وەک ئاشکرایە کەروێشکیش وەک هەموو ئاژەڵەکانی تر کۆئەندامی هەرسی پێک دێت لە( دەم، قورگ، سورێنچک، گەدە، و ڕیخۆڵەکان و ئەو ڕژێنانەی کە بەستراون بە کۆئەندامی هەرسەوە و یارمەتی هەرسکردنی خۆراک ئەدەن وەک جگەر و پەنکریاس و لیکە ڕژێنەکان ).
خواردن لەدەمەوە  پاش جوین و  وردکردن و قوت دانی لەوقوڕگەوە بۆ سورێنچک ئینجا  بۆ گەدە،  سەرەتا (١٦) ددانی سەرەتایی هەیە  پاشان دەکەون و ددانی هەمیشەیی  دەڕوێت کە (٢٨) ددانە، چوار ددانی بڕەر لەسەرەوە و دوو بڕەر لەخوارەوە، ددانە بڕەرەکانی سەرەوە دوانیان لەپێشەوە گەورەن و دوانی دواوە بچوکترن، (٢٢) ددانی کرداری هاڕین و وردکردنی خۆراکە لەدەم دا، (درێژترین کۆئەندامی هەرس هی کەروێشکە، بیست و حەوت ئەوەندەی درێژی لەشی خۆیەتی!) لەهی پشیلەش درێژترە، تاکو بتوانی زۆرترین گیا بخوات، دوای گەدە ڕیخۆڵە باریکە دێت ئەویش پێک دێ لە (دوانزە گرێDuodenum ،Jejunum،   ،Ileum) ئینجا ڕیخۆلە کوێڕە (Cicum) دێت گەورە و بەرینە دە ئەوەندەی گەدەی کەروێشک مادەی خۆراکی دەگرێت، دیوارەکانی تەنکە، کۆتایی دێت بە پەلە ڕیخۆلەیەکی باریک (Appendix) وەک پەنجەی دەستە و دیوارەکەی ئەستوورە دواتر کۆڵۆن دەست پێ دەکات، هەڵئاوساوە  تاکو خواردن دڕەنگ تێ پەڕێت ، ئینجا  ڕێکە و کۆم دێت ، ئاژەڵە گیا خۆرەکان  کۆئەندامی هەرسیان درێژە  چونکە هەرسکردنی سلیلۆزی ناو گیا  کەمێک کاتی دەوێت.

جگەرو پەنکریاس  وەک دوو گلاند  بەستراون بە کۆئەندامی هەرسەوە لە ڕیخۆلە باریکەدا، دیاردەی کاوێژکردنی  درۆزن لە کەروێشک دا (Caprophagy)، زۆرکات بینیومانە کەروێشک دەمی دەجوڵێ بێ ئەوەی خواردنی لەبەردەم دا بێت، سەرمان سوڕ ماوە ئەویش بەهۆی بوونی جۆرەها بەکتریای سوود بەخش لە کۆڵۆن و ڕیخۆڵە کوێرەی کەروێشک دا  کە یارمەتی دروست کردنی ترشە ئەمینییەکان و ڤیتامین  ئەدەن (هەڵئاوسانی ڕیخۆلە ئەستورە هۆکارەکەی ئەمەیە) لێرەدا دوو جۆر پاشەڕۆ دروست دەبێت  یەکێکیان ڕەقە (Hard feces) واتە پشقل، ئەوی تریان نەرمو شلە (Soft feces)  یان تەڕە، کەروێشک  پاشەڕۆ شلەکە  دەخوات و وەک دیاردەی کاوێژ دەردەکەوێت، بە خواردنی ئەم پاشەڕۆیە کۆمەڵێ بەکتریا و پرۆتۆزوای سوود بەخش دەچێتەوە گەدەی و یارمەتی هەرسکردن ئەدات و سەرچاوەیەکی گرنگی ترشە ئەمینیەکان و ڤیتامینەکانە بەتایبەت ڤیتامین (B12)،  خواردنی ئەم پاشەرۆیە، بەیانیان زوو یان ئێواران تاریک داهات ئەنجام ئەدرێت کەم کەس دەی بینێ .
هەربۆیە لەکاتی بەخێوکردنی کەروێشک دا ئەوەندە پێوست بە پێدانی پرۆتینی ئاژەڵی ناکات لە ئالفەکەی دا،بەڵکو پرۆتینی گیایی پێوستە، دیارە پرۆتینی ئاژەڵی گرانترە لە گیایی، بۆیە تێچووی هەرزانتر دەکەوێ بۆ کاتی بەخێوکردنی کەروێشکی گۆشت، بە بەراورد لەگەڵ بەخێوکردنی مریشک.
لەکاتی پێدانی دەرمانی (دژە ژیان Antibiotic) دەبێتە هۆی کوشتنی ئەو بەکتریا سوودبەخشانەی کەروێشک کە لە گەدە و کۆڵۆنی دا هەیە، بۆیە هەندێ حاڵەتی سک چوون و باکردن دەبینرێت. واتە  بینینی پاشەڕۆی شل  واتای نەخۆشی دەگەیەنێ، بۆیە پێوستە لەکاتی پێدانی ئەنتی بایۆتیک دا  دەبێ  ڤیتامین B12 ی لەگەڵدا بدرێتێ.
کەواتە کەروێشک تاکە گیانەوەرە دەتوانێت پێویستی خۆی لە ترشە ئەمینیەکان درووست بکات و دواتر لەڕێگەی خواردنی پاشەڕۆکەیەوە  سوودی لێ ببینێ  و ئەمەش پێی دەوترێ (کاوێژکردنی درۆزن).
بەهۆی دروست کردنی ترشی ئەمینییەکان لە لەشی کەروێشک دا، گەلێک جار ترسی زیاد بوونی ئامۆنیا هەیە لە شوێنی بەخێو کردنی کەروێشک دا، کە زیانی هەیە بۆ تەندروستی  کەروێشک و مرۆڤیش، ئامۆنیا گازێکی ڕوشێنەرە کاردەکات لەکۆئەندامی هەناسە .












 ئامادەکردنی: 

پزیشکی ڤێترنەری ڕاوێژکار
دکتۆر ناجح گوڵپی  
6/3/2016



بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: