چیمەن،الثيل,النجيل,turf,lawn

زۆر هۆکاری جیاواز هەیە بۆ زەردبوونی چیمەن یان دروستبوونی پەڵە تێیدا کە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:
١) جۆری چیمەن: چیمەن جۆری زۆرە و هەر یەکەیان بۆ کەش و هەوا و ژینگەیەکی تایبەت دەبێت، ئەو چیمەنەی کە هەڵدەبژیدرێت ئەگەر گونجاو نەبێت لەگەڵ کەش و هەوای کوردستان دەکرێت لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا کێشەی بۆ دروست ببێت و تووشی نەخۆشی ببێت.
٢) بڕین: یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی بەهێزکردن و جوانهێشتنەوەی چیمەن بریتیە لە بڕین، بەڵام بڕین ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی ئەنجام نەدرێت یاخود هەر ئەنجام نەدرێت، دەکرێت هۆکاربێت بۆ دروستبوونی پەڵە یان زەردبوونی بەشێکی چیمەنەکە، کێشەکانی بڕینی چیمەن بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت پۆلێن بکرێن بۆ چوار جۆر:
یەکەم: بڕینی قووڵ، کاتێک بەشێکی زۆری گەڵای چیمەنەکە دەبڕدرێت، ڕووبەری گەڵای چیمەنەکە کەم دەکات (کە بریتیە لە کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک بۆ چیمەنەکە) بۆیە چیمەنەکە ناچار دەبێت خۆراک لە گەنجینەکانی خۆراکی ڕەگەکانی ڕابکێشێت بۆ بەردەوامیدان بە گەشە سەندن، دووبارە بوونەوەی ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆکار بۆ لاوازبوونی ڕەگی چیمەنەکە و کەمبوونەوە خۆراگڕی لەبەرامبەر کاریگەرییەکانی کەش و هەوا.
دووەم: ناڕێکی لە ماوەی نێوان بڕینەکان، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئاستی بەرزی جیاواز لە بڕینەکاندا و ڕەگی چیمەکەنە لە هەموو ڕووبەرەکەدا یان لە چەند بەشێکیدا لاواز دەکات، بەشێوەیەکی گشتی بڕینی چیمەن نابێت لە ڕێژەی ١/٤ یان ١/٣ ڕووبەری گشتی گەڵاکەی زیاتر بێت.
سێیەم: بەجێ هێشتنی پاشماوەی بڕین لەسەر چیمەنەکە بەڕێژەیەکی زۆر، بە تایبەت لە کاتی بوونی گەرمای زۆر یان ڕتوبەتی زۆردا هۆکارێک دەبێت بۆ گەشەکردنی نەخۆشی لەو بەشانەدا.
چوارەم: کولی و خراپی مشارەکانی چیمەن بڕەکە، کە زۆرجار دەبێتە هۆی لەت بوون ڕووشاندن و کڕاندنی گەڵاکانی چیمەنەکە و دروستبوونی تۆنی جیاواز لە ڕەنگەکەیدا.
٣) فێرتیلایزەر و مەوادی کمیایی ئەگەرچی پێنەدانی فێرتیلایزەر و خۆراکی تایبەت بۆ چیمەنەکە لە کاتی خۆیدا نابێت هۆی لە ناوبردنی چیمەنەکە بەڵام هۆکارێکە بۆ ئەوەی چیمەنەکە ڕەونەق و جوانی خۆی لەدەست بدات، بەشێوەیەکی گشتی کێشەکانی پەیوەست بە فێرتیلایزەر و مەوادی کیمیای دەکرێت پۆلێن بکرێت بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە:
یەکەم: ناچوونیەکی لە پرژاندنی مەوادی فێرتیلایزەر بەسەر چیمەنەکەدا هۆکارێکە بۆ بوونی چەند تۆنی جیاوازی ڕەنگی لە سەوزەوە بۆ زەرد لە بەشە جیاوازەکانی چیمەنەکەدا.
دووەم: سووتانی چیمەنەکە، بەکارهێنانی بڕی زیاد لە پێویستی فێرتیلایزەر یاخود بەکارهێنانی لە کاتێکدا کە گەڵاکانی چیمەنەکە تەڕە، دەکرێت ببێتە هۆی سووتانی چیمەنەکە، فۆرمی تواوەی نایترۆجین دەکرێت ببێتە هۆکاری سووتاندن، بۆ خۆ بەدوور گرتن لەم کێشەیە تەنها بڕی پێشنیار کراو لە فێرتیلایزەر بەکاربهێنە ئەویش کاتێک کە چیمەنەکە ووشکە، ئەگەریش گونجا دوای بەکارهێنانی ئاوی بدە.
سێیەم: دروستبوونی پەڵەی سەوز-زەرد لە ناو چیمەنەکەدا دەکرێت هۆکاری کەمی نایترۆجین بێت ئەگەر بەکارهێنانی فێرتیلایزەری نایترۆجین ئەم کێشەیەی حەل نەکرد، ئەوا ئەگەری زۆرە هۆکارەکەی نەبوونی بڕی ئاسنی پێویست بێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت سەلفەیتی ئاسن بەکاربهێنرێت.
چوارەم: بەکارهێنانی بڕی زیاد لە پێویستی کوژەری بژار دەکرێت ببێتە هۆکاری زیان گەیاندن بە چیمەنەکە.
٤) ڕتوبەت و سیستەمی ئاودان: یەکێک لە خاڵە زۆر هەستیارەکانی تایبەت بە چیمەن بریتیە لە سیستەمی ئاودانەکەی، کێشەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ ئاودان و ڕتوبەت دەکرێت لەم چەند خاڵەدا کۆبکرێتەوە:
یەکەم: بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری ئۆتۆماتیکی خاڵێکی جەوهەریە بە تایبەت بۆ ووڵاتی ئێمە بە مەبەستی ڕێکخستنی کات و بڕی ئاودان و کەمکردنەوەی مەسرەفی ئاو بە گشتی، بەکارنەهێنانی سیستەمی ئاودێری ئۆتۆماتیکی، یاخود دیزاین و بەکارهێنانی سیستەمەکە بەشێوەیەکی هەڵە، بە تایبەت لەڕووی ڕێکخستنی بڕی ئاوی پێویست کە دەبێت بگاتە هەر بەشێک.
دووەم: ئاودانی ڕووبەرێکی چیمەن زیاتر لە پیاڕۆیی خاکەکە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاو و هەروەها چینێکی ڕووکاری تەنک دروست دەکات کە زۆرجار ڕێگر دەبێت لە چوونە خوارەوەی مەوادی خۆراکی و هەوا و ئاو، هەروەها ئەم چینە هۆکارێک دەبێت بۆ گەشە سەندنی جۆرە جیاوازەکانی بژار.
لە هەمانکاتدا ئاودانی تەنک و کورتخایەن چینی سەرەوەی خاکەکە لە خاڵێکی تێربوونی نەگۆڕدا ڕادەگرێت و ئەمەش پاڵنەرێک دەبێت بۆ دروستبوونی ڕەگی تەنک و کورت و چیمەنێکی لاواز، کە بەردەوام کراوەیە بۆ نەخۆشی و هێرشی مێرووەکان و هەروەها خراپبوون بەهۆی فشاری دەرەکی و هاتووچۆکردن بەسەریدا.
سێیەم: هەندێکجار هۆکاری دروستبوونی پەڵە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێکی چیمەنەکە وەک بەشەکانی تر ئاو و ڕتوبەتی پێ ناگات، جا یا بەهۆی کێشەی خاکەکەی لەو بەشەدا بەتایبەت ئەوەی کە پیاڕۆیی کەمترە یان فشەڵی زیاترە و ئاو ناگرێتە خۆی یاخود بوونی بەرد یان ئەگریگەیت لە چینی سەرەوەی ئەو بەشەدا کە دووبارە هۆکارێکە بۆ ئەوەی خاکەکە ئاو نەگرێتە خۆی یان بەهۆی هەڵەی دیزاینی سیستەمی ئاودێری.
٥) هۆکاری خاک: گونجاندنی خاک بۆ چیمەن یەکێکە لە پێویستە سەرەکیەکانی هەر پڕۆژەیەک، جگە لە کێلانی خاکەکە و بژارکردن و تێکردنی گڵێکی پاک و بەپیت و تێکەڵکردنی مەوادی خۆراکی زیادە لە ڕێی پیتمۆسەوە هەروەها ڕاگرتنی باڵانسی تفتی خاکەکە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری خاک کە پێویستە ڕەچاوبکرێت بریتیە لە سیفەتە فیزیاییەکانی خاکەکە وەک فشەڵی و پیاڕۆیی بۆ ئاو، ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان پیاڕۆیی لە خۆ نەگرتنی هۆکارێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی چیمەنێکی تەندروست.
هەندێکجار خاکەکە لەسەرەتاوە پیاڕۆیی گونجاوە، بەلام کاتێک خاکێک تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی تری گونجاو نەبێت و هاتوچۆی زۆری لەسەر بێت بە تایبەت کاتێک خاکەکە تەڕە.، دەبێتە هۆی کوتانەوەی خاکەکە و کەمبوونەوەی پیاڕۆیی، ئەمەش کاریگەری کاریگەری خراپ دروست دەکات لەسەر تەندروستی چیمەنەکە
٦) جگە لەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران بۆ زەردبوون و دروستبوونی پەڵەی چیمەن، چەندین هۆکاری تریش هەن وەک مێرووەکان و مەوادی کیمیایی تر یاخود نەخۆشیە جیاوازەکانی کە دەکرێت ڕووبەڕووی چیمەن ببێتەوە، هەروەها کاریگەری سێبەر و، ململانێی ئەو ڕووەکانەی کە لە دەوری چیمەنەکەن و ڕەگەکانیان لە ئاستی ڕووکەشدایە.


سەرچاوە:- پەڕەی ( گرین سکەیپ ) لە فەیسبووک

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: