیەکەوە بەتایبەت مانگای شیر و گای پەڕین پێوست دەکات ڕۆژانە چەندین جار ئەمدیو و ئەودیوی بکەین و هەڵی گێڕینەوە تاکو سوڕی خۆێن ئازاد بێت و کاریگەری نەبێت لەسەر ماسولکەکان کە دەکەوێت بەسەری دا ،هاوکات دەرمانی پێوست بکرێت ، بەتایبەت لەم کاتەدا کالسیۆم زۆر پێوستە بدرێ بەو ئاژەڵانەی کە پال دەکەون و توانای هەستانەوەیان نیە هاوکات دەرمانی دژە ژیان (Antibiotic) زۆر پێوستە تا ڕێگری بکرێ لە توشبونی بەنەخۆشی تری لاوەکی.
هەروەها بەکار هێنانی دەرمانی دژە هەوکردنی نامیکرۆبی (Anti-inflammatory drugs) زۆر پێوستە بۆ یارمەتی دانی ئاژەڵی کەوتوو تا هەستێتەوە.
نەخۆشی سێ ڕۆژە کاریگەری دەبێت لەسەر کرداری قوت دانی خواردن ، بۆیە نابێت لەکاتی چارەسەردا ، بەزۆر و بەپەلە دەرمان دەرخواردی ئاژەڵی توش بوو بدەین ، نەوەک بپەرێتە بۆری هەوای ئاژەڵەکەوە و ببێتە هۆی خنکان یان هەوکردنی سییەکان.
بەرگری Immunity :
هەر ئاژەڵێک (مانگا ، گامێش) کە توشی نەخۆشییەکە بوو و دواتر چاک بویەوە ، ئیتر لەشی بەرگری پەیدا دەکات بۆ ماوەی چەند ساڵێک توشی ئەم نەخۆشییە نابێتەوە ، هەندێکیان بەدرێژی ژیان بەرگری دروست دەکەن ، هەندێ مانگای بەتەمەن دوای چەند سالێک توشی نەخۆشییەکە دەبنەوە .
بۆ ڕێگری (Prevention) لە کەوتنەوە و ڕووودانی نەخۆشییە کە ڤاکسینی (زیندووLive + نازیندوInactivate ) بەکار دەهێنرێت لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دا تائێستا ئەم ڤاکسینە لە کوردستان بەکار نەهێنراوە و نرخیشی زۆر گرانە.
ڤاکسینی زیندوو Live vaccine :
ئەم ڤاکسینە بەستوو وشکە و دەبێت هەمیشە بەو جۆرە بێت ، تا ئەو کاتەی کە دەگیرێتەوە و لەناو ئاوی تایبەتی خۆی دەتوێنرێتەوە و خێرا بەکار دەهێنرێت لەڕووی ئابورییەوە گرانە و بەرگری باش ئەدات.
ئەم ڤاکسینە بەستوو وشکە و دەبێت هەمیشە بەو جۆرە بێت ، تا ئەو کاتەی کە دەگیرێتەوە و لەناو ئاوی تایبەتی خۆی دەتوێنرێتەوە و خێرا بەکار دەهێنرێت لەڕووی ئابورییەوە گرانە و بەرگری باش ئەدات.
ڤاکسینی نازیندو(ناچالاک inactivated vaccine ) یان killed vaccine :
ئەم جۆرەیان لەڤاکسین بەسارد کراوەیی هەڵ دەگیرێ لە ناو ساردکەرەوەدا ، نرخی هەرزانترە و بەکارهێنانی ئاسانترە ، بەرگری کەمتر ئەدات لە چاو ڤاکسینی زیندوودا.
* لەتەمەنی ٦ مانگی دا یەکەم ڤاکسین بۆ گوێرەکە دەکرێت ، ئینجا دوای(٢-٤) هەفتە بۆی دوبارە دەکرێتەوە، هەروەها ڤاکسینی چالاک کەرەوەی ساڵانە ئەنجام ئەدرێ دوو مانگ پێش هاتنی وەرزی کەوتنەوەی نەخۆشیەکە.
ئەم جۆرەیان لەڤاکسین بەسارد کراوەیی هەڵ دەگیرێ لە ناو ساردکەرەوەدا ، نرخی هەرزانترە و بەکارهێنانی ئاسانترە ، بەرگری کەمتر ئەدات لە چاو ڤاکسینی زیندوودا.
* لەتەمەنی ٦ مانگی دا یەکەم ڤاکسین بۆ گوێرەکە دەکرێت ، ئینجا دوای(٢-٤) هەفتە بۆی دوبارە دەکرێتەوە، هەروەها ڤاکسینی چالاک کەرەوەی ساڵانە ئەنجام ئەدرێ دوو مانگ پێش هاتنی وەرزی کەوتنەوەی نەخۆشیەکە.
* لە ژاپۆن ڤاکسینی نا زیندوو بەرهەم هاتوە لەوڵاتی ئیران بەکار دەهێنرێت ، بڕی ٣ مل ئەدرێ لە مانگا ، بەرنامەی ڤاکسین و کوتانی بەم شێوەیە:
( کوتانی سەرەتایی و ساڵانە ) گوێرەکەی لەدایک بوو لە دایکێکی ڤاکسینکراو لە تەمەنی شەش مانگی دەبێت ، دواتر داوی (٣-٤) هەفتە دوبارە دەکرێتەوە ، ئینجا ساڵانە کوتان دەکرێت.
( کوتانی سەرەتایی و ساڵانە ) گوێرەکەی لەدایک بوو لە دایکێکی ڤاکسینکراو لە تەمەنی شەش مانگی دەبێت ، دواتر داوی (٣-٤) هەفتە دوبارە دەکرێتەوە ، ئینجا ساڵانە کوتان دەکرێت.
نابێ ئاژەڵی نەخۆش بکوترێت ، دەبێت ئاژەڵی تەندروست بکوترێ ، هەروەها هەموو ڕێکاری زانستی بگیرێتە بەر بۆ هەڵگرتن و پاراستنی ڤاکسینەکە ، بەهەمان شێوە لەکاتی بەکار هێنان دا ، ئاژەڵی کوتراو دوای چوار هەفتە بەرگری تەواو لە لەشی دا دروست دەبێت ، لەکاتێکدا زۆربەی ڤاکسینەکان دوای سێ هەفتە بەرگری تەواو ئەدەن بەلەش.
هەروەها کۆنترۆڵ کردنی هاتوچۆی ئاژەڵ زۆر گرنگە ،ڕێگە بگیرێت لە جوڵەی ئاژەڵی نەخۆش لە شوێنی توش بوو بۆ شوێنە پاکژەکان ، و بەپێچەوانەوە. لەگەڵ قەڵاچۆ کردنی هەموو جۆرەکانی مێش و مەگەز کە هۆکارن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە.
جیاکردنەوەی نەخۆشییەکە :
ئەم نەخۆشییە زۆر لە نەخۆشی تەبەق FMD دەچێت ، بەڵام زۆر بەئاسانی دەتوانین لەیەکیان جیا بکەینەوە بەهۆی نیشانەکانیەوە.
دکتۆر ناجح گوڵپی
19/8/2015
بۆچوون: