onion، پیاز ، البصل


پیاز بە گوێرەی پۆلێنی زانستی جۆرێکە لە سەوزە و سەر بە خێزانی سیرە و ناوە زانستییەکەی (Allium cepa) یە . پیاز لەو سەردەمە دا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەچێندرێت و زۆرترین ڕەواجی هەیە لە جیهان دا ، ئەوەش بۆ سوودی زۆر و تامە خۆشەکەی و فراوانی بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە .
پیاز سێ جۆری هەیە ( سپی ، زەرد ، سوور ) دوو جۆرە تامیشی هەیە تیژ و شیرین . زێدی ڕەسەنی پیاز نیوەی باکووری گۆی زەوییە ، پیاز لە کۆنەوە لە لای دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و هیندستان و چین ناسراو بووە و یەکێکە لە کۆنترین ئەو سەوزانەی لەلای مرۆڤ ناسراون. مێژوونووسان دەڵێن پیاز سەرەتا دانیشتوانی ڕەسەنی کیشوەری ئەمەریکای باکوور چاندوویانە پاشان گواستراوەتەوە بۆ ئەورووپا.
بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ( فاو ) بێت ، وڵاتی چین زۆرترین بڕی پیاز بەرهەم دەهێنێت لە جیهان دا ، لە دوای ئەو هیندستان دێت پاشان ئەمەریکا و تورکیا و ئێران و پاکستان و ڕووسیا و کۆریای باشوور و ژاپۆن و میسڕ و ئیسپانیا دێن. پیاز بە خاوی و بە کوڵاوی و برژاوی دەخورێت و وەکو تام لەگەڵ زۆربەی خواردنەکان تێکەڵاو دەکرێت.

پێکهاتەکانی پیاز
پیاز چەندین پێکهاتەی خۆراکی تێدایە وەکو ، پرۆتینەکان و ئاو و ڕۆنی جۆراوجۆر و ڤیتامینەکانی (B-B6-B12-A-K) لەگەڵ خوێ و کانزاکانی وەکو کالسیۆم و سۆدیۆم و زنک و فسفۆر و ئاسن .

چۆنیەتی چاندن
باشترین وەرز بۆ چاندنی پیاز وەرزی پایزە و لە مانگی تشرینی دووەم تاکو کۆتایی مانگی شوبات دەچێندرێت، چونکە پێویستی بە  کەشوهەوایەکی نیمچە سارد یان مامناوەند هەیە ، پیاز بە تۆو یان شەتڵ یان سەلکی بچووک کە بە  (خلیسکە) ناسراوە دەچێندرێت ، دەبێت خاکەکەی باش بکێڵدرێت و لە بەرد و کەستەک پاک بکرێتەوە ، پیاز بە هەردوو جۆری دێمی و بەراو دەچێندرێت ، دەبێت ئەو خاکەی پیازی لێ دەچێندرێت شێدار بێت  یان ئاو درابێت ، پیاز بە شێوازی خەت یان لاکێشەیی دەچێندرێت ، پیاز زۆر پێویستی بە ئاودان نییە و هەردوو هەفتە جارێک ئاو دەدرێت ، دوای پێگەیشتنیشی دەبێت دوو هەفتە ئاو نەدرێت ئینجا هەڵکەندرێت و دەربهێندرێت . دەبێت خلیسکەکان بە قوڵایی (٥) سم بخرێنە ژێر زەوی ، کەمێک پەیین تێکەڵاوی خاکەکە بکرێت ، نێوان دوو خلیسکە (١٠) تاکو (٢٠) سم بێت پیاز دوای دوو هەفتە لە چاندنی گەشە دەکات و لاچکەکانی سەر دەردەکەن ، دوای چوار تاکو شەش مانگیش سەلکەکانی گەورە دەبن و پێدەگەن و ئامادەی هەڵکەندن و دەرهێنان دەبن . پیاز یان بە مەبەستی خواردن بە تەڕی و یانیش هێشتنەوەی تاکو دەبێتە سەلک و بە وشکی خواردن دەچێندرێت.

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل


سوودەکانی پیاز
پیاز یەکێ لەو سەوزانەیە کە ناتوانین دەستبەرداری بین ، چونکە وەکو بەرگریکاری جەستەیە و دڵ دەپارێزێت ، ژەهرەکانی ناو جەستە کەم دەکاتەوە و دەم پاک دەکاتەوە و ئاوەکەشی بۆ چارەکردنی چاوکزی بە سوودە ، پیاز ڕێگە لە مەینی خوێن دەگرێت و لێناگەڕێت خوێنبەرەکان بگیرێن و کۆلیستڕۆڵی بەرز دادەبەزێنێت ، پیاز ماددەی ئەنسۆلینی تێدایە و یارمەتی نەخۆشانی شەکرە دەدات و شەکری ناو خوین دادەبەزێنێت ، بۆ چارەکردنی تا و پەسیوو باشە بۆ دابەزاندنی کێشیش بەسوودە ، یارمەتی ساڕێژبوونی برین و نەهێشتنی پەڵە دەدات ، پیاز گەدە پاک دەکاتەوە و ڤایرۆس و کرمەکانی ناوی دەکوژێت ، ڕەبۆ و کۆکە کەم دەکاتەوە و یارمەتی نیشتنەوەی ئاوسانی جومگەکان دەدات ، ئێسک بەهێز دەکات و لە ئێسکە نەرمە دەیپارێزێت ، وزە بە جەستە دەبەخشێت و بەهۆی ڕیشاڵەکانی باشترین نەرم کەرەوەی ڕیخۆڵەکانە .

چۆنیەتی هەڵگرتنی پیاز
زۆربەی کەیبانووەکانی ماڵ نازانن چۆن پیاز هەڵبگرن و بۆگەنی نەبێت و تێکنەچێت، باشترین ڕێگە بۆ هەڵگرتنی پیاز دانانی دەسماڵی کاغەزە لەناو سەبەتەیەک و دانانی پیاز لەناوی دا ، چونکە ئەو دەسماڵە بۆنی ناخۆشی پیاز هەڵدەمژێت و لێناگەڕێت بۆگەن بێت . دەتوانی گۆرەوی درێژی نایلۆن بەکاربهێنی ، بە مەرجێک دوای تێکردنی هەر پیازێک گرێیەکی لێبدەی ئینجا پیازێکی دیکەی تێبکەی و لە شوێنێک هەڵیگری کە هەوای بەرکەوێ ، دەتوانی پیازی سەوز لە نێو بەفرگر هەڵبگری ، وا باشە پیاز لە شوێنی تاریک و وشک هەڵبگیرێت و لە تیشکی خۆر یان شوێنی شێدار دوور بخرێتەوە ، دەتوانی پیاز لە نێو کیسەی کاغەز هەڵبگری ، بە مەرجێک وشک بێت و کونی تێبکەی بۆ ئەوەی هەوای بەرکەوێ . نابێت پیاز لەنێو کیسەی نایلۆن هەڵبگیرێت ، چونکە زوو بۆگەن دەبێت . نابێت پیاز لەگەڵ پەتاتە هەڵبگیرێت ، چونکە پیاز شێ دروست دەکات و دەبێتە هۆی بۆگەنیکردنی پیازەکە.

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل

onion، پیاز ، البصل



ئامادەکردنی :
ڕەمزی میرەکانی

سەرچاوە:
ڕۆژنامەی خەبات







دووبارە نووسینەوە و ئامادەکردنی وێنەکان:

ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: