کاتێک گوێمان لە ناوی کاکتۆس دەبێت یەکسەر خەیاڵمان بۆ دەشت و بیابان دەچیت، هەر بۆیە خراپ نیە کەمێک دەربارەی کاکتۆسەکان بزانین، بۆ ئەوەی بشزانین کە ئەو ڕووەکە دڕکاویە میوەی زۆر بە تام و جێژیش دەگرێ.
کاتووس جۆری زۆرە و هەمووشیان سەر بە تیرەی "کاکتووسەکان"(Cactaceae)ن و بە سەوزی و گۆشتنی لاسکەکەی کە رۆڵی گەڵاکانی بۆ دەگێڕێ ناسراوە، لاسک و هەموو گیانی دڕکاوییە و بە شێوەی جۆراوجۆر هەر لە کاکتووسی نێو گوڵدانەوە بگرە هەتاکوو داری زۆر گەورەی بیابانەکان خۆی پیشان دەدا. گوڵەکانی کاکتووس زۆر جوانن و بە رەنگەکانی زەرد، سپی، سوور و ئەرخەوانی خۆیان دەنوێنن. هەڵاڵەی ئەم کاکتووسانە زۆرتر بە هۆی شەمشەممەکوێرەکانەوە بەملا و بەولادا بڵاو دەبێتەوە.
هەندێک لە میوەی کاکتووسەکان دەخورێن وتامێکی زۆر خۆشیان هەیە، خونچەی کاکتووس پێی دەوترێ ساگوارۆ (saguaro) . تایبەتمەندی ئەم گیایە ئەوەیە کە گەڵاکانی ئاو لە نێو خۆیاندا پاشەکەوت دەکەن بۆ رۆژی تینوویەتی و هەر بۆیە دەتوانێ لەو شوێنە گەرم و وشکانەدا بژی. هەرچەندە ئەم گیایە هی شوێنە گەرمەکانە بەڵام لەو شوێنانەش کە زۆر گەرم نیە دەژی و لە ئەمریکا و ئەو شوێنانەی کە کەش و هەوای لەبارە تاکوو کانەدا ئەم دارە دەبینرێ. هەروەها لە کوردستانیشدا لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای ڕانیە جۆرێکی کاکتۆس هەیە کە بەرزیەکەی گەشتۆتە زیاد لە ٥ مەتر.زۆربەی کاکتووسەکان لە بەهاراندا گوڵ دەکەن کە هەندێک جار ئەم گوڵکردنە لە چەند کاتژمێر زیاتری پێناچێ!، زۆربەی خونچە و گوڵەکان هەستیارییەکی سەیریان بە هەتاو هەیە و زۆربەیان لە کاتێکی دیاریکراوە لە رۆژدا و هێندێکیش جاوازتر گوڵ دەدەن.
جۆرێکی زۆر ناسراوی کاکتووسەکان هەیە بە ناوی سلنیسرۆس (Selenicereus) یان سی گرندیفلۆرا (C. Grandiflora) جۆرێکە کە لە شەودا گوڵ دەکا. ئەو گوڵە بۆنخۆشانە دوای خۆرئاوا بوون دەم دەکەنەوە و تەمەنیشیان تەنیا شەوێکە.!
گەورەترین جۆری کاکتووسەکان ناویان (Opuntia) و چەندین جۆری گەڵا لوولەیی و گەڵاپانی هەیە.

ئایا کاکتووس گه‌‌ڵایان هه‌یه‌؟ 
ڕووه‌کی کاکتووس ئەو تایبەتمەندیەی هه‌یه‌ که‌ بتوانێ خۆیی له‌گه‌ڵ ئاو و هه‌وای زۆر سه‌ختی ناوچه‌کاندا بگونجێنێ. کاکتوسه‌کانیش له‌ سه‌ر هه‌مان شێوه‌ و بنه‌مای ڕووکه‌کانیتر پێکهاتوون، به‌ڵام کرداری تیشکەپێکهاتن کە گەڵای ڕووەک ئەنجامی دەدات له‌ کاکتووسدا که‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆی لاسک و لقه‌کانی. له‌ ڕاستیشدا هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کاکتووسه‌کان ده‌توانن له‌ شوێنی زۆر گه‌رمدا گەشە بکەن ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌ڵایان نییه‌ و لاسک و لقی زۆر ئه‌ستووریان هه‌یه‌ که‌ دیانپارێزێ. گه‌ڵای ڕووه‌کیتر به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ناسک و جوان هه‌ڵکه‌وتوون و کوونی زۆر وردیان تێدایه‌ که‌ پێیان دەڵێن (دەمیلە) له‌م کونانه‌وه‌ کرداری هەناسەدان جێبەجێ دەکەن، به‌ درێژی ئه‌و ماوه‌یه‌ی که‌ ڕووه‌ک خه‌ریکی ئەنجامدانی کردارە زیندووەکانیەتی، وە ڕووەکەکانی دی کە گەڵایان هەیە ئاو لەم کونانەوە بە هەڵم دەکەن. به‌ڵام کاکتووسه‌کان ئەم کرداری بە هەڵم بونی ئاوە ئەنجام نادەن و مه‌جبوورن ئه‌و ئاوه‌ی هه‌یانه‌، تاکوو دوا دڵۆپ له‌ خۆیاندا ڕایگرن، ئه‌و کاره‌ش که‌ گه‌ڵاکان ده‌یکه‌ن، لاسک و لقه‌کان بۆ کاکتووسی ده‌که‌ن، چوونکە تۆکڵه‌که‌ی زۆر ئه‌ستووره‌ و کوونی زۆر که‌مه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ ئاوه‌که‌ی تێدا بمێنێته‌وه‌. ڕەگی کاکتووس هێنده‌ له‌ زه‌ویه‌وه‌ ڕۆناچێ و نزیک رووی زه‌ویەوە بڵاو ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو جارێک که‌ باران ده‌بارێ ده‌توانێ ئاوێکی زۆر له‌خۆیدا کۆ بکاته‌وه‌ و له‌ لاسکه‌که‌یدا ڕایگرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش که‌ تۆکڵه‌که‌ی ئه‌ستووره‌، ئه‌و ئاوه‌ی که‌ تێیدایه‌ له‌و هه‌وا گه‌رمه‌دا نابێته‌ هه‌ڵم. تۆکڵی کاکتووس چڵچڵه‌ و تۆکڵی هێندێکیشیان وه‌ک ئاکاردۆن ده‌کرێنه‌وه‌ و پێوه‌ده‌درێن، کاتێکیش پڕ ده‌بن له‌ ئاو ده‌کرێنه‌وه‌ و که‌ ئاوه‌که‌ش له‌ لاسکه‌که‌دا جێکەوتە بوو، جارێکی دیکه‌ دادەخرێن. هێندێک جۆر له‌ بنه‌ماڵه‌ی کاکتووسه‌کان گه‌ڵاشیان هه‌یه‌ وه‌ک (تاک لیمۆیی) که‌ له‌ دووڕگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی هینددا ده‌ڕوێ، به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی کاکتووسه‌کاندا ئه‌م گه‌ڵاگه‌له‌، گۆڕاون یاخوود (تحور) یان کرووە بۆ دڕک ، ئەم دڕکانە ئەرکی پاراستن و مانەوەی کاکتۆسەکانیان لە ئەستۆ دایە تاکوو ئاژه‌ڵه‌کان نه‌توانن بیانخۆن، چوونکە له‌و شوێنانه‌ی که‌ کاکتووس ده‌ڕوێ، ته‌نیا ڕووه‌کێکی سه‌وز که‌ په‌یدا ده‌بێ، کاکتووسه‌. هەر بۆیەش ئە کەسانەی کاکتۆس بۆ مەبەستی جوانکاری لە ماڵدا بەخێو دەکەن وا باشە بەئاودانی ماوە درێژ ئاویان بدێرن .


ئامادەکردنی:
سۆران ئیبراهیم

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: