ڕووەک،ماڵ،ناوماڵ، ڕووەکی ناوماڵ،کشتوکاڵ،


لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی پەکخستنی گەشەی ڕووەکە جوانییەکانی ناو ماڵ و ڕووەکی کێڵگە بریتییە لە بەرکەوتن و تووش بوونی ئەو ڕووەکانە بە بارودۆخی ژینگەیی نەگونجاو ، نموونە پلەکانی گەرمی و شێ و ڕووناکی و کەمی توخمە خۆراکییەکان و مێرووە زیان بەخشەکان ،
وە کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر گەشەی ئەو ڕووەکانە و لە هەمووی گرنگتر چارەسەرکردنی ئەو ڕووەکانەیە تەنها بە بەدیارخستنی نەخۆشییەکان پێش ئەوەی ڕووەکەکان خراپتر بن یان پێش کڕنیان بزانرێت کە نەخۆشن یاخود ساخن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە کە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەیت:-
١- ڕووەکەکان بپشکنە پێش کڕینیان و هەروەها لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی شوێنی گوڵەکە جا چ لە ناو ئینجانەدا بێت یاخود لە زەوی دا ، بەمەش دەتوانیت هەر تووشبوونێک یاخود هۆکارێکی نەخۆشی ئەگەر لەسەر ڕووەکەکە هەبێت دیاری بکەیت و بیبینیت ، بە تایبەتی بوونی جۆرە مێرووی زیان بەخش یاخود نیشانەی نەخۆشییە ڤایرۆسی و بەکترییەکان.
٢- جیاکردنەوەی ئەو ڕووەکانەی کە تازە کڕیوتن بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ڕووەکەکانی دیکە کە پێشتر هەتبوون ئەمەش بۆ بە دیارخستنی هەر نەخۆشی و نیشانەیەکی توشبوون ئەگەر لەسەر ڕووەکە تازەکان هەبن و وە دڵنیا بیت لەوەی کە ناگوێزرێتەوە بۆ ڕووەکەکانی ترت.

پێویستە پێش وەخت چەند خاڵێک ڕەچاو بکەیت بۆ پاراستنی ڕووەکەکانت :-
١- بەردەوام گرنگی بدە بە بەکارهێنانی ئینجانە و گۆزەی گڵینی پاکژ و دوور لە نەخۆسی ، پێویستە پێش بەکارهێنانی بە یەکێک لە ڕێگاکانی پاکژ کردنەوە ، پاکی بکەیتەوە ، وەک بەکارهێنانی ماددەکانی پاکژکردنەوە یاخود بەکارهێنانی ڕێگای سروشتی وەک ( گەرمی خۆر ) .
٢- پێویستە کە گرنگی بدرێت بە هەڵبژاردنی جۆری باش لە خۆڵ کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە هێنرابێت بە جۆرێک کە هیچ جۆرە نەخۆشی و تووشبوونێکی لە خۆ نەگرتبێت.
٣- بەردەوام گرنگی بدە بە هەڵکێشان و لابردنی گژوگیای زیان بەخش کە لە ناو ئینجانەی گوڵەکانت دەڕوێن ، هەروەها لابردنی هەموو ئەو گوڵ و بەشانەی ڕووکەکە کە وشک بوون و هەڵوەریون.
٤- هەر کاتێک تێبینی بوونی بەشی تووشبوت کرد لەسەر ڕووەکەکەت و دڵنیا بویت لەوەی کە چارەسەر ناکرێت ئەوا ئەو بەشە لە ڕووەکەکە بکەرەوە و دوری بخەرەوە لە ڕووەکەکە .
٥- لە کاتی توشبوونی ڕووەکەکانت بە نەخۆشی و دەرد ، ئەوا پێویستە بەخێرایی هەوڵی ڕاگرتنی نەخۆشییەکە بدەیت بە چەندین ڕێگا ، لەوانە:-
پاکژکردنەوەی دەستی کە هەڵسوکەوتێکی گونجاو و باشە بۆ دوورکەوتنەوە لە دەرد و نەخۆشی.
پاکژکردنەوەی ڕووەکەکان بە پرژاندنی بە ئاو و بەکارهێنانی گیراوەی ئاو و سابون بۆ لەناوبردنی مێرووەکان لە سووڕە جیاوازەکانی گەشەیان دا ، هەروەها دەبێتە هۆی پاکژبوونەوەی گەڵاکان و یارمەتی دەر دەبێت بۆ کرداری مژین و ئاڵوگۆڕی  گازەکان و گێڕانەوەی توانای بەرگری بۆ ڕووەکەکە ، وە شێوەی گونجاو بۆ ئەم کردارە ئەوەیە کە بەدەست گەڵا گەڵا بگریت و بە پارچەیەک قوماشی نەرم یاخود پارچەیەک ئیسفنجی نەرمی تەڕکراو گەڵاکە پاک بکەیتەوە سەر و خواری بۆ لابردنی ئەو تەپوتۆزەی کە لەسەری نیشتووە ، ئەگەر گەڵاکەش زبر و دڕکاوی و موودار بوو ئەوا لەجیاتی قوماش و ئیسفنج فڵچەیەکی نەرم بەکاربهێنە.
شۆردنی گەڵاکان بە ئاو و پاکژکرەوەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
دورخستنەوەی ڕووەکی تووش بوو لە ڕووەکەکانی تر ، وە ئەگەر قڕکەرمان بەکارهێنا بۆ نەخۆشییەکەی پێویستە لە دەرەوەی ماڵ ئەم کارە ئەنجام بدەین نەک لە ناو ماڵ دا و لە شوێنێکی سێبەر و دوور لە تیشکی خۆر دا .
ڕووەکەکە لە هەموو لایەکەوە بە قڕکەرەکە دەڕشێندرێت و زیاتر گرنگی دەدرێت بە بەشی ژێرەوەی گەڵا و چڵ و پۆپەکان دەڕشێندرێت چونکە مێروو و هۆکاری نەخۆشییەکان زیاتر لە بەشی ژێرەوەدا خۆیان حەشار دەدەن .





ئامادەکردنی: 

دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: