لە ئەگەری هەر گۆڕانکاریەک ئایا حکومەت دەیەوێت سێکتەری کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بێت، وە لە رێگای ئەو سێکتەرەوە دەتوانین چی بکەن؟
سێکتەری کشتوکاڵ یەکێک لە گرنگترین سێکتەرەکانە لە تەواوی وڵاتە پێشکەوتووەکان بەردەوام بایەخی پێدەدرێت و بەشێکی کارایە لە دابین کردنی ئاسایشی خۆراک و دواتر سەرچاوەیەک بۆ داهات، ئەو هۆکارانە وای کردووە کە لە رێگای توێژینەوەکان ئاستی ئەو سێکتەرە بەردەوام لە بەرەو پێشچووندابێت.
بە ئاوڕدانەوە لە مێژوی حکومڕانی زیاتر لە ٢٠ ساڵەی کوردستان دەگەینە ئەو راستیەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و کەرتی کشتوکاڵ لە بێ نازترینی وەزارەتەکانە، ئەوە دەسەڵاتداران و کاربەدەستان دەخاتە ژێر زۆر پرسی گرنگ کە بۆچی کاتێک ئەو کەرتە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان جێگای بایەخە بەڵام لە هەرێمی ئێمەدا پەراوێز خراوە؟ هۆکاری ئەو پەراوێز خستنە هەمە چەشنە، بەشێک پەیوەندی هەیە بە تێڕوانین و تێگەیشتنی ئەوان بۆ کشتوکاڵ وە بەراورد کردنی بە سێکتەرەکانی تر. بەشێکی تر پەوەندی هەیە بە شێوازی کشتوکاڵ کردن و ئاستی بەرهەمی خۆماڵی و توانای بەرهەمهێنان، بەڵام دیارترین هۆکار رەنگە پەیوەندی بە زەوی کشتوکاڵی و خاوەنداریەتی زەویەکانەوە هەبێت.
هەبوونی کێڵگەیەکی زۆری نەوت لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان هۆکارێکی کاریگەرە لەو پەراوێز خستنە، ئەوە تا رادەیەک دروستە بۆ پەراوێز خستنی کەرتەکانی تریش وەکو گەشتیاری و پیشەسازی...هتد، لە دیدی ئەوان نەوت باشترینە بەلام دەرئەنجام پێمان دەڵێ ئەوە نەک تێگەیشتنێکی هەڵە بەلکو کوشندەش بوو، هۆکارەکە هەر ئەوە نییە کە گرنگترین سێکتەر کە کشتوکاڵە بێ بایەخ کرا بەلکو شێواز و پلانیان لە بەرهەمهێنانی نەوتیش هەڵەبوو نەیانتوانی و نەشیان ویست لە رێگای داهاتی نەوت ئەو سێکتەرە گرنگە ببووژێنەوە تا ببێتە سەرچاوەیەکی تری داهات.
پرسی گرنگ ئەوەیە ئایا لە ئەگەری هەر گۆڕنکاریەک حکومەت دەیەوێت سێکتەری کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە کەمێک ئاڵۆز و دژوارە، پەیوەندی بە هۆکارەکانی تری پەراوێز خستنەکەوە هەیە، کە ترسی زۆر هەیە هەمان بۆچوون دووبارە بکرێتەوە.
وەک دەبیندرێت ئاستی بەرهەمی خۆماڵی (کشتوکاڵی) بەهۆی هۆکاری زۆر و جیاواز لە ئاست داواکاری خەڵک و بازاڕدا نییە لە هەر دوو رووی چەندیەتی و چۆنیەتی ئەمەش رێگا خۆشکەربووە تا رێژەی هاوردە کردن زۆر زیاتربێت لە هەناردە کردن. لە لایەکی تر وەک دەزاندرێت رووبەرێکی زۆری زەویە کشتوکاڵیەکان لە ژێر دەستی جوتیارانە و خاوەنداریەتی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە، ئەوەش وای کردووە جارێکی تر کەرتی کشتوکاڵی پەک بخات. لێرەدا دوو ئەگەر هەیە رەنگە یەکێکیان پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە بەهۆی نەبوونی پلانی گونجاوی حکومەت و تایبەتتر وەزارەتی کشتوکاڵ نەتواندراوە هەم خاوەنداریەتی زەویەکان بکەن، هەم جوتیاران و خاوەنی راستەقینەی زەویەکان بکەنە خاوەن کار و پڕۆژە کە سود و قازانجێکی دوو سەرەی دەبوو بۆ خەزێنەی گشتی و جوتیارانیش. بۆچوونی دووەم تێگەیشتنە کوشندەکەیە کە بەداخەوە مێژو دەریدەخات کە کاربەدەستانی هەرێم نایانەوێ خەڵک یان جوتیار و خاوەن زەویەکان خاوەنی دەستی خۆیان بن واتا بەرهەمهێنبن، دواجار ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە وڵاتی رووبوڕووی قەیرانێکی دژوار کردەوە کە ئەگەری لە دەستدانی تەواوی دەستکەوتەکانی چەندین ساڵەی حکومڕانی لێ کەوتۆتەوە.
ئەگەر هاتوو کەرتی کشتوکاڵ کرایە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ داهات چی روو دەدات؟
وەک لە پێشدا ئاماژەی پێکرا بەهۆی گرنگیەوە ئەو کەرتە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بایەخی تەواوی پێدەدرێت، بۆیە دەبێت لە هەرێمی خۆشمان بە هەمان شێوە بایەخی پێبدرێت تا بەهۆیەوە گوزەرانی هاوڵاتیان و ئاستی وڵات بەرەو پێشەوە بچێت. کەرتی کشتوکاڵ نەک هەر سەرچاوەی دابین کردنی ئاسایشی خۆراکە بەلکو کارایەکی یاریدەدەرە لە باشترکردن و بەرەو پێش بردنی کەرتەکانی تر وەکو گەشتیاری و پیشەسازی و تەنانەت پەروەردە و تەندروستیش لە رێگای داهات و دروست کردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ ژیان. هەروەها کاریگەری زۆری دەبێت لە کەمکردنەوەی رێژەی بێ کاری و دەبێتە ناوەندێک تا زۆرترین تاک بکاتە خاوەن پیشە، لە لایەکی تر کەش و هەوا و خاکی کوردستان و ئەزموونی چەندین ساڵەی جوتیارانی کورد تەنها رێکخستن و رێنمایەکی کەمی دەوێت تا بەهۆی کشتوکاڵ کردنەوە بگەینە ئەو ئامانجانەی کە وەکو هەر میللەتێکی تر بۆ خۆشگوزەرانی دەمانەوێت، هەروەها هەبوونی سەرچاوەیەکی باشی داهات و پیشە هۆکارە لە کەمکردنەوە و نەهێشتنی چەندین کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی.
د. رابەر فەتاح ساڵح
کۆلێژی کشتوکاڵ، زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر
٨/١/٢٠١٨
بۆچوون: