agriculture pesticides,قڕکەری کشتوکاڵی،قڕکەر،المبيد الزراعي،المبيد،کشتوکاڵ
ژینگە بە بەردەوامی لە ژێر ڕکێفی هۆکارەکانی پیس بووندایە، لە کۆمەڵێک سەرچاوەوە، لەوانە پیس بوون بە پاشماوەکانی شارەوانی و پیشەسازی ،
هەروەها بە تیشک و قڕکەری کیمیاویی کشتوکاڵ و پیس بوون بە بەرهەمەکانی نەوت و بیناسازی ... هتد . ئەوەی لێرەدا مەبەستە پیس بوونی ژینگەیە بە قڕکەری کشتوکاڵ.
قڕکەری کیمیاویی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ لەناوبردنی دەردی کشتوکاڵ بۆ پاراستنی ڕووەک و زیاد بوونی بەرهەم ،هەروەها ڕۆڵی گرنگی هەیە  بۆ لەناوبردنی ئەو مێرووانەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ دەگوازنەوە ، ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی ترەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە.

بەکارهێنانی قڕکەری کیمیاویی
بەکارهێنانی قڕکەری کیمیاویی کشتوکاڵ بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان (٢٥٠٠) ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە ، کە ئاوێتەی گۆگردیان  بۆ لەناوبردنی مێروو ، پند ، بەکارهێناوە . چینییەکان لە ساڵی (١٢٠٠) ی پێش زاین دا پێکهاتەی ڕووەکیان بۆ لەناوبردنی مێروو بەکارهێناوە ، هەروەها خۆڵەمێشی دارو تەباشیریان بۆ پاراستنی بەروبوومی پەسەند بەکارهێناوە . ئەوان هەستیان بە سوودی دوژمنەکانی سروشت و کاتی گونجاو بۆ چاندن و ئاودان کردووە ، بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەردەکانی کشتوکاڵ . لە بواری قەڵاچۆکردنی زیندەگی دا ، دیسان چینییەکان یەکەم کەس بوون لە بەکارهێنانی شارە مێروولەی نێچیرخۆر ، لەساڵی (٣٠٠) زاینی دا بۆ خواردنی کردمی لوولەیی داری ترشەمەنییەکان . بێگومان  پەیدا بوونی زەڕەبین لە سەدەی حەڤدەیەم دا ، هاندەرێک بوو بە ناسینی زۆرێک لەو زیندەوەرانەی کە گومانی هۆکاری دەردی کشتوکاڵییان لێ دەکرا. لە پێش ساڵانی (١٩٠٠) دا کۆمەڵێک قڕکەری کیمیاویی نا ئۆرگانی بەکارهاتوون وەکو زرنیخاتی قورقوشم ، فلۆریدی سۆدیۆم ، تێکەڵەی بۆردو ، کە تا ئێستا بە کەڕوو کوژێکی گرنگ دادەنرێت. بەکارهێانی ئەم قڕکەرانە ماوەیەکی دوور و درێژی خایاند. لە ئەنجامی داهێنان و پێشکەوتنی کەل و پەلی پرژاندن و بەکارهێنانی فڕۆکە بۆ پرژاندنی قڕکەر ،لەساڵی (١٩٢١) زاینی دا بۆ یەکەمین جار لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکارهات . هەڵبەتە لە پاش ساڵانی (١٩٠٠)ی زایینی دا چەند سەرچاوەیەکی زانستی پەیدا بوون کە گوزارشتیان لە پوختەی دەرد و ڕێگای چارەسەر کردنی دەکرد . سەردەمەی شەڕی دووەمی جیهان بە گەورەترین شۆڕشی کشوکاڵ ناوزەند کرا بۆ لەناوبردنی مێروو،کە سەرەتای پێشکەوتنی بەرچاوی قڕکەری ئۆرگانی لەخۆگرت و پەیدابوونی قڕکەری (DDT) دەستی پێ کرد . هەرچەندە ئەوکات بۆ مەبەستی سەربازی دروست کرد بۆ قەڵاجۆکردنی ئەو مێرووانەی نەخۆشییان بۆ مرۆڤ دەگواستەوە وەکو کێچ ، مێشوولە ، ئەسپێی مرۆڤ . بەکارهێنانی ئەم قڕکەرە واتە (DDT) پەرەی سەند و لەهەموو ڕووەکێک و باخچەیەک دا بەکارهێنرا . بێگومان بەکارهێنانی ئەم قڕکەرانە و بەتایبەتی (DDT) ، تا ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بەردەوام بوو ، کە بووە هۆی پەیدا بوونی ئاریشە و گرفت ، لەلایەن پسپۆڕانی پاراستنی دەردی کشتوکاڵەوە پشت گوێ خرا.  لە سەرەتای ئەو کێشە و گرفتە هەستیان کرد پەیتا پەیتا مێرووەکان پەیدا بوونەوە و ڕێژەی بەکارهێنانی ئەم قڕکەرەیان زیادکرد. بەڵام ڕێژەی مێروو بەردەوام زیادی کرد لە ئەنجامی پەیدابوونی نەوەی تازەی بەرهەڵستکار بەرامبەر ئەو قڕکەرە ، ئەم کێشە و گرفتە تەشەنەی کرد ، بە تایبەتی گیانلەبەر و باڵندە لێرە و لەوێ  دەمردن و گەرای باڵندە توێکڵەکەی زۆر تەنک بووەتەوە ، بە ڕادەیەک قڕکەری (DDT) لە شیری دایکیان دا دۆزرایەوە ، کە لە ڕێگای زنجیرەی خۆراکەوە گەیشتووەتە ناو لەشی ئەو دایکە ، ئەم بارودۆخە و ژەهراوی بوونی ژینگە بێ دەنگییەکی پێوە دیاربوو ، تاکو ڕاچل کارسۆن دانەری کتێبی (بەهارێکی بێ دەنگ) لە ساڵی ١٩٦٢ دا دەربارەی بەکارهێنانی قڕکەری کیمیاویی بە فراوانی و خۆڕاگری قڕکەر لە ژینگە و ژەهراوی بوونی ژینگە زەنگی ترسناکی لێ دا، لەو کاتەوە پسپۆڕانی ئەو بوارە سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی دیکەن ۆ کەم کردنەوەی بەکارهێنانی قڕکەر ، بۆیە لە سەرەتای شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕبردوو دا ، بیرۆکەی قەڵاچۆکردنی دەردەکانی کشتوکاڵ بە ڕێگای یەکتر تەواوکەر هاتە گۆڕێ. ئەم قڕکەرە واتە (DDT) لە کۆمەڵە ئاوێتەکانی هایدرۆکاربۆناتی کلۆرایدە ، لە کاربۆن و هایدرۆجین و ئۆکسجین و کلۆر پێک دێت ، هۆی خۆڕاگرتنی لە ژینگەدا بۆ ئەو هێزبەندەی کە لەنێوان تەنەکانیدا هەیە ، دەگەڕێتەوە.  کە پێویستی بە وزەیکی زۆر هەیە بۆ شکاندنی ئەو هێزبەندە ، کە بە زیادبوونی ڕێژەی کلۆر تێیدا ئەو هێزبەندە بەهێزتر دەبێت ، کە بە هۆکارە ژینگەییەکانی سروشت وەک پلەی گەرمی و ڕوونکی هەڵناوەشێتەوە ، هەروەها لە ناوخاکیش دا هەڵوەشانەوەی لەلایەن زیندەوەرانی خاکەوە ئاسان نییە ، بۆیە لە پاش مامەڵە کردن بەم قڕکەرە ، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە نا خاک و بۆماوەی چەند مانگێک لەسەر ڕووەکی مامەڵەکراودا دەمێنێمتەوە. ئەگەر بەر مرۆڤ کەوت لە ئەجامی مامەلە کردن لەگەڵی دا ، یان لە ڕێگای زنجیرەی خۆراکەوە گەیشتە ناو لەشی ئەوا لەناو شلەی لەشی مرۆڤ دا ناتوێتەوە  تاکو خۆی لێ ڕزگار بکات و لە ڕێگای میزەوە فڕێی بداتە دەرەوە ، بەڵکو لە ناو شانە چەورەکانی لەش دا دەتوێتەوە و جێگیر دەبێت ، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لەم مرۆڤەدا دەربکەوێت ، جا ئەگەر ئەو مرۆڤە بڕێکی دی لەم قڕکەرەی گ ، بە هەر ڕێگایەک بێت  لەناو لەشی دا بەرە بەرە کۆ دەبێتەوە تا دەگاتە ڕێژەیەک کە تووشی نەخۆشی درێژخایەنی دەکات و چارەسەرکردنی ئاسان نابێت ،ئەم قڕکەرە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا قەدەغە کرا لەو کاتە دا کۆمەڵە ئاوێتەکانی سایکلوداین باو بوون وەکو هبتاکلۆردان، ئەندرین ، ئەلدرین ، دی ئەلدرین ، کلۆردین ،.......... هتد. ئەم کۆمەڵە ئاوێتەیەش کلۆردارە و خۆڕاگرە لە ژینگە ، لە ئاودا کەم دەتوێتەوە .. هەروەها هۆکارە سروشتییەکانی ژینگە ،وەک پلەی گەرم تیشکی خۆر روناکی کاریگەرییان بۆ سەر قڕکەرەکە کەمە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان و ڕۆلیان لە ژەهراوەی بوونی ژینگەش دا هەیە . قڕکەری ئەندۆسۆلفان لەم ساڵانەی دوایی دا لە لایەن چەند بازرگانێکەوە بۆ کوردستان هێندرا ، لە قەڵاچۆکردنی مێرووش بە چڕی بەکارهات ، ئەویش لە کۆمەڵە ئاوێتەی سایکلۆدا نییە ، ئەگەر چی مەترسی لەوانی دی کەمترە ، بەڵام هەر لەو کۆمەڵە ئاوێتەیەیە . ئێستا ئەو قڕکەرانەی لە بازاڕ دا هەن ، زۆربەیان لە کۆمەڵە ئاوێتەکانی فسفۆڕی  ئەندامی و کاربامایتی ئەندامی و پایرترۆیدیییە ، ئەوانە خۆڕاگرنین و لە ئاودا دەتوێنەوە ، جۆری پایرترۆیدی لە هەموویان کەمتر خۆڕاگرە لە ژینگە ، بە پلەی گەرمی و تیشکی ڕووناکی هەڵدەوەشیتەوە ، لە بنەڕەت دا لە پێکهاتەی ڕووەکی سروشتییە ، پاشان لەسەر بنەمای ئەم پێکهاتەیە دروست کرا.

کەم کردنەوەی ڕۆڵی قڕکەری کیمیاویی کشتوکاڵ لە پیس بوونی ژینگە
بێگومان بەکارهێنانی قڕکەری کشتوکاڵ لە وڵاتی ئێمەدا بۆ لەناوبردنی دەردی کشتوکاڵ باڵا دەستە ، ڕێگایەکی خێرایشە بۆ وە دەست هێنانی ئەنجامەکەی ، بەڵام لە هەمان کات دا یەکێکە لە هۆکارەکانی پیس بوونی ژینگە ، بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئەم قڕکەرە لە پیس بوونی ژینگە کەم بکەینەوە  پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەین:-

١- کردنەوەی بەشێکی سەربەخۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ناوی (IPM) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕووەک بێت و پشتگیری تەواوی لێ بکرێت و فەرمانبەرانی پسپۆڕ لەم بوارەدا ڕەوانەی دەرەوە بکرێن ، بۆ ڕاهێنان و شارەزا بوون لەم بوارەدا.
چونکە بۆ جێبەجێ کردنی ڕێگاکانی (IPM) پێویستمان بە کات و پلان و دارایی و تاقیگە و توێژینەوەی تێر و تەسەل هەیە ، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان دا، بە تایبەتی لە بواری قەڵاچۆکردن  بە ڕێگای زیندەگی جێبەجێکردنی (IPM) لە وڵاتی ئێمەدا ئاسان نییە ساڵانێکە کەرتی کشتوکاڵ پشت گوێ خراوە ، بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە بەسەریدا هاتووە ، بەڵام هیچ نەبێت چەند هەنگاوێک لەم بوارەدا بچینە پێشەوە هەر باشە.

٢- هەر کە ناوی مێروو دەبیستین ، ڕاستەوخۆ درک بە لایەنە زیان بەخشەکەی دەکەین ، جووتیاریش بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر ئەو بەرووبوومەیە ، کە چاندوویەتی و پارەی لێ خەرج کردووە لەوانەیە هەر بەدیتنی چەند مێروویەک یان کرمێک لەسەر بەرهەمەکەی بە تایبەتی لەو کاتانەی کە هێشتا نەیڕنییوە و لە بازاڕ دا پارەیەکی باش دەکات ، ئەوا یەکسەر پەنا بۆ قڕکەر و ڕشاندن دەبات . دەبێت بۆ جووتیار ڕوونبکرێتەوە کە زۆربەی هەرەزۆری ئەو مێرووانەی ناسراون ، %٩٩ یان گرنگیییەکی ئەوتۆیان بۆ مرۆڤ نییە ، بەڵکو ئەو مێرووانە خۆراکی سەرەکی باڵندە و ماسی و شیردەر و خشۆکن هەندێکی دیکەشیان دیمەنی جوان دەبەخشن یان سوودبەخشن.

٣- ڕێنمایی جووتیار بکرێت کە ڕووەکی پەسەند کراوی خانەخوێ بەشێوەی خەت لە نێوان بەروبوومی سەرەکی ا بچێنێت . بۆ نموونە بۆ پاراستنی تەماتە لە نەخۆشیی لۆچ بوون و زەرد بوونی گەڵاکەی ، کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی باوی تەماتەیە، پێشکەسپی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە ، دەبێ پێش گواستنەوەی شەتڵی تەماتە بۆ کێڵگە ، بەشێوەی خەت لە کێڵگەکەدا بچێندرێت. وەکو خەیار ، باینجان ، فاسۆلیا و ترۆزی ، پێشکە سپی لێی کۆ دەبێتەوە، ئینجا ناوە ناوە ئەو خەتانە بەقڕکەر مامەڵە بکرین کە دەبێتە هۆی کەم بوونەوە و لەناوبردنی لەناو کێڵگەی تەماتە و پاراستنی لەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە ، بە بێ ئەوەی هەر هەموو کێڵگەکە بە ژەهری کیمیاویی مامەڵە بکرێت.

٤- بەرز کردنەوەی نرخی قڕکەری کشتوکاڵ ، بەڵام ئەو قڕکەرانە نەگرێتەوە کە دەبێ جووتیار وەکو ئەرک و پێویستی بەکاریان بهێنێت ، لە نموونەی قڕکەری نەخۆشی کورکی داپۆشراوی گەنم ، یان ئەگەر دەردێکی کت و پڕ لەناوچەیەک پەیدابوو.

٥- هاوردنی ئەو قڕکەرانەی کە تایبەتمەندن و کاریگەرییان لەسەر مشەخۆر و نێچیر خۆران نەبێت یان کەم بێت.

٦- هاوردن و بەکارهێنانی ئەو مژادانەی لە بنچینەدا لە پێکهاتەکانی ڕووەکن ، کە کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی مێروو هەیە ، وەکو ئەو مژادانەی کە مێروو لە خواردن یان گەرادانان قەدەغە دەکات ، یان دەری دەکات یان ڕای دەکێشێت بۆ مەبەستی جیاجیا ، یان ئەوانەی کاریگەری لەسەر داماڵین دەکەن و لە ئەنجام دا سووڕی ژیانی تێک دەدات و دەمرێت.

٧- بێگومان زۆربەی هاوڵاتییان تەنیا چینی جووتیاران نەبێت شارەزایی لەسەر کشتوکاڵ و دەرد و قڕکەر و ژەهر نییە ، بەڵکو ئەوەی لای ئەو گرنگە ئەو سەوزە و میوە جوان و لووس و بریقەدارانە بکڕێت ، کەچی لەوانەیە ئەو بەرهەمە جوانە بە قڕکەر پەروەردە کرابێت لەوانەشە پێش ڕنین هەر بە قڕکەر مامەڵە کرابێت.

٨- کاراکردن و بایەخدان بە بەربەندی کشتوکاڵ لە بەندەر و فڕۆکەخانە و سەر سنوور دا بۆ ڕێگرتن لە هاتنە ژوورەوەی نموونەی تووش بوو.

٩- کۆمەڵەی پەرۆشانی ماددەی کیمیاویی کشتوکاڵ لە بەریتانیا ، یەکێک لە ئیش و کارەکانی سووتاندنی ئەو پاشماوە کیمیاوییانەیە لە پلەیەکی بەرزی گەرمی دا ، کە دەکاتە ٨٠٠ – ٩٠٠ پلە ، کە شوێنی تایبەتی بۆ دروست کراوە بۆ ئەم مەبەستە پاشماوەی سووتاندنەکەش ، واتە خۆڵەمێشەکەی هیچ ئاسەواری ماددە کیمیاوییەکەی تێدا نامێنێت . لای خۆشمان دەکرێت هەندێ ڕێ و شوێن بگرینەبەر وەکو ڕێگانەدان بە فرۆشیارانی لەگەڵ کارتۆن و قوتووی کەل و پەلی کشتوکاڵ ، قڕکەری کۆن و بەسەرچوو بە تاڵ لەگەڵ پاشماوەکانی شارەوانی کۆ بکرێتەوە ، لە شوێنی تایبەت و دیاری کراو ، دوور لە شار و ئاوەدانی و ڕێگای گشتی بسووتێنرێن.

سەرچاوە:- 
گۆڤاری کشتوکاڵ / ژمارە ٣٢ / ساڵی ٢٠٠٧
ماڵپەری کشتوکاڵ



دووبارە نوسینەوەی:

دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: