کشتوکاڵ،ڕابەر فەتاح ساڵح


جیاوازی جوگرافیا و سروشت و کەش و هەوا وای کردووە کە توانای بەرهەمهێنان و جۆر و کواڵیتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان جیاوازبێت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر. بۆ نموونە ئەو وڵاتانەی خاوەنی چوار وەرزن لە ساڵدا ئەوا جۆر و کواڵیتی
بەرهەمەکانیان جیاوازە بەراورد بەو ولاتانەی بە درێژایی ساڵ یەک یان دوو وەرزن. لەو روانگەیەوە، وڵاتان پێویستیان بە دروستکردنی پەیوەندی هەیە بۆ دەستەبەرکردن و مسۆگەرکردنی پێداویستییە خۆراکیەکان لە لایەک و بەرهەمەکانی تری کشتوکاڵ لە لایەکی تر کە لە بووارە جیاجیاکانی ئەندازیاری و پێداویستییەکانی ناو ماڵ و شوێنە گشتییەکان بەکاردەهێندرێن.
خۆشبەختانە کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەیە بەهۆی بوونی چوار وەرزی جیاواز دەتوانێت خاوەنی بەرهەمی کشتوکاڵی جیاوزبێت و بەهۆیەوە پەیوەندێکی باش لەگەڵ وڵاتانی تر دروست بکات. زۆربەی ولاتانی هێڵی کەمەرەیی بەهۆی نەبوونی وەرزی جیاواز ناتوانن بەرووبوومە دانەوێڵەییەکان بەتایبەت گەنم و جۆ، نۆک، نیسک... هتد، بەرهەمبهێنن. لە هەمان کاتدا کەش و هەوای ئەو ولاتانە یارمەتیدەر نییە بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبوومەکانی رەزگەری. لێردا مالیزیا وەک نموونەیەک بۆ پاڵپشتی ئەو راستیەی سەرەوە دەخەمە روو. 
لە وڵاتی مالیزیا بە درێژایی ساڵ تەنها هەست بە یەک وەرز دەکرێت لەگەڵ جیاوەزیەکی زۆر کەم، هەروەها بەردەوام باراناویە. ئەوە وای کردووە کە ئەو وڵاتە لە زۆرینەی بەرووبوومە دانەوێڵەییەکان و تەواوی ئەو بەرهەمانەی رەزگەری بێ بەشبێت کە لە کوردستاندا هەن. لەگەڵ ئەوەی مالیزیا بە وڵاتێکی گەورەی کشتوکاڵی هەژمار دەکرێت، بەڵام بەوهۆیەی باس کرا ناچارە پەنا بۆ وڵاتانی تر ببات تا داواکاری هاوڵاتیان لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەیە نەهێڵێت. 
لە کوردستان ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ بایەخ بە بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ بدا، ئەوا دەتوانن بەهۆیەوە دوو مەبەستی سەرەکی بپێکن: یەکەم، دەتوانن لە رێگای هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەسکەوتێکی مادی باش بەدەستبهێنن. دووەم، بازاڕو مارکێتەکانی مالیزیا و وڵاتانی هاوشێوەو بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپاش دەبنە باشترین پێشەنگا بۆ نمایشی کاڵاو بەرهەمی کوردی. لە ئێستادا مارکێتەکانی مالیزیا بووینە پێشەنگای کاڵاو بەرهەمی کشتوکاڵی تورکیا و ئێران و سوریا و وڵاتانی تری عەرەبی.
بەرپرسانی کوردستان ئەگەر ویستی ئەوەیان هەبێت ئەوا دەتوانن لە رێگای کشتوکاڵەوە کوردستان بخەنە لیستی وڵاتە بەرهەمهێنەکان، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا سیاسەتی کورد ناحەکیمانە لەو بووارەدا دەبیندرێت. ئەوان تەنها پشتیان بە سامانی نەوت بەستووە. لە کاتێکدا هێزی کاری ناوخۆیی لەو سەرچاوەیە (نەوت) کەمترین ژمارەیان سودمەندبووینە بەراورد بەوەی ئەگەر کەرتی کشتوکاڵی ببووژێندرێتەوە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە گەنجان و هێزی کاری ناوخۆ سودمەند دەبن، بەوهۆیەوەش لادێکانمان ئاوەدان دەبنەوەو قەیرانی نیشتەجێبوون لە سەر شارەکان کەمدەبێتەوە. جگە لەوەش کەش و هەوایەکی باشتر و ژینگەیەکی بەردەوام سەوز کوردستان دادەپۆشێ و هۆکاردەبێت لە کەمکردنەوەی دەردوو نەخۆشی.
بۆیە دەبێت وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو بابەتە وەک پڕۆژە سەیر بکا و بیخاتە بەرنامەی کار و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەت پلان و بەرنامەی گونجاو دابڕێژن و چیتر کەرتی کشتوکاڵی پشتگوێ نەخەن و پێیان وانەبێت کورد تەنها دەرگای نەوتی هەیە بۆ نمایش و بەدەستهێنانی داهات. دەبێت بەشێکی زۆری داهاتی نەوت بۆ بووژاندنەوەی کشتوکاڵ تەرخان بکرێت، ئەگینا دەرگای نەوت بەتەنها ئومێد بەخش و رووناکی نابێت بۆ چارەسەرکردنی گرفت و بوونە خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری بۆ دەوڵەتداری.
لە کۆتایدا ئەوە دەڵێم: ئایا بەرپرسانی کوردستان لە دۆسیەی نەوت هیچ کات بیریان لەوە کرتەوە ئەو نەوتەی ئێمە بە وڵاتانی دەفرۆشین لە چ بەکاردێت و بۆچی مەبەستێک دەبنە کڕیاری نەوتی کوردستان؟
نەبوونی بەرهەمی خۆماڵی و پڕبوونی بازاڕەکانی کوردستان لە بەرهەم و کاڵای بیانی وەڵامێکی سادەیە، بەڵام پڕواوپڕە لە نەهامەتی بۆ کوردستان و قورسایی و بەرپرسیاریەتیەکەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانە.

ئامادەکردنی:
دکتۆر رابەر فەتاح ساڵح
زانکۆی سەڵاحەدین - کۆلێژی کشتوکاڵ
١٢/١١/٢٠١٥

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: