لەگەڵ ئەوەی کوردستان مێژوویەکی کۆنی هەیە کە گەواهیدەری ئەوەیە وڵاتێکی کشتوکاڵییە و خاک و ئاو و هەوایەکی لەباری بۆ بەرهەمهێنان هەیە، بەڵام لە ئێستادا کەمترین بایەخ بەو سێکتەرە گرنگە دەدرێت. ئەوەی من تێبینیم کردووە وەک شارەزایەک لە
بواری کشتوکاڵیدا بێ بایەخ بوونی ئەو سێکتەرە گرنگە هیچ پەیوەندیەکی بە گۆڕانکاری کەش و هەواوە نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەقڵی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە. لەکاتێکدا کشوکاڵ کردن بڕبڕەی چارەسەرکردنی زۆرینە یان تەواوی قەیرانەکانە کە لە ئێستادا خەڵک و حکومەتی هەرێم پێوەی دەناڵێنن، دواتر لە چەند خاڵێکدا ئەو راستییە دەخەمە روو.
زۆر دوور ناڕۆم بۆ پیشاندانی پەیوەندی دەسەڵاتی سیاسی لە کەم بایەخ کردنی کشتوکاڵ کردن لە هەرێمی کوردستاندا. ناوەڕاستی نەوەتەکان و سەرەتای دروست بوونی شەڕی ماڵ وێرانکەری براکوژی سەرەتای ئەو نەهامەتییە بوو کە ئێستا پێوەی دەناڵێنین. هەتا نەوەتەکانیش لای هەمووان ئاشکرایە خەڵکانێکی زۆر بایەخیان بە کەرتی کشتوکاڵ دەدا و بەرهەمی ناوخۆیی بەراورد بە ئێستا زۆر زیاتر بوو. ئەوکات نەک خەڵک رووبەرووی کێشەی ناوخۆ بووبوونەوە بەلکو رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسیش هۆکارێکی تر بوو بۆ دروست بوونی قەیرانەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خەڵک توانیان ئەو دۆخە تێپەڕێنن.
وەک گوتم بەشێکی زۆری خەڵک بە کشتوکاڵ کردنەوە سەرقاڵ بوون. ئەوە وای کردبوو ناچارنەبن کە چاو لە دەستی حیزبەکان بن. رەنگە ئەوە پلانێکی داڕێژراو بووبێت کاتێک حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دەستیان کرد بە دامەزراندنی گەنجان بەتایبەتی لە هەردوو سلکی پێشمەرگە و ئاسایش، لە پلانەکەشیان سەرکەوتووبوون، بەمەش بڕبڕەی پشتی ئابووری کوردستانیان شکاند. زۆرینەی ئەو گەنجانە جووتیاربوون و لە بواری کشتوکاڵدا کاریان دەکرد. حیزبەکانی دەسەڵات بەو کارە لە دوو لایەنەوە سودمەندبوون:

یەکەم: گەنجێکی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە.

دووەم: بەهۆی وازهێنانی گەنجان لە کشتوکاڵ کردن و کەمکردنەوەی هێزی کار میللەتیشیان کردە مشەخۆر و بەکاربەر، لەکاتێکدا تاکی بەکاربەر، بە پێچەوانەی بەرهەمهێنەوە بەردەوام وا هەست دەکات ئەوەی هەیەتی، پێی دەبەخشرێت و خۆی خاوەنی هیچ شتێک نییە، بەڵکو (حیزب) سەرچاوەی داهات و ژیانی ئەوە.

حیزبەکانی دەسەڵات زۆر بێ باکانە ئەوەیان کرد و بە هیچ شێوەیەک بژێوی ژیانی خەڵکیان لە بەرچاو نەگرت. ئەوان ئەوەندەی بیریان لە زیاد کردنی ژمارەی ئەندامەکانیان دەکردەوە بیریان لە داهاتووی میللەت و کوردستانیش نە کردەوە. بۆیە ئەو هەڵبژاردنە هەڵەیەی ئەوان بەو رۆژگارەی ئێستای گەیاندین، بەداخەوە هێشتا ئەوان پاساو بۆ هەڵەکانیان دەهێننەوە و گوێ لە شارەزایان و کەسانی پسپۆڕ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان ناگرن و سورن لە سەر درێژەدان بەهەمان ئەقڵیەتی پێشویان. ئەوە خاڵی مەترسیدارە لە ئاوابوونی خۆری ئومێدی بە دەوڵەتبوونی کوردستان یان هۆکارە لە دروست بوونی دەوڵەتێکی شلۆقی ئیفلیج، ئەگەر ئەوان ئامادەی چاکسازی ریشەیی نەبن لە لایەک، لە لایەکی تر دروست بوونی دەوڵەت بێ ژێرخانێکی ئابووری بۆ دەوڵەتداری هیچ واتاێکی نییە.

سەبارەت بە گرنگی کەرتی کشتوکاڵ وەک بڕبڕەی چارەسەری قەیرانەکان سەرنجتان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە رادەکێشم:

یەکەم: لەباری کوردستان بۆ بەرهەمهێنان وادەکات کە کشتوکاڵ کردن باشترین هەڵبژاردن بێت لە پاڵ سێکتەرەکانی تری وەکو نەوت، پیشەسازی و گەشتیاری بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری کوردستان.

دوووم: هۆکارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بێکاری و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان دەبنە خاوەنی کار. بەدڵناییەوە سێکتەری کشتوکاڵ یەکێک لەو سێکتەرانە کە زیاترین دەستی کار لە خۆدەگرێت، بە پێچەوانەی سێکتەرێکی وەک بازرگانی.

سێیەم: هۆکارە لە کەمکردنەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کۆچی گەنجان بۆ وڵاتانی دەرەوە.

چوارەم: بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەبێت و بەمەش سەنگی کوردستان زیاد دەکا لە لایەن وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش.

پێنجەم: کاتێک ببینە خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری پتەو ئیتر ئەو پاروە بچووکە نابین تا وڵاتانی دراوسێ بە هەوەسی خۆیان بمانجوون.

شەشەم: سەرقاڵ بوونی گەنجان بە کار و پیشەوە و بینینی بەرهەمی دەستی خۆیان وادەکات متمانە و خۆشەویستی زیاتر بکا بۆ نیشتمان، بەمەش هەمووکات بیر لە باشترین و زیاترین بەرهەم دەکاتەوە.

حەوتەم: ئەو پارە زەبەڵاحەی هەتا ئێستاش بەهۆی فەرامۆش کردنی کەرتی کشتوکاڵەوە بۆ وڵاتانی تر دەڕۆیشت و دەڕوا بە تایبەتی وڵاتانی درواسێ، ئیتر لە بازاڕەکانی ناوخۆ دەمێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ خەزینەی وڵات. بەمەش دەکرێت ئەو داهاتە لە سێکتەرەکانی تری وەکو؛ تەندروستی و پەروەردە و...هتد، خەرج بکرێت.

هەشتەم: زیادبوونی رووبەری سەوزایی هۆکارە لە کەمکردنەوەی دەردو نەخۆشی و درست بوونی ژینگەیەکی پاک بۆ ژیان.

نۆیەم: هاوردەکردنی بەربوومە کشتوکاڵیەکان کەم دەبێتەوە، بەمەش ئەگەری هێنانی کاڵا و بەرهەمی بەسەرچوو کەم دەبێتەوە. هەروەک پارەی کوردستان بۆ کڕێنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ناچێتە دەرەوە.

دەیەم: کێشەی نیشتەجێ بوون بە باشی چارەسەر دەبێ لە رێگای بایەخدان بە لادێکان و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ. لەکاتێکدا ئەو قەیرانی نیشتەجێبوونەی لە ناوەندی شارەکاندا دروست بووە، پەیوەندی بە ئاوەدان نەکردنەوەی گوندەکان و داڕووخانی کەرتی کشتوکاڵەوە هەیە.

یەزدەم: کاتێک خاوەنی ئەو ژێرخانە ئابوورییە بین، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم باشتر فریای کارەکانیان دەکەون و بایەخیان بۆ تەواوی سێکتەرو وەزارەتەکانی تر دەبێت و بەمەش تەواوی وەزارەتەکان بەرهەمهێنن و واتاداردەبن. ئەوە ئەو قۆناغەیە کە دەبێت دەسەڵاتداران بڕیار و پلانی گونجاو بدەن بۆ دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان.

 رابەر فەتاح ساڵح
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا
٣٠/١/٢٠١٦

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: