ئاسایشی خۆراک لە ھەرێمی کوردستاندا


سەرەتا ئەگەر پێناسەیەکی ئاسایشی خۆراک بکەین بەپێى ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، بریتییە لە دابینکردنی خۆراک بۆ ھەموو تاکێک کە لە ڕووی فیزیکی و ئابوورییەوە توانای بەدەستھێنانی ھەبێت بۆ خۆراکێکی پارێزراو لە ڕووی تەندروستی و پێکھاتە خۆراکییەکانەوە کە بۆ کردە چالاکییەکان و ژیانێکی تەندروست پێویستە.


یەکێک لەو کێشانەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە بریتییە لە نەبوونی ئاسایشی خۆراک، کە لای ھەمووان ئاشکرایە حکومەتی ھەرێم گرنگییەکی بەرچاوی نەداوە بە بواری کشتوکاڵ بە ھۆی دابیننەکردنی بودجەیەکی شیاو کە بتوانێت سێکتەری کشتوکاڵ بەرەو پێشەوە ببات.

ئەمەش پێشینەیەکی کۆنە لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئەگەر سەرنجێک بخەینە سەر ھەرێمی کوردستان، کە ئایا ھەتا چەند دەتوانێت پلانێکی باش و تۆکمەی ھەبێت بۆ ئاسایشی خۆراک، وە ئایا گۆڕانکارییە سیاسی و ناوچەییەکان ھەتا چەند کاریگەرییان ھەیە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ، بۆ نموونە ئێران و تورکیا کە کاریگەریی تەواویان لەسەر ئاسایشی خۆراک لەم ھەرێمەی ئێمەدا ھەیە، ئەویش بە ھۆی ئەوەی کە زۆرترین خۆراک لەو دوو وڵاتەوە ھاوردە دەکرێت.

لێرەدا دەبێت حکومەتی ھەرێم چی بکات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک؟

یەکەم: دەبێت بزانین ئێمە لە ھەرێمی کوردستان چی بەرھەم دەھێنین و چی دەخۆین، بە تایبەتی ئەو بەروبوومانەی کە پێداویستی ڕۆژانەن، ئایا ھەتا چەند توانای دابینکردنی ئەو بەرھەمانەمان ھەیە لە ناوخۆی کوردستاندا، بۆ ئەوەی ھاوسەنگییەک ھەبێت لە نێوان ھاوردەی خۆراک و بەرھەمە ناوخۆییەکان.

دووەم: فرە سەرچاوەیی بۆ ھاوردەکردن.. باشترە ھەوڵ بدەین کە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە خۆراک ھاوردە بکرێت و بە پێداویستیی ناوخۆ بێت نەک لە سەرووی پێداویستییەکانەوە بێت کە کاریگەری ھەبێت لەسەر نرخی بەرھەمە ناوخۆییەکان.

سێیەم: دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو کێشانەی کە تووشی بەرھەمێکی کشتوکاڵی دەبن لە کاتێکی دیاریکراودا یان نەخۆشییەکی لەناکاو کە تووشی کەرتی ئاژەڵدارى دەبێتەوە، بۆ ئەوەی لە کاتێکی گونجاودا بتوانین پێداویستی ناوخۆیى لەو بوارەدا پڕبکەینەوە و دوور بین لە کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

چوارەم: ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات، کە ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان، کە ھانی جووتیارانی ناوخۆ بدرێت بە کردنەوەی پرۆژەی وەبەرھێنانی گەورە کە توانای ھەناردەکردنى بەرھەمی ناوخۆمان ھەبێت بۆ دەرەوەی کوردستان. حکومەت دەتوانێت دەورێکی باڵای ھەبێت لەم کارەدا بە ھاندانی جووتیاران و پێشبڕکێ دروستکردن لە سەر بەرھەمھێنانی زۆرترین بەروبوومی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارانەوە، بەڵام دڵنیایی بدات کە بەرھەمەکانیان بۆ ھەناردە دەکات. کە ئەمەش کاریگەری باشی دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دەتوانێت وەکو چەکێک بە کاری بھێنێت لە ململانێ سیاسییەکاندا.

پێنجەم: ئاستی توێژینەوەی کێڵگەیی، دەبێت حکومەت ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا پەیوەست بکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەی کێڵگەیی بۆ ئەو کێڵگە کشتوکاڵییانەی ھەن، هەروەها لێکۆڵینەوە لە کێشەی جووتیاران و بەرھەمەکانیان بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زانستی و ھاوکاریکردنیان لە ڕووی دابینکردنى پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.

شەشەم: کاریگەری گۆڕانکارییە سرووشتییەکان، بۆ نموونە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کە کاریگەریی ترسناکیان ھەیە لەسەر داھاتووی ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا، ئێمەش بەدەر نین لە کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە بەھۆی جوگرافیای ھەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، پێویستە حکومەتی ھەرێم سیناریۆی ھەموو ئەو پێشھاتانەى ھەبێت کە کاریگەرییان دەبێت لە سەر هەرێمى کوردستان.

حەوتەم: زیادکردنی بەرھەم، کلیلی سەرەکی بۆ بەدەستھێنانی ئاسایشى خۆراک بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمە ناوخۆییەکانە بە تایبەتی دانەوێڵە کە بە خۆراکى سەرەکی دادەنرێت.

هەشتەم: پیشەسازیی خۆراک، کە ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەکان لە سەرووی پێداویستی ڕۆژانەوە، دەتوانرێت لەڕیگەی کارگەی لەقوتونان یان خواردنە ئامادەکراوەکان کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر جێگیربوونی نرخ و ھەناردەکردنی بۆ دەرەوەی ھەرێم.

نۆیەم: تەکنەلۆجیا و ئاسایشی خۆراک، ئەمڕۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا ڕۆڵێکى گرنگی ھەیە لە بواری ئاسایشی خۆراکدا، ئەمەش بە داھێنانی تەکنەلۆجیا دەکرێت لە بواری بەرھەمھێنانی کشتوکاڵى و توێژنەوەی کێڵگەیی بە ھاوبەشی لە نێوان کەسانی شارەزا و ئەکادیمیی بواری کشتوکاڵ لەگەڵ جووتیاراندا، ھەروەھا دابینکردنی ئامێرە پێشکەوتووە کشتوکاڵییەکان لە کێڵگەکاندا بۆ تۆوکردن و بژارکردن و دروێنەکردن.

دەیەم: ھاندان بۆ دروستکردنی جووتیاری نوێ، ئەمڕۆ گەورەترین کێشەی کشتوکاڵ نەمانی دەستی کار و کۆچی گوندنشینەکانە بەرەو شارەکان، دەبێت حکومەت پلانێکی نوێ دابنێت بۆ ھاندانی دروستبوونی جووتیاری نوێ بە ھاوکاری لەگەڵ دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەمەش بە دابینکردنی پرۆژەی کشتوکاڵی بچووک وەک سەرەتایەک بۆ فێربوون پاشان فراوانکردنی بۆ کێڵگەی گەورەی بەرھەمھێنان.

یانزەیەم: داھاتووی ئاسایشی خۆراک، ژمارەی دانیشتووان کاریگەریی گەورەی ھەیە لەسەر ھاوسەنگیی ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا، کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ۲۰۳۰دا ژمارەی دانیشتووانی زەوی بگاتە ۸ ملیار کەس، ئەمەش ترسی گەورەی دروست کردووە لەسەر دابینکردنی خۆراک لە جیھاندا، چونکە ئەو بڕە خۆراکەی کە لە ئێستادا بەرھەم دەهێنرێت توانای تێرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی نابێت. 
بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێم لە ئێستاوە پلانی تایبەتی ھەبێت بۆ ۲٥ ساڵی داھاتوو کە بەشێوەیەکی زانستی بواری کشتوکاڵ بەرەو پێش ببات، لێکدانەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بکات، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ئاسایشی خۆراک یەکێکە لە پایە گرنگەکان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەربەخۆ.


عوسمان کەریم قادر، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی نیوکاسڵ - بەریتانیا

سەرچاوە: NRT

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: