ناوی زانستی:-       Washingtonia spp.  
ناوی ئینگلیزی:-   California fan palm ، Mexican fan palm
ناوی عەرەبی:- واشنگونیا
خێزان:- النخیلیە Palmaceae وە پێشتر (Arecaceae)ەبووە



تایبەتمەندێتی ڕووەکەکە:- 
درەختێکی هەمیشە سەوزە ، درەختی واشنتۆنیا بۆ٢٥-٣٠  مەتر بەرزدەبێتەوە. خورمای جوانی (واشنتۆنیا) بەو درەختە گرنگانە دادەنرێت  کە بەکاردێت بۆ ڕێکخستنی باخچەکان ، لەبەرئەوەی جوانییەک دەبخشێت بەو شوێنانە ، وە خورمای جوانی سەر بەخێزانی خورماییەکانە کە کە تا ئیستا زیاتر لە ١٥٠٠ جۆریان لێ دۆزراوەتەوە ، بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەربڵاوە ، لەگەڵ ئەوەش دا لە کوردستان دا لەم ساڵانەی دواییدا گرنگییەکی زۆری پێدراوە و لێرە و لەوێ دەڕوێنرێت و بەخێو دەکرێت .هەروەها ئەم درەختە لە شەقامەکانی هەریەک لە ولایەتەکانی کالیفۆرنیا و تەکساسی ئەمەریکا بڵاوە و خزمەت دەکرێت.ئەوەی گرنگە باس بکرێت ئەوەیە کە ئەم ڕووەکە ناوەکەی لە ناوی یەکێک لە سەرۆکەکانی ئەمەریکاوە هاتووە کە ئەویش (جۆرج واشنتۆن) ە ، هەروەها واشنتۆنیا درەختێکە دەتوانێت بۆ ماوەی٨٠ - ٢٥٠ ساڵ بژی ئەگەر کەش و هەواکەی گونجاو بێت ،

نیشتیمانی سەرەکی:- 
ئەم جۆرە خورما جوانییەش باشووری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە . لەگەڵ باشووری خۆرئاوای بیابانی ئەریزۆنا و باشووری نیفادا .هەروەها ڕا و بۆچوونێکی تر هەیە کە دەڵێت ناوی ئەم درەختە لە ناوی دۆزەرەوەیەکی ئەمەریکییەوە هاتووە بەناوی ( هێنری واشنتۆن) کە زانیاری و دۆزینەوەی هەبووە لەسەر زەوییەکان و بەرزونزمییەکانی ولایەتی کالیفۆرنیا.

شێوەی درەختەکە:- 
تاجێکی گەورەی هەیە و قەدەکەی بە بنکی گەڵاکان داپۆشراوە کە لەکاتی لێکردنەوەی گەڵا وشک هەڵهاتووەکان بەجێ دەمێنێت. وە دوای چوونە تەمەنی درەختەکەوە ئەو بنکی گەڵایانەش لێ دەبنەوە و قەدەکەش ساف دەبێت لەو شوێنەدا،  قەدەکەی شێوەیەکی لوولەیی  هەیە و دوای بەرزبوونەوەی ٦٠ -٩٠ سم لە زەوییەوە ئەستوور دەبێت .
گەڵاکانی:- پەروانەیین ، و گەورەن و هەمیشە سەوزن. وە پەل پەل بوون بە سێ یەکی قەبارەی گەڵاکە واتە سێ بەشی گەڵاکە بەش بەش بوون و وە دەزوولەی سپییان پێوەیە ، وە ملی گەڵاکان (بنکی گەڵاکان) قاوەین و قەراغەکانی دڕکی گەورەی قاوەیی لەسەرە. هەروەها نزیکی (٩٠)سم درێژە

گوڵەکانی:-
 هێشوویە و درێژبووە وەیە و نزیکی (٣.٥) مەتر درێژە ، ڕەنگی سپیەکی پرتەقاڵی باوە و لە هاوین دا دەردەکەوێت. وە دوو ڕەگەزە واتە نێرە و مێیەشی لەسەرە ، لەگەڵ ئەوەی بۆنداریشە.

ڕەگەکەی:-
بەرەکەی: ڕەنگی ڕەشە و خڕە وەک شێوەی دەنکە قەزوان وایە ، کە بەشێوەیەکی هێشوویی وەک هێشووی ترێ دروست دەبن و لە ناو هەریەک لەو دەنکە بەرانەدا یەک دەنک تۆو هەیە ، کە پاش وشککردنەوەی بەرەکە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ڕوواندن. وە تۆوەکەی ڕەنگی قاوەییە .
ئاستی گەشەکردنی:- واشنتۆنیا گەشەی سستە و پلەی گەرمی زۆر بەرز و زۆر نزم کاریگەری هەیە لەسەری

بەکارهێنانی واشنتۆنیا:-
ئەم درەختە لە سەر شەقام و پارکەکان دا دەڕوینرێت و جوانی دەبەخشێت بەو شوێنانە ، هەروەها کە کاتێک بچووکە دەتوانرێت لەناو ئینجانەدا بڕوینرێت.
هەروەها زۆر گونجاوە و هەم جوانیشە بۆ ڕوواندنی لە بلوارەکان (الجزر الوسگیە)ی ناوەڕاستی شەقامەکان لەبەرئەوەی درەختێکە لق و پۆپی لێ نابێتەوە وە ڕێک و ستوونی سەردەکەوێت بەمەش بەرچاو ناگرێت و ئاستەنگ بۆ شۆفێران و پیادەکان دروست ناکات . وە هەروەها پاشماوەی ڕووەکی وەک گەڵا و گۆڵی نییە یاخود کەمە وە بەرگەی ئەو گەرمییەی کە لەسەر شەقامەکان هەیە دەگرێت.
کەش و هەوای گونجاو :-بەشێوەیەکی گشتی خورمای جوانی بەرگەی کەش و هەوای ناوچەکە دەگرێت .

پلەی گەرمی:- درەختی واشنتۆنیا بەرگەی باشی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات تا پلەی ٤٥ – ٤٨ پلەی سەدی و زیاتریش ، بەڵام بەرگەی بەستن و پلەکانی گەرمی ژێر سفر ناکات. وە بەشێوەیەکی باش بەرگەی وشکی کەش دەگرێت.

خۆڵ و خاک :-
 بەرگەی سوێری زۆری خۆڵ دەگرێت، هەروەها دەبێت خۆڵەکەی ئاوەڕۆی باش بێت و ئاوی تیا نەوستێت ، وە لە زۆر جۆری خاک دا گەشە دەکات دەڕوێت بەڵام باشترە کە خاکەکەی تێکەڵە بێت لە هەریەکە لە قوڕ و قوم و لم .

شێ:-
 ئەگەر خاکەکە وشک بێت واسنتۆنیا گەشەی تیا دەکات بەڵام ئەگەر شێی گونجاوی بۆ دابین بکەیت ئەوا زۆر بەباشی و خێرایی گەشە دەکات.
ڕەشەبا:- بەرگەی ڕەشەبا و بای بەهێز دەگرێت.
ڕووناکی:- پێویستە کە ڕووناکی خۆر بە ڕێژەی %١٠٠ لێی بدات واتە لە شوێنێکی خۆراوی دا بڕوێنرێت.
زیادکردنی:-ئاسانترین ڕێگا بە تۆو زیاد دەکرێت ، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت تۆوەکەی بخرێتە ناو ئاوەوە بۆ ماوەیەک تاوەکو پاش چاندنیان بە ئاسانی چەکەرە بکەن.  هەروەها (١) کیلۆ نزیکەی (١٥٠٠) دەنکە تۆوی درەختی واشنتۆنیا دەکێشێت.



ئامادەکردنی :

ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی کشتوکاڵی بەکرەجۆ

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: