پێدانی توخمی ئاسن بە ڕووەک لەسەر شێوەی  پارچەی ورد یاخود داچەقینی بزمار لەسەر ڕووەکەکە تا چەند کردارێکی ڕاست و دروستە؟      

وەك دەزانین و بیستومانە ڕووەکەکان پێویستیان بە چەندین توخمی کانزایی هەیە تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی باش کردارە فسیۆلۆجییەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن، یەکێك لەو توخمانەش بریتییە لە توخمی (ئاسن - Fe ) کە زۆر گرنگە بۆ گەشەی ڕووەك , کە پێویستە بە شێوەی دروست بدرێت بە ڕووەکەکە، کە لە ئێستادا هاوڵاتیان زۆر ڕێگای هەڵە بەکاردەهێنن بۆ پێدانی ئاسن بە ڕووەک لەوانە :
١- بەشێوەی پارچە ئاسنی ورد کە لای ئاسنگەرەکان بەدەستی دەهێنن ، ڕاستەوخۆ دەخرێتە ژێر درەختەکان و ڕووەکەکان ، کە ئەمە ڕێگایەکی زۆر هەڵەیە و بە داخەوە لە زۆربەی نەمامگە کەسییەکانی شارەکانی کوردستان بەم ڕێگایە ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکرێت .
٢- یەکێکی تر لەو ڕێگا هەڵانەی کە دووبارە دەکرێتەوە ئەویش داچەقینی بزمار یاخود پارچە ئاسنە لەسەر قەدی ڕووەك و درەختەکە.
٣- یاخود چاندنی نەمام لە ناو تەنەکە دا و پاشان ڕوواندنی لە شوێنی هەمیشەیی دا بێ ئەوەی تەنەکەکەی لێ بکرێتەوە.
٤- زۆر ڕێگای هەڵەی تر کە لێرە و لەوێ ئامۆژگاری هاوڵاتیانی پی دەکرێت و ڕۆژانە دوبارە دەکرێتەوە.


ئێمە لێرەد پێمان خۆشە ڕوونکردنەوە بدەین لەسەر ئەو بابەتە و پێدانی زانیاری لەسەر ڕاسترین و باشترین ڕێگا بۆ پێدانی توخمی ئاسن بە ڕووەکەکان.

پێویستە گشت توخمە پێویستەکان کە دەدرێن بە ڕووەك بە شێوەك بێت کە ڕەگی ڕووەکەکە بتوانێت بیمژێت و بە زووترین کات سوودی لێ ببینێت ، وە ئەم توخمانەش هەر یەکەیان لەوی تر جیاوازترە لەڕووی توانەوەیان لە ئاودا و زوو گەیشتنیان بە ڕووەکەکە. چونکە ڕووەک تەنها دەتوانێت لە ڕێی ئەو ئاوەوە کە دەیمژێت لە ڕێگەی ڕەگەکانییەوە سوود لەو توخمانە وەربگرێت کە لە ناو ئاوکەدا تواوەتەوە. وە بەشێوەی دیکە ناتوانێت سوود لە توخمەکان وەربگرێت وەك شێوەی ڕەق !ە
توخمی ئاسنیش بە هەمان شێوە دەبێت بە شێوەیەك بدرێت بە ڕووەك کە بە ئاسانی لە ناو ئاودا بتوێتەوە و بە زووترین کات بگات بە ڕووەکەکە بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە کەمی ئاسن بەدی دەکرێت لەسەر ڕووەکەکە.
کاتێك ئێمە ئاسن بە شێوە نادروستەکان دەدەین بە ڕووك وەك (پارچەی وردی ئاسن یاخود داچەقینی بزمار !!) ئاسنەکە لە دۆخی ڕەقی دایە و بە ئاسانی لە ناو ئاودا ناتوێتەوە کە کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو دەتوێتەوە هەروەها ئاسن لەم شێوازەی دا کارلێك دەکات و بە بوونی شێ و ئاو دەئۆکسێت و ماددەی (ژەنگ) دروست دەکات کە لەم بارەدا ڕووەکەکە سوود لە توخمی ئاسن وەرناگرێت.

بۆیە ئەگەر ڕووەکەکان تەنها لەسەر زەوییەکی ئاسنین بڕوێنین ئەوا سوود لە توخمی (ئاسن ) نابینن ! 

لەبەرئەوە پێویستە ئێمە بیر لە ڕێگای دروست بکەینەوە بۆ پێدانی ئاسن بە ڕووەك کە توانای مژینی هەبێت بە ئاسانترین شێوە ، لەوانە پێویستە توخمی ئاسن بە شێوەی ( هاڕاوە یاخود بۆدرە) کە بریتییە لە ماددەی (سیانە ئۆکسیدی ئاسن) بدرێت بە ڕووەکەکان کە ئەم هاڕاوەیە ڕەنگێکی سوور یاخود جەرگی هەیە ، یان بە شێوەی (کبریتاتی ئاسن) کە ڕەنگێکی شین باوی هەیە، ئەم هاڕاوەیەش دەتوانرێت بتوێنرێتەوە لە ناو ئاودا و بە شێوەی ڕشاندن بەسەر گەڵا و چڵ و پۆپەکان بدرێت بە رووەکەکە، یاخود لە ڕێگەی ئاوی ئاودانەوە بدرێت بە ڕووەکەکە. بەڵام لەبەرئەوەی توخمی ئاسن درەنگ لە ئاودا دەتوێتەوە ئەوا واباشترە لە ڕێگەی پرژاندنەوە بدرێت بە ڕووەکەکە. 
وە ساڵانە جارێك یاخود دوو جار ئاسن بە شێوەی پرژاندن دەدرێت بە ڕووەکەکە .











ئامادەکردنی :


ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: