القرنفل،گوڵ،مێخەک،ڕووەک،Carantions،Dianthus caryophyllus


ناوى عەرەبى: القرنفل
ناوى ئینگلیزى: Carantions
ناوى زانستى: Dianthus caryophyllus
ناوى خێزان:Cryopllaceae

ناوچەى دەریاى سپى ناوەڕاست بە شوێنى سەرەکى رووەکى مێخەک دادەنرێت کە رووەکێکى گیایى تەمەندارە واتا (لە ساڵێک زیاتر سووڕى ژیانیەتى) مێخەک خۆشەویسترین گوڵى لێکردنەوەى نێودەوڵەتیە.
لەکاتێکى زووەوە لە ئەورووپا دەستى بە بڵاوبوونەوە کرد لەسەدەى شازدەهەمدا و لە ناوەراستى سەدەى نۆزدەهەمدا بۆ ئەمریکا گواسترایەوە وە لەوێدا زۆر لە زانایان ئەم جۆرە رووەکەیان پەروەردەکرد و چاکسازى و تێکەڵکردنیان لەسەر ئەنجامدا، دەبێت پەروەردەکارى ئەم جۆرە رووەکە زانیارى تەواوى هەبێت لە چاندن و بەرهەمهێنانى مێخەک وێڕاى زانیاریە بۆماوەیەکان تاوەکوو توانایەکى گەورەى لەم کارەى دەست بکەوێت و زانراویشە کە یەک ڕەنگ لەم گوڵە باوترە لەوەى کە لە ڕەنگێ زیاتر هەبێ لەیەک گوڵدا، دەتوانرێت بەکردارى تێکەڵکردن و گرینگى دان بە(بادرات) وە کاتى گوڵەکانى و کاتى گونجاوى پەیوەستە بۆ بەرهەمهێنان، وە بەتایبەتىیش لە وەرزى زستان کاتێ کە گوڵى تر کەمە و نرخى گرانە جۆرى تر بەرهەم بهێنرێت.
دەتوانرێت ڕووەکى مێخەک پەروەردەبکرێت بەدرێژایى ساڵ بۆ بەرهەمهێنانى گوڵى لێکردنەوە لە خانووى شووشەییەکاندا کە دەتوانین پلەى گەرمى و شێ و رووناکى و خاکى گونجاو ئاودان کۆنتڕۆڵ بکەین، وە کاتى لێکردنەوەى گوڵەکان کە بەرزییەکەى دەگاتە (٦٠ - ٧٥) سم یان زیاتر، گەڵاکانى درێژکۆلە و بەرامبەر یەکن و گەڵاکانى شێوە و ڕەنگ جیاوازن.

پۆلەکانى مێخەک (أصناف القرنفل)
مێخەک جۆر و ڕەنگى جیا جیاى هەیە و هەر جۆرێک لەگەڵ جۆرێکى تر دەگۆڕێت بەهۆى ڕێگاى پەروەردەکردنى و بەرهەمهێنانى و هەروەها لە کردارە کشتوکاڵیەکانیش وە گرنگترین جۆرەکانى Sim  و Sceuia و ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠ پۆل زانراون و گرنگتریان:

١- گوڵە سپى White Williem Sim:
 بەرزیەکەى دەگاتە زیاتر لە ٨٠ سم زانراویشە کە بەباشى گەشە دەکات لەوەرزى زستان و گوڵەکەشى گورەیە و درزى تیا کەمە.
٢- گوڵى پەمەیى Crowly Pink Sim:
 ئەم گوڵە دەشێت بۆ چاندنى کشتوکاڵى بەرهەمهێنان لە وەرزى هاوین کە توانایى بەرگەگرتنى پلەى گەرمى بەرزى هەیە کە بەرهەمى زۆرمان پێدەبەخشێت وە تیرەى گوڵەکە ٧ سانتى  مەترە.
٣- گوڵى سوور Williem Sim:
 ئەم گوڵە کاریگەرى وەرزى زستانى لەسەر بە هۆى کەمى ڕووناکى.
٤- گوڵى زەرد Scenia 36:
 ئەم گوڵە بەباشى لەوەرزى زستاندا گەشە دەکات تیرەى گوڵەکەى نزیکەى ٨ سم دەبێت کە لە(williem sim ) بەرهەم هاتووە وە قەدى رووەکەکە لاوازە تا رادەیەک.
٥- گوڵى زەردى کاڵ Clear Yellow Sim:
 ئەم جۆرە گوڵە بەکەڵک نایەت بۆ بەرهەمهێنان لەوەرزى زستان و ماوەیەکى زۆر لەناو گوڵدانەکاندا دەمێنێتەوە و تواناى بەرگەگرتنى پلەى گەرمى بەرزى هەیە.
٦- گوڵى پرتەقاڵى Tengerima Sim:
 ئەم جۆرەیان زۆر چاکە بە مەبەستى بەرهەمهێنان بۆ رووبەرى فراوان و بەرهەمەکەشى باشە.
٧- Arther Sim:
 ئەم جۆرەیان چەند ڕەنگێک لە یەک گوڵدا هەیە و گەڵایەکانیشى گەورەیە و دەتوانرێت بیچێنین لە هەر وەرزێکى ساڵدا بۆ مەبەستى بەرهەمهێنان و لەم جۆرەش چەند پۆلێکى هەیە کە گوڵەکانى دوو ڕەنگن یان فرە ڕەنگن وەک:-
(Flaming Sim Safar Bissares).

ڕێگاکانى زۆربوونى مێخەک:-

١- ڕێگەى زۆربوون بەتۆو:
مێخەک بەتۆو زۆر دەبێت ئەمەش بۆ دەستکەوتنى جۆر و چەشنى جیاواز و نوێ، کە بەڕێگەى کلێک جیاکردنەوە و تاک کردن دە چێنرێت و لەسەر ئەم بنەمایەش کەسى پەروەردەکار هەڵدەستێت بە پیتاندن و تێکەڵکردن بۆ باشترین جۆرى بازرگانى  لەگەڵ پۆلێکى تر کە نزیک نى یە لەو، لێرەدا دەبێت هیچ جیابوونەوە روونەدات و دەبێت سیفاتى باوى هەڵگرتبێ پێویستى بە پیتاندنى خۆبەخۆى دوو نەوە یان زیاترى هەیە.

لە سیفەتە باشەکانى گوڵ ئەوەیە کە قەبارەکەى گەورە بێت و نەخۆشى تیادا نەبێت و گەشەى بەهێز  و بەرهەمى زۆر و کێشى ماددەى وشکى زۆر و پێکهاتەى کاربۆهیدراتى زۆر بێت هەروەها پیتێن وەک باوک و دایک و باشتر وایە کە دوو باوانمان دەستبکەوێت کە هەردووکیان بەرهەمى گوڵى زەردى کاڵ یاخوود گوڵى سپى بن. میکانیزمى تێکەڵکردنى مێخەکیش کاتێ کە گوڵەکان کراوە بن زۆربەى پۆرگ لە ناوەراستەکەى لێدەکرێتەوە و چێوەى دەرەوەى قەڵەمەکەى بەجێدەهێڵرێت بۆ پاراستنى ئەندامى مێیە و هێلکەدان تاوەکو کاتى پیتێن دێت هەروەها ئەو کاسە پەڕانەى کە هۆڕمۆنى خۆى گرێکانى بەر زیاد دەکات و کاتێک کە ئەندامى نێرینەى گوڵ گەشە دەکات وە درێژ دەبێت و بە تووکى بچووک دادەپۆشرێت و ئامادەیە بۆ پیتان کاتێک کە دەنکە هەڵاڵە ژمارەیان کەم بێت، وە دەتوانین مووکێشێک بەکاربهێنین بۆ ئەوەى پۆرگەکان بە کۆسپ بسڕێنەوە( بگەیەنین) وە دەبێت لەم بارەدا شووشەیەک پڕ لە ماددەى کهولمان هەبێت بۆ شۆردنى مووکێشەکە و بەجێى دەهێڵێن تاکوو وشک دەبێتەوە و پێش ئەوەى جارێکى تر بەکاریبهێنین بۆ گواستنەوەى دەنکە هەڵاڵەیەکى تر، بەمەش  دەتوانین گوڵى مێخەک لە هەر کاتێکدا بەرهەم بهێنین لە پلەى گەرمى رۆژدا کە لە نێوان ١٦- ٢٠ پلەى سەدى بە جۆرێ کە درێژایى رۆژ کەم نەبێ و دەبێت لێکۆڵینەوەکان لە باشترین کات و بار ئەنجام بدرێن بۆ کردارى پێگەیشتنى تۆوى مێخەک وە هەروەها تۆوەکان لە ماوەى دوو مانگ پێڕادەگەن، دەتوانرێ بۆ ماوەى ١٠ ساڵ هەڵبگیرێت ئەگەر لە بارێکى سارد و وشک دبنرێت.

٢- ڕێگەى زۆربوون بە قاژە:
قاژ لە رووەکى دایک وەردەگیرێت بە درێژایى ساڵ لەو وڵاتانەى کە بەرهەمى دەهێنن، بۆ نموونە لە وڵاتە ئەسکەندەنافیەکان لە ساڵى ١٩٦٧ کە ٣٤ ملیۆن قاژى مێخەک بەرهەمهاتووە و کاتى وەرگرتنى قاژ لە رووەکەکە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکى تر دەگۆڕێت، بۆ نموونەلە وڵاتە عەرەبیەکان بەشێوەیەکى گشتى لە مانگى ئەیلول  تاوەکو مانگى تشرینى یەکەم وەردەگیرێت، سەرکەوتنى کردارى وەرگرتنى قاژى مێخەک پشت دەبەستێت بە ڕێگەى جۆرى تاقیکردنەوەى، تاوەکو دڵنیابین لەسەر ئەوەى کە قاژى بێ عەیب(ساغ) و نەخۆشى تیا نەبووبێت، وە دەبێت درێژى قاژ ٥ - ٧ سم بێت لە بنکەى قەد دا و بەشى ژێرەوەى قەد بەراستەوخۆیى باشترە لە بەشى سەرەوەى چونکە گۆپکەکانى دەگۆڕێن بۆ گۆپکەى گوڵى کە گەشەى قاژەکە لاواز دەکات هەروەها قاژەى بەشى بنکەى سەوزە گەشەدەکات بۆ ماوەیەکى درێژخایەن، تەنیشتە قاژ گەشەکەى کەمە و لابردنى گوڵى لاوەکى لە رووەک هانى گەشەى بنکە دەدا.
گەشەى گوڵ لە گۆپکەى بن هەنگڵ زیاتر دەبێت لە گۆپکەى سەرەوەى وە دواى وەرگرتنى قاژەکان پاک دەکرێنەوە بە نوقم کردنیان لەناو ئاودا کە ماددەى فۆرمالین بە بڕى ٥٠% یان پەرمەنگەناتى پۆتاسیۆمى تێدابێت بۆ ماوەى چارەگە سەعاتێک پێش چاندن، دواى ئەم کردارانە لە خانووى شووشەیى ئەم قاژانە دەچێنرێن بە ڕووبەرێکى فراوان، دەتوانرێت قاژى مێخەک بۆ ماوەى ٥ - ٨ رۆژ هەڵبگیرێت.


بارى ژینگەى گونجاو بۆ بەرهەمهێنانى رووەکەکانى مێخەک:-

١-  پلەى گەرمى:
بارى گونجاو بۆ گەشەى مێخەک پلەى گەرمى نزمە لەکاتى شەودا کەمترە لە ڕۆژ هەرچەندە لە پلەى ٥ - ٨ پلەى سەدى نزیک بێت ئەوا باشترە بۆ گەشەى، لە گەرمى شەودا و لق دەرکردن لەلایەن بنکەى رووەک و گەشەى لەسەرخۆ بەرهەمدەهێنرێت، بەکارهێنانى بڕێکى زۆر لە کاربۆهیدرات دەبێتە هۆى لاوازى گەشە بەشێوەیەکى گشتى لەساڵى ١٩٣٩ S zendel بینى کەژمارەى کاسەگوڵ لەگەڵ ڕەنگداربوونى گوڵەکان کەم دەبێت بە بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى لەشەودا، ئەمەش وا دەگەیەنێت کە ئەو پۆلانەى گوڵ گەورەن لە وەرزى پایز و زستان دەگۆڕێن و بچووک دەبن و ژمارەیان کەم دەبێتەوە لەگەڵ ڕەنگدار بوونى گوڵەکان، لێکۆڵەر تێبینى کرد کە ئەم کاسە گوڵانە(بتلات) تووشى پلەى گەرمى ١٠ پلەى سەدى یان کەمتر ببن، ئەوا قەبارە و ژمارەیان زیاد دەکات و گەشەکەیان تەواو دەبێت وە تینى ڕەنگەکەى کەم دەبێت و قەبارەى گوڵەکەش دەگۆڕێت لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى لە بەهار و هاویندا ئەمیش بەهۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەناسەدان.

٢- کاریگەرى ڕووناکى و درێژى ڕۆژ:
 گوڵى مێخەک چاندنى لە شوێنى سێبەر و ڕۆژ درێژ بە ئاڕاستەى باکوور سەرکەوتوو نابێت بەڵام سێبەرى جوڵاو وەک سێبەرى دار و رووەکەکانى گەنمەشامى بەربڵاو لە نێوان رووەکى مێخەک یارمەتى خێرا گەشەکردنى دەدات لە هاویندا، زاناpost  لەساڵى ١٩٤٢ گۆپکەکانى گوڵى مێخەکى دۆزییەوە کە دەتوانێت گەشە بکات بەدرێژایى ڕۆژ لە زستاندا و خێرا گەشەبوون و کرانەوەى گوڵ لە ماوەیەکى کەمدا پێش ئەوەى گۆپکەکانى بگەن بە قەبارەى گەشەى خۆیان، هەروەها لاوازى قەد و بچووکى قەبارەى کە سیفەتى ناحەز و نەخوازراون.
ڕووناکى دەستکرد لەمانگەکانى  زستاندا پێویستى بە ٤٠وات/مەتر دووجا هەیە کە زانا Block لەساڵى ١٩٥٥ دا تێبینى ئەوەى کرد کە ڕۆژى کورت بۆ ٨ کاتژمێر دەبێتە هۆى دواخستنى گۆپکەى گوڵ لە مێخەکدا و زیاد بوونى ژمارەى لاسکەکانى قەد لە رووەکە گەشەکەرەکان لە ڕۆژانى درێژدا، وە کەمى رووناکى دەبێتە هۆى کەم بوونەوەى تینى ڕەنگى گوڵەکان، وە باشترین پلەى گەرمى لە ڕۆژدا بۆ گەشە ١٢ پلەى سەدى یە، بەڵام پلەى گەرمى لەشەودا بەهۆکارێکى گرنگ دادەنرێت بۆ گەشەکردنى ئەم گوڵە کە پلەى گەرمى ١٢ - ١٥ پلەى سەدى لە شەودا گونجاوە بۆ گەشەکردنى لقە لاوەکیەکان و گەورە بوونى قەبارەى گوڵەکان.

کردارە کشتوکاڵیەکان:-

١- پەروەردەکردنى گونجاو(شیاو):
باشترین پەروەردەکردن بۆ مێخەک ئەوەیە کە خاکەکەى گونجاو ودەوڵەمەند بێت بە ماددە ئەندامیەکان تاوەکو ئاو بەباشى پیایدا تێپەڕبێت هەروەها هەواگۆڕکێیەکى باشى هەبێت، ماددە ئەندامیەکانى بۆ خاکەکە زیاد دەکرێت ئەگەر ئەم ماددەیەى کەم بوو وە پارێزگاریکردن لەڕێژەى pH لە ٧،٥ - ٨،٥ .

٢- ئاودان:
مێخەک لە ئێوارە و بەیانیان ئاو دەدرێت وە هەرکاتێ خاکەکەى وشک بێت، چونکە وشکى و تینویەتى کارى لێدەکات کە دەبێتە هۆى پتەوبوونى شانەکانى رووەک و کەمى دروستبوونى لقەکان بەتایبەتى لە قۆناغى سەوزە گەشەکردنى کە دەبێتە هۆى لاوازبوون یان هێواشى گەشە لە سەوزە بەرهەم( بەشى سەوزى)، هەروەها وشکى و بەرزبونەوەى گەرمى لە هاویندا دەبێتە هۆى لاوازى گەشە، کە نەمامەکان بە قەبارە بچوکى دەمێنەوە و لاسکەکانیان لقى درێژى لێدەبێتەوە تاوەکو یارمەتى گەشەى بدات بۆ جارى دووەم و ئاو پێدانیش بەشێوەیەکى لەسەرخۆ دەکرێت کە یەک بەدواى یەک دەبێت، زۆر ئاودانیش دەبێتە هۆى زەرد هەڵگەڕانى ڕەنگى گەڵایەکان وە لەسەرەتاى چاندنى نەمامەکان بۆ بەرهەمهێنانى ئەم گوڵە پێویستى بە ئاو هەیە کە ڕادەکەى پێنج لیترە.

٣-  پەین کردن:
مێخەک بە پەینى فۆسفاتى و کلسى پەین دەکرێت، لەگەڵ پەینى ئازۆتى چونکە پەینى ئازۆتى کە بەتەنها لە خاکدا بکرێت دەبێتە هۆى گەورەبوونى قەبارەى خانەکانى رووەک و خێرایى دابەشبوونى، لە لایەکى تر دیوارى خانەکان لاواز دەبێت و قەدى رووەکیش پتەو نابێت، زیادکردنى پەین بۆ گوڵى مێخەک دەبێتە هۆى دووهێند زیادبوونى ژمارەى گەڵاکانى لە شێوەى حەلەزۆنى، دەبێت پەینکردن بەچاکى بکرێت و پەینى فۆسفاتى لە رادە بەدەر دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە کاسە گوڵ هەروەها پەینى ئاوێتە لەلایەکى رووەک دادەنرێت و هەڵکۆڵینى خاک لە دەوروبەرى رووەک لەسەر شێوەى هەڵکۆڵینێکە باریک و تەسک یان بەشێوەى  کەوانەیى لەلاى قەدەکەیەوە، رووەکى مێخەک بەزۆرى لە مانگى ئەیلول پەین دەکرێت و لەسەرەتاى دەستپێکردنى وەرزى گوڵدان(گوڵکردن)، مێخەک لەوەرزى هاوین پەین ناکرێت دواى پێکهاتنى گوڵەکان بۆ ماوەى هەر ١٠ - ١٥ ڕۆژ جارێک بە پەینى نایترۆجینى و بۆدرێت(البودریت) پەین دەکرێت و بەڕێژەى ٢،٥ کگم لە پاشەڕۆى کۆتر، وە بەڕێژەى ٧،٥ کگم بۆدرێت دواى تێکەڵکردنێکى نەرم ئەم شێوەیەش پەین لەناو هێڵەکانى چاندن پەرت دەکرێت نەک لە لە شوێنە قوڵکراوەکانى دەوروبەرى رووەک و دوایى بە بەشێک لە خاک دادەپۆشرێت و ئاوى دەدەیت هەروەها مەرکانەکان بەهەمان پەین کردارى پەینکردنیان بۆ دەکرێت هەر ١٥ ڕۆژ جارێک راستەوخۆ دواى ئاودان وە نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم پەینە بەر رووەکەکە بکەوێت بۆ ئەوەى کارى لێنەکات.

٤- پاڵپشتکردن:
مێخەک پێویستى بە بەهێزکردن هەیە چونکە هێزى ئەوەى نیە کە ئەو قورسە هەڵبگرێت  کە پێگەیشتنى تەواو دەبێت پاڵپشتى و دارى راستى بۆ دادەنرێت لەزۆربەى کاتدا بەدرێژایى ١ مەتر لە دەورى رووەک دادەنرێت و دانانى تۆڕ بەچاک دەزانرێ بۆ پاڵپشتى رووەکەکان.

٥- لابردنى گۆپکە:
ئەم کردارە بریتییە لە لابردنى گۆپکە تەنیشتەکانى تر هەروەها بە ماناى لابردنى لقە گەشەکردووەکان لە قەد دێت تاوەکو سەوزە گەشە لە رووەک کەم بکات و ئەمەش بەرهەمهێنانى پەسەند بۆ کردارى فرۆشتن پێش وەرزى گوڵکردن دەبێت لە کاتە جیاجیاکانى ساڵدا و بەتایبەت لە مانگى کانوونى دووم تاوەکو مانگى نیسان.

٥- کاتى گوڵکردن:
گوڵدان لە مانگى تشرینى یەکەم دەست پێدەکات و لە مانگى مایس کۆتایى دێت و دەتوانێ بە درێژایى ساڵ گوڵ بدات، لە خانووە شووشەییەکاندا پەروەردەکرا و هەندێکیان زوو گوڵ دەدەن بەڵام بە ژمارەیەکى کەم و گوڵیان ڕەنگى جۆراوجۆریان دەبێت و بۆنیشیان خۆش و پەسەنددەبێت هەروەها کاسەى گوڵ بۆ دوولاى گوڵەکە ڕێدەگرێت تاوەکو کاتى کرانەوەى گوڵ خونچەکەى بۆلایەک خۆى بسەنگێنێ کە دەبێتە هۆى کەمى جوانیەکەى و ماوەى بەرهەمهاتنى گوڵ ٩ مانگ دەخایەنێت و ماوەى نێوان بەرهەمى یەکەم و دووەم ساڵێک دەخایەنێت.



وەرزى لێکردنەوەى گوڵەکان:
لە بەیانى زوودا ئەم کردارە ئەنجام دەدرێت کە گوڵەکان بەتەواوى دەکرێنەوە، دەبێت ئەوەش ڕەچاو بکەین کە گوڵە قەد بچوکەکان و کراوەکان لە گوڵە قەد درێژەکان جیا بکرێنەوە تاوەکو نرخى گوڵى مێخەک دانەبەزێت.



سەرچاوە:-
د.تاهر بەیتوشى بەرهەمهێنانى گوڵى چنین بۆ جوانى ناو ماڵ ٢٠١٠

نوسینی:
شاڵاو عبدالرحمن

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: