چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

باسوق چیە ؟ 
باسوق شیرینیەکی سروشتی کوردەواری زۆر خۆشە کە لە ترێ دروست دەکرێت ئەوەیە کە لە وێنەکەدا دەیبینیت 

ئایا چۆن دروست دەکرێت ؟ 
تۆزێک ئیش کردنەکەی قورسە بەڵام هەم خۆشە و هەم پاکو خاوێنە . 
١٠ کیلۆ ترێ یان زیاتر بەڵام من لەسەر ١٠ کیلۆ ترێ قسە دەکەم هەنگاو بە هەنگاو
١- ١٠ کیلۆ ترێ بۆڵ بۆڵ دەکەیتە ناو شتێکی گەورەوە بۆ نموونە مەنجەڵێک یان تەشتێکی پاک 
٢-  دەیگوشیت بە باشی و تڵپەی تەڕی پێوە ناهێڵێت .
٣-  دەی پاڵێویت بە هێڵەکی ئارد بێژانەوە .
٤- چنگێک یان بڵێین ١٠٠ گرام گڵی دۆشاوی تێ دەکەیت . 
گڵی دۆشاو چیە ؟ 
گڵی دۆشاو گڵێکە لە شاخ هەیە ئەوانەی لە لادێ ژیاون دەزانن لە کوێ هەیە ، لەوانەیە لە بازاڕەکانی تایبەت بە فرۆشتنی داودەرمانە کوردەواریەکان هەبێت . ئەم گڵە دەوری ئەوەیە کە ترشێتی بۆڵە ترێ پێ نەگەیشتوەکان لە ناو گوشراوەکە ناهێڵێت شیرینی دەکات . دوای ١٠ خولەک بیپاڵێوە دوبارە . 

٥- گوشراوەکە دەخەیتە سەر ئاگر تا دەکوڵێت پاشان دەبینیت کەف دەکات ، ئەم کەفەی لێ بگرە بە تەواوی جا بە هێڵەک بێت یان کەوچک دوای ئەوە با بۆ ٥ خولەکی تر بکوڵێت . 
٦-  دایبگرە با کەمێک سارد ببێتەوە دڵنیابە ئەم هەنگاوە جێ بەجی بکەیت . 
٧-  پاش کەمێک سارد بوونەوە (٧٠ پلەی سیلیزی ) ٢٥٠ گرام (ڕوبعە کیلۆیەک) ئاردی سفری پیا بچێنەو بە باشی تێکی بدە ، ئاگاداربە مەهێڵە ئاردەکە کڵۆ کڵۆ ببێت . 
٨- گرنگترین هەنگاوە و دەبێت بە بەردەوامی لە سەر سەری مەنجەڵەکە بیت چونکە کە گەرم بوو یەکسەر خەست دەبێتەوە وەک محەلەبی دەبێت تێکی بدەیت بە کەوچکێکی دریژ (با بڵێی کەوچکی گەورەی ماستاو) ، دوای خەست بوونەوە نابێت دایبگریت بە بەردەوامی دەبێت تێکی بدەیت و نابێت بۆ چرکەیەکیش لێی غافڵ بیت چونکە بن دەگرێت و دەسوتێت ، وەلحاڵ ١ کاتژمێری تەواو دەبێت بەردەوام بیت لە تێکدانی دەبینیت گوشراوەکە بە باشی خەست بۆتەوە و وەک چکلێتی شلی لێ هاتوە و جیڕ بۆتەوە ، بۆ دڵنیا بونی زیاتر دەتوانیت بە کەوچکەکە تۆزێکی بکەیتە سەر سینیەک و پاش تۆزێک سارد بونەوە بزانە بەری دەدات ، بە هەر حال ١ کاتژمێری تەواوی دەوێت بۆ تێکدان .
٩- سەرچاوەی ئاگرەکە بکژێنەوە و دایبڕێژە بۆ ناو سینیەکە ئەگەرزۆرتر بوو بیکەرە سینیەکی ترەوە . 

تیبینی : دەتوانیت پێش ئەوەی دایبڕێژیت قاپێک گوێزی تێ بچێنیت کە خۆشتر دەبێت ، یان دەبێت پێشتر کاکڵە گوێزت بە پەتەوە کردبێت پەتەکەی تێ هەڵکێشە لەم بارەدا ناوی دەبەن بە ( سجوق ) نەک ( باسوق ) ، یان دەتوانیت کە دات ڕشت خێرا گوێزەکە بکە بەسەریا و پەنجەیەکیان سەرخە با بنی کاکڵەکەی تیا نقوم بیت . 
١٠- پاش ١٠ کاتژمێر کە لە ناو سینیەکەدایە بە چەقۆ بیکە بە پارچەی ٤ گۆشەی بچووکەوە پاش ڕۆژێک لە وشک بونەوە دەتوانیت ئەم پارچانە هەڵبگێڕیتەوە هەندێکی بگوازیتەوە سەر سینیەکی تر یان نان وەشێنیکی دار بۆ ئەوەی باشتر هەوا لیی بدات و زوو وشک ببیتەوە ، دەبێت چەند ڕۆژێک لەسەر ئەم سینیانە بمێنیتەوە جا لەبەر هەتاو بێت باشترە و زووتر وشک دەبێتەوە . 
١١- کە وشک بوەوە دەیخۆیت زۆر خۆش و زۆر بەتامە .

بە هیوای چێژ بینین

ئەگەر بە دڵت بو بابەتەکە شەیر بکە با هاوڕێکانیشت بیبینن و ئەم زانیاری کلتوریە بمێنێتەوە . 
سەرچاوە : خۆم ، خۆشم لە دایکمەوە دایکیشم لە عەشرەتەوە .

ئەم بابەتە وەک خۆی لە پرۆفایلی (هێمن کەریم) ەوە وەرگیراوە

چەند وێنەیەکی کاتی دروستکردنی باسوق لە فەیسبووکەوە وەرگیراوە

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق
چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

چۆنیەتی دروست کردنی باسوق

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: