نەوت و کشتوکاڵ،نەوت،کشتوکاڵ، ڕابەر فەتاح



بۆ بەرچاوروونی لە کاریگەری هەریەکە لە نەوت و کشتوکاڵ لە سەر بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگە و باشکردنی باری ژیانی تاک، بایەخی کشتوکاڵ لە وڵاتی مالیزیا و نەوت لە هەرێمی کوردستان لەو بابەتەدا دەخەمە بەر دیدی هەموو لایەک. 

ئەگەرچی مالیزیا دەمێکە خاوەن وڵاتی سەربەخۆیە رەنگە هەندێک پێیان وابێت بەراوردکردنی هەرێمی کوردستان بەو وڵاتە کارێکی ناژیرانەیە، بەڵام پێموایە بۆ ئێستای ئێمە وەک هەرێمی کوردستان نەک ناژیرانە نییە، بەلکو پێویستە هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی زۆر و چڕ بکرێت لەو بوارەدا. چونکە ئێمە وەکو گەلی کورد لە سەرەتاکانی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆین، ئەگەر ژیرانە و بەشێوەیەکی زانستیانە بناغەی ژێرخانێکی ئابووری بۆ دروستبوونی ئەو دەوڵەتەی چاوەڕێی دەکەین دانەنێن ئەوە داهاتووێکی تارێک نەک تەنها لە رووی ئابوورییەوە، بەلکو لە رووی کۆمەڵایەتی و ئاستی تێگەیشتنی تاکەکانی کۆمەڵگە دووچاری کێشەی گەورەمان دەکا. وڵاتانی عەرەبی نموونەی باشن بۆ پیشاندانی کۆمەڵگەی بەکاربەر، ئەگەرچی خاوەنی داهاتێکی زەبەڵاحن بەهۆی نەوتەوە، بەڵام ئاستی پێگەیشتن و تێگەیشتنیان بۆ دونیایی ئەمڕۆ هەمیشە رووبەڕووی کێشەیان دەکاتەوە. 

هەرچەندە دەرهێنانی نەوت و بە بازاڕیکردن و فرۆشتنی نەوت لە کوردستان پرۆسەیەکی تازەیە، بەڵام نەبوونی پلانی گونجاو یان هەبوونی تەمومژ لە ستراتیژیەتی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی ئەو سامانە سروشتییە و هەنگاوەکان ئەوە دەردەخا کە شێوازی بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگەی کوردی ئاراستە دەکا بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر. لەگەڵ ئەوەی داهاتی نەوت لە باشکردنی بژێوی خەڵک سەرف نەکراوە و لە هەنگاوی سەرەتاین، کەچی تادێ تاکی کورد تەمبەڵتر و چاو لەدەستتردەبێت، بە واتایەکی تر خەریکە کۆمەڵگەی کوردی بەتەواوی دەبێتە مشەخۆر. ئەوە زەنگێکی مەترسیدارە، دەبێت تەواوی شارەزایان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە تا حکومەت لە رێچکەیەکی ناڕاستەوە پڕۆژەکانی دەست پێ نەکات. ئەگەر خەمی داهاتوومانە هێشتا کات درەنگ نییە بۆ راستە رێکردنی هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنی ژێرخانێکی ئابووری گونجاو. بایەخدان و ئاوڕدانەوە لە کەرتی کشتوکاڵی باشترین چارەسەرە، ئەوە وا دەکات کۆمەڵگەی کوردی لە بەکاربەرەوە ببێتە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێن و پێشکەوتوو. کەمن ئەو وڵاتانەی بایەخی کشتوکاڵ فەرامۆش بکەن، تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەکو ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و زۆر وڵاتی تریش زۆر بە بایەخەوە لە کشتوکاڵ دەڕوانن و توانیویانە بەهۆیەوە لە پاڵ سێکتەرەکانی تری وەک پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و گەشتوگوزار... هتد، کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بۆ هاوڵاتیانیان دابین بکەن.

لەو روانگەیەوە، دەکرێ بپرسین؛ ئایا ئاستی ژیان لەو وڵاتانەی سەرچاوەی نەوتیان کەمە یان هەر نییە، چۆنە؟ نەبوون یان کەمی داهاتی نەوت بووەتە رێگر لە پێشکەوتنی وڵاتەکانیان؟ یان ئەو وڵاتانە چۆن قەرەبووی ئەو داهاتە دەکەنەوە کە بەشێک لە وڵاتانی تر لە رێگای نەوتەوە بەدەستی دەهێنن؟ 

وڵاتی مالیزیا لە رووی داهات و بەرهەمی نەوت پشت ئەستوور و پشت کراوەنین. روونتر تەنها سێکتەری نەوتیان هەڵنەبژاردووە وەکو داهات بۆ وڵاتەکەیان. یەک، لەبەرئەوەی ئەو سامانە سروشتیە لە وڵاتەکەیان کەمە. دوو، ژمارەی دانیشتیوانی لە ئێستادا نزیکەی (٣٠) ملیۆنە، کەواتە بەردەوام پێویستی بە سەرچاوەیەکی باشی نەوت و سوتەمەنی هەیە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە تێکڕا لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تێنەپەڕیوە. ئەو رێژەیە بۆ ئێستای مالیزیا دەکاتە نزیکەی ٢١٪ ی داهات بۆ وڵات. رێژەیەکی کەم نییە، بەڵام لەبەر زۆری ژمارەی دانیشتوان پێویستییان بە داهاتێکی زیاترە، بۆیە سێکتەرەکانی تریش بەشدارن لە دابین کردنی داهاتی وڵات. بۆ نموونە، مالیزیا لە رێگای بەرهەمی کشتوکاڵی خاوەنی ١١،٢٪ی داهاتە. ئەو رێژەیە ئەوە دەردەخات کشتوکاڵ کردن لەو وڵاتە گرنگی زۆری هەیە. دابین کردنی ١١،٢٪ ی داهات تەنها لە کەرتی کشتوکاڵ بۆ نزیکە ٣٠ ملیۆن هاوڵاتی جێگای بایەخە. ستراتیژیەتی کارکردنی مالیزیا ژیرانەیە، ئەوان تەنها پشتیان بە یەک سەرچاوەی داهات نە بەستووە، بەلکو بەردەوام هەوڵی تەریب کردنی سەرچاوەکانیان داوە. بەواتایەکی تر ئەوان هەوڵی ئەوەیان داوە کە پەیوەندی لە نێوان تەواوی سەرچاوەکانی داهات دروست بکەن، هەر ئەوەشە هۆکار و نهێنی سەرکەوتنی مالیزیا. 

لێرەوە بەراوردکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکا. ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێستا پێموایە لە (٥) ملیۆن تێپەڕ ناکا، بەرامبەر ئەوە رۆژانە دەرهێنان و بەرهەهێنانی نەوت لە هەڵکشاندایە، کە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێم لە ئێستادا رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنێت. بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی مالیزیا و رێژەی دەرهێنانی نەوت لە وڵاتەکەیان، کوردستان خاوەنی داهاتێکی زۆر زۆرە، کەچی بارودۆخ و گوزەرانی تاکی کورد رۆژ لە دوای رۆژ لە داکشاندایە. ئەو جیاوازیە لە نێوان هەڵکشانی بەرهەمی نەوت و داکشانی ئاستی ژیانی تاک ئەو راستیەی سەرەوە دەردەخا کە کوردستان هەنگاو بەرەو عەقڵیەتی کۆمەڵگەی عەرەبی (بەکاربەر) دەنێ، نەک عەقڵیەتی بەڕێوبردن و دەوڵەتداری وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو مالیزیا کە لە چەند ساڵی داهاتوو بەهۆی داهێنانەوە جیهان تووشی شوۆک دەکەن. مالیزیا خاوەنی بڕێکی زۆر نییە لە نەوت، بەڵام بەهۆی ئەقڵی تەندروستەوە دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٠ خەونە مەزنەکەی بهێنێتە دی.

کشتوکاڵ بایەخی زۆری هەیە لەو وڵاتە و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتە. چەند نموونەیەک لە بایەخی کشتوکاڵ لە وڵاتی مالیزیا دەخەمە بەر دیدی ئێوە. دکتۆر محمد مەهاتیر لە سەرەتای هەشتاکانەوە دەسەڵات دەگرێتە دەست و پڕۆژەکانی هۆکاردەبن لە تەکانێکی گەورە بۆ هەڵستانەوەی وڵاتەکەی. یەکێک لە پڕۆژە سەرەتاییەکانی دکتۆر مەهاتیری بایەخ بووە بە کشتوکاڵ و هەوڵیداوە بەهۆیەوە ژێرخانێکی ئابووری پتەو بۆ وڵاتەکەی دابین بکا. ئەو نەک هەر سەرکەوتووبوو، بەلکو زۆریش پێشکەوت. داری خورمای زەیتی (Oil palm) پانتاییەکی زۆری مالیزیای داگرتووە، ئەگەرچی وڵاتی دایک بۆ ئەو رووەکە ئەندەنوسیایە، بەڵام لە ئێستادا مالیزیا رکابەری ئەندەنوسیا و تەواوی جیهان دەکا لە بەرهەمی ئەو رووەکە. ئەگەر ئەندەنوسیا وڵاتی دایکە بۆ ئەو درەختە، ئایا مالیزیا چۆن دەتوانێ رکابەری ئەو بکات؟ دکتۆر مەهاتیری کە بایەخی ئەو درەختە دەزانێ لە پڕۆژەیەکدا بڕیار دەدا بە کڕینی ژمارەیەکی زۆری نەمام و لە مالیزیا دەیڕوێنن و توێژینەوە بەردەوامەکان ئاستی بەرهەمی ئەو درەختە دەگەێننە ترۆپک. لەگەڵ ئەوەی زەیت بەرهەمی سەرەکییە لەو درەختە و جۆری زەیتەکەی کواڵیتییەکى باشى هەیە، هەروەها بەکاردێت بۆ دەرهێنانی چەندین جۆری دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی و جوانکاری. ئەوان بەوە نەوەستاون بەلکو توێکڵی بەرەکەی و هەروەها دارەکەش وەکو سەرچاوەیەک لە دروست کردنی تەختە بەکاردەهێنن بۆ مەبەستی جوانکاری و دیکۆرات. پڕۆژەکانیان بەردەوامە و دەیانەوێت زەیتەکەی وەکو سەرچاوەی سوتەمەنیش بەکاربهێنن. بۆ ئەو مەبەستە تەنها درەختى (Oil palm) یان نەکردۆتە ئامانج، بەلکو سەرچاوەی رووەکی تریش هەن. کەواتە کەمی نەوت لەو وڵاتە نەبوویتە کێشەی گەورە. 

رووەکی کینەف (Kenaf) رووەکێکی ریشاڵییە و دوو جۆر ریشاڵی پڕ بایەخی هەیە، لە سەرەتای حەفتاکانەوە ئەو رووەکە دەهێندرێتە مالیزیا، سەرەتا گرنگیەکەی لای جووتیارانی مالیزیا روون نەبووە، بۆیە ئەوان زیاتر بایەخیان بە تووتن کردن داوە، بەڵام دواتر لە رێگای پڕۆژەوە حکومەت وا لە جووتیاران دەکات کە تووتن کردن وەلانێن و لە بڕی ئەو رووەکی کینەف بایەخ پێ بدەن. گرنگی ئەو رووەکە سەر سوڕهێنەرە، لە زۆر بوواردا بەکاردێت: چنین و هەروەها لە بواری دیکۆرات و ئەندازیاری. زیاتر لەوە لە تۆی رووەکی کینەف زەیت دەردەهێندرێت چ بۆ مەبەستی خواردن، چ وەکو سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی چەندین جۆری دەرمان. 

گرنگتر لەوە ریشاڵەکانی ئەو رووەکە لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی سەیارەشدا بایەخی زۆری هەیە. تەواوی بەشە فایبەرییەکانی ناوەوەی سەیارە و دەشبول و تەنانەت دەعامیش لەو رووەکە دروست دەکەن. بەشێک لە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئامێرە ئەلکتڕۆنییەکانیش بایەخی ئەو رووەکە لەبەر چاو دەگرن. ئەوان لە دروستکردنی کەڤەری ئامێرەکان بەکاریدەهێنن. 
کەواتە لێرەوە دەکرێت بڵێن بەڵێ بەرهەمی کشتوکاڵی تایبەتتر بەرووبوومی رووەکی بایەخەکەی لە نەوت زیاتربێت کەمتر نییە. پێشتر و تا ئێستاش زۆربەی ئەو بەشانەی سەیارە و ئامێرە ئەلکتڕۆنییەکان پلاستیک بوون و لە سەرچاوەی نەوت دروست دەکران و دەکرێن، کەچی مالیزیا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە. 

باپیرانمان تۆوی رووەکی کینەفیان (Kenaf) لە ساڵانی پەنجاکانەوە لەبەردەستدا بووە و چاندویانە! کەواتە ئێمە زیاتر لە بیست ساڵ بەر لە مالیزیا خاوەنی ئەو رووەکە بووین، کەچی ئێستا تەنها دانەیەکیش لە تۆوەکەی لە باشوورى کوردستاندا بوونی نییە، جگە لەوەی هەندێک لە تۆوی ئەو رووەکەمان لە لای خۆمان بۆ مەبەستی توێژینەوە پاراستووە. ئەوان ئەوکات زانیاریان نەبووە بەو شێوەیەی مالیزیا، تەنها بۆ مەبەستی دروستکردنی گوریس بەکاریان هێناوە هەر بەو ناوەش ناویان بردووە (دار گوریس یان دار حبل). بەم شێوەیە داهاتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی مالیزیا لە پاڵ داهاتی سێکتەرەکانی تر هۆکارە لە باشکردنی ئاستی ژیانی تاک. هەروەها هۆکارە لە ناساندنی ئەو وڵاتە بە وڵاتانی تری دونیا. 

بە پشتیوانی خوا لە داهاتوودا کە گەڕامەوە کوردستان بە زانیاریەکی زۆرەوە دەربارەی ئەو رووەکە (Kenaf) دێمەوە خزمەتتان. لە ئێستادا وەک خوێندکارێکی دکتۆرا توێژینەوەکانم لە سەر باشکردنی کواڵیتی ئەو رووەکەیە. هەوڵدەدەم لەگەڵ هاوڕێیانم جارێکی تر بە شێوەیەکی زانستی رووەکی کینەف لە کوردستاندا بچێنین و بەرهەمبهێنین.

ئەو راستیانە ئەوە دەردەخەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بایەخی کشتوکاڵ بزانێت و دوکەڵی بیرە نەوتەکانمان بەر چاومان نەگرن و ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرچاوەکانی تریش بکەین. پێشکەوتنی وڵاتی مالیزیا و دواکەوتوویی وڵاتە عەرەبییەکان باشترین بەڵگەن. با هەوڵەکانمان فراوانتر بکەین و لەگەڵ رێچکەی نەوت، رێچکەی کشتوکاڵ و رێچکەکانی تریش بگرینەبەر.



* زۆر سوپاس بۆ بەڕێزان:-
 - رزگار عبدالکریم/ خوێندکاری دکتۆرا لە بواری ئابووری لە زانکۆی پوتڕا
- رێبین فەتاح ساڵح/ رۆژنامە نووس لە بواری نەوت، کە هاوکارم بوون لە پێدانی هەندێک زانیاری. 

رابەر فەتاح ساڵح
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا
١٨/١١/٢٠١٥

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: