greenhouse,البيوت البلاستكية،خانووی پلاستیکی



چاندن لە ژێر خانووی داپۆشراو گرینگی و سودی زۆری هەیە. بەم ڕێگایە دەتوانرێت کۆنترۆڵی پلەی گەرمی و ڕێژەی شێ بکرێت ، هەروەها لە کاتی دانانی ڕووناکی دەستکرد و دابینکردنی گەرمکەرەوە دەتوانرێت لە هەموو وەرزەکانی ساڵ دا چاندن
ئەنجام بدرێت. یەکێک لە سوودە هەرە باشەکانی چاندن لە ژێر خانووی داپۆشراو بریتییە لە دابینکردنی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن. ئاشکرایە کە ڕووەک گشت توخمە خۆراکییەکان لە ڕێگای پێدانی پەیین و هەندێکیش لە خاک دا دەست دەکەوێت و تیشکی ڕووناکی بەکاردێنێت بۆ درووستکردنی خۆراک بە ڕێگای کرداری ڕۆشنە پێکهاتن ، لە کاتێک دا کە تاکە سەرچاوەی ڕووەک بۆ دەستکەوتنی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بە شێوەیەکی سروشتیی هەوایە. بەڵام ئایە ئەم ڕێژەیەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کە لە هەوادا هەیە بەسە بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ڕووەک؟ یان لە شوێنێکی وەکو هەرێمی کوردستان کە ڕۆژگاری درێژی هەیە بە تایبەت لە وەرزی هاوین دا پێویستیمان بە زیادکردنی ئەم ڕێژەیە نییە لە چاندنی ژێر خانووی داپۆشراودا؟.

ڕێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە سروشت دا دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ – ٤٠٠ ppm  ئەم ڕێژەیەش دەتوانرێت زیادبکرێت ئەگەر بێتوو لە ژێر خانووی داپۆشراو کشتوکاڵ ئەنجام بدرێت . بە پێی توێژینەوەکان ئەگەر ئەم ڕێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ ١٢٠٠ – ١٥٠٠ ppm ئەوا دەبێتە هۆی زیادکردنی قەبارە و ڕێژە و خێرایی گەشەی ڕووەک.

گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن گازێکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە و گڕناگرێت واتە گازیکی زۆر ترسناک نییە بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی باش ڕێکبخرێت واتا پێویستە زیاد لە ڕێژەی خۆی بەکار نەهێنرێت چونکە زیادکردنی ڕێژەکەی لەسەر ئەستۆی ڕێژەی گازی ئۆکسجین دەبێت بەمەش زیان دەگەیەنێت بە ڕووەکەکان و مرۆڤ توشی سەر سوڕان و بورانەوە دەکات لە کاتی کاردکردن لە خانووی داپۆشراودا ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەکەی بۆ سەرووی ٥٠٠٠ ppm بەرز بکرێتەوە ، بۆیە پێویستە ئامێری هەستیار بە گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بەکاربهێنرێت بۆ دڵنیابوون لە ڕێژەی گونجاوی ئەم گازە لە نێو خانووی داپۆشراو دا.

ئامادەکردنی:
مامۆستا ئەرشد یاسین
زانکۆی سەڵاحەددین / کۆلێژی کشتوکاڵ – بەشی ڕەزگەری
سەرچاوە: ڕۆژنامەی خەبات

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: