ڕۆژژمێری کشتوکاڵی / مانگی تشرینی دووەم ( ١١ )

ڕۆژژمێری کشتوکاڵی / مانگی تشرینی دووەم ( ١١ ) 

لەم مانگەدا پێویستە بۆ خزمەتی درەختە بەردارەکان و هەروەها خزمەتی مەشتەلەکان ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێبەجێ بکەین 

١- کردارە کشتوکاڵییە پێویستەکان کە بۆ ترشەمەنییەکان پێویستە بکرێن:-
- بەردەوامبوون لە کۆکردنەوەی بەری پۆل(ێنف)ە پێش وەختەکان.
- درێژکردنەوەی ماوەی ئاودانەکان لەبەر ئەوەی کەش و هەوا لەم مانگەدا سارد دەکات و پلەکانی گەرما دابەزین بە خۆیەوە دەبینێت و چالاکی درەختەکانیش کەم دەبێتەوە.

- زیادکردنی پەینی ئاژەڵی (الدبال) بۆ دارەکان ، ئەمەش دوای ئەوەی کە دەوری دارەکانت باش کێڵابێت و هەموو جۆرە گژوگیایەکت هەڵکێشابێت ، وە پەینەکە بە دەوری درەختەکەدا بڵاو دەکەیتەوە بە پێی گەشەی درەختەکە ئەگەر بچووک بێت . وە پەین بە هەموو زەوییەکەدا بڵاو دەکەیتەوە ئەگەر درەختەکە بەری گرتبێت و بەتەمەن بێت ، وە پاش ئەم بڵاو کردنەوەیە جارێکی تر کێڵان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی پەینەکە بە باشی لەگەڵ خاکەکەدا تێکەڵ بێت و دوای ئەم کارانەش زەوییەکە باش ئاو دەدەیت.
٢- کردارە کشتوکاڵییە پێویستەکان کە بۆ درەختە گەڵا وەریوەکان پێویستە بکرێن:-
- پەینی ئاژەڵی بۆ درەختەکان زیاد دەکرێت لەم مانگە و مانگی دوایی.
- لە ناوچە شاخاویی و ساردەکان دا ئاودانی دارەکان ناکرێت ئەگەر هاتوو بارانی پێویست باری لەم مانگەدا ، بەڵام لە ئێستادا بە نیسبەت کوردستانەوە باران دواکەوتووە و زەوی پەڵەی نەداوە بۆیە پێویستە کە ناو بەناو درەختەکان ئاو بدرێن بەڵام زۆر کەم.
٣- کردارە کشتوکاڵییە پێویستەکان کە لە ناو نەمامگەدا دەکرێن:-
- ئامادەکردنی زەوی:-
زەوی پێویست ئامادە دەکرێت بۆ چاندنی تۆوی قەیسی و قۆخ و بادەم ، بۆ ئەوەی بتواندرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بچێندرێن.
- چاندن:-
تۆوی قەیسی و قۆخ و بادەم  دەچێندرێن ، بۆ هەر چاڵێک ٢ دەنکی تێ دەکرێت کە قوڵی هەر چاڵێک ٣ سم بێت و هەر چاڵێک لە چاڵێکی ترەوە ٢٥ سم دوور بێت ، ئەم چاڵانەش لەسەر خەت دەکرێن کە نێوانی ٢ خەت پێویستە نیومەتر بێت ، وە تۆوەکانیش دوای ١ بۆ ٢ مانگ چەکەرە دەکەن . وە لە ناوچە ساردەکان تۆوەکان بە متبوونی دەمێننەوە هەتا مانگی ٢ .
تۆوی زەیتوون دەچێندرێت لە ناو سندوق و حەوزی تایبەتی بە چاندن دوای ئەوەی ئەمسەر و ئەوسەری تۆوەکە بریندار دەکەین یاخود تۆوەکان چین پۆش دەکەین بە لم بۆ ئەوەی تۆوەکان لە سووڕی متبوون دەربچن و ئاسان چەکەرە بکەن.
- موتوربەکردن:-
ئەو شریتە یاخود تیپەی کە دەوری موتوربەکەی بێ بەستراوە دەکرێتەوە و هەروەها لابردنی ئەو گەشە زیادانەی کە لەسەر ڕووەکە بنچینەییەکە دروست بوون ، هەروەها لێکردنەوەی بەشی سەرەوەی بنچینە کە دەکەوێتە سەرووی خۆراکەکە دوا دەخەین بۆ مانگی ٢ ی داهاتوو.



ئامادەکردنی:-

دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ
مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: