پەتاتە هەر لەکۆنەوە ئاڵۆزترین کۆسپ لە ڕێگەی چاندنی دا نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بووە، هۆکاری ئەو نەخۆشیانەش بزربوو، جا لە بەرئەوە ناوی جۆراوجۆر لەو نەخۆشییانە دەنرا وەک نەخۆشی ڕزین ، شیبوونەوە ، بۆگەن بوون.
تا ئەوکاتەی توێژینەوەی زانستی توانی سروشتی ڤایرۆسەکان ئاشکرا بکات و بیسەلمێنێ کە هۆکاری نەمانی پەتاتە کۆمەڵە ڤایرۆسێکن بەهۆی مێروو دەگوازرێنەوە کە لە هەندێ کێڵگەی پەتاتە ڕادەی زیانی نەخۆشییەکە %٨٧ دەبێت ، ئێستاش باس لە هەندێ لەم نەخۆشییانە دەکەین:

١- نەخۆشی لوولخواردنی گەڵای پەتاتە :-
 کە لە ساڵی ١٩١٦ ڤایرۆسی نەخۆشییەکە بۆ جاری یەکەم لە هۆڵندا تۆمار کرا . کە ئەم نەخۆشییە لە زۆربەی شوێنی چاندنی پەتاتە لەسەر گۆی زەوی دا هەیە و تەنیا تووشی پەتاتە  دەبێت و زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێت.
نیشانەکانی لە سەرەتا دا گەڵاکانی ژێرەوەیان لوول دەخۆن و گەشەیان دەوەستێت و ڕەق هەڵدەگەڕێن هۆی لوول خواردنی گەڵاکانیش کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری کاربۆهیدراتە لە گەڵاکان دا. کە دەبێتە هۆی ئاوسانی شانە ئیسفەنجییەکان و گەڵاکان کەمێک ئەستوور دەبن و ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ زەردی کاڵ و لە پاش دا گەڵاکانی ژێرەوەی ڕووەکەکە هەڵدەوەرێن ، جاری واش هەیە نیشانەکان لە هەندێک جۆری پەتاتە بەشێوەی پەلەی مردوو دەبێت بەهۆی نیکرۆزی نیانی قەد و گەڵا و گرۆی پەتاتە.

ڕێگاکانی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە :-
آ - بەهۆی مێروو بەتایبەتی مێرووی شۆکە دەگوازرێتەوە ئەمەش ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ مێرووەکە دەمێنێتەوە بێ ئەوەی توانای تووشبوون بە نەخۆشییەکە وون بکات.
ب- بەهۆی گرۆی پەتاتەی تووش بوو بە ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە .
ج- بەهۆی ڕووەکی زریزە(بێ بنە).

٢- ڤایرۆس وای پەتاتە:-
 نەخۆشی مۆزاییکی گەڵان ، ئەم ڤایرۆسە بێجگە لە پەتاتە تووشی هەندێک جۆرە ڕووەکی دیکەش دەبێت وەک بیبەر و تەماتە و تووتن لە گەلێک شوینی جیهان لە کێڵگەکانی پەتاتە دا هەیە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سەرەتا دا بە جنجڕبوونی گەڵاکانەوە و تێکچوونی شێوەیان لە دواییش دا ڕێ ڕێ بوون یا ن خاڵ خاڵ بوون لە شێوەی ئەڵقەیی یان هەر شێوەیەکی دیکەی ڕەنگ قاوەیی لە دیوی ژێرەوەی گەڵاکان لە پاش دا پەیدابوونی شیبوونەوەی ئەو شوێنانەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لەسەری پەیدابوون .
ئەوەش دەبێتە هۆی وشکبوونی گەڵاکان و وەرینیشیان ، بەڵام هەندێک لە گەڵاکان ناوەرن و لە شوێنی خۆیان شۆڕدەبنەوە ، سەلکە پەتاتەکانیش بچووک دەبن و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم جاری واش هەیە نەخۆشییەکە گەڵێک کوشندە دەبێت و ڕووەکی تووشبوو دەکوژێت و لەناوی دەبات.
هەندێک جاریش نەخۆشییەکە بە  کوشندەیی تووشی ڕووەکی پەتاتە دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی لوول خواردنی لێواری گەڵاکان و پەیدابوونی ڕێ ڕێ جنجڕی ڕەنگ قاوەیی لە دیوی ژێرەوەی گەڵاکان یان پەیدابوونی خاڵخاڵی مردووی قەبارە بچووک لەسەر گەڵاکان  بەنیسبەت گواستنەوەی ڤایرۆسی وای پەتاتە بەهۆی گرۆی پەتاتەی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە هەروەها بەهۆی  مێرووی شۆکە بەتایبەتی مێرووی شۆکەی قەدی قۆخ ، هەروەها بەڕێگەی میکانیکی.





٣- ڤایرۆسی ئێکسی پەتاتە:-
 ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە لە هەموو نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکەی پەتاتە بڵاوترە لە جیهان دا سەڕەرای ڕووەکی پەتاتە تووشی هەندێک ڕووەکی دیکە دەبێت وەکو بە تایبەت خێزانی ڕووەکی باینجانی ، بەڵام نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەندە بە جۆری پەتاتە کە هەندێک جار ڤایرۆسی نەخۆشییەکە تووشی ڕووەکەکان دەبێت لەبەرئەو هۆیەش بە ڤایرۆسەکە دەوترێت ڤایرۆسی پەتاتەی دروست، بەڵام هەندێک جار نیشانەکان بە شێوەی مۆزاییکی نێوان دەمارەکانی گەڵاکە دەردەکەوێت کە پەرە دەستێنێت ، شوێنی تووشبووەکە بە ڤایرۆسەکە نیکرۆزی لێ پەیدادەبێت.
بە نیسبەت ڕێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بە ڕێگەی میکانیکی ، هەروەها لێکخشانی ڕووەکی تووشبوو بە ڕووەکی ساخ و لێکخشانی گرۆی پەتاتە لەگەڵ یەک لەکاتی داگرتن دا ، هەروەها بەهۆی دەست و جلوبەرگی ئەوانەی لە کێڵگەکانی پەتاتە دا کاردەکەن ، هەروەها بەهۆی مێرووی وەک کوللە .






٤- ڤایرۆسی ئەی پەتاتە:-
 نەخۆشییەکی زۆر بەربڵاوە لە جیهان بە تایبەتی لەو شوێنانەی پەتاتەی لێ دەچێنرێت کە هۆی سەرەکی ڤایرۆسەکە مێروولەی شۆکەیە .
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە پێی باری ژینگە و جۆری پەتاتەکە دەگۆڕێت ، چونکە هەندێک جار پەتاتە بەرگەی نەخۆشییەکە دەگرێت بەهۆی پەرەنەسەندنی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و مانەوەی نەخۆشییەکە لە شوێنێکی تەسک دا هەروەها هەندێک پەتاتە لە ڕۆژدانی درێژ و بەرزی پلەی گەرمی نیشانەکانیان لەسەر دەرناکەوێت.





٥- ڤایرۆسی ئێم -ی پەتاتە:-
 ئەم نەخۆشییە تەنها تووشی هەندێک ڕووەکی سەر بە خێزانی ڕووەکی باینجانی دەبێت ، نەخۆشییەکی گەڵێک بەربڵاوە ، گرنگترین ڕێگەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەهۆی مێرووی شۆکەیە لە ڕووەکی نەخۆش بۆ ڕووەکی دروست، کە نیشانەکانی ڕووەکی تووشبوو چالاکی کەمدەبێتەوە و ڕەنگی گەڵاکانیش دەگۆڕێ بۆ ڕەنگی سەوزی لێڵ ، هەروەها گەڵای تووشبوو کەم یان زۆر دەشێوێنێت . ئەمە و گەڵێک نەخۆشی دیکەش هەن کە ڤایرۆسین ، بەڵام پێویستە بەگشتی ئاگاداری مێرووی شۆکە و ڕێگا میکانیکییەکان و لێکخشاندن بین ... هتد. ئاگادارییان بین بۆ ئەوەی بەرهەمی پەتاتە لەم پەتایانەی باسمان کرد ڕزگاریان بکەین.


ئامادەکردنی:
سەلاح شوکری ئاکرەیی
ڕۆژنامەی خەبات

دووبارە نووسینەوەی:
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: