کشتوکاڵ ، کشتوکال ، kshtukal



زۆرجار شانازی بەوەوە دەکەین کە خاوەنی مێژوێکی کۆنین لە کشتوکاڵ کردن بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە پارێزگاری لەو مێژوە بکەین و لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی سەردەم گۆڕانکاری لەو بوارەدا بکەین. تێگەیشتنمان بۆ کشتوکاڵ تا ئێستاش تێگەیشتنێکی نەک هەر هەڵەیە، بەلکو زۆریش دواکەوتووین بەراورد بە وڵاتانی دونیا. لەگەڵ ئەوەی کشتوکاڵ جیهانێکی فراوان لە خۆ دەگرێ یان بە واتایەکی تر دەکرێت بە ژیان بچوێندرێت،
کەچی بەو هەموو فراوانییەوە تێگەیشتن بۆ کشتوکاڵ لە کوردستان تەنها لە بازنەی خواردن دەسوڕێتەوە. خاڵی ترسناک و کوشندە لێرەوە دەست پێ دەکا بە جۆرێک ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە تەواوی دەرگاکانی تری کشتوکاڵ دادەخا. داخستنی دەرگاکانی تری کشتوکاڵ هەر ئەوە نییە ئێمە توانای تێگەیشتنمان نەبێت بۆ کردنەوەیان، بەلکو گومانی زۆر هەن کە بەشێکییان پەیوەندی بە سیاسەت و ئەقڵی سیاسی دەسەڵاتدارنەوە هەبێت، هەروەها دەکرێت بەشێک لە هۆکاری داخستنی ئەو دەرگایانە پەیوەندی بە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی جیهانیشەوە هەبێت.

هەبوونی سەرچاوەی تری داهات لە وڵات، نەوت وەک نموونە هۆکارێکی ترە بۆ داخستنی نەک دەرگاکانی تری کشتوکاڵ بەلکو رۆشنایەکی زۆر کزی بۆ تێگەیشتنە هەڵەکەشمان هێشتۆتەوە. هەموو ئەو ئەگەر و گریمانانەی ئاماژەم پێکردن لە ئێستدا بوونیان هەیە، لێرەوە دەکرێت بپرسین کێن ئەوانەی دەبێت ئەو دەرگایانە بکەنەوە؟ یان کێن ئەوانەی زیاتر بە بێ دەنگ بوونیان تاوانباردەبن؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە پێموایە تاوانی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایانی بواری کشتوکاڵ و تەنانەت شارەزایانی بواری ئابووریش، پرسیار ئەوەیە بۆ تا ئێستا ئەوان هەوڵی راستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیان نەداوە؟ ئایا لە کۆڵێژەکانی کشتوکاڵ تەنها یەک بەش هەیەو ئەویش تایبەتە بە خواردن؟ بێ گومان نەخێر، کەوایە مامۆستایان و شارەزایان لە بەشەکانی تر بۆ هەوڵی بەشداریان نەداوە بۆ تەواوکردنی واتای کشتوکاڵ؟ وەزارەتی کشتوکاڵ جگە لە وەزیر دەیان راوێژکاری هەیە، ئایا کشتوکاڵ لای ئەوانیش تەنها بریتییە لە خواردن؟ جوتیار و بازاڕ و بەکاربەر چ پەیوەندیەکی بەو نا تێگەیشتنەوە هەیە؟ ئایا ئەوانیش بەشێکن لەو هەڵەیە؟ بێ گومان هەموو ئەوانەی ناویان برا بە یەکەوە بازنەیەکی هەڵەیان بە دەوری کشتوکاڵدا دروست کردووە. 

بۆ ئاشنابوون بە دەرگاکانی تری کشتوکاڵ سەرنجتان بۆ ئەو لق و پۆپانە رادەکێشم کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پەیوەندیان بەو سێکتەرە پڕ بایەخە بێ بایەخ کراوەوە هەیە ئەوانیش بریتین لە: خاک، ئاو، هەوا، بەروبوومە کشتوکاڵییەکان (رووەکی و ئاژەڵی)، دەرمان و بەشێکی زۆری کەرستەکانی جوانکاری، پاک کەرەوەکان، زۆرینەی جل و بەرگ و پۆشاک، زۆرینەی پێداویستییەکانی ناو ماڵ، بەشێکی زۆری کەرستەکانی دیکۆرات و رازاندنەوەی ناو ماڵ و شوێنە گشتییەکان، بەشێک لە پێکهاتەی ئەو ئامێرانەی کە رۆژانە بەکاریان دەهێنین، بەشێک لە پێکاهاتەی سەیارە و هۆکارەکانی گواستنەوە... هتد، هەموو ئەوانە سەرچاوەکانیان پەیوەندی بە بەرهەمی کشتوکاڵەوە هەیە لە کاتێکدا لە کوردستان کشتوکاڵ تەنها بریتی کراوە لە خواردن! لەگەڵ ئەوانەش پەیوەندیەکی زۆر بەهێز لە نێوان کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاریدا هەیە بەواتایەکی تر دەتوانم بڵێم کەرتی گەشتیاری بەشێکە لە کەرتی کشتوکاڵ، هاوکات ئەو پەیوەندییە بەهێزە لە نێوان کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی پیشەسازیش هەیە. کەواتە لێرەوە دەبێت شارەزایان شۆڕشێک بکەن تا لەو هەڵە گەورەیە رزگارمان بێت. 

سەرەتاترین چارەسەر دەبێت پەیوەندیەکی دروست هەبێت لە نێوان کۆلێژەکانی کشتوکاڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ، جوتیار، بازاڕ و بەکاربەر دواتر وەزارەتی بازرگانی، ئەوە دەبێت بە شێوەیەکی بازنەیی بەردەوامبێت. مەبەست لەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک لەمەودوا توێژینەوە بە بێ هۆکار ئەنجامبدرێت. دەبێت توێژینەوەکانی ماستەر و دکتۆرا بە پێ ی پێویستیبن و راستەوخۆ لە رێگەی ئەو بازنەیەوە بڕیاربدرێت لە سەر ئەنجامدانی. بە پەیڕەوی کردنی ئەم بازنەیە، دەرئەنجام دەبینە خاوەنی ئەقڵێکی تێگەیشتوو بەرامبەر بە واتا تەواوەکەی کشتوکاڵ و ئەو سێکتەرە والێدەکا لە رووی چەندیەتی و چۆنیەتییەوە گەشە بکا.

هەر ئەو هەڵە تێگەیشتنەمان بۆ کشتوکاڵ و بچووککردنەوەی لە خواردن وای کردوە زیاتر لە نێوەی پارەی هەرێـمی کوردستان بۆ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەش بڕوات لە رێگەی هاوردەکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان و تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ناو ماڵ و ژیانی رۆژانەمان کە سادەترین پێداویستی دەگرێتەوە وەکو پۆشاک و رایەخ.... تا دەگاتە دیکۆرات و کەرستە گەورەکانی پێکهاتەی ماڵ. هەموو یان زۆرینەی ئەو پێداویستیانە سەرچاوەکانی بەرهەمی کشتوکاڵین. ئەوە ئەو دەرگا داخراوانەبوون کە لە سەرەتادا ئاماژەیان پێکرا، دەبێت هەموو هەوڵێک چڕ بکرێتەوە تا ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە راست بکرێتەوە و کشتوکاڵ واتا راستەقینەو فراوەنەکەی خۆی وەربگرێت.

پێموانییە ئەوە کارێکی هێندە ئاسان بێت، چونکە نەک هەر جوتیاران بەلکو شارەزایانیش بەهۆی بێ دەنگیانەوە دەچنە باری هەڵە تێگەیشتنەکە بۆ کشتوکاڵ. هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵیش درێژە پێدەری هەمان ئەقڵیەتە و تا ئێستا هەنگاوێکی نە هاوێشتووە بۆ ئەوەی کشتوکاڵ رێچکە دروستەکەی خۆی وەربگرێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت چیتر بێ دەنگ نەبین لە ئاست بێ واتا کردن و کەم بایەخ کردنی کشتوکاڵ، ئەمەش بەوە دەکرێت ئەوانەی لە سەروی بەرپرسیاریەتین بە وەزیر و راوێژکارەکانیشەوە بە تەواوی بگۆڕدرێن بە کەسی لێهاتوو شارەزا. هەروەها دەبێت رێنمای جوتیاران بکرێت تا ئەو ئاستەی تێ بگەن و خۆیان لە واتا تەقلیدیەکەی کشتوکاڵ دووربکەونەوە. لە لایەکی تر، تا ئێستا متمانە نییە لە نێوان شارەزایانی بواری کشتوکاڵ و جوتیاران تەنانەت هەوڵێکیش بۆ دروست کردنی ئەو متمانەیە لە ئارادا نییە. بەداخەوە حەلقەکانی ئەو بازنەیەی ئاماژەی پێدرا هەر یەکەو لە سوچێکە هیچیان تا ئێستا هەستیان بەو ئەرکە نە کردووە، پێموایە لەگەڵ ئەوەی بەشێکی پەیوەندی بە نا تێگەیشتنەکەوە هەیە بەشێکیشی پەیوەندی بە هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە هەیە بۆ خۆ دزینەوەیە لە ئەرکەکان.

لەو روانگەیەوە ئابووریناسانیش دوورنین لەو کەمتەرخەمیەیی کە هەیە، چۆن؟ کشتوکاڵ کردن و بەرهەمهێنان واتە بازاڕی کردن و پەیدا کردنی داهات و سەرمایە، ئەگەر سەیرێکی شێوازی کشتوکاڵ کردن بکەین لە کوردستان و دواتر بەراوردێک بکەین لە نێوان تێچوو داهاتدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەداخەوە بە شێوەیەکی گشتی جوتیارانمان زیاتر لە داهات و سود ماندوبوونیان بۆ ماوەتەوە. کێ لەوە بەرپرسیارە؟ یەکەم: جوتیاران خۆیان کە تا ئێستاش کشتوکاڵ کردن لای ئەوان بریتییە لە چاندنی گەنم و جۆ، هەروەها بەشێک لە سەوزەوات، لە کاتێکدا ئەوەش بەبێ پلان دەکەن و بەرنامەیان بۆ کارەکانیان نییە. رەنگە ئەوە بۆ ئاژەڵدەرەکانیش تا رادەیەک راست بێت لە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی ئاژەڵەکانیان. دووەم: مامۆستایانی زانکۆ (شارەزایانی بواری کشتوکاڵ) بەوەی هیچ رێنماییەکی سەردەمیانەیان بۆ جوتیاران نییە. سێیەم: ئابووریناسان ئەوانیش هاوشێوەی شارەزایانی بواری کشتوکاڵ کەمتەرخەمن و هیچ کات لێکدانەوە و شیکردنەوەیان نەبووە بۆ جوتیاران  تا تێیان بگەێنن تێچوو چییە و دەستهات چییە. 


رابەر فەتاح ساڵح
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا
١٤/٢/٢٠١٦




بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: