Moringa - مۆرینگا


ئەم درەختە لە باکووری هیندستانەوە هاتووە و بڵاو بۆتەوە و لەمڕۆدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە زۆربەی دەوڵەت و ناوچەکانی جیهان دا بڵاو بۆتەوە ئەمەش بەهۆی ئەو سوودە زۆرەی کە هەیەتی ، وە بە شێوەیەکی خێرا لە ناوچە کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەییەکانی کیشوەری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتینی دا بڵاو بۆتەوە. هەر وەک لەم نەخشەیەدا بەرچاو دەکەوێت:


Moringa - مۆرینگا

کاتەکانی چاندنی مۆرینگا:
ئەگەر لە ڕێگەی نەمامەوە بوو ئەوا باشتر وایە لە وەرزی پایزدا ئەنجام بدرێت و وە ئەگەر لە ڕێگەی تۆوە وە بوو ئەوا لە هەر کاتێکی ساڵ دابێت دەتوانرێت بچێندرێت.
دەتوانرێت مۆرینگا بچێندرێت لە:
خاکێکی لمی وشک بەو واتایەی ئەگەر خاکەکەی لمی زۆر بێت گونجاوە بۆ چاندنی نەمام و تۆوی مۆرینگا ، هەروەها ئەم ڕووەکە بەرگەیەکی باشی هەیە بۆ وشکی بە شێوەیەکی زۆر ، وە پێویستی بە ئاودانی زۆر نییە . لەگەڵ ئەوەی کە کاریگەر دەبێت بە سەرمای زۆر و بەستەڵەکی.

چاندنی مۆرینگا لە ڕێگەی شەتڵ یاخود قەڵەمەوە:
پێش ئەوەی نەمامەکە بچێنیت پێویستە شوێنێکی گونجاوی بۆ بدۆزیتەوە کە ئەو شوێنە بۆ ماوەیەکی زۆر تیشکی خۆری بەربکەوێت لە ڕۆژ دا ، وە زۆر بای بەهێز نەیگرێتەوە واتە پارێزراو بێت لە بای بەهێز بۆ ڕێگریکردن لە شکاندنەوەی ڕووەکەکە لە سەرەتای گەشەی دا کە جارێ نەمامە ، وە ئەم هەنگاوانەی تر جێبەجی بکە:
١) نەمامێکی مۆرینگا بهێنە کە تیرەکەی بەلایەنی کەمەوە ٢ سم بێت وە ١،٨ م بەرز بێت .
٢) چاڵێکی بۆ هەڵ بکەنە بە قوڵی ٥٠ سم و پانی ٥٠ سم.
٣) نەمامەکە بخەرە ناو چاڵەکەوە و بە خۆڵێک پڕی بکەرەوە کە تێکەڵێک بێت لە لم و هەندێک لە پەینی پیتمۆس یاخود پەینی ئاژەڵی ڕەش.
٤) وە خۆڵەکە بپەستێوەرەوە و پاشان ئاودانی بۆ بکە.

 وە لە ڕێگەی قەڵەمەوە بەم شێوەیە زیاد دەکرێت:
قەڵەمێک بە درێژی ١٥-٢٠ سم ئامادە دەکەین  کە لەچڵە بەتەمەنەکانیەوە وەری دەگرین چونکە چڵە سەوزەکان بە کەڵکی قەڵەم لێ وەرگرتن نایەن.  پاشان نزیکی نیوەی قەڵەمەکە دەکەینە نێو خۆڵەوە بۆ ئەوەی شێی گونجاو بە قەڵەمەکە بگات و زوو نەفەوتێت . وە لەبەر ئەوەی قەڵەمی تازە چەکەرەکردوو ڕەگی کەمە پێویستە گرنگی بدرێت بە شێی زەوییەکە تاوەکو قەڵەمە تازەکە وشک نەبێتەوە.

گڵی گونجاو:
درەختی مۆرینگا لە خاکێکک باش گەشە دەکات کە ئاوەڕۆی باش بێت و ئاوی زۆر تیا کۆنەبێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە بەرگەی باشی وشکی دەگرێت بە پلەیەکی زۆر و وە لە خاکی لمی یاخود قومی دا بە باشی گەشە دەکات بە بەراورد لە خاکێکی قوڕین .

کەش و هەوای گونجاو:
درەختی مۆرینگا زۆر بەرگەی سەرمای زۆر و بەستەڵەکی ناکات و لەم بارەدا دەبێتە هۆی مردنی ڕووەکەکە لە ئاستی زەوییەکەوە و بەمەش جارێکی تر چڵی نوێ لە زەوییەکەوە دەردەچێتەوە بە چڕ و پڕی و گوڵ و بەر دەگرێتەوە هەر وەک چۆن لە نیشتیمانی سەرەکی ئەم ڕووەکە بەدی دەکرێت کە ناوچە کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەییەکانە.

پەینکردن:
مۆرینگا بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی جۆرە خاکەکان دا گەشە دەکات بە بێ زیادکردنی پەین بۆی . ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ڕەگی ئەم ڕووەکە بەرەو قوڵایی خاکەکە دەڕوات دەتوانێت توخمە خۆراکییەکانی ناو قوڵایی خاک وەربگرێت.  بەڵام بۆ ئەوەی گەشەیەکی باش بۆ ئەم درەختە دابین بکەیت ئەوا دەتوانیت کۆمپۆست یاخود پیتمۆس یان پەینی ئاژەڵی کۆن ( ڕەش ) پێ بدەیت بە ڕێژەی ١ کیلۆ گرام بۆ هەر درەختێک.


چاندنی مۆرینگا لە ڕێگەی تۆوەوە:
بە قوڵی ٢ سم تۆوەکەی دەچێندرێت لە ناو گڵێک دا کە لمی هەبێت ، پاشان شوێنەکەی ئاو دەدرێت ، وە ڕووەکی نوێ دوای ٣ – ٤ ڕۆژ دەردەکەوێت لە زەوییەکی بە پیت دا و وە دوای ٢ – ٣ ڕۆژ لە زەوییەکی لمی وشک دا دەردەکەوێت.
وە نەمامە نوێیەکان زۆر بە خێرایی گەشە دەکەن بەشێوەیەک لە وەرزی یەکەمی گەشەیاندا باڵایان دەگاتە ٣ بۆ ٥ مەتر . 
وە بەشێوەیەکی گشتی پێویستە کە لوتکەی گەشەکردنی (القمة النامیة ) ی ڕووەکەکە ببردرێت کە باڵای گەیشتە ١ بۆ ١،٥ مەتر لە سەر ڕووی زەوییەکەوە ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هانی بدرێت چڵ و پۆپی لاوەکی دەربکات لە ئاستێکی نزمی قەدەکەی دا .ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بتوانرێت بە ئاسانی دەست بگات بە بەشە سوودبەخشەکانی کە گەڵا و چڵ و پۆپەکانیەتی.

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: