گەنم،کشتوکاڵ،دەوەن سەردار،ڕووەکبەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ‌و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم کوردستان، بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستاندا لە رووی بڕو جۆرەوە ساڵ لە دوای ساڵ زیادی کردووە، بەجۆرێک لە ئەمساڵدا گەیشتۆتە بڕی (1250000 تۆن)، ئەو بڕەش دوو هێندەی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بەرهەمی گەنم.
ئێستا رەوشی ئەو بەرهەمهێنانە هەڕەشەی زۆری لەسەرە لەوانە: خراپی بە بازاڕکردن لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراقەوە، کە رۆتین‌و گەندەڵییەکی زۆری تێدا دەکرێت، سەرباری نەدانی شایستە داراییەکانی بەشێکی زۆر لە جووتیاران، کە هێشتا پارەی گەنمی ساڵانی (2014، 2015، 2016)یان وەرنەگرتووە. هەروەها زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، بەهۆی کڕینی بنەتۆو دەرمانی قەڵاچۆکردن‌و پەینی کیمیاوی بەنرخێکی گران. بۆیە ئەگەری زۆر هەیە لە ساڵی داهاتوودا زۆرێک لە جووتیاران پشت لە چاندنی گەنم بکەن‌و بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستان پاشەکشە بکات. لێرەدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلە بکات بۆ چاکسازی کردن لەو بوارەدا، چونکە گەنم بەرهەمێکی ستراتیجییەو فەرامۆشکردنی هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی خۆراکمان.
ئەم پێشنیازانەی خوارەوە دەخەینەڕوو، بەمەبەستی چالاک کردنەوەی ئەو بوارە گرنگە، بە ئومێدی ببێتە بنەمایەک بۆ چاکسازیکردن لە بواری بەرهەمهێنانی گەنم لەکوردستان‌و رێگریکردن لەو هەڕەشانەی کە ئەگەری دروستبوونیان هەیە.
1- پێویستە حکومەتی هەرێم خۆی یەکلایی بکاتەوە لە پابەندبوون بە سیستمە داتەپیوەکەی وەرگرتنەوەی گەنم لە عیراق‌و خۆی بۆ خۆی بوجەیەکی بۆ تەرخان بکات، کە بە بڕی (800 - 900) ملیار دینار مەزەندە دەکرێت. هەروەها نرخی کڕین دیاری بکرێت لە سەرەتای وەرزی چاندنەوە‌و وەکو پڕۆژەیەکی حکومەت رابگەیەنرێت، هاوکات دەکرێت ئەو بودجەیە بە درێژایی ساڵ دابین بکرێت.
2- سیستمی وەرگرتنی گەنم گۆڕانکاریی بنەڕەتیی تێدا بکرێت، باشتروایە پڕۆسەکە بە چاودێرییەکی وردو راستەوخۆی حکومەت بێت، بەڵام لە رێگای کەرتی تایبەتەوە ئەنجام بدرێت. لەبەرامبەردا هامشێکی قازانجیان بۆ دابین بکرێت‌و لەقۆناغێکی تردا ئەمبارکردن‌و هاڕینەوەش بدرێتە کەرتی تایبەت. بێگومان ئەو کارە لە رێگای کەمکردنەوەی یاساییەوە ئەنجامبدرێت.
ئەو سیستمە لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا پەیڕەو دەکرێت. بگرە کۆمپانیاکانی وەرگرتنەوەی دانەوێڵە، بۆ ئەوەی زیاتر جووتیاران بۆ لای خۆیان رابکێشن، قەرزی کشتوکاڵیان دەدەنێ‌، ئەویش بۆ کڕینی سەمادو بنەتۆو و...تد.
3- پەیوەندیکردن بە بازاڕەکانی جیهانەوەو دۆزینەوەی دەروازەی جیاواز بۆ هەناردەکردنی گەنم بۆ دەرەوەی هەرێم.
4- قەدەغەکردنی هێنانی گەنم‌و ئارد بەدرێژایی ساڵ لە دەرەوەی وڵات‌و ناچارکردنی کارگەکانی ئالیک‌و ئاردو شیرەمەنی‌و بسکویت‌و...تد، بۆ بەکارهێنانی گەنم‌و ئاردی خۆماڵی‌و هاندانی کەرتی تایبەت بۆ دانانی کارگەی پێشکەوتووی ئاردو بە تایبەتی ئاردی «سفر».
5- دابینکردنی بنەتۆوی باش‌و سەمادو قەڵاچۆکەرو ئامێری پێشکەوتوو بە نرخێکی داشکاو، لە چوارچێوەی هاوکاری کشتوکاڵیی حکومەت بۆ جووتیاری بەرهەمهێن.




رەحیم حەمید عەبدولكەریم

ئامادەکردنی:-

رەحیم حەمید عەبدولکەریم
بەڕێوەبەری گشتی/ ئەندامی لێژنەی راوێژکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ‌و سەرجاوەکانی ئاوی هەرێم


بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: