ناوى عەرەبى: زمزريق
، أرجوان
ناوى ئینگلیزى: Eastern Redbud ، Judas Tree
ناوى زانستى: Cercis siliquastrum
ناوى خێزان: Fabaceae
ناوى درەختەکە (ئەرخەوان) لە ڕەنگى گوڵەکەیەوە وەرگیراوە، هەروەها پێشى دەوترێت درەختى دڵدارى ( شجرە الحب Love tree) درەختێکە لە کۆمەڵەى پاقلە مەنییەکان بۆ مەبەستى ڕازاندنەوە دەڕوێنرێت، درەختێکى لق و پۆپ بڵاوە نزیکەى ٦ – ١٠ مەتر بەرز دەبێتەوە لە درەختەکانى جوانکارییە و دەڕوێنرێت لەبەر جوانى گوڵەکان و بەشى سەوزى، کە دەتوانین لەسەر شەقام و ناو باخچەکان بیڕوێنین، هەروەها درەختێکى گەڵا وەریوە، لق و گەڵاکان ساف و بێ موون، توێکڵى لقەکەى خۆڵەمێشییەکى تۆخە، لقە ناسکەکانى ڕەنگ ئەرخەوانى و بریسکە دارن، گەڵاکانى شێوەى سادەى دڵـى یە، گوڵەکەى لەسەر لقى ساڵـى پێشوو دەبێت وە بەر لە گەڵاکەى دەردەکەوێت، ڕەنگەکەى مێخەکى مەیلەو سوورە، لە قەدپاڵـى چیاکان و شیو و دۆڵەکاندا دەڕوێت لە بەرزایى ٩٠٠ مەتردا، لە نێوان مانگى مارت (٣) و مایس (٤) گوڵ دەکات وە لەنێوان مایس (٤) و تەمووز (٧) بەر دەگرێت وە هەتا کۆتایى ساڵ بە درەختەکەوە دەمێنێتەوە کە تۆوەکانى لەناو بەرگێک دایە درێژیەکەى ٨ – ١٠ سم بە شێوەیەکى زۆر تایبەتمەند، تۆوەکەى خڕ و قوپاوە بەڕەنگێکى قاوەیى.
بە شێوەیەکى ئاسایى لە ناوچەى خوارووى دارستانەکانى عێراقدا دەڕوێت جگە لەوەى لە ناوچە زوورگ و دەشتەکاندا دەڕوێت، هەروەها لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بۆڵقان و دورگەکانى ئیجە–Aegean و رۆدسى و قودس و سوریا و لوبنان و فەلەستین و ئوردن و تورکیا و ئێران و ئەفغانستان و ناوەراستى ئاسیا وە باکورى ئەمەریکادا بەشێوەیەکى کێویلە دەڕوێت و لە باخچەکانیشدا دەڕوێنرێت.
ابن
البیطار گوتوویەتى: گوڵەکەى جوان و تام خۆشە و دەخورێت، ژنان گوڵەکەى دەسوتێنن و خۆڵەمێشە سوورەکەى بۆ ڕەشکردنى برۆ و قژ بەکار دەهێنن. چایى خووساوەى گوڵەکانى وەک دەرمانى ڕشێنەرەوە( مقی Emetic) خوراوەتەوە، هەروەها گوتوویەتى کە فارسەکان بە شەرابیان گوتووە (ئاوى ئەرخەوان) پسپۆڕان لێدلـى(Lidley) و موور(Moore) گوتوویانە کە گوڵـى ئەرخەوان لەلایەن فرەنساییەکانى کەنەداوە بۆ زەڵاتە و ترشیات و لقە ناسکەکانى بۆ بۆیەکردنى خورى بەکار هێنراوە. پسپۆڕ ئۆفۆف (Uphof) لە ١٩٥٩ دا وتوویەتى توێکڵى ئەم درەختە لەلایەن هیندییەکانى باکوورى ئەمەریکاوە بە شێوەى دەرمانێکى گیرکەرى (قابچ Astringent) بەهێز بەکار هێناوە. درەختـى ئەرخەوان لەبەر گوڵە ئەرخەوانییە جوانەکەى لە باخچەکاندا دەڕوێنرێت، بەتایبەتى لە ناوچەى باکووردا بەپێى ڕاپۆرتەکەى ریهدەر (Rihder) لە ١٩٢٧ دا ئەم درەختە بەر لە ٤٠٠ ساڵ زیاتر لەمەوپێشەوە لە ئەوروپا و ئەمەریکادا ڕواوە، بۆیە بە ئینگلیزى پێیدەوترێت (Judas tree) واتە درەختى یەهود، گوایە یەهوداى ئەسخریوتى خۆى لەسەر یەکێک لەم درەختانە خنکاندووە.
زۆرکردنى ئەرخەوان: زۆر دەکرێت بە تۆو و قەڵەمى قەد، لە خاکێکى گونجاى سوک وە ئاوەڕۆى باش بێت و ئاوى تێدا کۆنەبێەوە وە پلەى ترشیەتى خاکەکەى pH: 5.5 – 8.0 باشە بۆى، درەختێکە بەرگەى زوقم و شەختە دەگرێت بەڵام بەرگەى وشى ناگرێت و پێویستى بە ئاودانە.
ئامادەکردنى:
شاڵاو عبدالرحمن
دەرچووى پەیمانگاى کشتوکاڵى
سەرچاوە:
کەمال جەلال غەریب / کەڵەفەرهەنگى ڕووەکەکان
بۆچوون: