موسەنەک یان هەشەگیرە Cocklebur
ناوی زانستی: xanthium strumarium
بەفارسی پێ دەوترێ ( توق ، زەردینە) بەعەرەبی (العشب الخشن أو اللزيق)
گیای موسەنەک لەو گیا ژەهراوییانەیە کە ئاژەڵ بیخوات دەبێتە هۆی مردار بونەوەی بەهۆی بوونی ماددەی کاربۆکسی تراکتیلۆساید (Carboxyatractyloside) لە ناو گەڵا و لاسک و بەرەکەیدا، کە جۆرێکە لە گلایکۆسیدە ژەهراویەکان.
موسەنەک گیایەکی خۆرسکە زۆر ئازایە لە قەراخ جادە و سەر زبڵدان و لە دەشتایی و زەوییە باهیرەکان دەڕوێ، وەک گیایەکی بژاری لەناو مەزراکان دا دەبینرێ ، زۆرحەزی لە ئاوە ، هەمیشە لەشوێنێک سەوز دەبێت کەئاوی لێ بی ، بەتایبەت نزیک قەراخی جۆگەکان ، دەشتی شارەزوور و دەوروبەری دەریاچەی سیروان پڕیەتی لەم گیایە (ئەو زەوییانەی دەبن بەژێر دەریا و ئاوەوە دواتر ئاو بەجێیان دەهێڵێ) ، نزیکەی(٥٠ - ١٢٠) سم بەرز دەبێتەوە و پەلو پۆی زۆر دەهاوێ بەم لاو بەولادا زیاتر لەمەترێکیش بە باری پانی دا گەڵاو لاسکەکانی بڵاو دەبێتەوە. گەڵاکانی لەشێوەی سێ گۆشەیی و خڕ و گۆشە دارن ڕەنگیان سەوزە ، زبرن ، هەندێك جار ڕەگێکی سپی وەک تاڵە دەزوو لەناو گەلاکانی دا دەر ئەکەوی.
موسەنەک گوڵ دەکات و ئەندامی نێرەو مێیەی هەیە ، دەیکات بە بەر و وەختێ کە ڕۆژگار کورت بێتەوە بەتایبەت لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پایزدا ، حەزی لە کەش و هەوای گەرمە .
ئەم گیایە تەمەنی یەک ساڵەیە و لەبەهار و هاوین دا سەوز دەبێ و لەپایزدا بەر دەگرێ ، دوو شێوە بەر دەگرێ، هەیانە بە تاک تاک بەر دەگرێ و هەیانە بەشێوەی کۆمەڵ هێشویی، بەرەکەی نزیکەی (٢ سم ) دەبێ ، شێوەی درێژکۆلە و خڕە، بەری ئەم گیا یە لە ڕووی دەرەوە داپۆشراوە بە بەرگێکی دڕکاوی تیژو ڕەق، لەناوەوە دوو دەنک تۆوی تێدایە ڕەنگی قاوەیی مەیلە و ڕەشە ، بەهۆی ئەم تۆوەوە گیاکە زۆر دەبێت و لە شوێنی تر سەوز دەبێت ، بەهۆی باوە دەگوازرێتەوە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، هەروەها بەهۆی دڕکەکانییەوە دەنوسێ بەجل و بەرگی مرۆڤەوە و یان شتی ترەوە و دەگوازرێتەوە ، لە هەردووکیان گرنگتر بەهۆی نوسانی بە خوری مەڕ و مووی بزنەوە دەگوازرێتەوە ، بەتایبەت لەوەرزی پایزدا خوری مەڕەکان پڕ دەبێت لە موسەنەک کاتێ دەرۆنە شوێنێک موسەنەکی لێ بێت و دڕکەکە دەنوسێ بەخورییەکەیەوە و دواتر زۆر بە گرانی لە خورییەکە دەبێتەوە و دەستی خاوەنەکی بریندار دەکات ، تۆوەکە سەرەتا سەوزە پاش ئەوەی پێ دەگات ڕەنگی دەپەرێ و دەورێ یان لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە.
ئەم گیایە بومی ڕۆژئاوای کەرتی ئاسیا و کەرتی ئەمریکایە ، (لە کوردستان بەتایبەت لە دەشتی شارەزوور زۆر زەبەندە)، نزیکەی ٢٠٠ جۆر لەم گیایە هەیە لە ڕەگەزو خێزان و بنەمالەکانی دا، بەڵام هەر خێزانە چەند جۆرێکی ناسێنراون و گرنگییان پێ ئەدرێ و تائیستاش نزیکەی دە جۆر لەم گیایە لە سەرئاستی جیهان ناسێنراون و گرنگیان پێ دراوە.
ژەهراوی بوونی ئاژەڵ بە موسەنەک:
لە وڵاتانی ڕۆژئاوا موسەنەک بەگیایەکی ژەهراوی ناسراوە و هیچ ئەژمارێکی وەک گیایەکی پزیشکی بۆ نەکراوە ، وە لای خۆشمان لە کوردستان بەهەمان شێوە لەلایەن ئاژەڵدارانەوە بەگیایەکی ژەهراوی ناسراوە .
هیچ ئاژەڵێک ئەم گیایە ناخوات ئەگەر لەوەڕی تری هەبێت ، بەڵام لەکاتی ناچاری و لە بێ لەوەڕی و برسێتی دا زۆر بەی ئاژەلەکان دەیخۆن و ژەهراوی دەبن وەک ( ئەسپ ، گوێ دریژ، مانگا ، مەڕ ، بزن ، پەلەوەر واتە مریشک و قەل و قاز) هەروەها بەراز کە ئاژەڵێکی هەڵ بژێر نیە لەخواردن دا ئەگەر بیخوات ژەهراوی دەبێت و مردار دەبێتەوە.
گیای تازە پێگەیشتوو (شەتڵ) و بەری ئەم گیایە( دڕکە موسەنەک) زۆرترین ژەهری تیدایە لە چاو بەشەکانی تریدا و ژەهراوی ترین بەشەکانیەتی، نیشانەکانی ژەهراوی بوون لە دوای چەند کاژێرێک (٢-٢٤)کاژێر دەرئەکەوێ لە سەر ئەو ئاژەڵانەی کە ئەم بەشانەی دەخۆن ، مردارەوەبوون بەپێی بڕی ژەهرەکەیە یان بڕی ئەو گیایەی کە خواردویەتی ، هەندێ جار دوای ٣ ڕۆژ مردار دەبێتەوە یان کەمتر.
نیشانەکانی ژەهراوی بوون لەسەر ئاژەڵ:
لەسەر کۆئەندامی دەمار دەرئەکەوێت پاشان کاریگەری لەسەر جگەر دەبێت و لە کار دەکەوێت ، ئاژەڵی توشبوو و نەخۆش نیشانەی بزێوی و پاشان کەم جوڵە دەبێت و هیچی پێ ناخورێ ، ئینجا گێژ و بێ تاقەت دەبێ و هەست بە ڕشانەوە دەکات، ژانە سک و لاوازی ماسولکەکانی و ملی لار دەبێت بەهۆیەوە سەیری لا ورگی دەکات بەهۆی کاریگەری ژەهرەکەوە ، لێدانی ترپەی دڵ لاواز و خێرا دەبێ ، هەناسە تەنگی و دواتر مردار بوونەوەی ئاژەڵەکە لە دوای ٣ ڕۆژ یان کەمتر . هەندێ جار مانگای توش بوو کوێر دەبێ و زۆر هەستیار دەبێ بە کارتێکەرەکانی دەورو بەر، گوێرەکەی ساوا لەماوەی ١٢ کاژێردا مردار دەبێتەوە.
ناوکی موسەنەک و دڕکەکەی ماددەیەکی تێدایە بەناوی (Carboxyatractyloside) کاربۆکسی تراکتیلۆساید ، ئەم ماددە دەبێتە هۆی مانەوە و درەنگ سەوز بوونی تۆوی موسەنەکەکە و هەروەها ناهێڵێت تۆوی تر لە دەور و بەری سەوز ببێت ، ئەگەر دڕکەکانی پێوە نەمێنێ زووتر چەکەرە دەکات و سەوز دەبێت. ژەهری موسەنەک لە ناو گیای وشک کراودا هەر دەمێنی و ئاژەڵ دەکوژێت.
بەکار هێنانی گیای موسەنەک لەلایەن مرۆڤەوە:
مرۆڤ لەدێر زەمانەوە سوودی وەرگرتووە لەم گیایە (خانسیوم ) (Xanthium) بەواتای زەرد دێت لە زمانی یۆنانی کۆن دا، واتە گیای موسەنەک ڕەنگی زەردیان لێ دروست کردووە ، سەرەتا بەرەکەی سەوزە دواتر کەپێ دەگات مەیلە و زەرد دەبێت و هەندێ جار قاوەی . ڕۆنی ناوکی موسەنەک زۆر ژەهراویە و لەلایەن مرۆڤەوە بەکار نەهاتووە. هەروەها پزیشکە چینیەکان سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ چارەسەری سوربوونەوەی لوت و جیوب.
لە وڵاتی بەنگلادیش ساڵی٢٠٠٧ لەئەنجامی لافاو و برسێتی خەڵک خواردویەتی و نزیکەی 19 کەسی کوشتووە سەدانی نەخۆش خستووە کە نیشانەکانی ڕشانەوە و گێژی و لەهۆش چوون بووە ئینجا مردن. هەروەها ئەگەر بەتاقی کردنەوە بدرێ لەپێستی مرۆڤ دەبێتە هۆی سوور بوونەوە و خوران.
لەکەنەدا لەلایەن هۆزی زونییەوە تۆوی موسەنەکیان کوتاوە و وەک سواغ و بۆیاخ داویانە لەخۆیان تا لەشیان بپارێزن لە درەختە دڕکاویەکانی تر، هەروەها بە کوتراوی تۆوی موسەنکیان خستۆتە سەر ئەوشوێنانەی کە پارچەی ئاسن و دارو بەرد و بریندار بووە بۆ دەرهێنانەوەی پارچەکان.
ناسینەوەی ژەهروای بوون لەئاژەڵ دا:
نیشانەکانی ژەهراوی بوون و شوێنی لەوەراندنی ئاژەڵەکان یارمەتی دەرن بۆ ناسینەوەی جۆری ژەهراوی بوونەکە ،هەروەها ئەو ئەزمونانەی کە لەتا قیگەدا بەکار دەهێنرێن بۆ ناسینەوەی لەکار کەوتنی جگەر کۆمەکمان دەکات بۆ دەست نیشان کردن.
چارەسەری ژەهروای بوون لەئاژەڵ دا:
بەپێ ی نیشانەکانی چارەسەر دەکرێت لەلایەن پزیشکی ڤێترنەرییەوە.
ئەگەر زوو پێی ی بزانین زەیتی مەعدەنی و جۆرێک لە کاربۆن بەکار دەهێنرێت لە ڕێگای دەمەوە تا ڕێژەی هەڵمژینی ژەهرەکە کەم بکاتەوە بەزووترین کات خواردنەکە فڕێ بداتە دەرەوە ، واتە ماددەیەکی لاکسەتیڤ (Laxative) هەروەها دەرمانی وریا کەرەوە و دەرمانی چارەسەری لەرزینی ماسولکەکان گرنگە بەکار بهێنرێت.
ئامادەکردنی:
پزیشکی ڤێترنەری ڕاوێژکار
دکتۆر ناجح گوڵپی
28/8/2015
n.gulpy@gmail.com
بۆچوون: