پاراستنی رووەکەکانی ناوماڵ
ئەو رووەکە جوانیانەی لەناو ژوور و لە هەیوانی (بێڵایە)ی ماڵ بەخێویان دەکەین ، لە بنەڕەتدا زۆربەیان هی ژینگەی کوردستان نین ، بەڵام گەر ئاگاداریان بین ئەوا توانای خۆ گونجانیان هەیە . بۆنموونە مەتات و گوێ فیل و دفنباخیا و پێستی پڵنگ و کلادیۆم و قەفەزەی سنگ و...... . زۆربەی ئەو رووەکانە بۆ جوانی شێوە و رەونەقی گەڵاکانیان پەروەردەدەکرێن،
حەزیان بەکەش وهەوای هێڵی کەمەرەییە کە پلەی گەرمای لەنێوان ١٨-٢٤ س ، لەنێوان شە و رۆژ و هەروەها رادەی شێداریان لە ٤٠-٥٠% بێ تیشکی خۆری بەکزی لێ بدات بۆماوەی ٦-٨ سەعات ، خاکی لمی و تێکەڵاو بێت و دەوڵەمەند بێت بە مادەی ئۆڕگانی . ئێستا پایزە و بەرەو زستان دەچین بۆ ئەو رووەکانەی ئێمە لەژووری ماڵ لەبەر سێبەر بەخێوی دەکەین دەبێ ئەم خاڵانە رەچاو بکەین :

١- شوێنی دانانیان دەبێ نزیک پەنجەرەبن و تیشکی خۆر لێیان بدات ، گەر بوار نەبوو تیشکی خۆر لێی بدات دەبێ لەنزیکی رووەکەکە گلۆپی فلۆرنست (شمعەی نیۆن)ی بەرۆژ بۆ هەڵبکەین تاکوو قەرەبووی تیشکی خۆر بکاتەوە .
٢- ئاودان : هەفتەی ١-٢ جار ئاوی بدەین ، ئاودانیش دەوەستێتە سەر کەش و هەوای ژوورەکە ، گرنگ هەر کاتێ دیتمان خۆڵی ناو ئینجانەکە وشک (کزر) بووە ئەو کات ئاوی بدەین .
٣- وا باشە رۆژێ جارێک دووجار گەڵاکانی شێدار بکەین ، ئەویش یان پاککردنەوەی بە ئیسفەنجی تەڕ یان سیری پێوەبێ ، یاخود بەپەمپی ئاوی بەسەردا بپڕژێنین . 
٤- واباشە بەردی وردی حەلان یان چەو (چگڵ) لەناو ئنجانەکە روو بکەین بۆ ئەوەی لە کاتی ئاودان خۆڵەکەی نەرژێتە سەر کاشی و کۆمباری ژوور. 
٥- رۆژانە ماوەیەک ژوورەکە دەرگا و پەنجەرەی بکرێتەوە بۆ هەوا گۆڕکێ بەتایبەتی بەیانیان پەنجەرە بۆ ماوەیەک بکرێتەوە .
٦- لەکاتی زستان سۆبە پێکردن نابێ ژوورەکە دووکەڵی تێدا پەیدابێت بۆنی گازی تیدا بلاو بیتەوە ، ئەگینا گەلاکانی زیانی پێ دەگات بەهۆی پەیدابوونی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن .

ئامادەکردنی:
عەباس نادر قادر
مامۆستا لە ئامادەیی کشتوکاڵی هەولێر

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: