(پێشکەشە بە گەنجان)
گۆڕەپانێکی چەند سەد مەتری لە زۆربەی وڵاتان هۆکارە لە بەگڕخستنی هێزی کارو پاڵپشتە لە کەمکردنەوەی قەیرانی بێکاری. لەو گۆڕەپانە دیاری کراوەدا سەدەها گەنج و تەنانەت تەمەن هەڵکشاوەکانیش دەبنە خاوەن کارو بەزەوق و شەوقێکی زۆرەوە سەرنجی کڕیارو گەشتیاران رادەکێشین. بەهۆی حەفتانە بازاڕەوە جموجۆڵێکی جیاواز لەو رۆژەدا شارو گەڕەک دادەپۆشێ.

ئەرکەکانی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار:
بۆ کەمکردنەوەی کێشەی بێکاری لە ئێستادا بەباشی دەزانم کە ئەو جۆرە بازاڕە لە کوردستانیش رەچاوبکرێت. لەگەڵ ئەوەی ئەرکێکی زۆر ناکەوێتە ئەستۆی حکومەت بەلکو هۆکارێکی زۆر کاریگەردەبێت لە چارەسەرکردنی نەک هەر کێشەی بێکاری بەلکو دەیان کیشەو گرفتی تر کە بەهۆی بێکاری روودەدەن. ئەوەی کە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت ئەوەیە کە دەبێت لە نێوان هەر چەند گەڕەکێک گۆڕەپانێک بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکا، هەروەها دوای رۆژی کار پاشماوەکانی ئەو بازاڕە لە رێگای لایەنی پەیوەندیدار پاک بکرێتەوە. حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەتوانن ئەو گۆڕەپانانە بۆ زیاتر لە مەبەستێک بەکاربهێنن. بۆ نموونە دەکرێت دوو رۆژی جیاواز لە حەفتەدا تایبەت بکرێت بە بازاڕی کردن (حەفتانە بازار)، رۆژەکانی تر وەک پارکی راگرتنی ئۆتۆمۆبێل یان بۆ هەر مەبەستێکی دی سودبەخش بە کۆمەڵگا بەکاربهێندرێت. 

لە لایەکی تر، بۆ راهێنان و هاندانی گەنجان بە هەردوو رەگەزیەوە بە باشی دەزانم لە سەرەتای کردنەوەی ئەو بازاڕەدا لە رێگای کەسانی خاوەن ئەزموون لە کارکردن و هەروەها کەسانێک وەک مامۆستا و شارەزا لە بوواری کۆمەڵایەتی و کارکردنی بە یەکەوەیی رێنمایی پێویست ئاراستەی ئەو کەسانە بکەن کە تێدا دەبنە خاوەن کار. هەروەها ئامادەکردنی گەنجان بەتایبەتی کچان لە رووی دەروونییەوە هۆکارێکی باش دەبێت لە هاندانیان بۆ بەشداری کردن لەو جۆرە بازاڕەدا، ئەو خاڵانە دەبێت بەهەند وەربگیرێن تا لە کردنەوەی ئەو بازاڕەدا سەرکەوتووبین. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنی تری پەیوەندیدار یاسایەک دابنێن بۆ کەمکردنەوەی کاڵاو بەرهەمی هاوردە لە بڕی ئەو بایەخی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی بدرێت.

ئەرکەکانی کاسبکار:
باشتروایە بۆ مەبەستی حەفتانە بازاڕ ئەوانەی کە کاری تێدا دەکەن مەرجیان بۆ دابندرێت سەبارەت بە شێوازی کارکردن و هەروەها سەبارەت بە یاساکانی ئەو بازاڕە. دەبێت ئەو گەنجانە یان ئەو کەسانە تێدا ببنە خاوەن کار کە لە شوێنێکی تر کارو پیشەیان نەبێت. خاوەن پیشەکان دەبێت خۆیان مێز یان عەرەبانە یان تەختە ئامادە بکەن و هەروەها دەبێت کاڵاکان لە ژێر کەپربن، بۆ ئەو مەبەستە کەپری سەفەری بەکاردەهێندرێت و شێوازی دانانەکەی ئاسانە و زووش ئامادە دەکرێت و لە کاتێکی زووشدا هەڵدەگیرێتەوە. خاوەن کارەکان لەو رۆژانەی کە بۆیان تەرخان دەکرێت لە دوای نێوەڕۆە دێنە شوێنی کارکردن و ئامادەسازی بۆ دانانی کەپرەکانیان دەکەن. لە ئێوارە بازاڕ بە تەواوی ئامادە دەبێت و هەتا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت. کاتی کارکردن دەکرێت لە بەیانیانەوە دەست پێ بکات تاوەکو شەو، ئەویش بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە دەبێت کە لە نێوان لایەنی پەیوەندیدارو کاسبکاران واژۆ دەکرێت.

مالیزیا وەک نموونە بۆ پەیڕەوی کردنی ئەو جۆرە بازاڕە:
 لە مالیزیا حەفتانە بازاڕ بایەخی زۆری هەیەو لایەنی پەیوەندیدار تەواو بایەخی پێداوە. لەگەڵ ئەوەی تەمەن بۆ خاوەنکار دانەندراوە بەڵام زۆربەی ئەوانەی لەو بازاڕەدا کاردەکەن لە چینی گەنجن. هەروەها بەهیچ شێوەیەک جیاکاری نابینی لە نێوان رەگەز بەلکو هەردوو رەگەز زۆر بە ئاسودەییەوە کاری تێدا دەکەن، زۆرجار ئەندامەکانی خێزانێک بە تەواوی لە ژێر کەپرێک بەیەکەوە کاردەکەن. ئەو بازاڕە تەنها تایبەت نییە بە خەڵکانێکی دیاری کراو بەلکو زۆرجار ئەوانەی خاوەن پێداویستی تایبەتیشن تێدا دەبنە خاوەنی کار و پیشە. 



جۆری ئەو بەرهەم و کاڵایانەی کە لەو بازاڕەدا دەفرۆشرێن:
 کاڵاکانی ئەو بازاڕە تەواو فرە رەنگ و فرە چەشنن، کڕیار یان رێبوار بە سەردان کردنی ئەو بازاڕە تەواو دڵخۆش دەبێت تەنانەت لە چاوەڕێ ی هاتنی ئەو رۆژەن. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک: رووەک و سامانی ئاژەڵی بەشێکی زۆری ئەو بازاڕەی لە خۆ گرتووە. زۆرینەی سەرچاوەکانی ئەو بەرهەمانەش کێڵگە خۆماڵییەکانی مالیزیان. کەواتە حکومەتی مالیزیا تەنها چینێکی دیاری کراوی لە خۆی رازی نەکردووە، بەلکو ئەو توانیویەتی لە رێگای ئەو بازاڕە دڵی جوتیارەکانیش رازی بکات. وەک لە پێشدا ئاماژەم پێدا هۆکارێکی زۆر گرنگە لە ئەکتیڤ کردنی شار. بەشێکی تر لەو بازاڕەدا تەرخان کراوە بۆ فرۆشتنی جل و بەرگ و پێداویستیە سەرەتاییەکانی ناو ماڵ و هەروەها کەلوپەلی ئەلیکتڕۆنی و پێداویستییەکانی. جگە لەو بەشانە گەنجێکی زۆر سەرقاڵی ئامادەکردنی خواردنی جۆراو جۆرن و بازاڕیان جممەی دێ.  


هیوادارم ئەو بابەتە وەک پڕۆژە سەیر بکرێت و ببێتە هۆکارێک لە کەمکردنەوەی کێشەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان و هۆکارێک بێت لە بایەخدان بە بەرهەمی خۆماڵی و بەهۆیەوە کەرتی کشتوکاڵی ببووژێتەوە. بۆیە دەبێت خەڵک بەتایبەتی گەنجان خۆیان بە خاوەنی ئەو پڕۆژەیە بزانن و داوا لە حکومەت بکەن بە شێوەیەکی سەردەمیانە گۆڕەپان و پێداویستییەکانی تریان بۆ دابین بکات.


ئامادەکردنی:
رابەر فەتاح ساڵح
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا
٦/١١/٢٠١٥ 

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: