کواڵیتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بایەخی زۆری هەیەو لە دونیای ئێستادا زیاتر گرنگی پێدەدرێت. هەمیشە بەرهەمێن بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە جۆری بەرهەمەکانی کواڵیتیەکی باشتری هەبێت و لەگەڵ داواکاری بازاڕدا بگونجێت.
لەو بابەتەدا تیشک دەخەمە سەر دوو تەوەری سەرەکی کە بریتین لە: یەکەم، خەسڵەتەکانی کواڵیتی. دووەم، کاریگەری کەش و هەوا و ژینگە لە سەر کواڵیتی بەرهەم.
خەسڵەتەکانی کواڵیتی بەشێوەیەکی گشتی بریتین لە:
• روخساری دەرەکی (رەنگ، قەبارە، وەزن، شێوە، جوانیەتی، بریقداری، پەڵەو خاڵ و چرچیەتی...)
• پێکهاتە (زیاتر پێکهاتەی فیزیایی بەرهەمەکان دەگرێتەوە وەکو: بەهێزی و رەقیەتی...)
• بۆن و تام (شیرین، ترش، تاڵ، رێژەی پێگەیشتن...)
• پێکهاتە کیمیاییەکان یان بایەخی خۆراکییەکان (ڤیتامینەکان، پێکهاتە شەکریەکان، ریشاڵ...)
راستەوخۆ بەکاربەر دەتوانێت لە رێگای دەست لێدان و تام کردن هەڵسەنگاندن بۆ بەشێک لە خەسڵەتەکانی کواڵیتی بەرهەمەکان بکات ئەوانی تر بەهۆی کەرستەو ئامێری تایبەتەوە لە رێگای شارەزایان لە تاقیگەکان ئەنجامدەدرێت.
کواڵیتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، میوە یان سەوزەوات جگە لەوەی بایەخی زۆری هەیە لە زیاد کردنی رێژەی فرۆشتنی بەرهەمەکان، لە لایەکی تر کاریگەری هەیە لە سەر تەندروستی بەکاربەر. بۆیە دەبێت بایەخی زۆری پێبدرێ و شارەزایان هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە تا ببینە خاوەنی بەرهەمێکی زیاتر وە بە کواڵیتیەکی باشتر.
کاریگەری کەش و هەوا و ژینگە لە سەر کواڵیتی بەرهەم
کەش و هەواو ژینگە لەو هۆکارانەن کە دەکرێت بەهۆیانەوە بگەینە بەرهەمێکی زیاتر وە بە کواڵیتیەکی باشتر. بەرزی و نزمی پلەی گەرما، رادەی شێ... هتد، کاریگەری زۆری هەیە لە سەر گۆڕانکاری جۆری بەرهەمەکان. وەک شارەزایان دەزانن هەر رووەکێک بەگوێرەی قۆناغەکانی تەمەنی پێویستی بەو هۆکارانەی سەروە هەیە. هەروەها جۆری خاک و پێکهاتە کیمایی و فیزیاییەکەی کە بەشێکن لە ژینگە کاریگەریان دەبێت لە سەر چەندیەتی و چۆنیەتی بەرهەمەکان. بۆیە دەبێت بایەخ بەو لایەنەش بدرێت. بەکارهێنانی پەینی ئەندامی یان کیمیایش هۆکاریترن دەکرێت سودیان هەبێت لە باشکردنی کواڵیتی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
بۆ زیاتر نیشاندانی کاریگەری ژینگە، پێویستی تیشکی خۆر و رێژەی ساردی و گەرمی لە سەر کواڵیتی بەرهەمەکان، بەرهەمی ژێر خانووە پلاستیکیەکان نموونەیەکی زۆر باشە بۆ بەراورد کردنی بە بەرهەمێک کە لە ژینگەیەکی سروشتیدا پەروەدەکرابێت و بەرهمهاتبێت. روون و ئاشکرایە کە بەرهەمی ژێر خانووی پلاستێکی تام و بۆنێکی جیای هەیە بەراورد بەوەی کە لە ژینگەی دەروە بەرهەمهاتووە، بەواتایەکی تر کواڵیتیەکی نزمتری هەیە بەراورد بە بەرهەمێک لە ژینگەیەکی سروشتیەوە دەستکەوتبێت. ئەوە واتای ئەوە ناگەێنێت کە خانووی پلاستیکی کەم بایەخ بکرێت بەلکو بۆ ئێستا زۆریش پێویستە.
کەش و هەوای کوردستان بە شێوەیەکی گشتی زۆر لەبارو گونجاوە بۆ بەرهەمهێنان و کاریگەری زۆری هەیە لە سەر باشکردنی کواڵیتی بەرهەم. ئەگەر بەراوردی بەرهەمی خۆماڵی بکەین بە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن ئەوە لە رووی کواڵیتیەوە بەتایبەت تام و بۆن، پێکهاتە خۆراکییەکان کە لە پێشدا ئاماژەم پێداوە بەرهەمی خۆماڵی زۆر باشترە. رەنگە لە رووی خەسڵەتەکانی رەنگ، قەبارە، شێوە... هتد، بەرهەمی هاوردە باشتربێت، بەڵام ئەو خەسڵەتانەی کە لە پێکهاتەی بەرهەمی خۆماڵی هەن و بەڕێژەیەکی باشن، راستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستی تاکەوە هەیە کەواتە دەبێت ئێمە زیاتر بایەخ بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین و بەکاریانبهێنن.
لە ئێستادا بازاڕەکان پڕن لە بەرهەمی هاوردە، خۆ ئەگەر بەرهەمی خۆماڵیش هەبێت ئەوە بەهۆی کەم شارەزایی خەڵکەوە زیاتر کڕیاری بەرهەمی هاوردەن لەبەرئەوەی ئەوان رەنگ و روخسار دەبینن، نەوەک ناوەڕۆک و پێکهاتەکەی. بۆیە لە سەر ئێمە وەکو شارەزا لەو بووارەدا پێویستە کە ئەو کەم وکوڕیانەی کە لە رووی روخسارەوە لە بەرهەمی خۆماڵی هەیە نەهێڵین و کواڵیتیەکەی باشتر بکەین، لە لایەکی تر دەبێت رینمایی خەڵک بکرێت کە زیاتر بایەخ بە بەرهەمە خۆماڵییەکان بدەن و بەکاریانبهێنن.
ئامادەکردنی:
رابەر فەتاح ساڵح
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا
٢٥/١٢/٢٠١٥
بۆچوون: