کوزەڵە ... سەوزەیەک کە دژی نەخۆشی شێرپەنجەیە،کشتوکاڵ،کوزەڵە










کوزەڵە بەرگەمێ، کوزەڵێ، کوزەڵی، بەریەمێ، کوزەڵە گیایەکی خۆڕستی لێو جۆگەلە و کانیاو و لێوار چۆمەکانی کوردستانە.
کوزەڵە لە تیرەی "شەوبۆکان" (Cruciferae) کە باڵای لە ١٠ تاکوو ٦٠ سانتیمیتر بەرز دەبێ، گەڵای ورد و سەوزی هەیە و گوڵەکانیشی هێشووی و چووکە و رەنگ سپین، لاسکێکی نێو بۆشی هەیە کە بەسەر ئەزدا ئەکشێ.
لەبەر ئەوەی لە گیای کوزەڵەدا ئاسن، کلسیۆم و ئەسید فولیک و کەمێکیش ڤیتامین A و B و C هەیە بۆ دەرمان بەکاری دێنن.
لە ساڵی ٢٠١٠دا زانایەک لە زانستگای ساوتیمتۆن، ئەوەی ڕوون کردەوە کە بە تاقیکاری بۆی دەرکەوتووە کە تەنیا پاش چەند کاتژمێرێک لە بەکارهێنانی ٨٠ گرام کوزەڵە، ڕادەی مولوکولەکانی دژی شێرپەنجە لە خوێندا زیادیان کردووە و لە بەهێزبوونەوەی خانەکانی شێرپەنجە لە مەمکدا، بەرگری دەکا. هەربۆیە کوزەڵە لە بەرگری لە پەرەسەندنی زیاتری نەخۆشی شێرپەنجەدا یارمەتیدەر و دەرمانی باشە.
لە وتارێکی ژورناڵ "هەمووگیرناسی شێرپەنجە"دا کە لە ساڵی ١٩٩٥دا چاپ کرا، باس لە کەم کردنەوە و لاواز بوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە لەشی کەسانی سیگاریدا دەکا کە رۆژانە ٥٧ گرەم کوزەڵەیان خواردووە.
ناوە لاتینیەکەی (ناوی زانستی) کوزەڵە واتە " nasturtium aquaticum " لە سێ بەش پێک هاتووە "nasus" (لووت، کەپۆ) و "tortus" (توواناندەوە) و هەروەها (aqua) کە مانای ئاو دەدا کە بە گشتی مانای " لە ئاودا دەژی و لووت ئازار دەدا" هۆکاری ئەم ناوەش ئەوەیە کە کوزەڵە بەو بۆن و تامە توونەی کە هەیەتی لووت دەتوێنێتەوە.
بە سویدی Källfräne پێ دەڵێن
بە فارسی ترەتیزەک وحشی
بە ئاڵمانیش Brunnenkresse. 
بە هەورامی پێی دەڵێن کوزڵێ و هەروەها "بەرگە"شی پێ دەڵێن. 

کاشمه‌ و به‌ڕه‌زا لووشه‌ و ترشکــــــه‌
کوزه‌ڵه‌ و کاردوو، پوونگه‌ و به‌نگۆکه‌
"پیره‌مێرد" سەیری بەریەمێ و بەرگەمێ بکە

سەرچاوە:-
کورد فلۆرا

ئامادەکردنی :-
دەوەن سەردار حەمە عەلی 

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: