ڕووەک،ڕووەکی ناوماڵ،کستوکاڵ،دەوەن سەدار،


سەرەڕای شێوە جوان و دڵڕفێنەکەی ڕووەکی جوانی سوودی زۆری هەیە وەک خاوێنکردنەوەی هەوا لە هەندێک هۆکاری نەخۆشی و دابەزاندنی پلەی گەرمی و شێدارکردنی کەشهەوا ،
سوودی ڕووەکی جوانی ناو ماڵ بەگوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕدرێت . بۆ ئەوەی ڕووەکێکی باش و بە تەمەن هەبێ پێویستە لەسەر خانمی ماڵ شارەزایی لەو کردارانە هەبێت:-
یەکەم: 
مەبەستی چاندنی ڕووەکەکە لە سەرەتادا دەستنیشان بکرێت ئایا بۆ جوانی و جۆری گوڵەکەی ئەو ڕووەکە دەچێنی یان وەک ڕووەکێک سوود لە بەرهەمەکەی وەربگری.
دووەم:
مەبەست لە چاندنەکەت دیاری بکە ئایا وەک ڕووەکی بەرسێبەر ئەو ڕووەکە دەچێنی یان بۆ ڕازاندنەوەی بەر دەرگا یان ناو باخچەی ماڵ . پێویستە ڕووبەری شوێنەکە پێش وەختە بزاندرێت . 
سێیەم:
دوای زانینی مەبەستی چاندن دەستدەکرێت بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕووەکەکە لە پەرتووکی تایبەت یان لە ئینتەرنێت یان لە کەسی شارەزا ، باشتر وایە سەردانی چەند نەمامگەیەک بکەی بۆ دەستنیشانکردنی ڕووەکی مەبەست بۆ دڵنیابوون لە سەرچاوەکەی.
چوارەم:
لە نەمامگە پرسیاری باشترین جۆری گونجاو بۆ ئەو مەبەستەی تۆ نەمامەکەی بۆ دەچێنیت بکە.
پێنجەم:
ئەو ڕووەکەی دەیکڕی باشتر وایە لەگەڵ کەشوهوای وڵآتەکەت بگونجێ چونکە ئێستا لە نەمامگەکان دا چەندنین جۆرە ڕووەکی جوان و سەرنج ڕاکێش هەن بەڵام لەگەڵ ژینگەی کوردستان ناگونجێن.
شەشەم:
ئەگەر ئەو شوێنەی ڕووەکی تێدا دەچێنی ڕووبەرەکەی کەم و تەسک بوو بزانە پێویستیت بۆ ئاو زیاتر دەبێت.
حەوتەم:
هەندێک ڕووەکی شیاو بۆ خواردن وەک نەعناع و پونگ و ڕەیحان و هەندێک جۆر کە وەک بەهارات بەکارد دەهێنریت دەکرێت هەر لە ناندینەکەت بیچێنی نزیک لە پەنجەرەی ژوورەکە.
هەشتەم:
ئەگەر خانووەکەت باخچەی هەبوو دەکرێت کاهوو (خس ) و توور و هەندێک ڕووەکی گوڵدار کە دەکرێت وشکبکرێتەوە و تێکەڵ بە ئاو بکرێت و ئاوەکەی بخورێتەوە وەک گوڵە حاجیلە ( بیبوون ) بچیندرێ.
نۆیەم:
گرنگی بە ئینجانە ( مەرکان ) بدە چونکە جۆرەکەی بە پێی جۆری ڕووەک و تەمەن و قەبارەکەی دەگۆردرێت.
دەیەم:
ئەو ئینجانەیەی ڕووەکی جوانی لێ دەچێندرێ پێویستە لە ژێرەوەی تا بەرزی چارەکێک هەندێک بەرد دابندرێت بۆ پاراستنی ڕادەی شێ.
یانزەهەم:
بۆ ئامادەکردنی خاکی پێویست بۆ چاندن هەندێک پەینی ئۆرگانی ( زبڵ ) و ڕیشاڵ و جۆری خاکی جیاواز پێویستە بۆ پاراستنی ڕودەی شێ لە خاکەکە دا .
دوانزەهەم:
پێویستە کاتی ئاودانی هەر ڕووەکێک بزانرێت و پابەند بوون بەو کاتانە زۆر گرنگە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات



بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: