ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندازیاری کشتوکاڵی لە بەشی جیاجیادا لە کۆلێژەکانی کشتوکاڵ دەبنە خاوەنی بڕوانامە. زۆرینەی ئەو دەرچووانە بە دەست بێ کارییەوە دەناڵێنن و رووبەڕووی گرفتی زۆر دەبنەوە. هۆکاری ئەو گرفتانە هەمەچەشنن، بەشێک لەوان
پەیوەندی بە ئاستی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی خودی دەرچووەکانەوە هەیە. بۆ نموونە کەم لەوان هەن لە واتای کشتوکاڵ و گرنگی و بایەخی کشتوکاڵ گەیشتبن. رەنگە بەشێک لەو ناتێگەیشتنە پەیوەندی بە سستەم و پرۆگرامی خوێندن و شێوازو شارەزایی مامۆستایانەوە هەبێت. بەداخەوە مامۆستایان نەیانتوانیووە بە دروستی ویستی ئەو زانستە و بەها و کاریگەری لە سەر بازاڕو رەخساندنی هەڵی کارو دروست کردنی ژێرخانی ئابووری و باشکردنی کواڵیتی ژیان بۆ خوێندکاران روون بکەنەوە، ئەوە هۆکاری سەرەکییە لە بێ بایەخ بوونی ئەو زانستە گرنگە.
ئەو ناتێگەیشتنە وای لە دەرچووان کردووە کە هەست بە جیاوازی خۆیان نەکەن بەراورد بە دەرچووانی بەشە زانستی و کۆلێژەکانی تر، تەنانەت ئەوان جیاوزییەک نابینن لە نێوان خۆیان و دەرچووانی بەش و کۆلێژەکانی ئەدەبیات.
هۆکاری تر زۆرن کە پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵ و حکومەتەوە هەیە، بەڵام لێرەدا باسکردنیان زیادەیە چونکە تا گرفتەکانی سەرەوە چارەسەر نەبن، چارەسەربوونی گرفتەکانی تر ئەستەمە. بۆیە دەبێت ئەندازیارانی کشتوکاڵی ئەو جیاوازیانە ببینن ئەوکات ئەگەرەکانی دەربازبوون لە گرفتی بێ کاری و بوونە خاوەن پیشە زیاتر و فراوانتر دەبن.
دەبێت دەرچووانی کۆلێژی کشتوکاڵ ئەو راستییە بزانن کە دەست و پەنجەی ئەوان بۆ ئەوە دروست بووە تا بەرهەم بخەنە بازاڕ. دەبێت ئەوان بیرکردنەوەیان فراوانتر بکەن و لە تێورەوە بیگۆڕن بۆ پراکتیز و جێ بەجێکردن. 
دەست کەوتنی پیشەو جۆری پیشەکە بە پێ ی شارەزایی و لێهاتووی دەگۆڕێت. ئەگەر باس لە دەرچووانی ئەو بەشانە بکەین کە پەیوەندیان بە بەرهەمی رووەکییەوە هەیە، ئەوە درچووان بۆ ئەم مەبەستە چەند هەڵبژاردنێکیان لە بەردەمە. زیاد کردن و فرۆشتنی "رووەکی جوانکاری و گوڵ" وەک یەکێک لە پیشەکان دەکرێت بایەخی پێبدرێت. ئەندازیار لێرە دەتوانێ تەنها پشت بە خۆی ببەستێ و لە رێگای باخچەی ماڵەکەی یان ئەگەر گۆڕەپانێک لە نزیک مەڵەکەی هەبێت ببێتە خاوەن پیشەیەکی سەربەخۆ. هەروەها دەتوانێ بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ چەند ئەندازیارێکی تر ئەوە بکەن. ئەوکات پڕۆژەکە فراوانترو بەرهەمیشیان زیاتر دەبێت. لە لایەکی تر دەتوانن لەگەڵ خاوەن نەمامگاکان پەیوەندی دروست بکەن و بەو هۆیەوە دەبنە خاوەنی پیشە.
رووەکی جوانکاری و گوڵ بەردەوام بازاڕی هەیە و رۆژ لە دوای رۆژ کڕیاری زیاتر دەبێت. بەرهەمهێنان و زیادکردنی ئەو جۆرە رووەکانە شتێکی ئەستەم نییە، تەنها زیرەکی و لێهاتوویی ئەندازیاری گەرەکە.
تا ئێستا تێکڕا یان زۆرینەی نەمامگاکانی کوردستان بۆ بەدەست هێنانی گوڵ و رووەکی جوانکاری پشت بە هاوردەکردنی بەرهەمی وڵاتان دەبەستن. ئەگەر دەرچووان ئاشنای ئەرکی خۆیان بن ئەوە دڵنیام خاوەن نەمامگاکان خۆشحاڵ دەبن بە رێککەوتن لەگەڵیان، چونکە ئاشکرایە ئەوان بۆ گەیشتن بەو بەرهەمانە دەبێت باجێکی زۆر بدەن. لە لایەکی تر کرێ ی گواستنەوەش تێچووێکی ترە بۆ ئەوان. ئەو رێککەوتنە قازانجی هەردوولای تێدایە بۆیە ئەگەری سەرکەوتنی زۆر زۆرە.
بوونی ژمارەیکی زۆری رەزوباخ دەرفەتێکی ترە لە بەردەم ئەندازیارانی کشتوکاڵی. رەنگە ئەوەیان ئاسان نەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەرفەتەو هەوڵدان خراپ نییە. 
بەهۆی نەبوون یان کەم شارەزایی رەزگەرەکان ساڵانە بەرهەمێکی زۆر لە کوردستان بە فیڕۆدەچێت. لەو روانگەیەوە دەرچووان دەتوانن لێهاتوویی خۆیان بە خاوەن رەزوباخەکان نیشان بدەن و بەو شێوەیە زامنی سەرچاویەکی داهات دەکەن و دەبنە خاوەنی پیشە. بۆ ئەو مەبەستە دەبێت ئەندازیارانی کشتوکاڵی زیاتر پەرە بە ئاستی زیرەکی خۆیان بدەن و شارەزاو لێهاتووبن لە زیادکردنی بڕی بەرهەم و باشترکردنی کواڵیتی بەرهەمەکە. ئەوە دەبێتە کلیلی رێککەوتن لەگەڵ خاوەن رەزوباخەکان. 
ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە دەست کەوتنی پیشە بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵی سەبارەت بە بەشەکانی تریش دروستە.
دەتوانم بڵێم ئەوە شێوازێکی نوێیە بۆ دەست کەوتنی پیشە لە کوردستان کە دەبێت بایەخی پێبدرێت، چونکە بەهۆیەوە هەر تاک سودمەند نابێت بەلکو کۆمەڵگا بەگشتی و دواتر حکومەتیش سودمەنددەبێت.


رابەر فەتاح ساڵح/ خوێندکاری دکتۆرا
زانکۆی پوتڕا مالیزیا

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: