پیازی هەیاسنت Hyacinth



پیازی هەیاسنت Hyacinth
ناوی زانستی: Hyacinth orientalis
لە خێزانی زەنبەقییەکانە

یەکێکە لە ڕووەکەکانی دەریای سپی ناوەڕاست وە هۆڵندا بەناوبانگە بە بەرهەم هێنانی بۆ مەبەستی دەرهێنانی بۆنەکەی ، بەکاردێت بۆ جوانکردنی باخچە لە ماوەی گوڵ کردنی کە چەند مانگێک دەخایەنێت وە دەتوانین لە سەرەتای مانگی ٣ دا پیازەکانی بچێنین.
هەیاسنت بریتییە لە کۆمەڵە گوڵێک ئەستێرەیی و گۆشتی لەسەر قەدێکی ناو بۆش بە شێوەیەکی تاک و بە هەمووشیانەوە هێشووییەکی گوڵ پێک دەهێنن بە ڕەنگە جوانەکانی جیا دەکرێنەوە لەوانە پەمەیی و مۆر و سپی و سوور و زەرد .... هتد.

وە هێشووە گوڵەکان تا نزیکی ٢٠ سم بەرز دەبنەوە و هەڵگری هێشووە گوڵەکەش نزیکی ١٠ بۆ ١٥ سم بەرز دەبێتەوە واتە بە کۆی بەرزی هێشووە گوڵەکە و هەڵگرەکەشی نزیکی ٤٠ سم بەرزن.

پیازی هەیاسنت Hyacinth



ئەم هێشووە گوڵانەش لە پیازێکی شێوە تۆپیەوە گەشە دەکەن و کاتێک دەچێندرین دەبێت  بەشی سەرەوەی بۆ سەرەوە بێت و هەروەها زۆر ئاگاداری لوتکەی گەشەی پیازەکان بین چونکە ئەگەر زیانیان پێ بگات ئەوا ئەو پیازە چەکەرە ناکات!

لەم پیازانەوە گەڵای پانی کۆتایی خڕبووەوە گەشە دەکەن و بە درێژ بوونیان دەچەمێنەوە و پاش ئەمانیش هێشووە گوڵەکان دەست دەکەن بە دەرچوون و گەشە بە شێوەیەکی لەسەر خۆ لە ماوەی مانگ و نیوێک دا بە نزیکی وە دەتوانین ئم پیازانە لە شوێنێکی نیمچە سێبەر دابنێین بۆ ئەوەی یارمەتی هێشووە گوڵەکە بدەین کە زیاتر بەرز ببێتەوە.

وە یەک پیازی هەیاسنت چەندین جار هێشووی گوڵ دەردەکات بەڵام لە سەرەتا حەجمی بچووک دەبێت ، وە دەتوانین پیازەکان لە ناو خاکەکەدا بەجێ بهێڵین بۆ ماوەی ٢ بۆ ٣ ساڵ پاشان دەتوانین هەڵیان بکەنین و دابەشیان بکەین و چەندین پیازی تری لێ بەرهەم بهێنین.

گوڵەکان بۆنێکی خۆشیان هەیە و سوودی هەیە بە بۆنکردنیان و دەتوانین لە ناو ماڵ بیڕوێنین بە شێوەی تاک  و زۆر شوێنی ناو ماڵی پێ بڕازێنینەوە و هەروەها هێشووە گوڵەکەی بۆ لێکردنەوە بەکار بهێنین ، پاش لێکردنەوەی هێشووە گوڵەکەش پێویستە گەڵا و هەڵگری گوڵەکە لێ بکەینەوە لە پیازەکە بۆ ئەوەی خۆراکی پێویست لە ناو پیازەکەدا بمێنێتەوە و پیازەکە نەفەوتێت.

دەتوانین پارێزگاری لە پیازەکان بکەین لە شوێنێکی سارد و وشک و هەروەها دەتوانین لە ناو هاڕاوەی داری زبردا هەڵی بگرین تاوەکو شێی دەوری پیازەکان هەڵبمژێت و نەهێڵێت پیازەکان کەڕوو بکەن .

ناوی ئەم گووڵە لە ناوی گەنجێکی یۆنانییەوە هاتووە بە ناوەی (Hyacinthus) کە بە هۆی غیرە کردنەوە کوژراوە !

ئامادەکردنی:
دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: