درەختی ڕۆبینیا و چەند زانیارییەک لەسەر ئەم درەختە
تکایە هەر شوێن و ماڵپەرێك ئەم بابەتە وەردەگرێت با ئاماژە بدات بە ناوی ئێمە وەک ئامادەکاری بابەتەکە ، لەگەڵ ڕێزدا 
ناوی زانستی : Robinia pseudoacacia
ناوی عەرەبی: سنط العسل -روبينيا - أشجار فريزيا
ناوی ئینگلیزی: black locust ، false acacia ، yellow locust ، white locust ، green locust ، post locust
ئەم درەختە لە خێزانی پاقلەمەنییەکانە ، درەختێکی گەڵا وەریوە و گەشەی خێرایە ، پێویستی بە تیشکی خۆر هەیە و لە زۆربەی جۆرەکانی خاک دا دەژی و هەتا خاکی وشک و هەژار لە توخمە خۆراکییەکان دا ، هەروەها خاکی سوێر ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕەگەکەی جۆرێک لە بەکتریا بەرهەم دەهێنێت کە یارمەتی ئەدات لە دروستکردنی نایترۆجین و بەمەش خاکەکەی دەری دەوڵەمەند دەبێت بە یەکێکە لە توخمە گرنگەکان و بەم شێوەیەش بەردەوام دەبێت لە گەشەی دا.
ڕۆبینیا بەشێوەیەکی بەرز ڕادەوەستێت بەهۆی قەدە ڕاوەستاوەکەی و بە تێپەڕبوونی تەمەنیشی بەرزی دەگاتە نزیکی ٣٠ بۆ ٥٠ مەتر.  
گەڵاکانی ڕەنگیان سەوزی کاڵە و شێوەیان هێڵکەییە و بەشێوەیەکی بەرامبەر ڕیز بوون لەسەر چڵ و پۆپەکان و لە نزیکی پایز ڕەنگیان زەرد دەبێت و پاشان قاوەی و پاشان دەورن . هەروەها گەڵای ڕۆبینیا لە جۆری گەڵای (مرکب) بە واتە گەڵایەکی گەورە لە چەند گەڵایەکی بچووک پێک دێت.
بەرەکەشی لە شێوەی کەلوویەکی درێژکۆلەدایە و لە ناوی دا ٤ بۆ ١٠ دەنک تۆوی تێدایە .
گوڵەکەشی لەشێوەی هێشوودایە و ڕەنگی سپی و پەمەییە و وەک هێشووە ترێیەک هەڵکەوتووە ، بۆندارە و لەناوی دا شیلە هەیە کە بەسوودە بۆ هەنگ و هەنگ بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت .
گوڵەکانیش لەسەرەتای بەهار دەکرێنەوە و بەشێوەیەکی زۆر و بەرچاو بەجۆرێک کە هەموو درەختەکە بە جارێک دەبێت بە گووڵ و پێش ئەوەی درەختەکە گەڵا دەربکات ، چونکە ئەم درەختە سەرەتا گووڵ دەردەکات و پاشانیش گەڵا دەردەکات.
چڵ و لقە ئەستورەکانیشی لە هەندێک شوێن دڕکی کورت و ئەستوری پێوەیە کە لە بنکی لقەکانەوە دەرهاتووە ، ئەم جۆرەی درەخت دارستانی چڕ و پۆپی لێ دروست بووە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، وە بەشێوەیەکی بەرچاو لە زۆر شوێن ڕوواوە و دەڕوێندرێت و تیرەی قەدەکەی دەگاتە نزیکی ٨٠ سم و لە درەختە بەتەمەنەکانیش دا لە بنەوە تیرەی قەدەکەی دەگاتە نزیکی ١،٥ مەتر کە ڕەنگی قەدەکەی خۆڵەمێشییەکی تۆخە.و توێکڵە بەتەمەن بووەکەی ئەستوور و چرچ بووە و بەشێوەی پارچەی ١٠ بۆ ٢٥ سم لە قەدەکە جیا دەبێتەوە.

بەکارهێنانی:
بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر شەقام و ناو پارک و باخچەکان دا دەچێندرێت و  هۆکاری ئەم زوو بڵاوبوونەوەشی ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو جۆرە کەش و هەوایەک دا خۆی گونجاندووە و هەروەها گەشەشی خێرایە و لە ئێستا لە کوردستان جۆری چەتری دەچێندرێت کە زۆر بەرز نابێتەوە و هەروەها شێوەیەکی جوانیشی هەیە و گەڵا و چڵ و پۆپەکانی پڕ و چڕن.
هەروەها ئەم درەختە تووشی هەندێک مێروو و نەخۆشی دەبێت و مێرووەکان بە ئاسانی دەچنە قەدی درەختەکەوە بەتایبەتی جۆری مێرووی هەڵکەنەری قەد لەبەرئەوەی قەدەکەی نەرم و تەڕە. هەروەها تەختەکەشی وەک سووتەمەنی بەکاردەهێندرێت.

لە کوردستان لە ئێستادا ئەم جۆرانەی هەیە :
١- جۆری چەتری. pseudocacia umbraculifera
٢- جۆری عادی کە زۆر بەرز دەبێتەوە Robinia pseudocacia
٣- جۆرێکی تری کە گوڵەکەی پەمەییە Robinia hispida roses

ئامادەکردنی:
دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ 

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: